میژووی دووسەدساڵەی نەتەوەی کورد پڕە لە لاپەڕەی زێڕینی شۆرش و فیداکاری و بەرخۆدان لەپێناوی وڵاتپارێزی و کوردایەتی و گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکان و ئەگەری دامەزراندنی کوردستانێکی یەکپارچە و سەربەست و سەربەخۆدا. بەڵام سەرەڕای ئەو شۆرشە خوێناوییانە، نەتەوەی کورد و وڵاتی کوردستان، نەک هەر بەوئامانجە ڕەوایە نەگەیشتوون، بەڵکوو لەپاش کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەداخەوە خەڵکەکە و خاکەکە، بەدەستی زلهێزەکان و داگیرکەران دابەش کرا و دامەزرانی کوردستانێکی سەربەخۆ هەتا ئەمرۆکە هەر وەک خەون ماوەتەوە.
سەرەڕای سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی و سەرکوت و کوشتار و حاشاکردن لە بوونی کورد، وەک نەتەوەیەکی جیا لە نەتەوکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا لەلایەن داگیرکەرانەوە، لەو ماوەیەدا نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەباتی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی لەشکڵ و شێوەی جۆراوجۆر و بەپێی توانای خۆی بەرێوە بردوە و توانیویەتی دەسکەوتی زۆر بەنرخیش دەستەبەر بکا. لە باشووری کوردستان ئەوە بۆ چارەگە سەدەیەک دەچێ کوردەکان دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیان هەیە و سەرەڕای کێشە و گرفتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و شەڕی داسەپاوی داعش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئەو بەشە لەکوردستان لە داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێ.
لە باکووری کوردستان لەگەڵ ئەوەی هەرئێستاش شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان pkk و هێزەکانی تورکیەدا بەردەوامە، سیاسەتی ٨٠ساڵەی شۆوێنیزمی تورک و نکوولی لە بوونی کورد شکستی هێناوە و حیزب و لایەنە کوردییەکان گرانایی سیاسیی خۆیان هەیە و توانیویانە وەک کورد لە مەیدانی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا ڕۆڵیان هەبێ. لە خۆرئاوای کوردستان، کوردەکان لەو هەلەی لەپاش سەرهەڵدانی بەناو بەهاری عەرەبی و نارەزایەتییەکان لە دژی رێژیمی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە هاتە ئاراوە، کەڵکیان وەرگرت و ئەوەی بەدەگمەنیش لەو بەشە پەڕاوێزخراوەی کوردستان چاوەڕوان نەدەکرا (ئازادی و گەیشتنی کورد بە لانیکەمی مافەکانی) بە فیداکاری و ئازایەتی و بەرخۆدانی کەموێنەی شەڕوان و پێشمەرگە لە بەرانبەر داعشدا، بەرەو وەدیهاتن دەڕوا و کوردەکان لە بەکردەوەکرانی هەر سێناریۆیەک لەو وڵاتەدا حیسابیان بۆ دەکرێ و ههرنهبێ، بەلانیکەمی مافەکانیان دەگەن و سەرەڕای ژان و ئازاری شەڕو ماڵکاولکران و برسییەتی، داهاتوویان لەڕووی سیاسییەوە ڕوون و گەشاوە دیارە.
لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی قەجەرەکان و هاتنەسەرکاری پەهلەوییەکان و دامەزراندنی دەوڵەت و حکوومەت، لە شێوەی مۆدێرن و یەکانگیر(متمرکز) هەتا ئێستا، سەرەڕای شۆرش و ڕاپەڕینەکانی کورد وەک شۆرشی سمکۆی شکاک و هەروەها دامەزرانی کۆماری کوردستان لە ٧٠ساڵ لەمەوبەر و خەباتی چەکدارانهی ساڵەکانی ٤٧ــ٤٦ و خەبات و خۆڕاگریی خەڵک و پێشمەرگە لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و تۆمارکردنی هەزاران لاپەڕەی زێرین لە ئازایەتی و بەرخۆدان، زۆربەداخەوە کورد لەو بەشە لە کوردستان نەیتوانیوە تەنانەت لانیکەمی ماف و داوخوازییەکانی خۆی دەستەبەر بکا. هەرچەشنە داوایەکی کورد لەلایەن ناوەندەوە بە ئاگر و ئاسن و کوشتوبڕ و زیندان و ئەشکەنجە و تێڕۆڕی ڕێبەران و خەباتگێڕانی نەتەوەکەمان وەڵام دراوەتەوە و لەو ماوەیەدا هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی ناوەند، بە هەردووک نیزامی پاشایەتی و ئیسلامی، هیچ چەشنە نەرمییەکیان لەئاست ویست و داوا ڕەواکانی کورد نەنواندوە.
حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی هەر لە سەرەتاوە بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئامرازە سەربازی و ئیداری و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ڕاگەیەنەگشتییەکان، بەهەموو بەشەکانیانەوە، تێکۆشاوه لەسەر بناغەی تێئۆریی دەوڵەت ــ نەتەوە، ناسیۆنالیزمی فارس، لە ڕۆاڵەت و چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بەناو ئێرانی، بوونی هەموو پێکهاتەکان وەک نەتەوەیەکی یەکدەست (نەتەوەی ئێران) بەسەر هەموو نەتەوەکاندا بسەپێنێ. هەربۆیەش بۆ لاوازکردن و لەنێوبردنی هەست و شعوور و شوناسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری ئێران، بەتایبەت ئازەری و کوردەکان وەک دوو پێکهاتەی مەزن، لە هیچ کردەوەیەکی سەرکوتکەرانە درێغی نەکرد. دیارە لەو سۆنگەیەوە زۆر سەرکەوتوو بوو و توانی وێڕای سەرکوتکردنی ڕاپەڕین و جووڵانەوە مافخوازە نەتەوەیییەکان، بەرەبەرە هەستی نەتەوەییشیان لەنێودا کەم تا زۆر لاواز بکا و بەرەو نەمان ببا و تەنانەت تۆوی خۆبەکەمزانین و خۆدزینەوە لە شوناسی نەتەوەییش لەنێو هێندێک لە پێکهاتەکاندا بچێنێ.
دیارە دەسەڵاتی سەرەرۆیانە و دژی گەلیی کۆماری ئیسلامییش لەماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە لەسەر پەڕاوێزخستنی کێشەی نەتەوەکان و حاشاکردن لە شوناسی نەتەوەیی پێکهاتەکانی ئێران و دژایەتی لەگەڵ هەرچەشنە ویست و مافێکی نەتەوەییدا نەک هەر لە ڕێژیمی پێشوو مکوڕترە، بەڵکوو هەرلەجێدا باوەڕی بە چەمکی نەتەوە، ئەویش لەپێوەندی لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکاندا نیە و ئەوە چەمکی “ئۆممەتی ئیسلامییە” (ئیسلامی شێعە)یه کە بەپێی ئیدە و بۆچوونەکانی ئەو ڕێژیمە گرینگیی هەیە و ئەگەر باس لە نەتەوەش دەکرێ، لەڕوانگەی ڕێژیمەوە مەبەست “نەتەوەی موسڵمانی ئێران”ە و هیچ پێکهاتە و نەتەوەیەکی دیکە بۆی نیە باس لە بوونی خۆی بکا.
ئەو ڕێژیمە هەربەوەشهوه نەوەستاوە و دژایەتی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە دەرەوەی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەکا. بۆ وێنە بەدەیان جار دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی دژایەتیی خۆیان لەگەل سەربەخۆیی برا کوردەکانمان لەبەشەکانی دیکەی کوردستان ڕاگەیاندوە کە دواترینیان قسەکانی عەلی ئەکبەری ویلایەتی ڕاوێژکاری سیاسیی خامهنەیی لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمە کە دژایەتیی خۆی بۆ ئەگەری سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەربڕیوە. بەوحاڵەش نەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و لەدەرەوەی بازنە و سنوورە دەسکردەکانی ئێران، بەڵکوو لە نێوخۆی ئەو ولاتەش ڕاستییەکە شتێکی دیکەیە و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ وەک پێشوو بەناوی دین و مەزهەب و لەژێر چەتری “ئۆممەتی ئیسلامی”دا حاشا لە بوونی نەتەوە زۆرلێکراوهکانی ئێران و ویست و داوخوازە ڕەواکانیان بکا. ڕاستە کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای هاتنەسەرکاری و لە جەنگەی شەڕ و هێرش بۆسهر کوردستان توانی لە هەستی مەزهەبیی شوێنکەوتوانی مەزهەبی شێعە بە دژی کورد کەڵک وەرگرێ و تەنانەت برا کوردە شێعەکانیشمان بە دژی جووڵانەوەی حەقخوازانەی نەتەوەی کورد هان بدا، بەڵام هەر وەک دەبینین و هەست پێدەکرێ هوشیاریی نەتەوەیی و گەڕانەوە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی هەموو کوردستانی بە هەموو بیرو باوەڕە ئایینییەکانەوە تەنیوەتەوە و کوردبوون و هەبوونی شوناسی نەتەوەیی خەریکە ببێتە پرەنسیپێکی جێگرتوو لە ناخی هەموو تاکێکی کورد و نەتەوەکەماندا.
دیارە گەڕانەوە بۆ چەمکی شوناسی نەتەوەیی لەنێو نەتەوەکانی دیکەشدا ڕەنگی داوەتەوە و هەستی خۆبەکەمزانین و خۆدزینەوە لە شوناسی نەتەوەیی جێپێی لێژ بووە و ڕەوتی هوشیاری نەتەوەیی لە گەشەسەندندایە. هەربۆیەش دەبینین لەنێو پێکهاتەکانی دیکەی ئێراندا جووڵانەوەیەکی سیاسی و فەرهەنگی لەسەر بەستێنی شوناسی نەتەوەیی دەستی پێکردوە و ویست و داواکارییە سەرەتایییە نەتەوایەتییەکان، وەک خوێندن بە زمانی زگماکی و دامەزراندنی ڕێکخراوە ئەدەبی و کەلتوورییەکان لە زیادبووندایە. ئەوە نیشان دەدا کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە لە ماوەی تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لەئێراندا بە هەموو ئامرازەکان و بە هەموو شێوەکانی سەرکوتی نەتەوەکان کاری بۆ دەکرێ، لەبەرانبەر ناسیۆنالیزمی نەتەوە ژێردەستەکاندا لە پاشەکشەدایە و چیدی ناکرێ ویست و داخوازەکانی ئەو نەتەوانە پشت گوێ بخرێ.
