بونبەستی هەڵبژاردن
(خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆڵی هەڵبژاردن لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی دا)
هەڵبژاردن وەک یەک لە فۆرمەکانی دێموکراسیی ڕاستەوخۆ، دەرەتانی ئەوە بۆ هاووڵاتیان پێک دێنێ کە لە ڕێگای دەنگدانەوە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان و چارەنووسی وڵاتەکەیان بدەن. واتە لەم فۆرمەدا هاووڵاتیان لە ڕێگای دەنگدانەوە بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسە سیاسی و چارەسەنووسازەکان دەردەبڕن و یان نوێنەرانی خۆیان بۆ پارلەمان و بەڕێوەبردنی وڵات هەڵدەبژێرن. جیاواز لەمە، هەڵبژاردن لە کاتی قەیران و شڵەژانی سیاسی، لەکاتی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی یەکەیەکی جواگرافی دیاری کراوە، لەسەر پرسێک کە پێوەندیی بە چارەنووسی گشتی و وڵاتەوە هەیە، مکانیزمێکی باو و کارپێکراوە.
دوای ئەوەی ساڵی 2016 زۆرینەی خەڵکی بریتانیا دەنگیان بە هاتنەدەرەوەی وڵاتەکەیان لە یەکیەتیی ئورووپا دا، ناکۆکی و ململانێ نێوخۆیی بەرۆکی حیزبە دیارەکانی ئەم وڵاتەی گرت و بریتانیا تووشی قەیرانێکی جیددی سیاسیی بوو. بۆیە بۆ دەربازبوون لە قەیران و بونبەستی سیاسی، پەنا برایە بەر هەڵبژاردن. بە شێوەی نۆرماڵ هەر 5 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی گشتی بۆ پێکهینانی کابینەی نوێ دەوڵەت لە بریتانیا بەڕێوە دەچێ، بەڵام لە ساڵی 2015 ەوە تا دێسامبری 2019 سێ هەڵبژاردنی گشتی بۆ دەربازکردنی وڵات لە قەیران و بونبەستی برێگزێت، بەڕێوە چوو. لە ئیسراییل، مانگی مارسی ئەمساڵ، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە، بو جاری چوارەم لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا چوونە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و لە ئاکامدا لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە، وڵاتەکەیان لە بونبەست و قەیرانی سیاسی دەرباز کرد. تەنانەت لە ئەرمەنیا، بۆ دەربازکردنی وڵات لەو بونبەستەی کە لە دوای شکستی وڵاتەکەیان لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان لەسەر ناوچەی قەرەباغ تووشی هاتن، پەنا برایە بەر هەڵبژاردنی پێشوەخت و ڕۆژی یەکشەممە 20/06/2021 هەڵبژاردنەکە بەڕێوە چوو.
بێگومان لەم نموونانە زۆرن و بە درێژایی مێژووی هەڵبژاردن، خەڵک لە فۆرمی جیاوازدا توانیویانە لە ڕێگای دەنگدانەوە کاریگەریی خۆیان لەسەر کۆی کایە سیاسیی و جڤاکییەکان دابنێن. لە ڕاستیدا ئەمە سروشتی هەڵبژاردنە و لە وڵاتانی دێموکراتیک و نیمچە دێموکراتیکێش خەڵک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکان و دیاری کردنی چارەنووسی وڵاتدا ڕاستەوخۆ بەشدارن. تەنانەت لە وڵاتێکی وەک عێڕاق کە لە ساڵی 2003 ەوە نوقمی قەیران بووە، تا ئێستا چەند هەڵبژاردن بەڕێوە چووە و پێنج جار سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران گۆڕدراوە و بڕیاریشە لە مانگی ئۆکتۆبری 2021 دووبارە هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوە بچێ.
بەپێی ئەو نموونانەی سەرەوە، ئەگەر بێین هەڵسەنگاندن بۆ دەور و پێگەی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بکەین، ڕەنگە ئەنجامەکەی تەواو پێچەوانەی نێوەرۆک و ڕۆڵی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک بێ. لەم حاڵەتەدا ئەشێ بپرسین کە بۆ ڕۆڵی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا جیاوازە؟ ئایا هەڵبژاردن مکانیزمێکە بۆ دەربازبوون لە قەیران و بونبەستی سیاسی لە ئێران یان نا پێچەوانەیە؟ ئەگەر پێچەوانەیە، هۆکارەکەی لە چییەوە سەرچاوە ئەگرێ؟ کەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک ئەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە ئێراندا؟
بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە، ئەگەر چەمکی هەڵبژاردن و ڕۆڵی دەنگی خەڵک لە ئێراندا هەڵبسەنگێنین، لەگەڵ کۆمەلێک بەربەست بەرەوڕوو دەبینەوە کە مانای ڕاستەقینەی هەڵبژاردنیان داماڵیوە و بەرگی شانۆیان لەبەر کردوە. وەک ئاماژەی پێدرا هەڵبژاردن یەکێک لە فۆرمەکانی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و دێموکراسییش واتە دەسەڵاتی خەڵک. بەپێچەوانەی ئەم بنەمایە لە کۆماری ئیسلامیدا یەکەم بەربەستی بەردەم هەڵبژاردن و دێموکراسی “ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ” کە لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە و سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەم بناغەیە بنیات نراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە لە هەموو بوارەکاندا -بەگوێرەی ویستی خۆی و پێچەوانەی ویستی خەڵک- فتوا و بڕیار دەر بکا، بەبێ ئەوەی وڵامدەر بێ و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێ. کەواتە، لە سیستمی کۆماری ئسیلامیدا، پێچەوانەی بنەماکانی دێموکراسی و هەڵبژاردن هەموو دەسەڵاتەکان لە یەک دەستدا کۆ کراوەتەوە و خەڵک هیچ دەسەڵات و ڕۆڵێکیان نییە.
دووەم کۆسپی بەردەم هەڵبژاردن لە ئێراندا، ئەنجوومەنی پاراستنی یاسای بنەڕەتییە (شورای نگهبان) کە ئەندامەکانی لە لایەن ڕێبەر و بەرپرسی دەزگای داوەرییەوە (بەرپرسی دەزگای دادوەریش بۆ خۆی لەلایەن ڕێبەرەوە دەستنیشان دەکرێ) دادەنرێن و هەموو ئەوانەی دەخرێنە مەیدانی شانۆکەوە پێویستە فیلتەرەکانی ئەم ئەنجوومەنەیان تێپەر کردبێ و پەسەند کرابێتن. واتە ئەم ئەنجوومە ڕۆڵی بکوژ دەگێڕێ و هەڵبژاردن لە هەر چەشنە واتایەکی ئازاد و دێموکراتیک بەتاڵ دەکاتەوە. کۆسپێکی دیکەی بەردەم هەڵبژاردن، یاسای بنەڕەتیی ئێرانە کە سەرچاوەی هەڵاواردنە و تێیدا مافی خۆپاڵاوتنی لە ژنان، نەتەوەکانی دیکە و کەمایەتییە ئاینییەکان بۆ پۆستی سەرکۆماری، زەوت کردوە و پێویستە سەرجەم کاندیدەکانی پۆستی سەروککۆماری پیاو بن و شیعەی دوازدە ئیمامی بن. تەنانەت ئەگەر کەسێک سەرجەم ئەم فیلتەرگەلە ببڕێ و ببێ بە سەرکۆمار، لە ئەنجامدا دیسان بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان هەر لای ڕێبەرە و هەر دەبێ چاوی لە دەستی ئەو بێ.
ئەم فیلتەرگەلە وا چنراون کە ئەنجامەکەی هەر دەبێ ئەوە بێ کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ و بەدەر لەوە هیچ ئەنجامێکی دیکە قەبووڵ ناکا. بۆ وێنە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1388دا ئەنجامەکە پێچەوانەی ویستی ئەو بوو، بۆیە ڕێگری لێ کرد و بە هەموو نرخێک پشتی ئەحمەدینژادی گرت و وەک سەرکۆمار و براوەی هەڵبژاردن سەپاندیان و کاندیدە ناڕازییەکانیشیان دەستبەسەر کرد. یان لە دوایین هەڵبژاردندا هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی تەنانەت دەرەتانی ئەوەیان نەهێشتبووە کە گومان بکرێ لەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی ناکرێتە سەرکۆمار. ڕەنگە ئەمەش تەنیا تایبەتمەندیی کۆماری ئیسلامی بێ کە کەسێکی وەک ئیبراهیم ڕەئیسی کە لە ئێعدامەکانی دەیەی 60دا ئەندامی هەیئەتی مەرگ بووە، ئەمڕۆ بە پۆستی سەرکۆماری پادداشتی کارەکانی دوێنێ وەردەگرێتەوە.
لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، لە ئێران لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا کاراکتێری جۆراجۆر تاقی کرانەوە، کە هەموویان بە دەیان دروشمی بریقەدارەوە هاتن و بەدەستی بەتاڵ ڕۆیشتن. خاتەمی بە زیاتر لە 20 میلۆن دەنگەوە بوو بە سەرکۆمار، کەچی لە ئەنجامدا ڕایگەیاند کە ئەو وەک سەرکۆمار هیچی بەدەست نییە و تەنیا جێبەجێکارە. ئەوەی کە ڕوونە، ئەوەیە کە بەهیچ لەونێک ڕێگا نادرێ خەڵک لە ڕێگای دەنگدانەوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و بەپێی ویستی سەردەم گۆرانکاریی دروست بکەن. تەنانەت چەند جار کە ڕێژی بەشداریی خەڵک چووەتە سەرەوە و دەنگ بە پاڵیوراوەکانی ڕیفۆرمخوازان بۆ سەرکۆماری یان پارلەمان و یان ئەنجوومەنی شار و گوندەکان دراوە، دواتر لێکەوتەکانی لە دژی بەرژەوەندیی خەڵک بووە و ژیانی خەڵک خراپتر بووە و مەوادی ئازادییەکان بەرتەسکتر کراونەتەوە. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش ئەتوانین ئاماژە بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر خوێندکاران لە ساڵی 1378دا و داخستنی بە کۆمەڵی ڕۆژنامەکان لە سەردەمی ڕیفۆرمخوازەکاندا لە ساڵی 1379 کە زۆرینەی پارلەمانیان بە دەستەوە بوو بکەین. هەروەها لە لایەکی دیکەوە ئەتوانین ئاماژە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک لە سەردەمی سەرکۆماریی ڕۆحانیدا بکەین کە بەپێی قسەی بەرپرسی دامەزراوەی باڵای توێژینەوەی بژێویی کۆمەڵایەتی، ڕێژەی هەژاریی ڕەها لە نێوان ساڵەکان 1396 بۆ 1398 بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، دوو بەرابەر بووەتەوە. هەروەها ئامارەکانی ئەم ناوەندە باس لەوە دەکات کە 25 ملیۆن کەس لە ئێراندا لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین.
ئەزموونی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی پێمان ئێژی کە ئەوەی بایەخی پێ نەدراوە و ڕێگای نەدراوە ڕۆڵی خۆی بگێڕی، هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکە. لە چوارچێوەی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا لە هەر لایەکەوە بڕوانینە بابەتەکەدا، دەبین بەربەرستێک لەبەردەم هەڵبژاردندا دروست کراوە. واتە هەڵبژاردن لە چوارچێوەیەکدا زیندانی کراوە و دەرەتانی ئەوەی پێ نادرێ کە ڕۆڵی چارەسەر بگێڕێ. ئەمەش خاڵێکی جەوهەرییە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. واتە، بەپێچەوانەی وڵاتگەلی دێموکراتیک کە بۆ چارەسەری کێشەکان و دەربازبوون لە قەیران پەنا دەبەنە بەر دەنگی خەڵک، لە کۆماری ئیسلامیدا هەڵبژاردن گەیشتووەتە بونبەست. تا ئێستا لە کۆماری ئیسلامیدا، نەتەنیا لە هیچ قەیران و کێشەیەکدا، وەک چارەسەر پەنا بۆ هەڵبژاردن نەبراوە، بەڵکوو دوای هەر شانۆیەکی هەڵبژاردن قەیرانەکان قووڵتر بوونەتەوە و ڕۆڵی دەنگی خەڵکیش زیاتر کەم کراوەتەوە. هەر بۆیە، جار لە دوای جار بازنەی بایکۆتی هەڵبژاردن لە ئێران فراوانتر دەبێ و بە جۆرێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا ئەم بازنەیە بەشێک لە پێکهاتەی خودی ڕێژیمی گرتەوە و وەک ساردترین هەڵبژاردن لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دەکرێ بێتە ئەژمار. هۆکاری ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ ئەو بەربەستگەلەی کە لە فۆرم و وێستگەی جیا جیادا بۆ هەڵبژاردن دروست کراوە و هەلبژاردن بەتاڵ کراوەتەوە لە ناوەرۆک و ڕۆڵی ڕاستەقینە خۆی. لە ڕاستیدا ئەم کێشەش، کێشەیەکی پێکهاتەیی و تا ئەم پێکهاتەیە لەسەر کار بێ، ئەوا ڕێگا نادرێ هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک دەوری خۆیان بگێڕن.