دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر به هەر پرسێک که لە قازانجی گشتیدا نەبێ، مافی بیئەملا و ئەولای خەڵکه. جۆر و شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتیی خەڵک -به مەرجێک ئیرادەیەکی گشتیی له پشت بێ- ڕەوایە و داکۆکی لێکردنی بەرحەقه. لەم سۆنگەیەوە، “بایکۆت” وەک هەڵوێستێک بە مانای ناڕەزایەتی دەربڕین به پرسێکی سیاسی یان ڕەتکردنەوە و خستنەژێر پرسیاری کردەوەیەک، شێوە ڕەفتارێکی سیاسییە که گەلان بۆ گەیشتن به ئامانجێکی دیاریکراو کەڵک لێوەرگرتنی به ڕەوا دەزانن.
لە ئێران و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد، به نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین به وجوودی ئەم ڕێژیمە و سیاسەتەکانی لە قۆناغی جۆراوجۆردا، لە شێوازی “بایکۆت” کەڵکیان وەرگرتووە. خەڵکی کوردستان بۆ یەکەمین جار و لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاویدا، بە بەشداری نەکردن لە بەناو ڕێفراندۆمی دیاریکردنی ماهییەتی نیزامی تازه بەدەسەڵات گەیشتوودا، گەورەترین “بایکۆت”ی لە ژیانی سیاسیی خۆیدا تۆمار کرد و دەنگی [نا]ی به کۆماری ئیسلامی ئێران دا.
هەرچەند بایکۆت و بەشدارینەکردن لە پرسی هەڵبژاردنەکاندا سیاسەتی نەگۆڕی بزووتنەوەی سیاسیی کورد نییە و وەک یەکێک لە جۆرەکانی هەڵوێست و ناڕەزایەتیدەربڕین به پێی هەلومەرج ڕەچاو کراوە، بەڵام بەپێی ماهییەتی ڕێژیمی تاران و دژایەتیی سیاسەت و کردەوەکانی لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و، هەروەها ڕێگەنەدان به بەشداریی ئازادانەی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردستان له پرسە سیاسییەکاندا، زیاترین کەڵکی لێ وەرگیراوە. هەڵبژاردنی هەڵوێستی بایکۆت لە لایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان له پێوەندی لەگەڵ ئەو پرسە سیاسیانەی کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوودا لە ئێران هاتوونە ئاراوە، نە لەسەر ئەساسی دەمارگرژی و دوژمنایەتی لەگەڵ نیزامی دەسەڵاتدار لە تاران، بەڵکوو لە سەر بنەمای لێکدانەوەی دروست لە هەلومەرجی سیاسی و ڕەخساندنی ئەو مەجال و دەرفەتانەی کە دەتوانن لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بن، شکڵی گرتووە. بە واتایەکی دیکە بەکارهێنانی شێوازی بایکۆت له سیاسەتی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین به پرسێکی تایبەتی نیزامی سیاسیی تاران بووه، بەشداریکردنێکی چالاکانەی سیاسییش بووه لە پرسی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. بایکۆت، یانی قبوڵ نەکردنی بڕیارێکی ناڕەوا کە بەبێ ئەوەی پرسیان پێ کردبێتی، یان بەبێ ئەوەی دەنگ و دەربڕینتیان پێ موهیم و شوێندانەر بێت، بیان هەوێ بەسەردا بسەپێنن. کەوابوو، بایکۆت – به پێچەوانەی هێندێک بیروبۆچوون – بە مانای کەمتەرخەمی و خۆ لە پەراوێزخستن نییە.
***
٢٨ی خەرمانانی ئەمساڵ(١٤٠٠ی هەتاوی) سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران -که ئەمجارەش به سیاسەت و تاکتیک و بە مەبەستی بەشداری پێدانی خەڵک هەڵبژاردنی شوڕاکانیان لەگەڵ خستبوو- بەڕێوە چوو. بەپێچەوانەی هەموو درۆ و ئیدیعاکانی ڕێژیم، به بەراوەرد لەگەڵ تەواوی ئەو هەڵبژاردنانەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەی بردوون، زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان نەکرد و، سیاسەت و هەڵوێستی بایکۆتیان هەڵبژارد.
بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجاری ئێران، تەنیا بایکۆتی دەزگای بەڕێوەبەری (دەوڵەت) نەبوو، بەڵکوو [نا] وتن به ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران له تەواویەتی خۆیدا بوو. بایکۆتی ئەم جارە، بەشداریکردنێکی ڕاستەقینەی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو بوو، نا وتن به نیزامێک بوو کە زیاتر لە چل ساڵە جیا لە دواکەوتوویی، هەژاری، گۆشەگیری، داڕمان، تەحقیر، بێمافی، سەرکوت، زیندان، ئێعدام، ماڵوێرانی بۆ ئێران و گەلانی ئەم وڵاته، دەسکەوتێکی دیکەی نەبووە. هەڵبەت ئەوە نەبێ که خەڵکی ئەم وڵاتە تازه و تەنیا لەم چەند ساڵانەی دواییدا بەم واقعیەتانە گەیشتبێتن؛ نا، لە ڕاستیدا گەلانی ئەم وڵاته هەر دوای چەند ساڵێک له هاتنەسەرکاری ئەم نیزامه، دەرکیان به ماهییەتی دژیگەلیانەی کاربەدەستانی کرد و لە درێژەدان به بزووتنەوەی مافخوازانەی خۆیان، هەر جارە و بەشێوازێک بەردەوام بوون. بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەیبینین و بە کردەوە لەم هەڵبژاردنانەدا دەردەکەوێ شتێکی دیکەیە. جیا لە کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی ئەم وڵاتە کە بە دەیان ساڵەی بەرانبەر بە هەڵوێست و سیاسەتە پڕ لە هەڵە و سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەربەرەکانی و خەبات دان، ئەوەی زۆر گرینگ و بەرچاوە، هەڵوەرینی ئەو تەیف و توێ و لایەنانە لە ڕێژیمه کە بە دەیان ساڵە بەشێک لە پەیکەرە و کاراکتێرەکانی ئەم نیزامە بوون و ئێستا بەو قەناعەتە گەیشتوون کە تەنیا پەیوەستبوونیان بە ڕێزی خەڵکەوەیە کە دەتوانێ لە ڕیسوایی و نەمان بیانپارێزێ. هەوڵدان بۆ یەکدەستکردنی جومگەکانی دەسەڵات و حەزفی هەموو ئەوانەی کە به دڵی ڕێبەریی نیزام نین و گومانی ئەوەیان لێ دەکرێ لە داهاتوودا بەتایبەت لە سەر پرسی جێگرەوەی خامنەیی، سازی ناساز لێ بدەن، تا ڕادەیەکی بەرچاو، ڕەوتی ڕووداوەکانی گۆڕێ. ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوو و لە مەجالی هەڵبژاردنەکاندا تەرکیبی کاندیداکان بە تەبەعییەت لە جۆراوجۆریی لایەنەکانی نێو نیزام جۆراوجۆرییەکی لانیکەم ڕواڵەتیی پێوە دیار بوو، ئەم جارەیان شتێکی دیکە بوو؛ فیلتێری شوڕای نیگابان تەنانەت ڕەحمی بە سەرۆککۆماری پێشوو و سەرۆکانی ئێستا و پێشووی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیش نەکرد و بازنەی پاڵێوراوانی بەرتەسکتر لە هەمیشە کردەوە. ئەمجارەیان نەتەنیا ڕێفۆرمخوازان و ئێعتدالگەراکان مەجالی دەرکەوتنیان پێ نەدرا، بەڵکوو بەشێک لە بناژۆخوازان و لە وەلایەتدا تواوەکانی دوێنێش یان پێیان گوترا نەیەن، یان ئەگەریش هاتن، دەستیان بە ڕووەوە نرا و لا دران.
بۆیە بەرینبوونەوەی کێشە نێوخۆییەکانی ئەم نیزامه، دەسەڵاتخوازیی لە ڕادەبەدەری خامنەیی و بازنەی بەیتی ڕێبەری، حەزف و لادانی یەک بەیەکی لایەن و تەیفە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات و پەراوێزخستنیان، شکستی بیرۆکەی ڕیفۆرمخوازانی بازنەی دەسەڵات، بەردەوامیی سیاسەتی سەرکەوت و گوێنەدان بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک، بەردەوامی و پەرەئەستاندنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵک و گەشەسەندنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری بیری نەتەوەخوازیی گەلانی ئێران، ئەو هۆکارانەن کە هەڵوێستی گشتیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان لەسەر دروست بوو.
ئەگەر ٤٠ ساڵ پێش ئێستا (له ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٥٨) ئەوە تەنیا خەڵکی کوردستان بوو کە لە سەر ئەساسی ناسینی بیرکردنەوەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی و دەوروبەرەکەی، بە پانەوە [نا]ی به هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران گوت و ڕێفراندۆمی لێ بایکۆت کرد، ئێستا بە خۆشییەوە، بایکۆت بۆتە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری و زۆربەی زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە له ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاویدا به هەڵبژاردنی بایکۆت و دەنگنەدان به سەرکۆماری، [نا]یەکی بەهێزی مێژووییان بەم نیزامە گوتەوە.
بایکۆت و ئێرانی دوای بایکۆت
بایکۆتەکەی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠، بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گشتگیری سەرجەم پێکهاتەکانی ئێرانه کە ئامانجه سەرەکییەکەی، نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. کەوابوو ئێرانی دوای ئەم ڕێکەوت و ڕووداوە ناتوانێ ئێرانەکەی جاران بێ و، ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە کە پێویستە خەڵکی ئێران وەک زۆر دەرفەتی دیکە لە کیسی نەدەن. ئەوەی لێرەدا گرینگە و هەمووان دەبێ بیری لێ بکەنەوە، چۆنیەتیی کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە و مودیریەت و ڕێبەریکردنی پتانسێلێکی خەباتکارانەیە کە ئەگەر وەک خۆی نەبیندرێ، خەسارهەڵگرە. بە مانایەکی ڕوونتر ئەگەر وەک تا ئێستا هەیە و گەورەترین کەمایەسیی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێرانە، ئەم بزووتنەوەیە ئامانجدار و پلانمەند و لە کۆتاییدا ڕێبەریی نەکرێ، خەڵک تووشی بێهیواییەکی پڕ لە خەسار دەبن که پێشبینیکردنی ناخۆش و بەژانه.
لێککۆبوونەوەی هێز و لایەن و کەسە دیارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران -نە تەنیا لە دەرەوەی وڵات، بەڵکوو زیاتر ئەوانەی لە نێوخۆی وڵات پێگە و نفوزی جەماوەرییان هەیە- له داهاتوودا دەتوانێ زۆرێک لە مەترسییەکانی سەر ئەم بزووتنەوەیە بڕەوێنێتەوە.
ئەوەندەی پێوەندیی بە کورد و بزووتنەوەی مافخوازانەکەیەوە هەیە، لەم بارەوە چەند هەنگاوێک لە پێشتره؛ کوردستان لە ڕووی ویست و داخوازی سیاسییەوە داخوازییەکانی ڕوون و ئاشکران، لە ڕووی جەماوەرییەوە تا ڕادەیەک ڕێکخراوتر لە بەشەکانی دیکەی ئێرانه، لەسەر ئاستی ڕێبەرایەتی و مودیرییەتی ڕووداوەکانەوە، خاوەن ڕێکخراو و حیزبی سیاسیی جۆراوجۆری خاوەن نفوز و پێگەی جەماوەرییە کە بە خۆشییەوە بناغەیەک لە کۆدەنگی و هاوکاریی تێدا بنیات نراوە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتوودا، بێکێشەیە.
لێکترازان و نایەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکان کە گەورەترین هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر دواڕۆژی نەتەوەکەمان، پێویست به چارەسەری و کۆتایی پێهێنانن. ئەزموونەکانی ڕابردوومان و ئەوانەی ئێستا لە دەورووبەرمانن، پێمان دەڵێن کە پرسی کورد تەنیا بە نەمان و ڕووخانی ڕێژیمەکان چارەسەر نابن و ئەو تێفکرین و ئەقڵیەتانەی کە له ناوەندەکان جێی ڕۆیشتوان دەگرنەوە، هەروا بە ئاسانی مافی کوردانیان لە دەست نایەتە دەر. بۆیه یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان و پشتبەستن به ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گرتنەپێشی سیاسەتی درووست و واقعبینانە که دەتوانێ دەستەبەری مافەکانمان بکات.