سهلهفییهکان (ڕابردووخوازان) بهو دهستهیه له موسلمانانی “سوننه” دهگوترێن که خۆیان به پهیڕهوی “سهلهفی سالح” دهزانن و له کردار و باوهڕدا خۆیان به شوێنکهوتووانی پێغهمبهری ئیسلام و “ئهسحابه” و “تابعین” دادەنێن. ئەوان تهنیا قورئان و سوننهت وهک سهرچاوهی حوکم، شهرع و بڕیاراتی خۆیان دهناسن. سهلهفییهکان دوو ڕوکنی سهرهکییان ههیه، یهکهمیان گهڕانهوهی بۆ شێوهی ژیان و مهڕامی سهلهفی ساڵح و له ئاکامدا سوننهتی حیجاز، بهتایبهت خهڵکی مهدینه له ههزار و چوارسهد ساڵ پێش. دووههم شهڕ دهگهڵ “بدعت”، واته ههرشتێک که سهلهفییهکان به نوێی بزانن و بهپێچهوانهی سوننهتی لێک بدەنەوە. سهلهفیگهری خاوهن لایهنی جۆراوجۆری کولتووری، ئایینی، کۆمهڵایهتی و سیاسییه و کاریگهرییهکی زۆری لهسهر ڕووناکبیران و بیرمهندانی موسلمان له سهرتاسهری جیهانی ئیسلام داناوه.
ههتا سهردهمی دوای شهڕی جیهانیی یهکهم سەلەفیەت به سێ قۆناغدا تیپەڕیوە:
١- قۆناغی سەرهەڵدان. ٢- قۆناغی گەشە. ٣- قۆناغی گەیشتن بە لوتکە
قۆناغی یەکەمی دەرکەوتنی سەلەفیەت
“ئەحمەدی کوڕی حەنبەل” (ئیمامی حەنبەلی 780-855ی ز) دامەزرێنەری ئهم ڕهوته فکرییه بووه. ئەم ڕەوتە فیکرییە لەسەر دەستی ئیمامی حەنبەلی و لە سەردەمی دەسهڵاتدارەتیی عەباسییەکاندا (750-1258ی ز)، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر به کرانەوەی دونیای ئیسلام بەرهوڕووی جیهانی زانست و کۆمەلگە و خەلکانی تر سەری هەڵدا.
لە ڕاستیدا سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان لە بواری زانستدا سەردەمی گەشە و پێشوەچوونی دونیای ئیسلام بوو، بەتایبەتی دهورهی دەسەڵاتدارەتیی “مەئموون” کوڕی هاروون که لەو سەردەمدا زانست لە هەموو بوارەکانی، فەلسەفە، پزیشکی، بیرکاری، گەردوون ناسی، ئەدەبیات و وەرگێران، مێعماری و زۆر شتی دیکە گەشەی کرد. هەر لەو دهورانهدا زانکۆیەکی گەورە (بیت الحکمە) لەسەر دەستی مەئموون دامەزرا که گەورەترین زانکۆی زانستی سەردەمی خۆی بووه.
ئەم کار و کردەوانەی مەئموون بە شێوەیەکی گشتی بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لەنێو دەوڵەت و کۆمەلگەدا، کرانەوەیەک بەرامبەر بیروباوەڕ و ئایینەکانی دیکە به شێوهیهکی ڕووناکبیرانه دەستی پێ کرد.
بەرامبەر بەم کرانەوەیە و لهلایهکی تر بیرکردنەوە بە عەقل و زانست و گۆڕانکاری له ڕوانین به نیسبهت سیستهمی حوکمڕانی ئیسلامی، کاردانەوەیەک لە لایەن دەقگەراکان (اهل حدیث) کە باوەڕیان بە حەدیس و ڕەوایەت هەبوو سەری هەڵدا. ئەوان ئەم شێوە بیرکردنەوە و کاروچالاکییەکانی دەسەڵاتیان ڕەت دەکردەوە و پێیان وابوو کە ئەمجۆرە بیروبۆچوون و کردەوانە پێشتر لە دونیای ئیسلام دا نەگوتراون و نەکراون بۆیە بەرەوایان نەدەزانی و ڕەتیان دەکردەوە و دژی دەوەستانەوە.
ئیمامی حەنبەل سەرەتا دەستی کرد بەکۆکردنەوەی ڕەوایات و حەدیسەکان، دواتر بە پشتبەستن بە ڕەوایات و حەدیس، بە وتارە عاتفیەکانی کە زیاتر ترساندن و نیگەرانکردنی ڕوحی و ڕەوانیی خەڵک بوو هەستی خەڵکێکی زۆری دژ بە دەسەڵاتی مەئموون ورووژاند. ئەو تهیفه دەقگەرابوون و باوەڕیان بەحەدیس و ڕەوایات بوو و، ههروهها دژی بیرکردنەوە و پەرەی زاستی و ڕۆشنبیری بوون، ههربۆیه لەسەرەتا دا بە “ئەهلی حەدیس” ناسران.
قۆناغی دووهەمی سەلەفیەت
دوای ئەوەی کە هۆلاکوخانی مهغۆل، ساڵی ١٢٥٨ی زایینی هێرشی کردە سەر بەغدا کە ناوەندی خەلافەتی ئیسلامی بوو، توانی ئهم شاره بگرێ. هۆلاکو بەغدای وێران کرد و سووتاندی و خەڵکێکی زۆری بە خەلیفە و بنەماڵەی خەلیفەوە کوشت. ڕووخانی بەغدا و لەنێوچوونی دەسەڵاتی ئیسلامی دونیای ئیسلامی تووشی سەرسووڕمان کرد، خەڵک بەدوای هۆکارەکانی ڕووخان و شکانی بەغدادا دەگەڕان، لەو سهردهمهدا بوو که “ئهحمهدی کوڕی عهبدوڵحهلیمی حهڕانی” ناسراو به “ئیبنی تەیمییە”(1263-1328ی ز) دەرکەوت و دەستی کرد بە دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارانەی کە بە ڕای ئەو ببوونە هۆکاری ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی و بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی ڕوون دهکردهوه.
“ئیبنی تەیمییە” هەموو سۆفی و گەورەپیاوانی دەوڵەت و تەریقەت، ههروهها فیلسوف و زانایانی بە “ئەهلی بیدعە” ناو برد (واتە شتی زیادکراو، دروستکراوی نوێ، شتێک کە پێشتر نەبووبێ و نەکرابێ) و، بە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووخانەی دانان. ئەو توانیی بە دانی وتاری حەماسی و عاتفی کار لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکێکی زۆر بکا و بیانکاتە دوژمنی هەموو ئەو پێکهاتە دیارانەی کۆمەڵگە کە ئەو ناوی نابوون “ئەهلی بیدعە”.
لە ڕاستیدا سەلەفیەت لە سەردەمی ئیبنی تەیمییە و لەسەر دەستی ئەو گەیشتە لوتکە و خۆی وەک مەزهەبێکی نوێ دەرخست و پێناسە کرد.
قۆناغی سێهەمی سەلەفیەت
پێنج سهده دوای نهمانی ئیبنی تەیمییە، لەسەردەستی “محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب”(1703-1792ی ز) قوناغی سێههمی سهلهفییهت دهستی پێکرد. سەرەتا ئەم بزووتنەوەیە بە ناوی “توحید” دەستی بە چالاکی کرد و دواتر بە “وەهابییەکان” ناوبانگیان دەرکرد (ناونانیان بە وەهابییەت لە نازناوی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە)، ئەوەی ئیبنی تەیمییە و محەممەدی کوڕی عەبدوڵوەهاب لێک جیا دەکاتەوە، ئەوەی کە ئیبنی تەیمییە زانایەکی گەورەی ئایینی و خاوەن دەیان نوسراوە و فوتوایە و هەروەها وەک سەرچاوەیەکی مەزن و زانستی ئیسلامی ناسراوە. بەڵام محەممەدی کوڕی عەبدوڵوەهاب چەند کتێبێکی کەم و بچووکی هەیە بەتایبەتی لە بواری تەوحیددا. بەڵام بەهۆی هەڵسووڕاوی و بوێری و کەسایەتیی عەبدولوەهاب، پێوەندی گرتنی دەگەڵ عەشیرە کۆچەرەکان و بەتایبەتی بنەماڵەی ئالی سعوود وەک پشتگیرییەکی گەورە لە ئاکامدا توانی سەرەتاییەکی نوێ بۆ دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سعوودییە لە ساڵی ١٧٤٦ز بەشێوەیەکی ڕەسمی، ئەم دەوڵەتە شەرعییەتی دینی لە بزووتنەوەی وەهابیەت وەرگرێ و بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گەورەی لە پایەدارکردنی دەسەڵاتی ئالی سعوود ببینێ، بەم شێوەیە توانی تیۆرییەکانی خۆی بەسەر موسڵمانانی وەهابی و غەیرە وەهابی جێبەجێ بکا، بە تەکفیرکردن، تاڵان، کوشتن و داوا کردنەوە لێیان بۆ جارێکی دی لەسەر ڕێبازی ئەو ببنەوە بە موسڵمان. عەبدولوەهاب لە درێژەی شەڕ و کوشتارەکانیدا جارێک لە مانگی موحرەمی ١٨٠٣ی زایینی لە ڕێوڕەسمی ئیمامی حوسێندا هێرشیان کردە سەر کەربەلا و بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان سی هەزار کەسیان کوشت، بەم کارانە وەهابییەکان وەک بزووتنەوەیەکی خوێنڕێژ و بێبەزە ناسران.
دوای ئەم قۆناغانەی کە به کورتی ئاماژهمان پێ کرد، سەلەفیەت دەچێتە قۆناغێکی دیکە و بە شێوەی مودێرن و ڕێکخراو خۆی دەر دەخا و خۆی وەک ئیسلامی سیاسی پێناسە دەکا.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستهم، شێخ “حەسەن بەننا” (1906-1949ی ز) دوای هەوڵێکی زۆر توانی ئەو ڕێبازە ئیسلامییە سەلەفی و جیهادییانە لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە بەشێوەی ڕێکخراو لە ساڵی ١٩٢٨ لەژێر ناوی “ئیخوان الموسلمین” (برایانی موسلمان) سازمان بدا.
ئەم ڕێکەوتە سەرەتایەکه بۆ ئەو ئیسلامە سیاسییە ڕێکخراوەیە که ههتا ئێستا تێکڕای ئەو ڕهوت و بزووتنەوە و ڕێکخراوە ئیسلامیانەی کە هەیە و ناسراون و هەریەکە و بە ڕەنگێک و، بە بەرگێک کار دەکەن زۆربەی هەرە زۆریان لە هەناوی بزوتنەوی “ئیخوان الموسلمین” هاتونەتەدەر.
سەلەفیەکانی ئەمرۆ بە سێ دهستهی سیاسی دابەش بوون:
١- سەلەفییە تەکفیرییەکان. ٢- سەلەفییە میانەڕۆکان. ٣- سەلەفییە دیوبەندییەکان
1- سەلەفییە تەکفیرییەکان
“تەکفیرییەکان” جگە لە وەهابییەکان، پێڕەوانی سەرجەم ئایین و مەزهەبەکانی دیکە لەوانە موسلمانان بەتایبەتی “شیعە” بە دوژمن و دور لە خۆیان دادەنێن و تهنانهت بە کافریان ناو دەبەن و خوێنیان بە حەڵاڵ دەزانن.
ڕێبەری سەرەکی و دامەزرێنەری “سەلەفیی تەکفیری”، “مەحەممەدی کوری عبدولوەهاب”ە. وەهابییە تەکفیرییەکان لەژێر ناوی بنەماڵەی “ئالی سعوود” بەدوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی وردە وردە بەشێکی زۆری نیمچە دوڕگەی عەرەبستانیان گرتە دەست. ئەمڕۆ وەهابیە تەکفیرییەکان لە عەرەبستان و ناوچەکانی تری نیمچە دوڕگەی عەرەبی وەکوو، قەتەر، ئیمارات، بەحرین، عومان، یەمەن و هتد، دوای مەشق پێکردن و بارهێنانی بناژۆخوازه تەکفیرییەکان، بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیای نێوەڕاست و وڵاتانی ئافریقایی بەشێکی دیکه له وڵاتانی جیهان دهنێردرێن، بۆ ئەوەی لەم وڵاتانەدا هەلومەرجی دروستکردنی دەوڵهتی ئیسلامی ئامادە بکەن.
٢- سەلەفییە میانەڕۆکان
سەلەفییە میانەڕۆکان ئەمڕۆ لەژێر ناوی “ئیخوانولموسلمین” کار دەکەن و دەسەڵاتی سیاسیان لە ڕێگای پارتە ئیسلامییەکانی وەک “داد و گەشەپێدان”، “نوور”، “نەهزە” لە وڵاتانی تورکیە، تونس، یەمەن ههرووهها بەشیک لە دەسەڵاتی سیاسی قەتەر، ئۆردون، بەحرین، ئیمارات، عمان و کویتیان لەدەست دایە.
ئیخوانییەکان هەوڵیان دا “جهماڵ عەبدولناسر”، سهرۆککۆماری میسر تیرۆر بکهن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە حکوومەتی ئەوکاتی میسر بەشێکی زۆر لە ئهندامان و سهرکردهکانی دیاری سەلەفییەکانی گرت کە یەک لەوان “سەید قوتب” بوو. سەید قوتب یەکێک لە دیارترین ڕێبەرانی میانەڕۆکان بوو که لە زینداندا بیر و بۆچوونی گۆڕدرا و بوو بە ئیخوانێکی توندڕۆ، پێڕەوانی سەید قوتب کە تا ئەوکات لەسەر دەستی سەلەفییە میانەڕۆکان پێگەیشتبوون، لە دوای مردنی جهماڵ عەبدولناسر لەژێر ناوی “جیهادی ئیسلامی” دهستیان به چالاکی کرد.
دوای هێرشی یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٨٠ لە ژێر فەرمانی کەسێک بە ناوی “عەبدوڵڵا عەزام” کە یەکێک لە قوتابیانی سەید قوتب بوو ڕویان کردە ئەفغانستان و دژی حکومەتی کۆمۆنیستی ئەوکات و یەکیەتیی سۆڤیەت شەڕیان دهست پێ کرد.
عەبدوڵڵا عەزام و پێڕەوانی لەو ماوەیەدا لەگەڵ سەلەفییە تەکفیرییەکان یەکتریان ناسی، یەکێک لەوانە “ئوسامە بن لادێن” بوو. لایەنگرانی عەبدوڵڵا عەزام و ئوسامە بن لادێن دوای یەکگرتنیان لەژێر ناوی سەلەفییە جیهادییەکان، کە بە عەرەبە ئەفغانەکان ناسرابوون شەڕیان دژی یەکیەتیی سۆڤیەت درێژە پێدا. دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەتیش لە ئەفغانستان سەلەفییە جیهادییەکان هەر مانەوە. بەدوای کوژرانی عەبدوڵڵا عەزام لە ساڵی ١٩٩٥ ئوسامە بن لادێن ڕێبەرایەتیی سەلەفییە جهادییەکانی گرتە دەست و ناوەکەی بۆ “القاعده” گۆڕی. لە ڕاستیدا قاعیدە تێکەڵییەک بوو لە پێڕەوانی سەید قوتب و لایەنگرانی ئوسامە بن لادێن.
٣- سەلەفییە دیوبەندییەکان
ئەم بزوتنەوەیە و گرووپە جیاوازەکانی، ١٥٠ ههتا ١٦٠ ساڵ پێش ئێستا لە ژێرکاریگەری بیروباوەڕ و تێڕوانینە سیاسی و بنیادگەرایانەی کەسێک بە ناوی “شا نێعمەتوڵڵا دێهلەوی” موبەلیغ و بڵاوکەرەوەی ڕێبازی سەلەفی، دامهزرا و لە ناوچەکانی نیمچەدوڕگەی هیندوستان و ئەفغانستان پەرەیان ستاند.
دیوبەندییە سەلەفییەکان دوای بڵاوبوونەوەیان لە وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان، بهنگلادێش، ناوچەی موسلمان نشینی هیندوستان، ئێران وەک سیستان و بەلووچستان ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەو ناوچانەیان هێنایە سەر ڕێبازی خۆیان. بە گشتی دەتوانین بڵێین بێجگە لە گرووپە جیاوازەکانی تاڵبان لە وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان، گرووپەکانی دیکە لە پێڕەوانی سەلەفی دیوبەندین.
بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین ئەگەر ناوچەی سەلەفیە تەکفیرییەکان، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچە ئافریقاییەکان بێت، ئهوە ناوچەی بەرفراوانی سەلەفیە دیوبەندیەکانیش، باشووری ئاسیایە وەک وڵاتانی پاکستان، بهنگلادێش، ئەفغانستان و ناوچەی موسلمان نشینی هندوستان و له ئێرانیش سیستان و بەلووچستان.