هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ ملدانی ئێران به رێککه‌وتنی ناوکیی ناسراو به به‌رجام، قه‌یرانی ئابووریی ئێران بوو. خامه‌نه‌یی که له سه‌رووی سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا جێده‌گرێ، به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ناوکیی ئێرانی به مه‌رجی لاچوونی گه‌مارۆکانه‌وه گرێ ده‌دا. به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی رووحانییش و له سه‌رووی هه‌موویان خودی رووحانی و جه‌وادی زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه، له به‌ره‌ڤانی له رێککه‌وتنی ناو‌کی به‌رده‌وام ئاماژه‌یان به خراپیی دۆخی ئابووریی ئێران ده‌کرد و چاره‌سه‌ربوونی پرسی ناوکییان به پێشمه‌رجی هاتنه‌ده‌ری ئابووریی ئێران له قه‌یرانی هه‌نووکه‌یی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا . ته‌نانه‌ت وایلێهاتبوو که هه‌ندێک جار چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه و گیروگرفته‌کانی دیکه و جێبه‌جێکرانی به‌ڵێنییه‌کانی رووحانی له بیاڤی نێوخۆییشدا به چاره‌سه‌ری پرسی ناوکییه‌وه گرێ ده‌درا. واته تا پرسی ناو‌کی چاره‌سه‌ر نه‌بێ رووحانی ناپڕژێته سه‌ر وه‌دیهێنانی ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی دیکه‌ی به‌تایبه‌ت له بواری ئابووریدا. له لایه‌کی دیکه له نێو (لانیکه‌م) به‌شێک له چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌شدا چاوه‌ڕوانییه‌کی خه‌یاڵی و دوور له واقیع دروست ببوو که ئه‌گه‌ر پرسی ناو‌کی له کۆڵ ئێران ببێته‌وه ئه‌وه به زوویی گیروگرفته ئابوورییه‌کانی خه‌ڵک که‌م ده‌بنه‌وه و به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی هه‌نگاو ده‌نێن.
قۆڵی ئوسوولگه‌رای توندئاژۆ به شێوه‌یه‌کی ئامانجدار هه‌وڵیان ده‌دا که چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵک به‌رنه سه‌رێ. توندئاژۆکان ده‌یانزانی که دوای به‌رجام و ته‌نانه‌ت دوای لاچوونی گه‌مارۆکانیش کێشه ئابوورییه‌کانی ئێران به ئاسانی چاره‌سه‌ر نابن؛ بۆیه ده‌یانه‌ویست له رێگه‌ی بردنه‌سه‌ری ئاستی داخوازی و چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵک و نه‌بوونی توانای ده‌وڵه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌و چاوه‌ڕوانییانه، هه‌ستێکی بێهیوایی و ناڕه‌زایه‌تی له نێو خه‌ڵکدا دروست بکه‌ن و له پێگه‌ی جڤاکیی ده‌وڵه‌ت بده‌ن.
دوابه‌دوای لاچوونی گه‌مارۆکان ئوسوولگه‌را توندئاژۆکان له درێژه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ی پێشوویاندا، پێیان له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت که ئێستا کاتی جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنییه‌کانی ده‌وڵه‌ت و وه‌ختی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ئابووریی ئێرانه. به گوته‌ی وان ده‌وڵه‌ت که ته‌نانه‌ت پیسبوونی هه‌وای گه‌وره‌شاره‌کانی ئێرانیشی به گه‌مارۆکانه‌وه گرێده‌دا، له‌مه‌ودوا هیچ پاساوێکی بۆ جێبه‌جێنه‌کردنی به‌ڵێنییه‌کان لێقبووڵ ناکرێ. ئه‌وه دوو ساڵ و نیوه ده‌وڵه‌تی رووحانی هاتۆته سه‌رکار، نه‌ته‌نیا ئابووریی ئێران له قه‌یران نه‌هاتۆته ده‌ر به‌ڵکوو قه‌یرانه‌که‌ی قووڵتریش بۆته‌وه.
روانینی ئوسوولگه‌را توندئاژۆکان هه‌ڵگری به‌شێک له راستییه‌کانه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به چاوێکی کارناسانه‌وه له واقعی ئابووریی ئێران بڕوانین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که گیروگرفته ئابوورییه‌کانی ئێران ته‌نیا له گه‌مارۆکانه‌وه سه‌رچاوه ناگرن و ته‌نیا به لاچوونی گه‌مارۆکانیش چاره‌سه‌ر نابن. له روانگه‌ی کارناسانی ئابوورییه‌وه گیروگرفته ئابوورییه‌کانی ئێران له چه‌ندین فاکته‌ره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن که هه‌رکام له‌و فاکته‌رانه به نۆره‌ی خۆیان کاریگه‌ریی نه‌رێنییان له سه‌ر ئابووریی ئێران داناوه و ئه‌و قه‌یرانه‌یان به‌رهه‌م هێناوه که هه‌نووکه له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕوون.
1)ئابووریی ئێران به ده‌ست لێنهزانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌یان ساڵه‌وه ده‌ناڵێنێ. به قسه‌ی رووحانی تا ئێستاش ئابووریی ئێران سوبسید به سیاسه‌ت ده‌دا. به ده‌ربڕینێکی دیکه به‌ش(هێز)گه‌لی سیاسی و ئابووری له‌یه‌ک جیا نه‌کراونه‌وه و ئابووریی ئێران تێچووی سیاسه‌ته گشتی و ناباوه‌کانی سیستم ده‌دا. پێکهاته‌ی ئابووریی ئێران داخراوه و له‌گه‌ڵ ئابوورییه‌کی رکه‌به‌ریی مه‌ودای هه‌یه. بنیات و ناوه‌ندگه‌لی بڕیارده‌ر له بیاڤی ئابووریی ئێران‌دا زۆرن به چه‌شنێک که ناوه‌ندگه‌لی نیزامی-ئه‌منیه‌تی به شێوه‌یه‌کی مافیایی و دژهکارکردی جومگه گرینگه‌کانی ئابووریی ئێرانیان قۆرخ کردوه. ئه‌و بنیات و ناوه‌ندانه‌ی که به شێوه‌یه‌کی نایاسایی ده‌جووڵێنه‌وه و چالاکن، هه‌ر بۆخۆیان کۆسپێکی گه‌وره‌ی سه‌ر ڕێی ئابووریی ئێرانن.
2)سیاسه‌ته هه‌ڵه‌کانی سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی ئهحمهدینهژاد زیانێکی گه‌وره‌ی له ئابووریی ئێران دا. له‌و قۆناغه‌دا داهاتی هه‌نارده‌کردنی نه‌وت به ٧٠٠ میلیارد دۆلار گه‌یشت که نه‌ته‌نیا باندۆرێکی ئه‌رێنی له سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی ئابووریی ئێران نه‌بوو به‌ڵکوو له رێگه‌ی هاورده‌کردنی کاڵای ده‌ره‌کییه‌وه زه‌برێکی گه‌وره‌شی له به‌شی به‌رهه‌مهێنان وه‌شاند. به کورتی ئهحمهدینهژاد به شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی و به دوور له کاری کارناسانه و زانستی، ئابووریی ئێرانی به‌ڕێوه‌برد و له‌م رێگه‌وه پشتی ئابووریی ئێرانی چه‌مانده‌وه.
3)به‌شێک له کێشه ئابوورییه‌کانی ئێران راسته‌وخۆ له گه‌مارۆکانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و به‌شێکیش گه‌مارۆکان به‌ستێنی دروست بوونیانی خوڵقاندوه. واته به هۆی گه‌مارۆکانه‌وه به‌شێک له کێشه‌کان به شێوه‌یه‌کی کاتی چاره‌سه‌ر کراون که ئه‌مه‌ش رێی له چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی کێشه‌کان گرتوه و نه‌خۆشیی ئابووریی ئێرانی په‌ره پێداوه.
ئابووریی ئێران نه‌خۆشیی جۆاوجۆری هه‌یه و دهرمانکردنیشی پێویستیی به کاتێکی زۆر هه‌یه. پێش هه‌موو شتێک پێویسته ستراتیژییه‌کی بیرلێکراوه‌ی ئابووری دابڕێژرێ که بتوانرێ له ده‌رفه‌تی لاچوونی گه‌مارۆکان که‌ڵکی پێویست وه‌ربگیرێ. لاچوونی گه‌مارۆکان وه‌ک ئه‌وه وایه که به‌ردێک له لاقی ده‌وڵه‌ت بکرێته‌وه و ده‌وڵه‌ت ئازادیی کرده‌یی زیاتر په‌یدا ده‌کا.
بێگومان هیچ وڵاتێک ناتوانێ په‌ره بستێنی ئه‌گه‌ر پێوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌روه نه‌بێ. له دنیای پێکه‌وه‌گرێدراوی هه‌نووکه‌ییدا هیچ وڵاتێک له گۆشه‌گیریدا ناتوانێ په‌ره بستێنی. ئێران له سه‌رده‌می گه‌مارۆکان و تهریککهوتنهوهیدا له زۆر بواردا دوا که‌وتوه و پێویستی به نۆژه‌نکردنه‌وه و پێداچونه‌وه‌ی پێکهاته‌یی هه‌یه؛ ده‌نا ناتوانێ له دره‌فه‌تی لاچوونی گه‌مارۆکان و کرانه‌وه‌ی ده‌رگا نێونه‌ته‌وه‌یییه‌کان وه‌ک پێویست که‌ڵک وه‌ربگرێ. به کورتی هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی پێکرا گیروگرفته ئابوورییه‌کانی ئێران ته‌نیا له گه‌مارۆکانه‌وه سه‌رچاوه ناگرن تا به لاچوونی گه‌مارۆکانیش به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ببن. ئابووریی ئێران بۆ تێپه‌ڕین به‌ره‌و قۆناغی په‌ره‌سه‌ندوویی پێش هه‌موو شتێک پێویستیی به چاکسازییه‌کی پێکهاته‌یی هه‌یه. پێویستیی به‌وه هه‌یه که ئه‌و بڕه گه‌وره‌یه‌ی قاچاغی کاڵا نه‌مێنێ و هه‌موو ئابووریی ئێران بخرێته ژێر چاوه‌دێریی یاساوه. ئه‌مه‌ش کارێکی زه‌حمه‌ت و چه‌توونه و ته‌نیا به ده‌وڵه‌ت ناکرێ
لە ژماره ٦٧٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه