که باس له نێوه‌رۆکی میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوو ده‌که‌ین، گرینگ‌ترین پرسیار که دیاره سه‌باره‌ت به پێشه‌وا قازی و کۆماری کوردستانیش هه‌میشه مشتومڕی له‌سه‌ر بووه، ئامانج له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هه‌م پێشه‌وا و هه‌م دوکتور قاسملوو به فه‌رمی و له کاتی زێڕینی خه‌باتی بهکردهوهیاندا ڕایانگه‌یاندووه که هه‌وڵی ئه‌وان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له چوارچێوه‌ی ئێراندایه، حاشای لێ ناکرێ که ئه‌و ڕێبه‌رانه وێڕای ته‌عامولیان له‌گه‌ڵ فاکته‌ره‌کانی سه‌ر ئه‌رزی واقیع، ئامانجیان له خه‌بات شتێک نه‌بووه جگه له ڕزگاریی نه‌ته‌وایه‌تی و به وته‌ی خودی دوکتور قاسملوو بۆ ئاسۆیه‌کی دوورهدهستتریان ڕوانیوه (“چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی”). دوکتور قاسملوو که هیچی له که‌سایه‌تییه ئێرانییه هه‌ره به‌رجه‌سته‌کان که‌متر نه‌بوو (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین سه‌روگه‌ردنێک له هه‌موویان له‌سه‌رتر بوو)، باشترین زه‌مینه‌ی دره‌وشانه‌وه له ڕیزی یه‌که‌می که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی ئێرانی‌دا هه‌بوو. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ره‌کیی وی له سیاسه‌ت و خه‌بات، ڕزگاریی گه‌له‌که‌ی له ژێرده‌سته‌یی بوو، حازر بوو هه‌موو ژیانی خۆی بۆ خستنه‌وه سه‌ر پێ و بردنه‌پێشی خه‌باتی حیزبێك ته‌رخان بکا که له ڕوانگه‌ی ئێرانییه‌وه حیزبێکی “لۆکا‌ڵی” بوو.
قاسملوو هه‌م له تێزی دوکتوراکهیدا ڕوانگه‌یه‌کی یه‌کگرتووی بۆ وجوود و پرس و چاره‌نووسی کورد هه‌یه، هه‌م له چه‌قی خه‌بات بۆ خودموختاریی کورد له ئێران‌دا ده‌یگوت چ کوردێك هه‌یه خه‌ون به سه‌ربه‌خۆییه‌وه نه‌بینێ و به ئاماژه به قسه‌یه‌کی “هانی الحسن” (ڕێبه‌ری فه‌له‌سینی) که په‌یامی قاسملووی بۆ خومه‌ینی بردبوو، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ خه‌باتی ئێمه درێژ بێته‌وه و تێچووی ئه‌و خه‌باته زۆر بچێته سه‌ر، به هه‌قی خۆمانی ده‌زانین بۆ زیاتر له خودموختاری خه‌بات بکه‌ین (کریس کۆچێرا، خه‌باتخوازیی کورد). به‌ڵام دیسان واقیعگه‌رایی وای له دوکتور قاسملوو ده‌کرد به به‌رپرسایه‌تییه‌وه بڵێ خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هێندێک مه‌رج و پێداویستیی -وه‌ک شکڵ‌گرتنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناسیۆنالیستیی کوردیی به‌هێز و یه‌کگرتوو و هانابه‌خش بوونی فاکته‌ری ده‌ره‌کی چ له ئاستی جیهانی و چ له ئاستی ناوچه‌یی- هه‌ن که تا ئه‌وان دابین نه‌بن، وه‌ها خه‌باتێک به‌به‌رهه‌م و جیددی نابێ.
بۆ دوکتور قاسملوو به‌ڵام خه‌بات ته‌نیا بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بوو. ئه‌و پێی وابوو که حیزبێكی پێشڕه‌و و به‌رپرسیار ده‌بێ ئازار و ئارێشه‌كانی ده‌روونیی کۆمه‌ڵگەش ببینێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌و به‌کرده‌وه ئه‌وله‌وییه‌تی دابوو به خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌ڵام له ڕیتۆریکدا هه‌رگیز نه‌یده‌ویست باڵاده‌ستیی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی به‌سه‌ر ئیده‌ئاله‌کانی دیکه‌دا به‌رجه‌سته بێته‌وه. له‌نێو ئه‌و ئیدهئالانهدا مافه‌کانی مرۆڤ هه‌بوو، مافی ژنان هه‌بوو، پرسی ژینگه هه‌بوو، به‌ڵام له هه‌مووی دیارتر دوو بابه‌ت زه‌ق ده‌بوونه‌وه که بریتی بوون له یه‌کسانیی چینایه‌تی و دێموکڕاسی. لەبارەی یه‌که‌میان قاسملوو له باسی که‌موکوڕییه‌کانی کۆماری کوردستاندا ده‌نووسێ یه‌کێک له خاڵه‌کانی سه‌رچاوه‌ی لاوازی و زهفهرپێچوونی کۆمار، نه‌بوونی ڕۆئیایه‌کی ڕوون و پڕبهڵێن بۆ زه‌حمه‌تکێشان بووه (چل ساڵ خه‌بات، وشه‌کان هی ئێمه‌ن). سه‌باره‌ت به دووه‌میشیان، دوکتور قاسملوو پێی وابوو که به‌بێ دێموکڕاسی هه‌م ڕۆئیای یه‌كسانیی مرۆڤه‌کان سه‌قه‌ته، هه‌م چاره‌سه‌ی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی بێ به‌سته‌ر و بێ ده‌سته‌به‌ر. قاسملوو به‌پێچه‌وانه‌ی مێتۆدی عیلمیی جێبه‌جێکردنی سۆسیالیزم سه‌باره‌ت به بڕینی یه‌ک له‌دوای یه‌کی قۆناغه‌کانی پێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵگە، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو ئێمه زۆر چاک ده‌توانین له دیکتاتۆڕییهوه برۆین به‌ره‌و دێموکڕاسی به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌نێوان ئه‌و دووانه‌دا نیمچه دیکتاتۆرییهك ئه‌زموون بکه‌ینه‌وه (کۆچێرا). هه‌ڵبه‌ت هه‌مووی ئه‌مه به‌و مانایه نه‌بوو که دوکتور قاسملوو ئاگاداری به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر ڕێگای جێخستنی دێموکڕاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست نه‌بێ. ئه‌و به سه‌رنجدان به پەڕشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ئه‌قڵییه‌تی زاڵ به‌سه‌ر هه‌م ئۆپۆزیسیۆن و هه‌م ڕێژیم ده‌یگوت دێموکڕاسی بۆ درێژخایه‌نه و ئێمه ئێستا ته‌نیا به کڵاشینکۆفهکانمان ده‌توانین پێداگری له‌سه‌ر مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانمان بکه‌ین (کۆچێرا).
ده‌سته‌یه‌کی دیکه له ئێلێمێنته‌کانی میراتی مه‌عنه‌ویی نه‌گۆڕی دوکتور قاسملوو سروشتێکی هایبرید (تێكه‌ڵ)یان هه‌یه، واته هه‌م مێتۆد ده‌گرنه‌وه هه‌م نێوه‌رۆک. ئه‌گه‌ر ئه‌م سروشته هایبریده بێگومان بۆ ئه‌سڵی سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانیش که پێشتر باس کرا ده‌گونجێ، له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێندێک ئه‌سڵی دیکه‌دا کارکردێکی زۆر دیاری هه‌یه و بۆ حیزبی دێموکڕات به‌ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا سه‌رچاوه‌ی پرستیژ و ئیعتبارێكی تایبه‌تی بوون. لێره‌دا ده‌توانین باس له ئه‌خلاق له سیاسه‌تدا بکه‌ین که هه‌ر ته‌نیا ڕاستگۆیی و زمان خاوێنیی نه‌ده‌گرته‌وه، به‌ڵکوو به‌تایبه‌تی هه‌وڵدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی تێچووی ئینسانی و ژینگه‌یی خه‌بات و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ و خۆبواردن له شێوازه نامرۆیی و تێرۆریستییه‌کانی له خۆی ده‌گرت. هه‌ر له‌و ده‌سته‌یه‌دا هێندێک خیسڵه‌تی دیکه ده‌بینین که کارکردی به‌هێزکردنی دینامیزمی خه‌باتیان هه‌بوو. بۆ نموونه دوکتور قاسملوو هه‌میشه به ئومێده‌وه بۆ ئایندهی ده‌ڕوانی و به‌رده‌وام هه‌وڵی ده‌دا وره‌ی هاوڕێیانی و خه‌ڵک به‌رز ڕابگرێ. ئه‌و وێڕای واقعبینیی، به شانازییه‌وه چاوی له ڕابردووی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد ده‌کرد و ده‌یگوت کورد هه‌روه‌ک له کۆماری کوردستاندا نیشانی دا، ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوو بێ و ئیراده بکا، ده‌توانێ ببێ به شتێک (چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی، وشه‌کان هی ئێمه‌ن). له هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرینگتر دوکتور قاسملوو باوه‌ڕی به به‌کارهێنانی هه‌موو مه‌یدانه‌کانی خه‌بات هه‌بوو و هه‌رگیز به‌ستێنی جه‌ماوه‌ری و به‌ستێنی پێشمه‌رگانه‌ی له به‌رامبه‌ر یه‌كتر دانه‌ده‌نا.
هه‌رچی هه‌تا ئێستا باس کرا ئه‌و لایه‌نه باڵاده‌سته له میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوویه که نه‌ک هه‌ر له‌ڕووی مێژووییه‌وه، به‌ڵکوو له‌ڕووی سیاسیشه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ و ته‌نانه‌ت بۆ له‌مه‌ودواش مانابه‌خش و به‌رهه‌مداره و بایه‌خه‌که‌ی له جێی خۆی ماوه. ئێستا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و ئاڵوگۆڕانه که له سێ ده‌هه‌ی ڕابردوودا له جیهان و ناوچه‌دا ڕوویان داوه، جێی خۆیه‌تی ئاماژه به به‌شێکی که‌متری میراتی مه‌عنه‌وی دوکتور قاسملوو بکه‌ین که قابیلی گۆڕان و شیاوی پێداچوونه‌وه‌یه، جا چ له‌به‌ر ئه‌وه که ڕه‌نگه ئه‌و مه‌رجانه‌ی دوکتور قاسملوو بۆ گۆڕینی سیاسه‌ت و ئاقارێکی ستراتیژی ئاماژه‌ی پێ کردبوون تا ڕاده‌یه‌ک وه‌دی هاتبن، چ له‌به‌ر ئه‌وه که ئه‌و پارامێترانه‌ی سیاسه‌ت و ئاقاره‌کان پاساو ده‌ده‌ن مهوزووعیهتیان نه‌ماوه، یان ئه‌مڕۆ به جۆرێكی دیکه عه‌مه‌ل ده‌که‌ن. ده‌توانین کاکڵی ئه‌و بوار و پارامێترانه له چه‌ند خاڵدا ڕیز بکه‌ین؛ هاوکات هه‌وڵ ده‌ده‌ین به دیدێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌شه‌وه چاو له “پۆست-دوکتور قاسملوو” (سه‌رده‌می دوای دوکتور قاسملوو) بکه‌ین :
١/ له‌گه‌ڵ ئه‌وه که دوکتور قاسملوو له دوایین ساڵه‌کانی ژیانیدا نه‌ک ته‌نیا پێشبینی به‌ڵکوو ئه‌نجامگیریی بهکردهوهشی له ئه‌گه‌ری کاڵبوونه‌وه‌ی سنووربه‌ندییه ئیدئۆلۆژییه‌کانی زاڵ به‌سه‌ر پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا کردبوو، ئه‌و سنووربه‌ندییه ئیدئۆلۆژییانه ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌کی زۆر زه‌قتر له سه‌رده‌می ژیانی دوکتور قاسملوو کاڵ بوونه‌وه. بێگومان ئه‌مه به مانای بێبایه‌خ بوونی ئیده‌ئال و به‌هاکان به‌تایبه‌تی له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڕۆئیای یه‌کسانیی مرۆڤه‌کان یان کۆتایی هاتنی ململانه‌ی نێوان جه‌مسه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان نیه. به‌ڵام حاشاهه‌ڵنه‌گره که چیدیکه ناکرێ به چاویلکه‌ی سی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له هاوکێشه‌کانی جیهان و ناوچه و جێگه و پێگه‌ی کورد له‌و نێوه‌دا بڕوانین. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه که زه‌رفییه‌ته نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌کانی سیاسه‌تسازی و ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ کورد به‌تایبه‌تی له ئێران -له‌گه‌ڵ ئه‌وه که هێشتا لاواز و ناپایه‌دارن- به‌ڵام له‌چاو جاران زۆر زیاتر و هه‌مه‌ڕه‌نگ و ئاسیمتریک (نامتقارن)ن.
٢/ به‌هۆی تێکه‌ڵیی زه‌ینی و کرده‌یی زیاتری کوردی هه‌موو پارچه‌کان و ناسرانی پرسی کورد له دنیادا و زیادبوونی دیاسپۆرا به پازڵی جوغرافیاکانی تێکۆشانی کورد، ئه‌مڕۆ که‌شوهه‌وای پان-کوردیسم (به ئه‌ده‌بیاته سیاسییهکهشیهوه) به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ژیانی دوکتور قاسملوو زۆر به‌هێزتره. ئه‌گه‌ر ڕاسته که ئه‌مه ده‌بوو بووبایه هۆی پێداچوونه‌وه به هێندێک ڕه‌هه‌ندی ئامانج و ستراتژیی حیزبه کوردییه‌کان، به‌ڵام هێشتا ناتوانێ ببێته پاساوی گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی له‌و ستراتیژییه‌ی دوکتور قاسملوو بۆ نه‌وه‌ی خۆی له نه‌زه‌ری گرتبوو. به واتایه‌کی دیکه هێزه سیاسییه‌کانی کورد به حیزبی دێموکڕاتیشهوه پێویسته ئاکامگیرییه‌کی به‌کرده‌وه و ڕوونتر له نه‌شونمای هه‌ستیاریی پان- کوردیستیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و چاکترنهبوونی ئه‌قڵییه‌تی “ئێرانییه‌کان” بکه‌ن و یه‌كگرتووانه، باوهڕبهخۆیانه و به‌شێوه‌یه‌کی کارله‌سه‌رکراو (نه‌ک هه‌ر بۆ دروشم و موزایده) ڕزگاریخوازی بکه‌نه بنه‌مای گوتاری سیاسی‌یان یان له گوتاری سیاسیی خۆیاندا جێگایه‌کی دیارتری بۆ بکه‌نه‌وه (شتێک که مه‌رج نیه هه‌میشه به مانای سه‌ربه‌خۆییخوازی بێ). هاوکات به‌ڵام ده‌بێ قبووڵی بکه‌ین که ئه‌و پێویستییانه‌ی دوکتور قاسملوو بۆ هه‌ڵگرتنی وتاری سه‌ربه‌خۆییخوازی وه‌ک پێشمه‌رج داینابوون هیچیان وه‌دی نه‌هاتوون، یان ئه‌گه‌ر تا ڕاده‌یه‌کیش وهدیهاتبن، به‌شی ئه‌وه ناکه‌ن که به‌شێوه‌یه‌کی کارا و به‌رهه‌مدار ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌ییان بۆ بگۆڕدرێ.
٣/ له ئاستی ستراتژیی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌مڕۆ فۆرموولی فیدرالیزم جێی خودموختاریی گرتۆته‌وه (شتێک که دوکتور قاسملووش له نامه‌ی ساڵی ١٣٥٨ی خۆیدا بۆ خومه‌ینی ئاماژه‌ی پێ کردبوو). به‌ڵام ئه‌و فۆرمووله نه له‌نێو لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و نه به‌ڕووی ئێرانییه‌کاندا ئه‌وه‌نده‌ی کار له‌سه‌ر نه‌کراوه که دووردهیمهنێکی ڕوون له چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران له چوارچێوه‌ی ئه‌م فۆرموولهماندا پێ نیشان بدا.
٤/ ئه‌گه‌ر ڕاسته که هاموشۆی بژارده و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ کۆڕ و کۆمه‌ڵه ئێرانییه‌کان له‌چاو ده ساڵی کۆتایی ژیان و خه‌باتی دوکتور قاسملوو فره‌یی و جۆراوجۆرییه‌کی زۆرتری پێوە دیاره، هاموشۆ و هاوکارییه‌کان به‌قه‌را ئه‌و بڕه له هاموشۆ و هاوکاری که له سه‌رده‌می دوکتور قاسملوودا له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان هه‌بوو مه‌لمووس نین. له‌وه‌ش گرینگتر، پاش تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌موو ساڵه هێشتا گۆڕانێکی نه‌وعی له ڕوانگه و بیرکردنه‌وه‌ی ئێرانییه‌کاندا که به‌ڵێنده‌ری ئاسۆیه‌کی متمانه‌پێکراو بۆ کورد بێ، به‌دی ناکرێ. به لایه‌که‌ی دیکه‌دا به‌ڵام دژبه‌رانی هاوپێوه‌ندی و هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کانیش نه‌یانتوانیوه قه‌ناعه‌تێكی گشتی بۆ دابڕاندن و جیاکردنه‌وه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له پرۆسه سیاسییه سه‌راسه‌رییه‌کانی ئێران دروست بکه‌ن؛ هه‌م به‌شێوه‌ی زانستی پاساوی بده‌ن، هه‌م به‌کرده‌وه جێی بخه‌ن.
٥/ شێواز یان به‌قه‌ولی ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌می دوکتور قاسملوو تاکتیکه‌کانی خه‌بات له سه‌رده‌می ئێستادا گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌ی زۆری به‌خۆوه دیوه. له ده‌ورانی هه‌ره دره‌وشاوه‌ی کاری سیاسی و جهباتگێڕیی دوکتور قاسملوودا، حیزبی دێموکڕات مهیداندارییهکی چه‌کدارانه‌ی ده‌کرد که له‌دوای مه‌رگی دوکتور قاسملووه‌وه (نه‌ک به‌هۆی مه‌رگی، به‌ڵكوو به‌هۆی گۆڕانی هه‌لومه‌رج) ده‌ره‌تانی زۆر سنووردار بۆته‌وه و هه‌لومه‌رجی ده‌هه‌کانی پاش شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو زۆرتر هه‌لومه‌رجی مێتۆده غه‌یره چه‌کدارییه‌کان بووه. به‌ڵام حیزبی دێموکڕات و ئۆپۆزیسیۆنی کورد له ئێران نه‌یانتوانیوه ئه‌و میتۆده نوێیانه (خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، مێدیا، دیپڵۆماسی، … هتد) به جۆرێک ڕێک بخه‌ن که بارته‌قای مێتۆدی چه‌کداریی سه‌رده‌می دوکتور قاسملوو کاردانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێ. له‌ڕاستیدا مێدیۆم و ڕێکاره‌کانی کاری جڤاکی و لۆبیگه‌ری له دنیای ئه‌مڕۆدا شۆڕشێکی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام ڕوون نییه داخوا بژارده‌کانی ئه‌مڕۆ هه‌مان ئه‌و خهللاقیهتهیان که دوکتور قاسملوو بۆ به‌کاربردنی ئامرازه به‌رده‌سته‌کانی سه‌رده‌می ژیانی خۆی هه‌یبوو، بۆ ده‌کارخستنی مێدیۆم و ڕێکاره ئه‌مڕۆییه‌کان له خۆیان نیشان داوه یان نا. پارادۆکسێکی زه‌ق که لێره‌دا پێویسته قامکی له‌سه‌ر دابنرێ ئه‌وه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌وه که دوکتور قاسملووش جه‌ختی له‌سه‌ر فره‌ییکردنی مه‌یدانه‌کانی خه‌بات و چاولێکردنی ئه‌و مه‌یدانانه‌ی خه‌بات وه‌ک ته‌واوکه‌ری یه‌كتر ده‌کرد (بڕوانه ڕاپۆرته‌کانی کۆنفڕانسی سێ و کۆنگره‌ی سێی حیزب)، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدان و تاڕاده‌یه‌ک گه‌شه‌کردنی به‌ستێنی مه‌ده‌نیی خه‌بات (که ئه‌وه‌نده‌ی به‌رهه‌می هه‌وڵی خه‌ڵک لهنێوخۆیه، هی زه‌رفیه‌ته هه‌رگیز نه‌بووه‌کانی ژێر سایه‌ی ڕێژیم نه‌بووه) له‌بری ئه‌وه که ببێته هۆی پێکه‌وه گرێدراویی زیاتری خه‌باتی خه‌ڵك و حیزبه‌کان و سیناریۆ خوڵقێنیی شۆڕشی کورد له ڕۆژهه‌ڵات، زۆر جار بووه‌ته مایه‌ی دڕدۆنگی و مه‌ودا هه‌م له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌م له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه و بژارده مه‌ده‌نییه‌کان.
٦/ ئهخلاقمهداری له سیاسه‌ت و کوردایه‌تیدا یه‌کێک له لایه‌نه هه‌ره دره‌وشاوه‌کانی میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوویه. به‌بێ ئه‌وه‌ی له بایه‌خ و هه‌قانیه‌تی ئه‌و ئهخلاقمهدارییه که‌م بکه‌ینه‌وه، ده‌بێ بزانین ئه‌و پرهنیسپانه له کۆنتێکستی خۆیاندا مومکین بوون و به‌جۆرێک گه‌وره‌یی سه‌رده‌می فه‌رحانی بوون. به واتایه‌کی دیکه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که حیزبی دێموکڕات له سه‌رده‌می ڕێبه‌رایه‌تیی دوکتور قاسملوودا خه‌باتێکی زۆر سه‌خت و خوێناویی به‌ڕێوه‌ده‌برد، هاوکێشه‌کانی ناوچه و هه‌لومه‌رجی خه‌بات (به‌تایبه‌تی شه‌ڕی ئێران و عێراق و پاشماوه‌ی ده‌سکه‌وته سیاسی و مه‌یدانییه‌کانی پاش ئینقلاب بۆ حیزبی دێموکڕات) به چه‌شنێک بوون که ئه‌و حیزبه ده‌یتوانی به‌بێ زیان گه‌یاندن به په‌راوێزی مانۆڕلێدانی خۆی ئه‌و پره‌نسیپانه به‌کرده‌وه جێبه‌جێ بکا و خودی ئه‌و جێبه‌جێکردنه‌ش بۆ دروستکردنی ئیعتباری سیاسیی زیاتر به‌تایبه‌تی له ئورووپادا به‌کار بباته‌وه. له‌حاڵێکدا ئه‌مڕۆ ده‌بینین که جێبه‌جێکردنی ئه‌و پره‌نسیپانه (که به‌شی زۆری پێوه‌ندییان به مێتۆده‌کانی مه‌یدانداری و جۆری پێوه‌ندییه‌کانی حیزبه‌وه هه‌یه) هۆکارێکی به‌رته‌سک بوونه‌وه‌ی زیاتری مه‌یدانی خه‌باتی حیزبی دێموکڕات و لهپهڕاوێزکهوتنی بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتن. شتێک که نووسه‌ری ئه‌م وتاره لانیکه‌م لێره‌دا ناتوانێ به‌دیلێكی بۆ پێشنیار بکا، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ شیاوی تێڕامان و مشوورلێخواردنی جیددییه.
هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و خاڵه‌دا، جێی خۆیه‌تی ئاماژه به ده‌رسێکی گرینگی دوکتور قاسملوو بکه‌ین که ده‌ڵێ بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی وه‌ختێک لاواز ده‌بێ که ده‌رفه‌تی ده‌سپێشخه‌ری (ابتکار عمل) له‌ده‌ست بدا و هه‌ر بکه‌وێته حاڵه‌تی دیفاعییه‌وه (چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی). دوکتور قاسملوو ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی کۆماری کوردستانه‌وه گوتووه، به‌ڵام به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌مڕۆ و ئایندهی خه‌باتی حیزبی قاسملوو شیاوی تێفکرین و ئاکام لێ وه‌رگرتنه.
٧/ سه‌رده‌می حیزبایه‌تیی دوکتور قاسملووش -وه‌ک هی پێش خۆی و دوای خۆی- پڕ بووه له ناکۆکیی نێوخۆیی و لێک‌دابڕان که هێندێکیان پاساوهه‌ڵگر و قابلی ده‌رک بوون و زۆربه‌شیان له‌زیادی بوون. یه‌كێک له‌و خیسڵهتانهی دوکتور قاسملوو -به‌له‌به‌رچاوگرتنی فه‌رهه‌نگی کاری سیاسی و خه‌بات له‌و سه‌رده‌مه‌دا- زۆری باوه‌ڕ پێ بوو و بۆی گرینگ بوو، یه‌كیەتیی سیاسی و فیکری له ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکڕات‌دا بوو. که‌مترین شت که ده‌بێ ئازایه‌تیی ئه‌وه‌مان هه‌بێ ئه‌مڕۆ بیڵێین – جا به‌رپرسیاره‌که‌ی هه‌ر که‌س یان هه‌ر کۆنتێکستێک بووبێ- ئه‌وه‌یه که یه‌كیەتیی سیاسی و فیکری ئه‌گه‌رچی بۆ ئێستا و ئایندهی حیزبی دێموکڕاتیش خیسڵه‌تێکی پێویست و پڕبایه‌خه، به‌ڵام به‌هۆی تێچووه ته‌شکیلاتییه‌کانی له مێژووی ئه‌و حیزبه‌دا زۆر گران له‌سه‌ر ئه‌و حیزبه و بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران که‌وتووه. یه‌كیەتیی فیکری و سیاسی و به‌گشتی هه‌ر چه‌مک و ئاقارێکی له‌و بابه‌ته تا ئه‌و وه‌خته شایانی کاربۆکردن و جێخستنن که هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئه‌سڵێک دروست نه‌که‌ن که له هه‌رچی چه‌مک و ئاقاری دنیا زه‌روورتر و به‌نرختره. ئه‌ویش بریتییه له یه‌كگرتوویی ڕیزه‌کانی حیزب و گه‌ل.
ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و تێبینیه به‌رز بکه‌ینه‌وه سه‌ر ئاستی هێزه سیاسییه‌کانی کورد به‌تایبه‌تی له ئێران، به‌پێچه‌وانه‌ی چل په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می ته‌بایی و یه‌كگرتوویی ئه‌و هێزانه‌یه و گرژیی نێوانیان زۆرتر ئیستسنایه. له‌و شوێنه‌دا که هێزه سیاسییه‌کانی کورد له‌مڕۆدا شیاوی لۆمهکردنن، ئه‌و زێهنیه‌ت یا لانیکه‌م گوتاره له یه‌كگرتوویی کورد به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵات هێشتا وه‌ک پێویست ته‌رجومه نه‌کراوه‌ته‌وه سه‌ر هه‌نگاوی شێلگیر و مێکانیزمی کرداری.