حەسەن ڕووحانی دوای ٨ ساڵ کرا بە قەزا و بەڵاگێڕەوەی تا ئیستای کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغە هەستیارەی بەردەمدا، کاتێک لە دوا کۆبوونەوەی خۆی و کابینەکەی لەگەڵ خامنەییدا، ڕێبەری نیزام سووک و چرووکی کردن و تاوانی هەموو نەهامەتییەکانی ئێستای وڵاتی خستە ئەستۆی ئەوان و، ئەوانیش قڕوقپ!
لە وڵاتانی دێموکراتیکدا سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیر و تەنانەت وەزیرەکانی پێشووش بە سامانی مەعنەوی و مرۆیی بەبایەخی کۆمەڵگە دادەنرێن و دوای تەواوبوونی ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان جێگە و شوێنی تایبەتیان هەیە و لە ئەزموونەکانیان کەلک وەردەگیرێ، بەڵام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەسبەجێ وەلا دەنرێن و تاوانی هەموو نەهامەتی و دۆخە نالەبار و ناسەقامگیرەکەی وڵاتیشیان دەدرێتە پاڵ و ئەم سووڕە بەردەوامە. لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا تاقە سەرۆککۆمار کە توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزی هەر عەلی خامنەیی بووە، ئەوانی دی هەر یەکە بەدەردێک چوون و هیچیان عاقیبەت بەخێر نەبوون. لە سەرۆكوەزیرەکان، بازرگان کە ناچار بە وازهێنان کرا، باهونەر کە لە تەقینەوەکەی دەفتەری سەرۆکوەزیراندا کوژرا و مووسەوییش کە دوایە بوو بە ڕێبەری “فیتنە”چییەکان!
بەنیسەدر کە یەکەم سەرکۆمار و کەسی نیزیکی خومەینی بوو، بەرلەوەی بە تاوانی خیانەت بگیرێ هەڵات و گیانی خۆی دەرباز کرد. ڕەجایی کەمتر لە مانگێگ دوای هەڵبژێرانی بە سەرۆککۆمار کوژرا و ڕێ بۆ عەلی خامنەیی خۆش کرا تا دەسەڵاتی سەرکۆماری و دواتر ڕێبەری بگرێتە دەست. هاشمیی ڕەفسەنجانی کە ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە گەیاندنی خامنەیی بە پلەی ڕێبەری و هەروا درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا هەبوو، دوای کۆتایی دوو دەورە سەرکۆماری ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر بوو و دواجار وەک بەئاشکرا دەگوترێ لە حەمامی “فەرەح”دا خنکاندیان. خاتەمی، پێنجەمین سەرکۆماری ئێران کە بە وێژمانی ڕێفۆرمخوازی و وتووێژی شارستانییەت هاتە سەر کار و لە قۆناغی هەستیاری پەراوێزکەوتنی ئێران دوابەدوای بڕیاری دادگایی مێکونووس توانیی ئێران بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێنێتەوە، لەگەڵ تەواوبوونی سەرکۆمارییەکەی لە پێش چاوی جەنابی ڕێبەر! کەوت و گردەنشین و دەمکوت کرا و دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بەناو سەوزیش بە “فیتنەچی” و “بەرئەنداز” ناسرا. ئەحمەدینژادیش کە بە پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کرا بە سەرکۆمار و لەپێناو هێشتنەوەی لە دەوری دووهەمیشدا ڕاپەڕینی بەربڵاوی ٨٨ بەتوندی سەرکوت کرا، دوایە کە کاریان پێی نەما پێیان گوت سەرۆکی ڕەوتی “لادەران”. حەسەن ڕوحانیش کە بە پشتیوانیی ڕێفۆڕمخوازەکان توانی بەسەر ڕکەبەرەکانی ئوسولگەرایدا سەر بکەوێ، دوای ٨ ساڵ کلیلەکەی نەیتوانی فریای ئێعتباری خۆیشی بکەوێ و لە شەڕی باڵباڵێنی ڕێژیمدا سووک و سەلیم کرا.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە مانگەکانی کۆتایی دەوڵەتی ڕوحانیدا نەیهیشت وتووێژەکانی بووژاندنەوەی “بەرجام” بە ئەنجام بگا بۆوەی تەمەنی دەوڵەتی ڕوحانی بەبێ دەستەبەری هیچ ئیمتیازێک ئاوا بێ، بەو هیوایەی ئەگەر ئەو وتووێژانە دەسکەوتێکیان لێ بکەوێتەوە بۆ دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی بێ. خامنەیی پێشتریش لە سەردەمی خاتەمیدا و لە مانگەکانی کۆتایی دەوڵەتی ڕێفۆڕمدا بڕیاری دا پۆلۆمپی دامەزراوە ئەتومییەکان هەڵگیرێن و بەوەش ڕێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ڕۆژئاوا ئەوکاتیش لەبار برا. ڕوحانی هێشتا سەرکۆمار بوو کە میدیاکانی حکوومەت (زۆرینەی باڵی ئوسولگەرا) بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک تاوان -لە روانگەی ئوسولگەراکانەوە- کەوتنە بەڕێ کردنی.
تەواوبوونی تەمەنی دەوڵەتی “مشوور و هیوا”ی ڕوحانی دەرفەتێکە بۆ چاوخشاندنیکی کورت بە کارنامەی ٨ ساڵ سەرکۆماریی ناوبراو لە دوو بەستێنی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی وڵاتدا.
سیاسەتی دەرەوە
دەوڵەتی ڕوحانی پێچەوانەی بەڵێنەکانی نەیتوانی پێوەندییەکی سەقامگیر و بنیاتنەر لەگەڵ دنیای دەرەوە دروست بکا و لەو سۆنگەیەوە نەک گەمارۆیەک لەسەر ئێران نەمێنێ بەڵکوو دەروازەی ئێران لەبەردەم وەبەرهێنەرە بیانییەکاندا بکاتەوە. ئەو کاتی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ سزا نێودەوڵەتییەکاندا سێ بەڵێنی دا: هەموو گەمارۆکان جیا لەوانەی پێوەندییان بە بەرنامەی ئەتومییەوە هەیە هەڵگیرێن، ئێران چیدیکە سزای نەخرێتە سەر و لە داهاتوودا ئەو گەمارۆیانەش کە لەسەر ئێران ماون سووک بکرێن؛ بەڵام هیچیانی بۆ جێبەجێ نەبوو.
دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی نەیتوانی لە ناوچە و لەگەڵ دراوسێیەکانیشی پێوەندییەکی بنیاتنەرانەی هەبن و بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و شەڕانشۆییەکانی ئەم ماوەیەی کۆماری ئیسلامی لە دەریاکان پێمان دەڵێن ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەروا بە مەترسی و هەڕەشە دادەنرێ.
ڕوحانی کە قەرار بوو کێشەکانی وڵات لە ١٠٠ ڕۆژدا چارەسەر بکا و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی گرەوی هەڵبژاردنەکان بباتەوە، پشتی بە سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی بەستبوو. بەڵام چ وەک زەریف گوتەنی “نەیانهێشتبێ” یان خۆیان “نەیانتوانبێ”، یان دەنا لە بنەڕەتڕا “نەیانویستبێ”؛ دەوڵەتی ڕوحانی نەیتوانی لە سیاسەتی دەرەوەدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆ دەستەبەر بکا.
سیاسەتە نێوخۆییەکان
حەسەن ڕوحانی بەرلەوەی ببێتە سەرکۆمار، بەڵێنی ئەوەی دابوو کە سەروەت و سامانی ئێران بە یەکسان دابەش دەکا، پێشی بێکاری و گرانی و هەڵاوسانی ئابووری دەگرێ و کارێک دەکا خەڵک حەوجێی بە یارانە نەمێنێ. ئەو گوتی لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا ئابووریی وڵات دەبووژێنێتەوە و لە قەیرانی ڕزگار دەکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا هەواکەی گۆڕی. بۆیەش دوای ٨ ساڵ و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دواکۆبوونەوەی خامنەیی و کابینەکەی حەسەن ڕوحانی و ئەو سووکایەتییەی بە ڕوحانی و تیمەکەی کرا، مەحموود ئەحمەدینژاد لە یەکەم کەسەکان بوو کاردانەوەی توندی نیشان دا. ئەو نامەیەکی سیوچەند لاپەڕەیی ڕوو بە ڕوحانی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا ڕوحانی بەوە تاوانبار دەکا پێچەوانەی ئەو “درۆ”یانەی لەلایەن دەوڵەتی ناوبراوەوە بە بەردەوامی “پۆمپاژ” کراوەتە کۆمەڵگە، لە کاتی گۆرانکاریی دەسەڵاتدا خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵ نەبووە و بە سێ هەزار میلیارد تمەنەوە ڕادەستی ڕوحانیی کردووە و پاشکەوتی دراویی بانکی ناوەندییش ١٥٠ میلیارد دۆلار بووە. واتە ڕوحانی بۆ دەسپێکی کار و بەرنامەکانی دەستی بەتاڵ نەبووە و دوای بەرجامیش توانی چەند سەد میلیارد دۆلاری دیکە لە دراوی دەستبەسەرداگیراوی وڵات بگەڕێنێتەوە، کەچی سیاسەتی هاوسەنگکردنی ئابووری کە لەلایەن تیمەکەی ئەوەوە ڕەچاو دەکرا، نایەکسانیی زیاتر و هەژاریی پتری لێ کەوتەوە.
پشتتێکردنی وەبەرهێنەرانی بیانی بەتایبەت دوای هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام و دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی دی لە سزا ئابوورییەکان و بەردەوامیی گەندەڵیی سیستماتیک لە تەنیشت ناکامیی ڕوحانی بۆ باشتر کردنی دۆخی دامەزران و ڕەخساندنی هەلی کار و بردنەسەرێی داهاتەکان وایکرد ڕۆژ بە ڕۆژ کارگە و کارخانەی پتر دابخرێن، بێکاری و هەڵاوسان زیاتر بن و هەموو ساڵێک کورتیهێنانی بودجەی دەوڵەت زۆرتر ببێ. ڕێگا یان باشتر وایە بڵێین باجی قەرەبووی کورتیهێنانی بودجەش دەبوا خەڵک بیدەن، بەو شێوەیە کە لە بودجەی پڕۆژەەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت لە کەرتی گشتی و کۆمەڵایەتی لێ درا، بەردەوام پووڵی بێپشتیوانە چاپ کرا و ڕێگە بە ئازادکردنی نرخەکان درا. لەو سۆنگەیەوە نرخەکان بەردەوام و هەتا ئێستاش ڕوویان لە هەڵکشان کرد و خەڵک هەژار و هەژارتر کەوتن. کاتێکیش خەڵک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەو گرانی و دۆخە مەرگەساتە هاتنە سەر شەقام، لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و پووشپەڕی ١٤٠٠دا بەتوندی سەرکوت کران، تا دەرکەوێ کە ڕوحانیش وەکوو پێشینیانی خۆی ئەوەی بۆی گرینگە مانەوەی ڕێژیمە نەک ماف و داواکانی خەڵک.
حەسەن ڕوحانی نەیتوانی هەلی کار دروست بکا، نەیتوانی بایەخی دراوی نیشتمانی بپارێزێ و لە کاتێکدا جڵەوی دەوڵەت دەداتە دەستی دەوڵەتی هەیئەتی مەرگ کە نرخی تاق دۆلار لە چوار هەزار تمەنەوە بۆ ٢٧ هەزار تمەن فڕی. ئەو لە پشت دووربینەوە خەڵکی بۆ سەرمایەدانان لە بورس وەک شوێنی دڵنیا هان دا، بەڵام دوایە بە داڕمانی بەئانقەستی بازاڕی بورس و سەرمایە و بە مایەپووچکردنەوەی پشکدارە بچووکەکان هەوڵی دا کەلێنێک لە کورتیهێنانی بودجەی دەوڵەت پڕ بکاتەوە. ئەو نەک هەر نەیتوانی بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە، بەڵکوو خۆی و بنەماڵەکەی و وەزیرەکانیشی لە زۆر پەروەندەی نوێی گەندەڵیدا تێوەگلان.
نەهیشتنی هەڵاواردنەکان لە هەموو بوارەکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی یەکێکی دی لە وادەکانی ئەو بوو. ئەو لەو بارەیەوە هیندە بێبەڵێن بوو نەک هەر نەیتوانی تاقە یەک ژن بێنێتە کابینەکەی، بەڵکوو نەیتوانی دەرگای یاریگەکانیش لەبەردەم ژناندا بکاتەوە؛ تەنانەت نەیتوانی ئەمنییەت بۆ ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا دابین بکا.
کەمە نەتەوەکان و ئاینییەکان لە دەوڵەتی حەسەن ڕوحانیدا دەستیان کورت بوو.
ڕوحانی سەرەتا بەیاننامەیەکی ١٠ مادەیی بڵاو کردەوە کە بێتوو ببتە سەرکۆمار، ئەسڵە پشتگوێخراوەکانی یاسای بنەڕەتی لەپێناو دەستەبەری مافە نەتەوایەتی و ئاینییەکان دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو بەڵێنی دا پارێزگارەکان لە خەڵکی خۆجێیی هەڵدەبژێری و لە هەموو شوێنەکان کەلک لە نوخبە و ئیلیتەکان وەردەگرێ. ئەو دوو ساڵ دواتر وەک سەرکۆمار کە سەردانی “سنە”ی کرد، پێی لەسەر کاردروستایی بۆ خوێندنی زمانی کوردی داگرتەوە. بەڵام نەک هەر تاق وەزیرێکی لە کورد و کەمە نەتەوەکان هەڵنەبژارد، لە ئاستی جێگر و تەنانەت پارێزگارەکانیشدا پێبەندی وادە و بەڵێنەکەی نەمایەوە و هەموو پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە کوردستان و ناوچە نافارسەکانی دیکەش لە خەڵکە ناخۆجێیەکان داندرانەوە. خوێندن بە زمانی کوردییش وەدی نەهات و لە تارانیش تاق مزگەوتەکە بۆ سوننییەکان هەر دروست نەکرا و بەیاننامە ١٠ ماددەییەکەش نەزۆک مایەوە.
ئەو نەیتوانی بەڵێنەکانی خۆی لەبابەت فیلترینگ و سۆسیال مێدیادا بباتە سەرێ. ئەو نەیتوانی لە مودیرییەتی پەتای کۆڕۆنادا سەرکەوتوو بێ. ئەو نەیتوانی کەرامەتی هاووڵاتیی ئێرانی بپارێزێ، ئەو نەیتوانی یان نەیویست لەو ١٠٠ وادەیەی پێش بوون بە سەرۆککۆمار دابووی پتر لە ٨ بەڵێنیان بباتە سەر، کە ئەوانیش هیچ شوێنێکیان لەسەر ژیانی خەڵک نەبوو.