هەر لە سەردەمانی زووەوە، کردەی نووسین لە کۆمەڵگەکاندا کردەیەکی گرینگ و نیشاندەری پلە و پایەی کۆمەڵگە و کەسانی چالاکی ئەو کۆمەڵگەیانە بووە. تا ئێستاش ئەو تێگەیشتنە نەتەنیا ڕەنگی کاڵ نەبووەتەوە بەڵکوو لە سەردەمانی ئێستادا بووەتە بەشێک لە پێناسەی کەس و ڕەوتە جوداکانی ناو هەر کۆمەڵگەیەک و شێوازی نووسین و جۆری شیکاری نێو نووسینەکان، نیشاندەر و دەرخەری بەشێک لە شوناسی کولتووری هەر کۆمەڵگە و ڕەوت و تەنانەت کەسایەتییەکی چالاکی نێو کۆمەڵگەن.
لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا، ئەگەر سەدان نامیلکە و توێژینەوە لەمەڕ کۆمار و دەسکەوتەکانی نووسرابێ، بێگومان بەشێکی هەرە زۆریان ئاوڕیان لە دەسکەوتە کولتوورییەکانی کۆمار داوەتەوە. لەنێو ئەوانیشدا ناوی ڕۆژنامەی “کوردستان” و باقی بڵاڤۆکەکانی سەردەمی کۆمار تا ئێستاش هەر دەدرەوشێنەوە. چ ئەو نووسینانەی نووسەرانی کورد نووسیویانن و چ ئەو بەرهەمانەی توێژەرانی بیانی لەمەڕ کۆماری کوردستانەوە بەرهەمیان هێناون، هیچ کامیان ئەو بابەتەیان وەک بابەتێکی لاوەکی نەهێناوەتە ئەژمار، بەڵکوو زۆرینەیان بەشی قورسی دەسکەوتی ئەو سەردەمە بە دەسکەوتە کولتوورییەکانی دامەزرێنەرانی کۆماری کوردستان دەزانن.
هەر ئەو تێگەیشتنە چ لەو سەردەمدا و چ پاش کۆتاییهاتن بە ئەزموونی کۆماری جوانەمەرگی کوردستان لە ئارادابوو. تەنانەت سیستەمی سیاسیی ناوەند هەر ئەو کات ئەو بابەتە هەستیار و گرینگەی بە جوانی هەست کردبوو، هەر بۆیە ماوەیەک دوای تێکشکانی ئەزموونی کۆمار، لە تاران و بە یارمەتیی تاقمێک کوردی دانیشتووی تاران، سەر لە نوێ و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی کورد و زیاتریش کوردانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژنامەیەکی هەر لە ژێر ناوی کوردستان دەرکرد. مەبەستی سیستەم لە دەرکردنی ئەو ڕۆژنامەیە، کۆوەکردنی نووسەران و بیرمەند و شاعیرانی کوردی ڕۆژهەڵات بوو بە دەوری بلاڤۆکێکەوە کە خۆیان چاوەدێرییان دەکرد. لە لایەکیشەوە بڵاوکردنەوەی بیری ئێرانچێتی بە زمانی کوردی و زۆر شتی دیکە لە مەبەستەکانی دیکەی ئەو ڕۆژنامەیە بوو کە باسیان لێرەدا ناگونجێ. بەلام هەر ئەو جووڵەیە، گرینگی و کاریگەریی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی سەردەمی کۆمار نیشان دەدا. واتە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سیستەم دەیهەوێ جاریکی دیکە بەو ناوە، بیر و قەڵەمەکانی ئەو کات وەگەڕ خا و بۆخۆشی سیاستەگوزاری گشتی بە دەستەوە بگرێ، تا لەو ڕێیەوە هەم هەست و سۆزەکان بناسێ و هەم لە لای بیر و ڕای گشتی کورد وا بنوێنی کە ئەو سیستەمە دژایەتییەکی لەگەڵ زمان و کولتووری کوردی نییە. کەچی زۆر ئاماژەی مێژوویی هەن کە پەردە لەسەر لایەنە شاراوەکانی سیاسەتی پشت ئەو ڕۆژنامەیە لادەدەن. ئەگەر وەک نموونە تەنیا ئاماژە بە یەکێک لەو نیشانانە بکرێ؛ دەتوانین ئاماژە بە نامەیەکی “هێمن”ی شاعیر بکەین کە بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو ڕۆژنامەی نووسیوە. هێمن لەو نامەیەدا وڵامی داواکارییەکی ئەوان دەداتەوە. وەکی دەزانین یەکێک لە نووسەران و چالاکانی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی سەردەمی کۆمار “هێمن” بووە. بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەی “کوردستانی تاران”! دەیانهەوێ ئەگەریش ناتوانن بە ئاراستەی ڕۆژنامەکەی پێشوو بنووسن، لانی کەم لەو ناوانە یارمەتی وەرگرن کە لەوێدا بابەتیان بڵاو بۆتەوە. یەكێک لەو ناوانە هێمنی شاعیرە کە ئێستا گۆشەنشین بووە و خۆی لە زەبر و زەنگی ئەو سیستەمە داپڵۆسێنەرە شاردووەتەوە و لە گوندەکەی خۆی سەری بە کشتوکاڵەوە قاڵ کردووە و بیریشی هەر وا قاڵی کوردایەتی و دڵی تەشەنداری جوانەمەرگیی ئەزموونێکی نەتەوەییە. هێمن لە وڵامیان دا دەنووسێ: من ئێستا هەر نانووسم و ڕۆژگار وای لێ کردووم لە شاعیری دوور کەوتوومەوە. بەڵام ڕاستی باسەکە شتێکی دیکەیە. هێمن زانیویە کە ئەو پڕۆژەیە لە کوێوە پلانی بۆ داڕێژراوە و مل نادا و دیارە دواتر بە هەر هۆکارێکەوە بووبێ چەند بابەتێکی لێ چاپ دەکەن.
گێڕانەوەی ئەو باسە بە کوررتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو گوتەیە بوو کە ڕۆڵی “ڕۆژنامەی کوردستان” لەو سەردەمدا چەندە گرینگ دەنرخێنێ و باسی ئەوە دەکا کە پاش ئەو هەمووە ساڵەی بەسەری دا تێپەڕیوە ئێستاش یەکێک لەسەرچاوە هەرەباشەکانە بۆ ناسینی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان و چۆنەتی شیکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئاراستەی کولتووری کۆمار و لەهەموان گرینگتر سەرچاوەیەکی زمانی پتەویشە کە ٧٥ ساڵ لەوە پێش خراوەتە سەر ئەزموونەکانی پێشووی زمانی کوردی.
لە خولەکانی دیکەی شۆڕشی کوردی ڕۆژهەڵاتدا، چەند جار ڕۆژنامەی “کوردستان” دیسان ژیاوەتەوە و هەرجارەی بە پشوویەکی تازەوە بووەتە زمانحاڵی شۆڕش و شۆڕشگێڕان و سیاسەتوانانی کورد و تا ئێستا کە ٨٠٠ ژمارەی لێ چاپ بووە هەر بەردەوامە. لە چەند دابڕانی حیزبی دێموکڕاتیشدا، هەر دوو لا دیسان هەر بەو ناوە ڕۆژنامەی “کوردستان”یان بلاو کردووەتەوە و ئەو ڕەوتە ئێستاش لە هەر دوو لای حیزبی دێموکڕاتدا دەوامی هەیە و هەر دوو لا ڕۆژنامەی “کوردستان” بە پێوەر و پێوانەکانی خۆیان هەر چاپ و بڵاو دەکەنەوە.
لەو نووسینە کورتەدا دەمهەوێ قامک لەسەر ڕاستییەک دانێم کە ڕەنگە بۆ بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەی “کوردستان” تا ڕادەیەک تاڵ و ناخۆش بنوێنێ، بەڵام ئەوە پێشنیارێکە و دەکرێ ڕەچاو بکرێ و دەکرێ وەک زۆر بابەتی دیکە وەلا بندرێ و هەر بیریشی لێ نەکرێتەوە. دیارە پاراستنی ئەزموونێکی ئاوا درەوشاوە بە درێژایی دەیان ساڵ و لەنێو ئەو هەموو قۆرت و گەوەیەی شۆڕشدا کارێکی یەکجار دژوار و تاقەت پڕووکێنە، بەڵام لە دونیای ئێستادا، کار کردن لەو بوارەدا و بە مودێلی ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار و سەردەمەکانی دواتریش، تاقەیە یەک پاساوی هەیە؛ ئەویش پاراستنی میراتێکی بە قیمەت و هیچی دیکە. چون پێموایە لە چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵگەی کوردستان گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و پێویستە بەپێی ئەو گۆڕانە بنەڕەتییانەی کە لە پێکهاتەی کۆمەڵاتی و لە چینەکانی کۆمەڵگە دا پێکهاتووە، دەبوو ڕۆژنامەی “کوردستان” تا ئێستا چەند جار لە هەموو ڕوویەکەوە گۆڕانی بەسەردا هاتبا. بۆوەی بیتوانیبا وڵامدەروەوی ویستەکانی بەردەنگانی نوێی خۆی ببێ.
چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر بابەتەکانی لانی کەم چەندین ژمارەی پێشووی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەگەر گۆڕانێکیش هاتووەتە ئارا، زۆر کەم و ناکەریگەر بووە. فۆڕمی وتار و شیکردنەوەکان، چەشنی دەستەبەندی بابەتەکان، تەناتەت دووپاتبوونەوەی ناوی نووسەرەکان لە بازنەیەکی داخراودا، ئیمکانی ئەوەی بۆ “کوردستان” نەڕەخساندووە زۆر لە بازنەی نووسەرانی خۆی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی حیزب بەولاوەتر بڕوا و خوێنەری دیکەی لە دەور کۆ بێتەوە و کەڵکەڵەی ئەوە بۆ نووسەرانی دیکەش دروست بێ کە ناو و بابەتی خۆیان لەوێدا ببیننەوە و خوێنەرانیش بە شوێن ئەو شیکردنەوە و بابەتانەدا بگەڕێن کە دڵخوازیانە.
بەشێک لە بەربەستەکان تا دەیەیەک لەوە پێش دەکرا بە هۆکاری ئەو دابڕانە لە کۆمەڵگە و بەردەنگی تازە بزانین. بەڵام بە هۆی بەربڵاو بوون و کارابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا ئەو بەربەستانە واتای پێشوویان نەماوە و دەکرێ ڕۆژنامەی کوردستان جارێکی دیکە بە خۆی دابێتەوە و لەسەر لە نوێ بە سیاسەت و پلانی تازەترەوە بێتە ناو دونیای ڕۆژنامەگەری کوردییەوە.
ئەو بابەتە بە چەند ڕێکاری سادەوە دەکرێ تاقی بکرێتەوە.
یەکەم شت دەبێ ئەوە بگوترێ ڕۆژنامەی “کوردستان”ی هەر دوو حیزبی دێموکڕات، ناوی حیزبیکی سیاسی بەسەرەوەیە کە ئەزموونێکی دوورودرێژی خەبات و سیاسەتی لە کوردستان و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە پشتە. هەر بۆیە چاوەڕوانیی خوێنەران لەو ڕۆژنامەیە ئەگەر ئەوەبێ کە ڕەنگدانەوەی بیر و بۆچوونی سیاسەتوانانی جیهانی و ناوچەیی لەسەر کورد و شۆڕشی کوردی و حیزبی دێموکڕات لەوێ دا ببیننەوە چاوەڕوانییەکی لە جێدایە و ئەگەر ئەو کارە نەکراوە یان تاق و لۆق لەو بابەتە بەرهەم بڵاو کراوەتەوە، ئەوە بۆشاییەکی گەورەیە و دەبێ پڕ بکرێتەوە. واتە دەبوو هەر ژمارەیەکی “کوردستان” بە وتووێژ و نووسین و شیکردنەوەی سیمایەکی دیار و خاوەن ڕای جیهانی-کوردستانی-ناوچەیی لەمەڕ کورد بڕازێتەوە.
دووەم بابەت؛ کوردستان دەیتوانی ببێتە پێگەیەکی موعتەبەر بۆ دیالۆگی کورد لەگەڵ باقی نەتەوەکانی ئێرانی. ئەو حەولەی لە بواری دیپڵۆماسی حیزبیدا، ڕێبەرانی پێشوو و ئێستای کورد، بۆ تێکگەیشتن و لێک نزیککردنەوەی گەلانی ئێرانی دەدەن و پێویستە دەوڵەمەندتریش بکرێ، هەر ئەو حەولە دەبێ لە ڕۆژنامەیەک کە زمانحاڵی ئەو بزووتنەوەیەیە وەگەڕ بکەوێ و نووسەر و سیاسەتوانی ئەو نەتەوانە دەنگ و ڕەنگی خۆیان لەوێ دا ببیننەوە و پێشنیاری نووسینیان لەسەر ئەو پرسە هاوبەشانە پێ بدرێ کە دەتوانێ دەلاقەی وتوێژێکی نوێ بکاتەوە.
سێیەم؛ ئاوڕدانەوە لە کێشە و بابەتە گرینگەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتە، کە دەبنە بابەتی ڕۆژانەی ناو خوێندەوار و نووسەر و شاعیر و چالاکانی مەدەنی و هەر ژمارەی بە تایبەت بابەتێک بورووژێندرێ و لە چەندین لاوە تیشکی بخرێتە سەر و شیکاری لەسەر بکرێ. ئەو بابەتە جەغزی بەردەنگانی کوردستان بەربڵاوتر دەکاتەوە.
چوارەم؛ لە ناو و قەلەمی موعتەبەر لە نێوخۆی حیزب کەڵک وەربگیرێ. بە زۆر هۆکار و یەک لەوان بوونە سەرچاوەی ئەو ڕۆژنامەیە پێویستە تاقمیک ناوی خاوەن بەرهەمی کاریگەر لە سەر چینی خوێندەوار قەڵەمیان بەردەوام لەو ڕۆژنامەی “کوردستان” لەگەڕدا بێ و بەشی تایبەتیان بێت بۆوەی بەردەنگان بەردەوام چاوەڕێی بەرهەمیان بن و …. واتە جودا لەهەموو بابەتەکانی پێشوو هێندێک ناو هەن ئیعتبار بۆ بەشێک ساز دەکەن کە ئەو قەڵەم و ناوە تێیدا چالاکە. بۆ وێنە ناوی کەسانی وەک عەبدوڵلا حەسەنزادە، ڕەسووڵ سوڵتانی، کامیل نەجاڕی، هەژیر عەبدوڵلاپوور، و زۆر ناوی دیکەش لە بواری زمان و ئەدەبیاتدا، ئەوەندیان ئیعتبار هەیە کە خوێنەر و بەردەنگ بە دوایاندا بگەڕێ. دیارە لە بوارەکانی دیکەشدا ناوی موعتەبەر و بە توانا هەن و دەبی ڕۆژنامەی کوردستان ئاوڕیان لێ بداتەوە و داوای هاوکاری بەردەوامیان لێ بکا بۆ دەوڵەمەند کردنی خۆی.
پێنجەم؛ ڕۆژنامەی “کوردستان” وەک دەنگی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرێش دەبێ ئاراستەیەکی شۆڕشگێرانە و ڕادیکاڵی لەهەمبەر پلان و پیلانە کولتوورییەکانی سیستەمدا هەبێ و لە قاوغی موحافزەکاری بێتەدەر و هەر ژمارەی یەکێک لە پلان و پیلانەکانی بواری کولتووری لە قاو بدا و بە شیکردنەوە و تاوتوێ کردنی لایەنە جوداکانی ئەو پلان و پیلانانە جووڵەیەکی نوێ بخاتە گۆمی مەندی ئەو بوارەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پڕ لە گورگ و کەمتیار ڕێوی بووە.
شەشەم؛ شێوەی بڵاو کردنەوە و گەیاندنە دەست بەردەنگانی ڕۆژنامەش یەکێک لەو گرینگترین خاڵانەیە کە کەمتر بیری لێ دەکرێتەوە.
***