کورد لە بۆنە نێودەوڵەتییە پڕ خۆشییەکانی وەک ڕۆژی سەربەخۆیی، ڕۆژی نیشتمانی و ڕۆژە خۆش و شادیهێنەرەکانی دیکە دەستی کورتە، بەڵام لە بەشی قەیران و ئەو ڕۆژە نێونەتەوەییانەی باس لە نالێکی و نالەبارییەکانی ژیانی کۆمەڵ دەکەن، پشکی شێری پێ بڕاوە.
کوردستان بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە زۆر نەهامەتی و کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی بەرۆکی گرتووە کە بەشێک لەوان وەک سروشتی هەموو کۆمەڵگەکان لە خێزانەوە سەرچاوە دەگرن، بەو جیاوازییە کە کەلێن و لێکترازانەکانی کۆمەڵ کە لە بنەڕەتڕا بۆ جۆری ڕوانگە و سیاسەتەکانی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات دەگەڕێتەوە؛ کاریگەریی زۆر و زیانباری بەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵدا دیار و بەرچاوە. نیزامی سیاسیی وڵات لە پێوەندی لەگەڵ ئەرکەکانی لە هەمبەر کۆمەڵگە نەک هەر خەمسارد، بەڵکوو ئانۆمی، قەیران و دیاردە زیانبارەکانی کۆمەڵ و کۆمەڵگە خۆی ڕاستەوخۆ بەرهەمی ستراتیژی و خوێندنەوەی ئەم ڕێژیمەیە کەە مانەوەی خۆی لە کورسیی دەسەڵاتدا لە پێشەوەی هەموو شتێک داناوە.
چ لە کوردستان و لە ئاستی ئێرانیشدا ئانۆمی و ترازانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک منداڵهاوسەری یەک لەو بابەتانەیە کە ڕەهەندی ئایینیی بابەتەکە وای کردووە بەشێوەی ئەوتۆ پێشی پێ نەگیردرێ، لەبەر ئەوەی حاکمی شەرع ئەوەی لەبەرچاویەتی دەقە ئایینییەکەیە کە بلووغی شەرعییەکە بە هێند وەردەگرێ، نەک گەیشتن بە تەمەنی خۆناسین لەڕووی جیسنییەوە. ئەو جۆرە ڕوانینە کە ڕوانگەی زاڵی حکوومەتییە، دەرەنجامەکەی زۆر قەیرانی کۆمەڵایەتییە کە لێکترازانی بنەماڵە، ژن سەرپەرەستیی خێزان و دواتریش هاتنەخوارێی تەمەنی لەشفرۆشی بەشێکن لەوان.
شەهێن شەمس محەممەدی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە پێوەندی لەگەڵ دابەزینی تەمەنی لەشفرۆشی لە ئێراندا و بە پشتبەستن بە توێژنەوەکان دەڵێ لە زۆر حاڵەتدا کچانی خوار تەمەن ١٢ ساڵیش ڕوویان لەو کارە کردووە (سەلامەت نیوز، ٨ی بەفرانباری ١٣٩٨).
ئابووریی ڕانتی، دابەشنەبوونی دادپەروەرانەی داهات و سامانە نیشتمانییەکان، گەندەڵیی کاربەدەستان و کارامەنەبوونی سیستمی بەڕێوەبەریی وڵات کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێ دەناسرێتەوە، ئەوەندەی دیکەش پەرەی بە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان داوە. ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئیرادەی چارەسەری کێشەکانی خەڵکی هەیە و نە توانا و لێوەشاوەیی ئەو کارە، چونکی خۆی هەموو دیاردانە بەرهەمی ڕوانگەی چەوت و ناسەردەمیانەی ئەم دەسەڵاتەن کە بەردەوام بەرینتربوونەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی لی کەوتۆتەوە.
ژوورە فیکرییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک نیزامێکی سیاسیی توتالیتێر بەپێی سروشتی بوونیان لەبری کەسایەتیپێدان بە تاکەکانی کۆمەڵ بە پلان و پیلانی نەرم و تەنانەت ڕەقئامێر خەریکی شکاندن و قەیرانخوڵقێنی لە شوناسی کۆمەڵگەن. چونکی پێیانوایە سیستمەکەیان بە تێکشکاندنی توانای بیرکردنەوە و ڕابوونی کۆمەڵ دەتوانێ لە بەرامبەر بوومەلەرزەی ئەگەری کاردانەوە و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان خۆی ڕابگرێ. ئەم ڕەوشە لە کوردستان هەستیارتر و چەند ڕەهەندیتر دەچێتە پێشێ.
کۆماری ئیسلامی کە دەزانێ کوردستان پاشخانێکی سیاسیی دەوڵەمەند و دینامیزمی خەباتگیڕیی بەهێزی تێدایە، هەر لە سەرەتاوە لە بەشی ڕەقئامێریدا هەوڵی داوە لەلایەک کوردستان لەڕووی ئاوەدانی و گەشەی ئابوورییەوە بخاتە پەراوێزەوە و هاوکات بە بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵگە تووشی سڕبوون و ڕاوەستان بکا. لە بەشی نەرمئامێریشدا هەموو هەوڵی ئەوە بووە هەوێتی و شوناسی نەتەوەیی لە تاکەکانی کۆمەڵی کوردی بستێنێتەوە، بۆ ئەوەش هەموو ڕێگایەکی گرتووەتە بەر کە پلاندانان لە بەشی پەرورەدە یەک لەوانە. منداڵی کورد هەر لە سەرەتای بارهێنانەوە دەبێ بە زمانێکی جیا لە زمانی زگماکی خۆی بخوێنێ. خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش لە جێی خۆی کە لە هەموواندا منداڵان قوربانیی سەرەکیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامین. دابران لە خوێندن، ناچاربوون بە کاری سەخت و تاقەتپڕووکێن لە کوورەخانە، مەزرا و مووچە، کارگە بچووک و گەورەکان و تەنانەت کۆڵبەری بەبێ هیچ چاوەدێری و ڕەچاوکرانی ستانداردێکی کار تەنیا بەشێک لەو مەینەتییانەی کە منداڵانی کورد لە سایەی ئەم ڕێژیمەوە تووشی بوون. بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژران و برینداربوونی منداڵانی کۆڵبەریش لەبەر ئەوەی ئەم دیاردەیە خۆی بەشێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە، هیچ کاردانەوە و بەدواداچوونێکی بەدوودا نایە.
کۆماری ئیسلامی کوردستان بە بەشێک لە ئێران نازانێ و منداڵانی کوردیش بە چاوی مەترسییەک بۆ سەر داهاتووی خۆی چاو لێ دەکا. بۆیەش هەوڵ دەدا لەلایەک بە دروستکردنی قەیرانی شوناس، یان پێدانی شوناسی ساختە و بەدرۆی ئێرانی بە منداڵی کورد توانای بیرکردنەوەی ئازاد و نەتەوەیی تێدا وشک بکەن. هاوکات لە ڕێگەی داڕماندنی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەستێنێک دروست بکەن کە منداڵی کورد نەتوانێ بەپێی پێویست ڕەوشی گەشەکردنی سروشتیی خۆی بپێوێ و خۆی بۆ بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە بکا. زیان و خەسارە ڕوحیییەکانیش کە لە سۆنگەی کار و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە بەرەوڕووی منداڵ دەبێتەوە لەجێی خۆی، کە لەجێدا هۆمێد و هیوا بەدواڕۆژ لە منداڵ و خێزاندا ویشک دەکا. چونکی منداڵێک کە لەبری ئەوەی بخوێنێ و پێ بگا، ناچار بێ بۆ پارووە نانێک بە ڕەوەزاندا هەڵگەڕێ، یان لە جەستەی ناسکی لەژێر کاری قورسی کورەخانە و مەزرادا هەڵپڕووکێ، یان لەنێو زبڵوزاڵدا بەدووی قووتی ڕۆژانەیەوە بێ؛ ئەوە منداڵە دەبێ چ خەون و خولیایەکی بۆ ژیان و داهاتووی خۆی هەبێ؟ هەروەها چۆن دەتوانێ لەژێر باری قورسی هەموو ئەو نەهامەتییانەدا سەری هەڵێنی؟