له زانسته سیاسییهکاندا “کۆمەڵگەکان” له بواری کارکردی سیاسییهوه دهخرێنه پێوانه و شرۆڤهکردن. بهپێی قیاس و تێکچڕژاویی کۆمەڵگەکان دهکرێ دهستهبهندیی وهک، ئهتنیک، هۆز و لهوپهری خۆیدا کۆمەڵگەی دهوڵهتیی بۆ لهبهرچاو بگیرێ. ئهم کارکرده یا ئهم چێکرده دهگهڕێتهوه بۆ ڕهوشی کولتووری، جوگرافیایی و دیرۆکی که ئهم کۆمەڵگەیانه ههیانه و دهکرێ به شێواز و فۆرمی جیاواز هێزی سیاسیی خۆیان دهربرن. به ڕوانینی کۆمهڵناسی و بهپێی بۆچوونی “پیتهر ئێڵ بێرگێر”، کۆمەڵگە واته ”دهستکهوتێکی مرۆڤایهتی و ئیتر هیچ، بهم جیاوازییه که ئهم دهستکهوته بهردهوام له حاڵی گۆڕانە و کاریگهریی بهسهر بهرههمهێنهرهکانی خۆیدا ههیه”. واته مرۆڤهکان، کۆمەڵگەیان پێکهێناوه بهڵام ئهم خوڵقێنهره ههموو ڕۆژێک دهگهڕێتهوه و پارادایمهکانی خۆی سهرلهنوێ پێناسه دهکا. بهڵام بهشێوهیهکی گشتی کۆمەڵگە، گرووپهیلی ئینسانین بهو مهرجهی دهگهڵ یهکتر پێکبێن و له بواری نیشتمانی، حاکمییهت یا چاوهڕوانیی کولتووری دهگهڵ یهکتر لایهنی هاوبهشیان ههبێ.
به شێوهیهکی گشتی و به چاویلکهی باسهکهی ئێمه کۆمەڵگە لە دەوڵەتان و بەتایبەت حکومەتە توتالیتەرەکان (کە تۆختر دیارە) بەسەر دوو لک دابەش دەکرێن: کۆمەڵگەی فەرمی و کۆمەڵگەی نافەرمی.
کۆمەڵگەی فەرمی: بەو شەبەنگە لە کۆمەڵانی خەڵک دەگوترێ کە سەر بە دەوڵەت و دامەزراوەکانی فەرمین. هەموو ئەو تاکانەی سەر بەم کۆمەڵگەیە، لە سەرۆک و بەرپرسانی پلەبەرز هەتا چاپەز و پاسەوانێک و هەموو ئەوانەی یاسا و ڕێساکانی حکوومەتیان لا پەسەند بێ دەکەونە چوارچێوەی کۆمەڵگەی فەرمی. ئەگە لە پێشوودا بە کۆیلەی دەوڵەت پێناسەیان بۆ کراوە، ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ کارمەندی دەوڵەتی یا نازناوی فەرهەنگی-یان بۆ داناون بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە بۆیان داتاشراوە هەتا دەگەڵ کۆمەڵگەی نافەرمی جیاوازی هەبێت، وەک شێوازی قسەکردن، جلوبەرگەکانیان، پرستیژ پێبەخشین لە بانکەکان بۆ دانی زەمانەتی وام و قەرز و دەستەچەک و… .
شێوازی کارکردن لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئەستوونییە و دەستەڵاتەکان لە ژێرەوە بۆ ژوور، هەڵدەچنرێ. بۆ میناک لە سیستمی نیزامیی وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران لە سەربازێکەوە هەتا، سەرجوخە، گروهبان، ئوستوار، ستوان، سەروان، سەرگورد، سەرهەنگ، سەرتیپ، سەرلشکر، وەزیری بەرگری، سەرۆککۆمار لە کۆتاییدا و لە بان هەرەمەکە ڕێبەری هەڵکەوتووە. یا لە وزارەتخانەیەکی وەک پەروەردە و ڕاهێناندا لەو کەسەی کە قوتابخانەکان خاوێن دەکاتەوە هەتا مامۆستا، نازم، مودیر، جێگری بەرپرس، بەرپرسی پەرەوەردە و ڕاهێنان لە شارێک، جێگری بەرپرسی گشتی (مودیرکل)، بەرپرسی گشتی لە پارێزگایەک، جێگری وەزیر، وەزیر، سەرۆککۆمار و دیسان ڕێبەری! ئەمە نموونەیەکی بەرچاوە لە کۆمەڵگەی فەرمی یا کۆمەڵگەی سیاسی. لەلایەکی تر و بە ڕوانینێکی حقووقی و یاسایی حکومەتەکان لە ڕەوتی دابەشکردنی دەستەڵاتەکان مکانیزمێکی هەتاڕادەیەک هاوبەشیان هەیە، لێبەلێ لە ڕێژیمەکانی دیکتاتۆردا هەمیسان ئەم مۆدێلە دەستکاری کراوە.