ئەو دیاردەیە لەلایەک جێی خۆشحاڵییە و دەبێ پێشوازیی لێبکرێ، بەتایبەت کە بە بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا نەتەوەی کورد وەک تەنیا نەتەوە و ناسیۆنالیزمی بەرهەڵستکار لە بەرانبەر دەسەڵات و ناسیۆنالیزمی زاڵ بەسەر ئێراندا نامێنێتەوە و لەلایەن نەتەوەکانی دیکەشهوه پاڵپشتیی لێدەکرێ و لەلایەکی دیکەش هەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان و هەم چین و توێژە ڕووناکبیرەکانی ئەو نەتەوانە دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. چونکە هەرچەشنە هەستێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی ئەگەر تێکەڵ بە دەمارگرژی و زێدەخوازی بکرێ و به حاشاکردن لە ماف و بوونی نەتەوەیەکی ژێردەستی دیکە تەشەنە بکا، ئەوە کارەساتی قەرەبوونەکراوی لێ دەکەوێتەوە. بەتایبەت کە کۆمەڵگهی ئێران بە هەموو نەتەوەکانیەوە کۆمەڵگهیەکی دێمۆکرات و ئازاد نەبووە و دەسەڵاتدارانی ناوەند لە ئێراندا هەمیشە تێکۆشاون تۆوی ڕق و کینە لەنێو نەتەوەکاندا بچێنن و لە کێشەی نەتەوەکان بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن و رێرەوی ناسیۆنالیزمی نەتەوە بندەستەکان لەدژی یەکتر بەکار بێنن.
ڕەوتی ڕووداوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەراست زۆر بەخێرایی بەرەو پێش دەڕوا و خەریکە نەخشەی سیاسیی ئەو ناوچەیە پاش سەد ساڵ لە واژۆکرانی ڕێککەوتنی سایکســ پیکۆ سەرلەنوێ دارێژڕێتەوە. گومان لەوەدانیە که ئێرانیش کاریگەریی ئەو ڕووداوانەی پێوە دیار دەبێ. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و بەپێی هەموو برگەکانی بهیاننامهی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەتەوەکانی ئەو ولاتە وەک هەموو نەتەوە ژێردەست و بێدەوڵەتەکان، مافی بێئەملاو ئەولای خۆیانە لە ڕاپرسییەکی ئازادانەدا بریار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و شێوە و داهاتووی ژیانی سیاسیی خۆیان بۆخۆیانهەڵبژێرن. هەربۆیەش داهاتووی ئێران وەک وڵاتێکی “مورەککەب” بە یەکگرتوویی نامێنێتەوە مەگەر ئەوەی کە هەموو نەتەوەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێ، تەنانەت ئەگەر دەنگ بە سەربەخۆییش بدەن. ئەزموونی وڵاتانی وەک یۆگۆسڵاویی پێشوو، کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو و وڵاتە شەر لێدراوەکانی وەک سووریە و عێڕاق و سوودان نیشانی داوە بەزۆر پێکەوەلکاندنی چەند نەتەوە و ئایینی جیاواز، جگە لە شەڕ و کوشتاری بەکۆمەڵ و ئاوارەبوون و ماڵوێرانی چ ئاکامێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە.
بەو حاڵەش بۆ پێشگیری لە ئەگەری ڕوودانی هەرچەشنە شەڕ و کارەساتێکی مرۆیی، دەکرێ بە دامەزراندنی نیزامێکی ئازاد و دێمۆکراتیک و بەدوور لە سەپاندنی ئیرادەی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا، نەتەوەکان بەپێی یاسا وەک یەک و بە مافی وەک یەک و بەبێ هیچ چەشنە جیاوازییەکی رەگەزی و نەتەوەیی لەگەڵ یەک و لەچوارچێوەی وڵاتێکدا بژین. ئەوەش بۆ وڵاتانی وەک ئێران کە نەتەوەکان لە زۆر شوێن و ناوچەدا وەها تێک تەنراون و لکێندراون کە لێکجیاکردنەوەیان ڕەنگە زۆر ئاستەم و بەژان بێ نموونەیەکی باشە. بەڵام بەر لەهەموو شتێک، هەرچەشنە ئازادی و مافێکی نەتەوەکان، بەستراوەتەوە بە تێکۆشانی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆڕیی سەرەڕۆیانە و داپڵۆسێنەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەتا ئەو ڕێژیمە لەئێراندا حاکم بێ لەلایەک ئازادی و دێمۆکڕاسی و ئاشتی و ئارامی پێک نایە و لەلایەکی دیکەش ئەگەری دابینبوونی مافی نەتەوەکان بە نەتەوەی کوردیشەوە نامومکینە
لە ژماره ٦٧٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه