لە هەموو بڕگە و قۆناغەکانی مێژووی ئەو جوغرافیایەی بە “ئێران”ی دەناسین و پێبەپێی ئاڵوگۆڕەکانی دەسەڵات لە ئێران بەتایبەت لە زەمانی سەفەوییەکانەوە لە نێوخۆی ئەم وڵاتە و بە مەبەستی جۆراوجۆر و بەپێی هەلومەرج، هێزی چەکدار لەم وڵاتە سەریانهەڵداوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە -بۆ نموونە- تا ئێستا ئەم وڵاتە ئارامی و سەقامگیریی بە خۆیەوە نەبینیوە. هۆکاری ئەم ناسەقامگیرییەش ئەوە بووە کە هیچ کات هیچ کام لەو حکوومەتانەی دەسەڵاتیان بەسەر ئەو هەرێمەدا بووە، نەیانتوانیوە تەعبیر لە ویست و ئیرادەی خەڵکی وڵات بکەن و شەرعییەتی گەلییان هەبێ.
حکوومەت و دەسەڵاتەکان لەو وڵاتە نە گەلی بوون، نە نیشتمانی و نە باوەڕیان بەوە بووە بۆ مانەوەی خۆشیان لە دەسەڵاتدا ئاوڕ لە خەڵک و دەرد و مەرگیان بدەنەوە. خۆنەدیتنەوەی خەڵک لە پێکهاتەی دەسەڵات، ڕێگریکردنیان لە هاوبەشیی سیاسی و ئیداری و خۆبەڕێوەبەریی وڵاتدا و لەگەڵ ئەوەشدا سەرکوتی توند و خوێناویی ماف و داوا و ئازادییەکانیان وایکردووە خۆڕاگری، سەرهەڵدان و سەربزێوی لەنێو خەڵکدا هەمیشە هەبێ. ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینانە هۆکاری دیکەشیان بووە: بارودۆخی نالەباری ژیان لەڕووی مەعیشەت و گوزەران ئەویش لە وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەتاڵانچوونی سەروەت و سامانی نەتەوەکان لەلایەن دەسەڵاتی داگیرکەرەوە و وەک گوترا پێخوستی ماف و ئازادییەکانی گەلان هەموو دەستیان داوەتە دەستی یەکتر کە بەردەوام لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی ئەم هەرێمە و لەنێو نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە هێزی چەکدار بە مەبەستی جۆراوجۆر سەرهەڵبدەن. لەلایەن کوردەکان، عەرەبەکانی خوزستان، بەلووچەکانی سیستان، لوڕ و بەختیارییەکان و تەنانەت تورکەکانەوە کە لە زۆربەی سەردەمەکاندا شەریکەبەشی دەسەڵات بوون، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی چەکدارییان بووە.
ئەوە فەلسەفەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەر گەل و نەتەوەیەکە و مێژوو سەلماندوویەتی کە هەرکات گەلێک هەست بە لەنێوچوون یان زوڵم و چەوسانەوەی لەڕادەبەدەر بکا، دەست بۆ چەک دەبا و بەرەنگاری دەسەڵاتی زاڵم دەبێتەوە. ئەوەی مەبەستی ئەم نووسینەیە مێژووی سەرهەڵدان و خۆڕاگریی کوردە لەهەمبەر دەسەڵاتی داگیرکەر کە پێچەوانەی زۆر نەتەوەکانی دیکەی ئەم پێکهاتە جوغرافیاییە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و سەرەڕای هەرچەشنە سەرکوتێک بەڵام قەت دانەمرکاوە. پرسیار ئەوەیە کە ڕازی ئەم مانەوەیە و ئەم بەردەوامییە چییە؟ هێز و ئیرادەی گەل، جوغرافیای سیاسی یان کۆمەڵە هۆکارێکی تێکچنراوی دی؟
کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەتەوەیەکی چەند دە میلیۆنییە کە چەندین سەدەیە لەپێناو مافەکانی خۆیدا دەستی بۆ چەک بردووە و هێزی چەکداری خۆی بووە و بەپێی هەر هەلودەرفەتێکی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئیرادەی خۆی نواندووە.
دامەزرانی کۆماری کوردستان نوختەی گۆڕانکارییەکی گرینگە لە مێژووی خەباتی مافخوازیی ئەو نەتەوەیەدا. هێزی چەکداری کورد لەو سەردەمە بەولاوە تۆکمە، ئامانجدار و لەبری ئەوەی هێزی هۆز و عەشیرەیەک بێ؛ باڵی نیزامیی هێز و جووڵانەوەی سیاسیی نەتەوەیەکە. بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دروستبوونی هێزی پێشمەرگە، شەخسپەرەستی، بەرژەوەندیی تاکەکەسی و گرووپی جێگای خۆیان دا بە خەباتێکی بەبەرنامە، بە سیستم و بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی و؛ تۆڵەسەندنەوە و سەربزێوی جێگەی خۆی دا بە داواکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و مافە سروشتی و یاسایی و جیهانداگرەکان. سروشتییە لەو ڕەوتە مێژووییەدا هەبوونی هێزی چەکداری بەباوەڕ نەتەنیا پێویست، بەڵکوو یەکێک لە بەهێزترین پاڵپشتەکانە. هەر خۆی دانانی ناوی پێشمەرگە بۆ هێزی چەکدار لەو سەردەمە نیشاندەری پێگەیشتوویی عەقڵییەتی سیاسی و بیری قووڵی گەورە کەسانی کورد لەو سەردەمەدا بووە. ناوێک کە ئێستا ئیدی نەک پێناسەی ناوچەیی، بەڵکوو دوای گۆڕانکارییەکانی یەک دەیەی ڕابردووی دوای بەهاری عەڕەبی ناسنامەی نێونەتەوەییشی وەرگرتووە.
ناو و مانای پێشمەرگە و فەلسەفەی وجودیی ئەو هێزە باوەڕمەندە وا دەکا هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵە کە دێتە ژێر ئاڵای ئەم هێزەوە گۆڕان لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەشیدا دروست ببێ. پێشمەرگە ئەو کەسە ژیانخۆشەویستەیە کە ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناو خەڵکەکەیدا بەخت بکا و مێژووی پێشمەرگە پڕە لەو چیرۆک و بەسەرهاتانە. ئەو پرسیارەش لەجێی خۆیدایە کە لە دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆر و چەوسێنەری پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا چۆنە تەنیا هێزی پێشمەرگە وەک هێزی چەکدار لە مەیداندا ماونەتەوە و چۆن توانیویانە بوونی خۆیان بپارێزن؟ وەڵامەکەی کۆماری کوردستان و فەلسەفەی دامەزرانی کۆماری کوردانە کە وەها بنەمایەکی پتەوی بۆ ئەو هێزە ڕزگاریدەرە داڕشتووە.
کۆماری کوردستان بوو بە هەوێنی گشتگیربوونی وشیاری و ڕابوونی فکریی کۆمەڵانی خەڵک و بەڕۆژبوونەوەی شعووری سیاسیی خەڵک لە بارودۆخی کۆمەڵگەکەیان و ناسینی ماف و خواستەکانیان. هەر بۆیەش هەڵبژاردنی هێزی چەکدار بۆ مانیفیستی نەتەوەیی لەو سەردەمە و بەو ناوە پێرۆزەش، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە. پێشمەرگە ئەو هێزەیە کە نەتەنیا لە کاتی پێویستدا بەرگریی چەکداری دەکا و پارێزەری خاک و خەڵکەکەیەتی، بەڵکوو توانا و زەرفییەتی خەباتگێریی نەتەوەکەشی بۆ دەستەبەری مافەکانی، کە مافی دیاریکردنی چارەنووس دیارترینیانە ڕێکدەخا.
هاوکات خەڵکیبوون و گشتگیر بوونی داخوازە ڕەواکانی گەلیش خاڵێکی تری مانەوە و بەردەوامیی شۆڕش و هێزی پێشمەرگەیە. لە ئێستادا جیاواز و زیندووتر لە گەلانی دیکەی ئێران، داخوازییەکانی گەلی کورد، ویستێکی گشتییە و لە هەناوی هەموو تاکەکەکانی کۆمەڵی کوردەوارییەوە هەڵدەقوڵێ. هەر بۆیەشە بیر و هزری پێشـمەرگایەتی نەک تەنیا لە بازنەی فەرمییەتی خۆیدا، بەڵکوو لە بەرگی مامۆستایەتیدا، ژینگەپارێزیدا، هەڵسووڕانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت وەرزشی و هتددا خۆ دەنوێنێ و هەرکەس بەپێی توانای خۆی خاوەندارەتیی لێ دەکا و خۆی بە پێشمەرگەی نیشتمان دەزانێ.
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بەردەوامیی شۆڕش و مانەوەی پێشمەرگە، خەڵکیبوونی ئەو هێزەیە. پێشمەرگە کوڕ و کچی خەڵکە و هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگەیە کە لەوپەڕی بەرپرسایەتی هەست بە پێشەنگایەتیی خەبات لەپێناو گەلەکەیدا دەکا. جێگەوپێگەی پێشمەرگە، ڕوحی شۆڕشگێڕانە و هەبوونی هەڵسوکەوتی مرۆڤانە وای کردووە کە لە دوای تێپەڕینی 76 ساڵ بەسەر خەباتی نوێی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ پێشمەرگە و حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کورد خۆشەویستتر دەبن. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە لەبەرامبەردا هێزی دوژمن و حکوومەتی ناوەندی بە هەموو ئیمکاناتێکی ماددی و تەبلیغی و بە هەموو پیلانگێری و چەواشەکاریی مێژوویی نەیتوانیوە ئەو هێزە لە خەڵکی داببڕێ. مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانی دوو ساڵ پێش دوابەدوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات نموونەیەکی زیندوو لەو ئیرادەگەرییەی خەڵکی کوردستان بۆ خاوەندارەتی لە هێزی پێشمەرگە، واتە ڕۆڵە و کوڕوکچەکانی خۆیان بوو.
سروشت و جوغرافیای کوردستانیش زۆرجار پاڵپشتێکی گرینگ بۆ مانەوە و پاراستنی ڕۆڵەکانی خۆی بووە. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە مەهاباد و لە میتینگێکدا بەجوانی باسی ئەم فاکتەرە لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەکا و دەڵێ “ئەوە دەشتاییەکانی تورکەمەن سەحرا نییە لەبن ددانی زاڵم نەرم بێ، بەڵکوو شاخە ڕەقەکانی کوردستان و ددان دەشکێنێ”. پاڵپشتیی شاخ و هاوکاریی هەمەلایەنەی خەڵک و پێشمەرگە نەیهێشتووە خەونی دوژمنانی کورد وەدی بێ. خەڵک پێشمەرگە بە بەشێک لە وجوود و پارێزەری خۆی و مافە ڕەواکانی خۆی دەزانێ و پێشمەرگەش گیانی بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکەکەی بەخت دەکا.
فاکتەرێکی گرینگی بایەخمەندیی هێزی پێشمەرگە تێڕوانینەکانی ئەم هێزە لە هاوکێشەکانی ئێستای ناوچە و جیهانە. پێشمەرگە وەک هێزی چەکدار دژی تێرۆریزم و تێرۆریزمی نێودەوڵەتییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەکەشی لەسەر ئیرادەی مافخوازانەی میللەتێک دامەزراوە و مانا وجوودییەکەشی لەسەر ئەساسی هەوڵدان بۆ داخوازییە ڕەوا و دێموکراتیکەکانی خەڵک و پشتئەستوور بە ئیرادەی ئەو خەڵکە وەردەگرێ، بە واتایەکی دی دژایەتیی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشـمەرگەی کوردستان لەگەڵ تێرۆریزم لە باوەڕێکی قووڵ و بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پرسی ڕەواییەتی ویست و داخوازە سیاسییەکانیەوە هەیە. بۆیە نەک پێویستی نەبووە ڕوو لە کردەوەی دزێو و نامرۆڤانەی وەک تێرۆر بکا، بەڵکوو تێرۆریزمی لە هەموو شکڵ و شێوەیەکیشدا مەحکووم کردوە.
دواتر فرە ڕەهەندیی خەباتی کورد لەپێناو ئامانجە ڕەواکانی وای کردووە کە پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل لە هەموو سەنگەرەکانی خەباتدا مەیدانداری بکا و لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی بەردوام بێ. کەم نین ئەو کەسانەی لە هەمان کاتدا کە پێشمەرگە و فەرماندەیەکی بەوەج لە سەنگەری خەباتی پێشمەرگایەتیدان، لە هەمان کاتدا نووسەر و قەڵەمبەدەستن و هزر و بیری گەشیان لە خزمەت خەباتی ڕەوای نەتەوەکەیاندایە.
د. قاسملوو چوار دەیە لەوە پێش کە باس لە هۆکاری سەرکەوتنەکانی حیزبی دێموکرات دەکرد پشتیوانیی خەڵکی بە هۆکاری هەرە گرینگ دەزانێ و دەیگوت ڕاستە “سیاسەتی ئوسوولی و واقعبینانە و بوونی هێزی پێشمەرگە و قارەمانەتی پێشمەرگە، نوقتە قووەتی حیزبی ئێمەن، بەڵام لە هەمووی ئەوانە گرینگتر پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.” ڕێبەری گەورەی کورد هەر لەوکاتەدا کە پێی لەسەر ئەوە داگرت کە سەرمایەی هەرە گەورەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد پشتیوانیی گەلی کوردە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی قەت لە هێزی گەل جیا نەدەکردەوە و دەتگوت ئەم دوو هێزە ئاوێتە و تێکەڵاوی یەکتر و نوێنگەی ئیرادەخوازیی نەتەوەی کوردن.