بۆ جاری سێیەم دانوستانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریە لە ژنێڤ بە نێوبژیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکردووەتەوە. ئەو گەڕەی وتووێژەکان بە بەراورد لهگهڵ کۆبوونەوەکانی پێشوو، جیاوازییەکی زۆری تێدا بەدی دەکرێ. لەلایەک رێژیمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی بە قۆناغێک گەیشتوون کە سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو کارتەکانیان، ناتوانن سووریە بگەڕێننەوە پێش قۆناغی دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و بەتایبەت بەهۆی کێشە ئابوورییەکانیان، باری ئەو شەڕە رۆژ بە رۆژ لەسەریان قورستر دەبێ.
هەروەها زلهێزە جیهانییەکان و دەسەڵاتە ناوچەیییەکانی نێو بەرەی دژی رێژیمی ئەسەدیش بەو قەناعەتە گەیشتوون کە دۆخی سووریە هەروا ئاڵۆزتر دەبێ، توندوتیژییەکان زیاتر دەبن و وڵاتانی دیکەش دەگرنەوە. بۆیە هەر دوو لایەن ناچار بوونە پێکەوە دەست بە دانوستان بکەن بۆ ئەوەی کێشەکە لەسەر مێزی دانوستان و قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر بکرێ. ئەوەش روونە کە نە حکوومەت و نە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە کردەوە جڵەوی بڕیاریان بەدەست خۆیان نیە و لە راستیدا ئەوە دوو بەرەی سەرەکیی وڵاتانی دژ و لایەنگری دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەدن کە لەژێر ناوی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن خەریکن قسە لەسەر داهاتووی سووریە دەکەن.
بەپێی ئەو ماوەیهش کە بۆی دیاری کراوە، بڕیارە ئەو خولەی دانوستانەکانی ژنێڤ شەش مانگ درێژە بکێشێ و ئەگەر پڕۆسەکە بەپێی بەرنامە بچێتە پێش، بڕیارە لەو خولەدا قۆناغی سەرەتایی چارەسەری قەیرانی سووریە بە راگرتنی شەڕ و گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان دەست پێبکا. دواتریش بڕیار لەسەر چۆنیەتیی گواستنەوەی دەسەڵات و شێوازی بەڕێوەبەری داهاتووی ئەو وڵاتە بدرێ و لایەنەکان لەسەری رێک کەون.
ئەوەی جێی تێڕامانە، چۆنیەتیی بەشداریکردن و سەنگی کوردە لە دهوری سێیەمی دانوستانەکانی ژنێڤدا. کورد لەو کۆبوونەوەیهدا، قورسایییەکی ئەوتۆی نیە و تەنانەت پرسی کورد و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لە ریزی بابەتە سەرەکییەکانی باسەکانی ژنێڤدا نین. هۆکاری سەرەکیی ئەوەش بۆ نایەکڕیزی و یەکگرتوونەبوونی هێز و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەو بەشە لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان کە لە ریزی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریەدان بە پێگەیەکی لاواز لە چوارچێوەی وەفدی دانوستانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا بەشدارن. بەرنامەی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنیش گۆڕینی دەسەڵاتی ئەسەد و دیموکراتیزەکردنی سووریەیە، بێ ئەوەی بەرنامەیەکی ڕوون و نووسراوی لەسەر چۆنیەتیی دابینکردنی مافی پێکهاتەکان و بەتایبەت کورد هەبێ.
هەروەها لەسەر پێداگریی تورکیە، رێگە لە بەشداربوونی پارتی یەکێتیی دێموکراتیک گیراوە کە بە کردەوە دەسەڵاتی ئیداری و سەربازیی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانی لەدەستدایە. حیزبی داد و گەشەپێدان دوای ئەوەی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی رابردووی پارڵمانی تورکیەدا رێژەیەکی زۆر لە دەنگەکانی لەدەست دا، رووی لە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد وهرگێڕا و بەرەو سیاسەتەکانی رابردووی بای دایەوە. حکوومەتی تورکیا جگە لە میلیتاریزەکردنەوەی ناوچەکانی باکووری کوردستان، هەوڵ دەدا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەش پێگە و ئیعتیباری پارتی کرێکارانی کوردستان و هێز و لایەنەکانی نزیک لەو حیزبە بەتایبەت لە رۆژئاوای کوردستان لاواز بکا و پەراوێزیان بخا، بۆیە بە هەموو جۆرێک دژایەتیی بەشداربوونی پەیەدە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەکا. هۆکارێکی دیکەی پێداگریی تورکیە لەسەر بەشدارنەکردنی پەیەدە لەو کۆبوونەوانەدا ئەوەیە کە دەیەوێ ئەو هێز و لایەنانە لە ریزی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا جێ بگرن و لە داهاتووی سووریەدا رۆڵیان هەبێ کە لە تورکیە و هاوپەیمانەکانی نزیکن. تا ئێستاش لەو سیاسەتەیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە سیاسەت و شێوازی هەڵسوکەوتکردنیان لەگەڵ یەکتردا بچنەوە ، ئەو سەرکەوتنەی حکوومەتی تورکیە زۆر بەردرێژ نابێ.
پەیەدە کە ئێستا بەهۆی رۆڵی کاریگەری لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی و رای گشتیدا ئیعتیبارێکی گرینگی هەیە، دەتوانێ بە دیاریکردنی یەکجاریی سنوورە سیاسی، سەربازی و ئەمنیەتییەکانی و هەڵوەشاندنەوەی هەموو رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکوومەتی بەشار ئەسەد و هەروەها کۆتاییهێنان بە رێگریکردن لە چالاکیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژئاوا، دەرگا بە رووی یەکڕیزیی کورد لە رۆژئاوای کوردستاندا بکاتەوە. پەیەدە هەروەها دەبێ حەساسیەتەکان لەسەر پەکەکە لەبەر چاو بگرێ و ئەگەر بە راستی دەیەوێ بە هێزێکی جیا لەو حیزبە ئەژمار بکرێ،دەبێ هێڵەکانی نێوانیان دیاری بکا و خۆی وەک هێزێکی رۆژئاوای کوردستاندهربخا. هێز و لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریەش لهجیاتی پشتبەستن بە ئەندامهتی لە وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سووریە، پێویستە هەوڵی رەواندنەوەی ناکۆکییەکان و نزیکبوونەوە و پێکهێنانی هاوپەیمانهتی لەگەڵ پەیەدە و هێزەکانی دیکە بدەن. بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە بڕیاربەدەستەکانی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەتوانن رۆڵی سەرەکی بگێڕن و بە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانیان هەوڵی یەکڕیزکردنی کورد لە رۆژئاواش بدەن. ئەگەر ئەوە سەربگرێ دەرفەتێک بۆ کوردانی رۆژئاوا دەڕەخسێ، لە ماوەی شەش مانگەی دانوستانەکانی سێیەمی ژنێڤدا هێڵی کورد جیا بکەنەوە و بە بەرنامەی تایبەت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە قسە لەسەر داهاتووی رۆژئاوا و شێوازی بەڕێوەبردنی بکەن. چونکە هیچکام لە دوو بەرەی سەرەکیی نێو قەیرانی سووریە بەرنامە و پلانێکی روونیان بۆ رۆژئاوای کوردستان نیە و ئەگەر هێزەکانی رۆژئاواش ناکۆکیی نێوانیان بەردەوام بێ، نە لایەنەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە ریزی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەتوانن دەستکەوتێکی نەتەوەیی بەرچاویان هەبێ و نە پەیەدە و پشتیوانەکانیشی دەتوانن لە گۆڕکاندا بەو جۆرە بمێننەوە و تاک لایەنە ئەو ناوچانە بەڕێوە ببەن.
٠١.٠٢.٢٠١٦
لە ژماره ٦٧٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه