میراتی مه‌عنه‌ویی ڕێبه‌رێکی سیاسی بریتییه له‌و کۆمه‌ڵه ڕه‌مز و باوه‌ڕ و به‌ها و کارکرده سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌ی له‌پاش مه‌رگی بۆ وه‌چه یان وه‌چه‌کانی پاش خۆی ده‌مێنێته‌وه. میراتی مه‌عنه‌وی به پله‌ی یه‌که‌م به‌رهه‌می گوتار و کرداری سه‌رده‌می ژیانی ڕێبهرهكهیه، به‌ڵام ئه‌و ڕاڤه و کارپێکردنهش که له پاش مه‌رگی ڕێبه‌ر له گوتار و کرداری وی ده‌كرێ، بۆخۆی شکڵ و ماهیه‌ت به میراته مه‌عنه‌وییه‌که‌ی ده‌به‌خشێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که جه‌وهه‌ری تێکست به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی کۆنتێکست میسداقیه‌تی نییه، ئه‌وه تێپه‌ڕینی زه‌مان و زیندوو ڕاگرتنی میراته مه‌عنه‌وییه‌که له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانی دواترهوهیه که خیسله‌تی میراتبوون و ماهیه‌تی ئه‌و میراته نیشان ده‌دا. به واتایه‌كی دیکه زۆر جار پێویسته زه‌مان تێپه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربکه‌وێ ڕێبه‌رێک چ میراتێکی زه‌ینیی له‌دوای خۆی به‌جێ هێشتووه. ته‌نیا ڕێبه‌رانی گه‌وره و شوێندانه‌ریش خاوه‌نی میراتی مه‌عنه‌ویین.
دوکتور قاسملوو له‌و ده‌گمه‌ن ڕێبه‌ره سیاسییانه‌یه (به‌تایبه‌تی له کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست) که ده‌کرێ بڵێین میراتێکی مه‌عنه‌ویی پڕ و دیاری له‌دوای خۆی به‌جێ هێشتووه. ئه‌و هه‌م له سه‌رده‌می هه‌ستیار و دره‌وشاوه‌ی ژیانیی سیاسیی خۆیدا (که چه‌قه‌که‌ی ده‌که‌وێته نێوان ساڵانی ١٩٦٨-١٩٨٨) داهێنه‌ر یان لانیکه‌م شکڵدهری زۆر چه‌مک و پره‌نسیپ و هه‌ڵوێستی سیاسی بووه که له داڕشتن و جێخستنی ناسنامه‌ی سیاسیی ئه‌و حیزب و بزوتنه‌وه‌یه‌دا که ئه‌و ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌کرد سروشتێکی ستروکتوری (پێکهاته‌یی)یان هه‌یه، هه‌م زیاتر له سێ ده‌هه له پاش نه‌مانی فیزیکیی، جیا له زیندوویی هه‌سته‌کی و سه‌مبولیکی ناو و یادی له‌نێو درێژه‌ده‌رانی ڕێگاکه‌ی و خه‌ڵکی کوردستاندا، ئیراده‌یه‌کی به‌دایم ڕاگه‌یه‌ندراو و دووپاتهوهبوو بۆ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ده‌رس و ئه‌زموونه‌کانی له‌نێو بژارده‌ی سیاسیی کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی له ڕێبه‌رایه‌تی و له ڕیزه‌کانی حیزبی دێموکرات‌دا (به هه‌ردوو به‌شی حدک و حدکایهوه) هه‌یه.
دیاره سامانی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوو له مێژووی پێش خۆی دابڕاو نییه و زۆر شتی میراتی زه‌ینیی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد له‌پێش سه‌رده‌می ژیانی سیاسیی چالاکی قاسملوو به‌تایبه‌تی ئه‌وه که له کۆماری کوردستان و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د به‌جێ ماوه، بووه به به‌شێكی میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملووش، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر قاسملوو له خوێندنه‌وه و بنه‌ماسازی و به تیئۆری کردنیدا نه‌خشی بووبێ.
هه‌رگیز دوکتور قاسملوو داوای له قوتابیان و درێژه‌ده‌رانی ڕێبازه‌که‌ی نه‌كردووه که هه‌رچی ئه‌و له سه‌رده‌می ژیانیدا کردوویه‌تی و گوتوویه‌تی، ئه‌وانیش له‌پاش مه‌رگی هه‌ر وا بکه‌ن و بۆ هه‌موو شتێک هه‌میشه له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه بڕۆن. به‌پێچه‌وانه‌وه، کارکردن به شێوازی دوکتور قاسملوو بریتییه له به‌رنامه‌دانان و جێبه‌جێکردنی کرده‌وه‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مه‌عریفی و به پشتبه‌ستن به مێتۆدی زانستی که ئه‌ویش ڕامان و شڕۆڤه‌ی ئۆبژێكتیڤ و به‌دوور له مێتافیزیک و ئاماده‌یی بۆ تاقیکردنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌خوازێ.
به‌و حاڵه‌ش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که دوکتور قاسملوو وه‌ک هه‌ر ئینسانێکی دیکه شوێنه‌واری سه‌رده‌می ژیانی خۆی به‌سه‌ره‌وه بووه، به‌هۆی ژیری و باوه‌ڕمه‌ندی و دوور ڕوانینی، زۆر له‌و به‌ها بنه‌ڕه‌تی و پره‌نسیپه کارییانه‌ی ئه‌و داهێنه‌ر و جێخهریان بووه و زۆر له قه‌ناعه‌ت و پێشبینییه‌کانی، بۆ ئێستا و ئایندهی بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌تایبه‌تی له ئێران هێشتا موعتبه‌ر و له شوێنی خۆیاندان. به‌شێکی ئه‌و ئیعتباره ئیعتبارێکی فه‌لسه‌فییه واته تابعی زه‌مان و زه‌مینه‌ی عه‌ینیی نییه، به‌ڵكوو زاته‌ن هه‌ڵگری بایه‌خێکی نه‌گۆڕه، چ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سروشتێکی ئه‌خلاقی و بهرپرسیارگهرایانهی هه‌یه، چ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به کوردایه‌تییه‌کی دروست و ڕاستگۆیانه‌وه هه‌یه. به‌شێكی ئه‌و ئیعتبارهش ئیعتبارێکی زانستییه، واته له‌به‌ر ئه‌وه له شوێنی خۆی ماوه که وڵامده‌ری هه‌مان ئه‌و خوازیاری و بواره عه‌ینی و زهینیهیه که دوکتور قاسملوو ده‌یدیتن و ئێستاش وه‌ك خۆیان ماون، یان ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ بگۆڕێ ده‌بێ به وه‌به‌رچاوگرتنی ڕاده‌ی وه‌دیهاتنی ئه‌و مه‌رجانه بێ که قاسملوو بۆخۆیشی بۆ گۆڕینی سیاسه‌ت و ئاقارێکی ستراتژی ئاماژه‌ی پێ کردبوو.
بێگومان ئه‌وه که دوکتور قاسملوو وه‌ک گه‌وره‌پیاوێکی هه‌ره دیار و خۆشه‌ویستی نێو مێژووی کورد له ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و له ئه‌نجامی پیلانێکی نائینسانی و ناجوامێرانه‌دا گیانی به‌خشیوه، حاڵه‌تێکی به‌هێزی عاتیفی و ویژدانیی له‌نێو خه‌ڵكی کوردستاندا دروست کردوه که وا ده‌کا بیره‌وه‌ریی دوکتور قاسملوو له‌هه‌ر حاڵ‌دا بارێكی زه‌ینیی سه‌نگین و درێژمه‌ودای بۆ نه‌وه‌کانی دواتر هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێوه‌ره‌ی له سه‌ره‌وه باس کرا، میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوو ورد بکه‌ینه‌وه و پۆلێنی بکه‌ین، به‌سه‌ر دوو ده‌سته له چه‌مک و به‌ها و پره‌نسیپدا ده‌که‌وین: له‌لایه‌ک میراتی مه‌عنه‌ویی نه‌گۆڕی قاسملوو، له‌لایه‌کیش ئه‌و توخم و پارامێترانه‌ی شیاوی گۆڕانن.
له‌نێو ئه‌و به‌شه له میراتی مه‌عنه‌ویی دوکتور قاسملوودا که تێپه‌ڕینی کات و گۆڕانی هه‌لومه‌رج نه توانیویه‌تی و نه ده‌توانێ له‌نێوی ببا یان که‌مڕه‌نگی بکاته‌وه، سه‌ره‌تا کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپی کاری و ئه‌سڵی مێتۆدیک وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون. بۆ دوکتور قاسملوو سیاسه‌ت پێش هه‌موو شتێک بریتی بوو له خه‌بات له‌پێناوی ئامانج و ئیده‌ئالێکی ڕوون به ڕه‌چاوکردنی کۆمه‌ڵێک به‌ها و پره‌نسیپی چه‌سپاو. له عه‌ینی حاڵ‌دا، دوکتور قاسملوو که‌سێكی واقیعگهراش بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو خوێنده‌واری و باوه‌ڕمه‌ندیی به پره‌نسیپ و به‌هاکان، ئه‌و له باوه‌ڕه‌دا بوو که سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه که له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌کرێ. کریس کۆچێرا لێی ده‌گێڕێته‌وه که گوتوویه‌تی “ئه‌وه‌ی گرینگه تێزه‌کانی میخائیل سۆسلۆڤ [ئیدئۆلۆگی گه‌وره‌ی شووڕه‌وی] نین، به‌ڵکوو ئه‌و بیرانه‌ن که هه‌ڵقووڵاوی کۆمه‌ڵگەی خۆمانن”. (“خه‌باتخوازیی کورد”، ١٩٩٧).
ئه‌و واقیعگهراییه وای له دوکتور قاسملوو کردبوو که ڕووبه‌ڕوو (نه‌ک هه‌ر به دروشم یان له‌لاوه) مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و نالێکییانه بکا که پرسی کورد و به‌گشتی سیاسه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پێیانه‌وه گرفتاره: ته‌زاد له‌نێوان خه‌ون و واقیع، تیئۆری و کرده‌وه، نه‌ریت و مۆدێرنیته، سێکۆلار بوون و ته‌عامول له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌ب، کورد بوون و له ئێران ژیان، مه‌یدانداری و ئه‌خلاق، شۆڕشگێڕ بوون و دێموکڕات بوون، خه‌باتخوازی و ئاشتیخوازی، … هتد. واقیعگه‌رایی له‌لای دوکتور قاسملوو دوو شتی دیکه‌شی لێ ده‌که‌وته‌وه : یه‌که‌م، ئه‌وله‌ویه‌تدان نه‌ک به فۆڕم و ڕواڵه‌ت، به‌ڵکوو به جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆک. شتێک که بۆ نموونه له ڕه‌خنه‌گرتنی له سۆسیالیزمی مه‌وجود (بڕوانه “کورته‌باس”) یان له ڕوانینی بۆ جۆری چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران‌دا (بڕوانه ده‌قی قسه‌کانی له دانیشتن له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی له ڤیه‌ن) به ڕوونی دیاره. دووه‌م، پراگماتیسم و کارکردن بۆ مومکینه‌کان وێڕای پاراستنی دووره‌دیمه‌نی خواست و ئامانجه‌کان. بۆ نموونه پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه که حیزبی دێموکڕات له‌ژێر کاریگه‌ریی دوکتور قاسملوودا ڕێفراندۆمی دیاریکردنی نیزام بایکۆت ده‌کا، ئه‌و حیزبه و خودی دوکتور قاسملوو به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و شه‌رعیه‌تی دێموکڕاتیکی خۆیان، زیاتر له جارێک له مه‌وعیده نیمچه ئازاده‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌دوای ئینقلاب‌دا به‌شدار و ته‌نانه‌ت کاندید ده‌بن.
پره‌نسیپێکی دیکه‌ی کاری بۆ دوکتور قاسملوو په‌نابردن بۆ مێتۆدی زانستی به‌و پێناسه‌یه بوو که له سه‌ره‌وه باس کرا. ئه‌مه‌ش جیا له هه‌وڵدان بۆ ژێرخانسازیی فیکری بۆ خه‌بات و جووڵه‌ی سیاسی، ده‌بووه هۆی ئه‌وه که دوکتور قاسملوو له پێداچوونه‌وه به شته‌کان و ڕه‌خنه‌گرتن له ڕابردوو و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن نه‌ترسێ. ئه‌و، سه‌رباری هه‌موو ڕێز و هۆگرییه‌ک که بۆ ئه‌زموونی کۆماری کوردستان و شه‌خسی پێشه‌وای هه‌بوو، له “چل ساڵ خه‌بات له‌پێناوی ئازادی” (١٩٨٥) له‌و شوێنه‌دا که ده‌بێ ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێ، پێشڕه‌و بوون و شۆڕشگێڕ بوونی حیزبێکی سیاسی به‌وه ده‌به‌ستێته‌وه که ئه‌و حیزبه چۆن له ڕابردووی خۆی و هه‌ڵه‌کانی ده‌ڕوانێ و پێی وایه حیزبێکی ئه‌وتۆ نابێ له‌وه نیگه‌ران بێ که به ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن و داننان به هه‌ڵه‌کانی، دژمن به خۆی شاد ده‌کا یان له ئیعتباری که‌م ده‌بێته‌وه.
ئه‌و جۆر و ڕاده‌یه له ئازایه‌تیی به‌رپرسیارانه‌ی قاسملوو له بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی ئازادیخوازبوونی به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه بوو. بۆ دوکتور قاسملوو که زۆر پێداگریی له‌سه‌ر بایه‌خی ئازادی بۆ که‌رامه‌تی ئینسان ده‌کرد، نه‌ده‌کرا ئازادیت بوێ، به‌ڵام ئازاد بیر نه‌که‌یه‌وه. ئه‌وه‌ش له فه‌زای خه‌ستی ئیدئۆلۆژیی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بۆ ئه‌وده‌م یه‌کجار ده‌گمه‌نی له‌لای دوکتور قاسملوو دروست کردبوو: پێڕه‌ویی بێئهملاوئهولای له هیچکام له ئۆردووگا فیکری و سیاسییه‌کانی زاڵ له‌دنیادا نه‌ده‌کرد و به‌گشتی ملکه‌چی هیچ دۆگمێک نه‌ده‌بوو. ئه‌گه‌ریش قه‌رار با هه‌گبه‌یه‌کی ئیدئۆلۆژیک بۆخۆی و حیزبه‌که‌ی بئاخنێ، ئه‌و هه‌گبه‌یه تێهه‌ڵکێشی ئازاد و ژیرانه و دووباره خوێندراوه و گونجێندراوی چه‌مک و به‌ها جیهانییه‌كان له گۆشه‌نیگای به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستییه‌کانی خه‌بات بۆ ئازادی گه‌لی خۆیه‌وه بوو.
ئه‌م پره‌نسیپه کارییه‌ی دوایی ده‌مانکێشێته نێو ئه‌و لایه‌نه له میراتی مه‌عنه‌ویی نه‌گۆڕی دوکتور قاسملوو که خیسڵه‌تی نێوه‌رۆکی هه‌یه. لێره‌دا گرینگ‌ترین پره‌نسیپ که به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه و بناخه و پێوه‌ری به‌شی زۆری سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له سه‌رده‌می دوکتور قاسملوو و له‌دوای دوکتور قاسملووشه، سه‌ربه‌خۆیی سیاسییه. بایه‌خێک که له‌گه‌ڵ ئه‌وه که باجی زۆر قورسی له‌بواری ناجێگیریی هه‌لومه‌رجی تێکۆشان و ته‌سکبوونه‌وه‌ی مه‌یدانی خه‌بات بۆ دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکڕات لێ که‌وتۆته‌وه، هه‌میشه له ڕیزی هه‌ره پێشه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سکه‌وت و سه‌رمایانه بووه که پاراستنیان بۆ ئه‌و حیزبه له ئه‌وله‌وییه‌تدا بووه.
له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی سیاسی ده‌بووه هۆی ئه‌وه که سه‌ره‌ڕای مه‌وقعیه‌تێكی جوغرافی و فیکری که حیزبی دێموکڕاتی تێدا هه‌ڵکه‌وتبوو، له جیهانی دووجه‌مسه‌ریی ئه‌وسادا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی که‌مایه‌سییه ده‌روونییه‌کانی هه‌ردووکی ئه‌م جه‌مسه‌رانه له ڕۆئیای یه‌کسانیی مرۆڤ و دێموکراسی‌دا و له‌وه‌ش گرینگتر بێمهیلیان بۆ پشتیوانی له خه‌باتی کورد، دوکتور قاسملوو به‌کرده‌وه بێلایه‌نییه‌کی چالاک و نهبهستراوهییهکی مانادار بگرێته‌به‌ر. قاسملوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه که بۆخۆی مارکسیست بوو و حیزبه‌که‌شی وه‌ک حیزبێکی چه‌پ و دژه ئیمپریالیستی پێناسه ده‌کرد، هه‌م نه‌قدێکی ڕووک و ئاشکرای سۆسیالیزمی مه‌وجوودی کرد و -له سۆنگه‌ی سیاسییه‌وه- له ده‌رگای سۆسیال دێموکڕاسیی ئورووپای دا، هه‌م به‌بێ دوودڵی داگیرکاریی سۆڤیه‌تی بۆ چێکۆسلۆڤاکی (١٩٦٨) و گرتنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له تاران (١٩٧٩)ی مه‌حکووم کرد.
به‌ڵام ئه‌سڵی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی بۆ دوکتور قاسملوو کارکردێکی زۆر فراوانتر له‌مه‌شی هه‌بوو. ئه‌و هه‌وڵی ده‌دا له به‌سته‌رێكی مێژوویی‌دا پێداگری له‌سه‌ر سروشتی قائیم به زاتی مه‌سه‌له‌ی کورد (وشه‌کان هی ئێمه‌ن)، نه‌ک ته‌نیا بۆ ئێستا و ئاینده به‌ڵکوو له ڕابردووش‌دا بکا. به‌م چه‌شنه‌یه که له به‌رامبه‌ر ئه‌و شۆڤێنیستانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کورد (لێره‌دا کۆماری کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌ی ٤٧-٤٦)یان به دروستکراوی بێگانه داده‌نا، دوکتور قاسملوو ده‌یگوت هیچ بێگانه‌یه‌ک ناتوانێ بزووتنه‌وه‌یه‌کی ده‌یان و سه‌دان هه‌زار که‌سی دروست بکا، ئه‌گه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه زه‌مینه‌ی عه‌ینیی خۆی نه‌بێ (بڕوانه نامیلکه‌ی “واقعیه‌تی گه‌لانی ئێران و ئه‌فسانه‌ی م. ماکان”). ئه‌و له‌باره‌ی سروشتی بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران و کاریگه‌ریی ئاگربه‌سی نێوان ئێران و عیراق، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن و سه‌ربه‌خۆ ده‌ناسێنێ و چاره‌نووسی ئه‌م دووانه (پرسی کورد و کێشه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان یان هی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه) لێک جیا ده‌کاته‌وه (وتووێژی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی تایمزی له‌نده‌ن).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه که قاسملوو پێی وابوو نابێ خه‌باتی کورد به ئاجێندای ململانه ده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه ببه‌سترێته‌وه، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که بزوتنه‌وه‌ی گه‌لێکی ژێرده‌سته مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی داوای هاوکاری و پشتیوانی له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دنیایه بکا (ته‌نانه‌ت له پێته‌ختی “ئیمپریالیزمی جیهانی” که سه‌فه‌ر بۆ وێی بۆ حه‌وتوویه‌ک پاش شه‌هید بوونی ڕێک خرابوو)، به‌ڵام دیسان به‌له‌به‌رچاوگرتنی نابهستراوهیی و دووری له پاشکۆیه‌تی: “ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین [هێزی ده‌ره‌کی] یارمه‌تیمان بکا، به‌ڵام ئه‌و وه‌خته حیسابمان ڕۆیشتووه که پێمان وابێ ده‌بێ هێزێکی ده‌ره‌کی ئازادمان بکا”. (کۆچێرا).
دوکتور قاسملوو ئه‌سڵی سه‌ربه‌خۆیی و بهپاشکۆنهبوونی له ئاستی نێوخۆیی وڵاتان و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دینامیزمی ده‌روونیی بزوتنه‌وه‌ی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا جێبه‌جێ ده‌کرد. له‌باره‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا، ئه‌و پێی وابوو وه‌رگرتنی هاوکاری له‌و ده‌وڵه‌تانه له‌لایه‌ن هێزه کوردییه‌کانه‌وه ته‌نیا ئه‌و وه‌خته ڕه‌وایه که به قیمه‌تی زیان گه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندیی کوردی پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان ته‌واو نه‌بێ. له‌ئاستی بزوتنه‌وه‌ی کوردیش‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که قاسملوو ئهمانهتدارترین سه‌فیری هه‌موو کورد له دنیای ده‌ره‌وه‌دا بوو (ئێستاش دۆسته هه‌ره دیار و وه‌فاداره‌کانی کورد ئه‌وانه‌ن که کوردیان له ڕێگای قاسملووه‌وه ناسیوه)، وێڕای کۆتاییهێنان به پاشکۆیه‌تیی ئه‌وده‌می حیزبی دێموکڕات به بزوتنه‌وه‌ی کورد له باشووری کوردستان، له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو که ده‌بێ بزوتنه‌وه‌ی کورد له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ و نابێ هێزی هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان ده‌ست له کاروباری پارچه‌کانی دیکه وه‌ربدا.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاستی ئێران، دوکتور قاسملوو حیزبی دێموکڕاتی له پاشکۆیه‌تیی پرۆسه سیاسییه زاڵه‌کانی نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش (ئه‌وده‌م حیزبی تووده) ده‌رهێنا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌و به‌رده‌وام کاری بۆ دروستکردنی یه‌كگرتنی کارای کورد و “هێزه دێموکڕات و پێشکه‌وتنخوازه‌کان”ی ئێران ده‌کرد، پێی وابوو بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێران ده‌بێ ده‌ستی بۆ هه‌ر جۆره ئیبتکاری عه‌مه‌لێک که تایبه‌ت بێ به چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێران ئاوه‌ڵا بێ. کاتێک ڕۆژنامه‌وانی گۆڤاری “الیوم السابع” له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاتنه‌ده‌ری حیزبی دێموکڕات له شووڕای میللیی موقاومه‌تدا پێی ده‌ڵێ مادام ئێستا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی موزاکره ناکه‌ن بۆچی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ موجاهیدنی خه‌لق به کێشه چوون، دوکتور قاسملوو ده‌ڵێ مه‌سه‌له موزاکره نییه، مه‌سه‌له ئه‌سڵێکی بنه‌ڕه‌تییه که بریتییه له سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی ئێمه. ئه‌و ده‌ستئاوه‌ڵاییه که دوکتور قاسملوو بۆ بزوتنه‌وه‌ی کورد له ئێرانی به ڕه‌وا ده‌زانی بێمتمانه‌یی یان که‌م متمانه‌یی وی به هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ده‌رده‌خست. له‌وه‌ش گرینگتر نیشانده‌ری ئه‌وه بوو که له باوه‌ڕی وی‌دا کورد گه‌لێکی خاوه‌ن مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بوو و به‌شداری له پرۆسه سیاسییه سه‌راسه‌رییه‌کاندا نه‌ده‌بوو به مانای ئه‌ستاندنه‌وه‌ی هه‌قی بڕیاردانی ئازادانه له‌و گه‌له بێ.