شارڵ دۆ مونتسکیۆ (١٦٨٩-١٧٥٥)مافزان، لە چاخی ڕەوشەنگەری لە فەرانسە بیرۆکەی سیاسیی خۆی لەمەڕ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەنووسێتەوە. ئەو یەکەم کەس بوو کە لە کتێبە بەناوبانگەکەی “ڕوحی یاساکان”دا، دابەشکردنی دەسەڵات بەپێی بەرپرسیارەتیەکان (هێزەکانی بەڕێوەبەری، یاسادانان و داد) لەژێر کاریگەریی تامس هابز و جان لاک و دێکارت و… باس دەکا. مونتسکیۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شۆڕشی مەزنی فەرانسە و ئەساسنامەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داناوە کە لەلایەن توماس جێفرسۆنەوە بۆ سەربەخۆیی وڵاتی ئەمریکا ئامادە کرابوو (١٧٧٦). ئەو باوەڕی بە دێمۆکراسیی سەردەمی یونان هەبووە بەو دەستەڵاتە و هێزی زۆرەوە هەر وەک بۆچوونەکانی هابز، بەڵام لەهەمان کاتدا پێیوابووە دەبێ هێز لە نێوان هەڵبژاردەکانی کۆمەڵگەدا دابەش بکرێ(١).
لەهەمان کاتدا ئەگە حکوومەت، لەو سێ هێزە سەرەکییە، دەستەڵاتی زیاتری هەبێ و لک و پۆپی تری لێ ببێتەوە و هەمووشی سەر بە کەسێکی دیاریکراو بێ کارەسات ڕوو دەدا، بەتایبەت لە شێوازی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان ئەم دیاردەیە ڕوونتر دەردەکەوێ. (لە ئێران جیا لەو سێ هێزانە ئەوانەش هەن: مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام، مەجلیسی خوبرگان، شووڕای نیگابان، شووڕای عالیی ئەمنیەتی نەتەوەیی، شووڕای عالیی ئینقلابی فەرهەنگی و… . لە ئاکامدا هەموویان سەر بە ڕێبەریی وڵاتن کە ئەویش ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهە! و ئەویش خاوەنی حوکمی حکومەتییه. نموونەیەکی بەرچاو لە دابەشکردنی دەستەڵات کە کارەساتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، نیزامی و… لێ دەکەوێتەوە).
کۆمەڵگەی نافەرمی، بەو کۆمەڵگەیە دەگوترێ کە تاکەکانی بەشدار لەو فۆرمە کۆمەڵایەتییە سەر بە دەستەڵاتی سیاسییەوە نین و بەپێچەوانە لە کۆمەڵگەیەکی سڤیلدا و لە بەشی جۆراوجۆرەکانی یا توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە (کرێکارەکان، شۆفیران، بازارییەکان، ژنان، خوێندکاران، جووتیاران و…)پێکدێن. لە نێوەڕۆکی ئەمجۆرە کۆمەڵگەیە دوو ڕەوت سەرهەڵدەدا.
یەکەمیان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی”ڕێکام” (سەمەنەکان، NGO-یەکان) و دووهەم، بزووتنەوە کۆمهڵایهتییهکان.
پێناسەگەلی گشتی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی
– کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ڕاگرتنی باڵانسی نێوان دەسەڵات و خەڵکە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایەڵەی پێوەندییەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجومەن و دامەزراوەکانن.
– کۆمەڵگەی مەدەنی باشترین و کەمتێچووترین جۆری ڕێکخستنە لە چێکردنی دەستەڵاتی خەڵکی بۆ گۆڕان.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگا لەیەک بوونە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی هێمای پێوەندییە مۆدێرنەکانە لەنێو کۆمەڵگەدا.
– کۆمەڵگەی مەدەنی خوازیاری شەفافسازی لە کارەکانی حکوومەتە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخستنی سێنفییە بۆ بەرگری لە مافی کار.
– کۆمەڵگەی مەدەنی زەبری دروستکردنی “گوفتمان”ـە(وێژەمان) لەنێو کۆمەڵگە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پردی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەیە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی نەقدی سیاسەت و کارەکانی دەوڵەتە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی یارمەتیدەری حکوومەتی دێمۆکراتیکە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی دێمۆکراسییە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی هەستی متمانەیە لە نێوان کۆمەڵگەدا.
– کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵێکە بۆ برەودان بە پێشکەوتنی بەردەوام و ئینسانی.
– کۆمەڵگەی مەدەنی تژی لە ڕێکخراوەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی مەتاڵ و لەمپەرە بەرامبەر دیکتاتۆرەکان.
– کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاشتی و ئازادی، بۆ پاراستنی ژینگە و ڕۆشنگەری بەیداخە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ڕمبی خەڵکە بۆ دیکتاتۆران.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوان و هاندەری خەڵکە بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک لە چارەنووسی خۆیان.
– کۆمەڵگەی مەدەنی سەنگەری پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی بەگژداچوونەوەی ناعداڵەتییەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی چڵغووی ئەتنیکە ڕەنگییەکانە بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆرەکان(٢).
و کۆمەڵگەی مەدەنی… .
تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
١. کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵگەیەکی یاسامەندە کە یاساکانی بۆ سەرجەم شارۆمەندانە.
٢. کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێوخۆوە کۆنترۆڵ دەکرێ، ئەم کردەوەیە کەمتێچوو، بەردەوام و دڵخوازانەیە.
٣. چالاکی و بەشداری لە کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەی بەربڵاو لە نیزامی جڤاکییە کە دەبێتە هۆی هەست بە بەرپرسیارەتیکردن و لە ئاکامدا “متمانەی کۆمەڵایەتی” لە ئاستی کۆمەڵگەدا پەرە پێ دەدا (بۆ نموونە کەمپەینە خێرخوازییەکان و هاوکاری و یارمەتییەکان بۆ خەڵکی بوولەرزە و سێڵاولێدراو کە خەڵک متمانەی بە کۆمەڵگەی مەدەنی کرد نەک بە ئۆرگانەکانی حکوومەت).
٤. کۆی گشتیی دامەزراوەکان و ئەنجوومەنەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنی، سەربەخۆ و جیا لە دەوڵەت، چالاکن.
٥. چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە واتای ئەمڕۆیی هی سەردەمی مۆدێرنە.
٦. تاکەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنی خۆ لە هەر کردەوەیەکی توندوتیژی دەبوێرن و باوەڕیان بە دیالۆگ و پێکهاتن هەیە.
٧. چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێی گەشە و گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی، دەگۆڕێ.
٨. پلۆرالیسم و ئاڵوگۆڕی هزر و ئەندێشە لە فەزای گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام گەشە دەکا.
٩. لە کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییەکانی گرووپی بەشیوەی ئاسۆییە و دەبێتە هۆی شۆناسی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
١٠. لەوەها کۆمەڵگەیەکدا، پێوەندییە مەدەنییەکان لە سەرەوەی پێوەندییە خزمایەتییەکانن.
١١. سیاسەت، بەرنامە، هەڵوێست و چالاکییەکان ڕوونن کە ئەمەیان تایبەتمەندی سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنییە.
١٢. دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی بۆ کۆمەڵگە گرێبەستێک لە نێوان ئەندامانی خۆیاندا دەبەستن و هیچ قازانجێکی تر لە دەرەوەی ئەم لێک تێگەیشتنە بوونی نییە.
١٣. دامەزراندنی و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕووداوێکی خێرا نییە بەڵکوو پرۆسەیەکی ئارام و لەسەرەخۆیە کە جووڵەی تایبەتیی خۆی هەیە.
١٤.کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەتمەندیی پەروەردەیی هەیە چوونکە بایەخی کار و چالاکیی گشتی فێری تاکەکان دەکا.
کەوابوو کۆمەڵگەی مەدەنی لە بۆشایی نێوان بنەماڵە و کۆمەڵگەی سیاسی دەپشکوێ و لە هەناویدا سێ ڕەوت جیا دەبنەوە:
١. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
٢. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی(٣)
٣. ڕایەڵە کۆمهڵایهتییهکان.
***
سەرچاوەکان:
١- ارنبرگ، جان ، سیر حکمت جامعە مدنی، ترجمە هومن نیک اندیش. آموزشکدە توانا. چاپ اول واشنگتن ٢٠١٦
٢- علمداری، کاظم، جامعە مدنی، گفتارها، زمینەها و تجربەها، پروژە آموزشکدە توانا ٢٠١٥
٣- NGO، سەمەن، سەندیکا، تەشەکوڵ، ئەنجومەنی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، زمانی، خێرخوازی، ژنان، مناڵان، کرێکاری، ڕۆژنامەنووسان، ئاژەڵان و…، سەرجەم دامەزراوەکان، کانون، باشگاه و یانە، و… بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک لە کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی، بردنەسەرێی ئاستی شعوری سیاسیی کۆمەڵگە، یاسامەندبوون، جووڵەی سیاسی کۆمەڵایەتی، کرانەوەی کەشێکی ئاوەڵا بۆ خەڵک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان، لامەرکەزی یا عدم تمرکز، کێبرکێی پاک، کەشی دێموکراتیک، پلۆرالیزم (تکثرگرایی) هەموو ئەمانە بۆ گەشەی بەردەوام و ڕاوەستاوی کۆمەڵگە و بەهێزبوونی ئیرادە بۆ چاکسازی، گۆڕینی یاساکان و گۆران دروست بووە.