ده‌ركه‌وتنی ڕه‌وتێك له پێكهاته‌ی سیاسی و حوكمڕانیی ئێران‌دا وه‌ك دژكرده‌وه‌یه‌ك به چه‌قبه‌ستوویی زاڵ به‌سه‌ر هه‌سته‌ی سه‌خت و یه‌كده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا، له نێوه‌ڕاسته‌كانی ده‌یه‌ی حه‌فتا به‌ملاوه، سه‌رنجی كۆمه‌ڵگەی نێوخۆ و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌شی بۆ لای خۆی ڕ‌اكێشا. ڕه‌وتێك كه وه‌ك ستراكتۆر له هه‌ناوی هێزه وه‌فاداره‌كانی شۆڕشی 57 و هاوبه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات سه‌ری هه‌ڵدا و له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی كورتدا زۆربه‌ی ئه‌هرومه باوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت. ئاشكرایه ئه‌وه له كاتێكدایه ڕیفۆرمخوازی وه‌ك مێنتالیته، ڕیشه‌یه‌كی مێژوویی زۆر دوورتری له ئێران‌دا هه‌یه كه له چه‌ندین وێستگه‌ی مێژوویی‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه و كۆمه‌ڵێك دهسكهوتیشی هه‌بووه، به‌و تێبینییهی كه به‌زۆری له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وە و له لایه‌ن نوخبه‌ی سیاسییه‌وه بووه.
كۆتایی هاتنی كه‌فوكوڵی شۆڕشی 57 و كۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێڕاق و سه‌ره‌نجام مردنی خومه‌ینی، به‌شێك بوون له‌و هۆكارانه‌ی كه وای كرد بیاڤی گشتی له ئێران‌دا به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه بڕوا كه تهفسیرێكی تا ڕاده‌یه‌ك جیاواز له سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگە و فه‌رهه‌نگ و ئه‌خلاق هه‌ڵبه‌ت له هه‌ناوی كۆماری ئیسلامی‌دا سه‌ر هه‌ڵبدا. ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازه‌ی باڵی ناسراو به ڕیفۆرمخواز، كه له كۆنتێكستی به‌هاكانی كۆماری ئیسلامی‌دا جێ ده‌گرێ بانگه‌شه‌ی بۆ كرانه‌وه‌یه‌كی ڕێژه‌یی له بیاڤی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرد كه به تایبه‌ت له لایه‌ن نه‌سلی جه‌وانه‌وه پێشوازی لێ كرا. له لایه‌كی دیكه‌وه ناكرێ ڕیفۆرمخوازیی ڕه‌سه‌ن و ناحكوومه‌تی تێكه‌ڵ به‌و ڕه‌وته بكه‌ین كه زۆرجار سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕی ئه‌سته‌مه لێك جیا بكرێنه‌وه. له‌وانه‌یه بتوانین ئه‌وه‌ش بڵێین كه سه‌رهه‌ڵدان یان گه‌وره‌بوونی چینی نێوه‌ڕاست له ئه‌نجامی سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانی ڕه‌فسه‌نجانی یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدان یان باشتره بڵێین پێگه‌یشتن و سه‌قامگیربوونی ڕه‌وتی ناسراو به ڕیفۆرمخوازی بوو. هه‌روه‌ها نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین گه‌شه‌كردنی ڕه‌وتێكی فكریی ناسراو به ڕووناكبیرانی دینی و خستنه‌ڕووی سیمایه‌كی هێمنتر و كراوه‌تر له دین كه ده‌توانرێ “تسامح” و “تساهل” له واجبه ئایینییه‌كان قه‌بووڵ بكا، یارمه‌تی به گوورانی ڕیفۆرمخوازیی حکوومەتی له ئێران‌دا كرد.
هه‌موو ئه‌وانه و زیاتریش هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی 2ی جۆزه‌ردانی 76 به ده‌ركه‌وتنی خاته‌می وه‌ك سیمایه‌كی نه زۆر ناسراو له حوكمڕانیی سیاسی‌دا – كه دروشمی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی، كرانه‌وه‌ی سیاسی، گونجان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و … به‌رز كرده‌وه- كۆمه‌ڵێك به‌ها و هه‌نجاری نوێ ببنه ڕۆژه‌ڤ كه پێشتر له ده‌ورانی حوكمڕانیی كۆماری ئیسلامی‌دا نه‌بینرابوون. له‌وساوه هیوای ڕیفۆرمی پێكهاته‌یی له مێنتالیته‌ی ڕیفۆرمیستیی ئه‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت له كۆماری ئیسلامیش تێپه‌ڕیبوون، گه‌شایه‌وه و دووجه‌مسه‌ریی به‌نێوبانگی ڕیفۆرمخواز- بناژۆخوازی لێ كه‌وته‌وه. له سێبه‌ری ئه‌و گۆڕانه له پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ره‌ی شۆڕشگێڕ و پێكهاته‌شكێن تا ڕاده‌یه‌ك لاواز بوو و هه‌ڵبژاردن ڕه‌ونه‌قی په‌یدا كرد و سندووقه‌كانی ده‌نگدان ئاوه‌دانتر بوون. له لایه‌كی تره‌وه فه‌زای فه‌رهه‌نگی كرانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ته‌جروبه كرد و چاپه‌مه‌نییه‌كان گه‌شه‌یان كرد و بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری جۆش و خرۆشی به خۆوه بینی. ده‌توانین ئه‌و قۆناغه به سیاسیترین قۆناغ له مێژووی كۆماری ئیسلامی دابنێین كه پرسه سیاسی و گشتییه‌كانی وڵات له شه‌قام و ڕای گشتیدا ڕه‌نگیان ده‌دایه‌وه و چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی مۆدێڕنی وه‌ك شارۆمه‌ند، كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی، گفتوگۆی شارستانییه‌ته‌كان و … ده‌هاتنه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان و له‌لایه‌ن كۆڕگێڕ و وتاربێژانه‌وه له تریبۆنی جیاوازدا ده‌هاتنه گۆ.
به‌ڵام ئه‌و كرانه‌وه‌یه زۆری نه‌خایاند. ماهییه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه سه‌ره‌تاییه‌شدا ناته‌با بوو، به جۆرێك كه هێرش بۆ سه‌ر زانكۆی تاران له پووشپه‌ڕی 78 و بێده‌نگیی خاته‌می به‌رامبه‌ر سه‌ركوتی خوێناویی خوێندكاران، سه‌ره‌تای بێهیوایی به ڕیفۆرم له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی له گشتیه‌تی خۆیدا بوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی مه‌جلیس و ده‌وڵه‌ت له كۆنتڕۆڵی به‌ره‌ی ناسراو به ڕیفۆرمخوازدا بوون، چاپه‌مه‌نییه‌كان داخران، جیابیران كوژران یان به شێوازی جۆراوجۆر فشاریان خرایه سه‌ری، سوپا و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر فه‌رمانی خامنه‌ییدا بوون، گه‌وره و به‌هێز بوون و به گشتی بناغه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداریی سه‌ره‌ڕۆ و تاكه‌كه‌سی قایمتر كران. ئه‌و بێهه‌ڵوێستییه‌ی ده‌وڵه‌تی خاتمی به‌رامبه‌ر ئازادیخوازان و جیابیران و چۆڵكردنی پشتی ده‌نگده‌رانی له‌و سه‌ركوتكارییه‌ی به‌تایبه‌ت له ڕه‌وتی ناسراو به قه‌تڵه زنجیرهییهكاندا ڕووی دا، بووه هۆی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ڕیفۆرمخوازانی تا ڕاده‌یه‌ك ڕادیكاڵه‌وه دروشمی تێپه‌ڕین له خاته‌می به‌رز بكرێته‌وه، كه بوو به سه‌ره‌تای دروستبوونی كه‌لێن له به‌ره‌ی ڕیفۆرمخوازاندا. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا دوای ئه‌وه‌ی خاته‌می به‌رامبه‌ر سه‌ركوتی خوێندكاران و داخستنی چاپه‌مه‌نییه‌كان و به‌گشتی پاشه‌كشه‌پێكردنی ئه‌و كرانه‌وه ڕێژه‌ییه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به خامنه‌یی، ماهییه‌تی پارێزگارانه و نیزامپارێزانهی خۆی ئاشكرا كرد و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕایگه‌یاند سه‌رۆك كۆمار له ئێران‌دا ته‌نیا تهداروكچییه و ده‌سه‌ڵاتی نییه، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی جیددیی به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه نه‌نا. به‌ره‌ی ڕیفۆرمخواز تووشی پاشه‌كشه و نشوستی گه‌وره هات و ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌ده‌ست دا و له بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌وه بۆ گرووپێكی پێكهاتوو له كۆمه‌ڵێك نوخبه‌ی تینووی ده‌سه‌ڵات دابه‌زی.
به‌ستراوه‌یی به ده‌سه‌ڵات
خاته‌می وه‌ك ڕێبه‌ری مه‌عنه‌ویی ڕیفۆرمخوازان هه‌ر له ساڵی یه‌كه‌می سهركۆمارییهكهیدا بۆی ده‌ركه‌وت كه ناتوانێ ئه‌و دروشمانه‌ی له هه‌ڵبژاردندا داویه‌تی و سه‌رنجی ده‌رەوەی پێ ڕاكێشاوه جێبه‌جێیان بكا، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژارد و ته‌نانه‌ت له خولی دواتری سهركۆماریشدا خۆی به‌ربژێر كرده‌وه و وه‌ك سهركۆمار هه‌ڵبژێردرایه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕیفۆرمخوازان به ڕێبه‌ریی خاته‌می له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جهكاوهریی فراوان بوون، به جێگای مانه‌وه له ده‌سه‌ڵات، له سه‌ر ئه‌و دروشمه ڕیفۆرمیستیانهی به‌رزیان كردبۆوه مكوڕ بووبان، له‌وانه‌یه چاره‌نووسی سیاسیی ڕه‌وتی ڕیفۆرمیستی و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئێرانیش به جۆرێكی جیاواز له ئێستا بووبایه و ته‌نانه‌ت پایه‌كانی دیكتاتۆڕی و پاوانخوازی به ڕاده‌ی ئیستا به‌هێز نه‌بووبایه‌ن. به‌هره‌مه‌ندبوونی ڕیفۆرمخوازان له خێروبێری ده‌سه‌ڵات و ده‌ستپێوه‌گرتنیان به پۆستی سیاسی و ئیداری و ئیمتیازاتی ده‌سه‌ڵات، وای كرد نوخبه‌ی سیاسیی ڕیفۆرمخوازان له ده‌نگده‌رانیان داببڕێن و چیتر كاڵا سیاسییه‌كانیان لای خه‌ڵكی ئێران كڕیاری نه‌مێنێ. ئه‌و هیوایه‌ی كه بۆ خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی به ڕیفۆرم له‌خواره‌وه و له ڕێگای سندووقه‌كانی ده‌نگدان دروست ببوو، تێكڕووخا و له ڕوانگه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگەوه ڕیفۆرمخوازیی حكوومه‌تی گریمانه‌یه‌كی شكسخواردوو و وه‌دینه‌هاتوو هاته به‌رچاو. هه‌رچه‌ند هه‌ر له خولی یه‌كه‌می سه‌ركۆماریی خاتهمییهوه بناغه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی وجوودیی ڕیفۆرمخوازیی له ئێران‌دا به بوونی سیسته‌مێكی سیاسیی داخراو و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی پاوانخواز بۆش بوو، به‌ڵام دوابزماری تابووتی ڕیفۆرمخوازیی هه‌رچه‌ند به دواكه‌وتنه‌وه، به‌ڵام زۆر زووتر له‌و بانگه‌شه‌یه‌ی زیباكه‌لام لێدرا كه باسی له‌وه كرد كه كڕۆنا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێنه‌داوین پرسه بۆ مه‌رگی ڕیفۆرمخوازیی دابنێین.
له ئێستادا و به تایبه‌ت له دوای هه‌ڵبژاردنه كهمڕهونهقهكهی مه‌جلیسی یازده‌هه‌م و دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئێران له بۆنه‌ی جۆراوجۆر له سه‌ر شه‌قام و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به ڕوونی ئه‌و په‌یامه‌یان داوه به ناوه‌نده ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز، كه به یه‌ك پێوانه و وه‌ك دوو مۆره‌ی یه‌ك یاری سه‌یریان ده‌كه‌ن، وێده‌چێ خامنه‌یی و ناوه‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی هێز له ئێران‌دا چیتر ئیزن به‌وه نه‌ده‌ن كه‌سانێك ته‌نانه‌ت به كه‌مترین جیاوازییه‌وه بچنه نیو بازنه‌ی حوكمڕانی و بڕیاردانه‌وه. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی شیاویه‌تیی بێوێنه‌ی به‌ربژێرانی سه‌رۆك كۆماری و شوڕاكانی شار‌و لادێ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 28ی ئه‌و مانگه‌دا له لایه‌ن شوڕای نیگه‌هبانه‌وه، به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاستی ته‌حه‌ممولی خامنه‌یی تا ئه‌وپه‌ڕی خۆی دابه‌زیوه و متمانه‌ی ته‌نانه‌ت به نزیكترین كه‌سه‌كانی خۆی وه‌ك لاریجانیش نه‌ماوه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، تا ئیستاش ڕه‌وتی ڕیفۆرمخوازی حكوومه‌تی كه هه‌موو به‌ربژێره‌كانی ڕه‌ت كراونه‌ته‌وه ده‌ست له دووره‌دیمه‌نی ده‌سه‌ڵاتی گریمانه‌یی داهاتوو هه‌ڵناگرێ و به‌و هیوایه‌ی ده‌رفه‌تی دووباره هاتنه‌وه مه‌یدان و وه‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك پۆستی ته‌نانه‌ت نزمیشیان پێ بدرێ، به قسه‌ی خۆیان پرده‌كانی پشت سه‌ری خۆیان ناڕووخێنن.
یارانی دوێنێی حوكمڕانی و نه‌یارانی ئه‌وڕۆی په‌ڕاوێزخراو، باوه‌ڕیان به‌و نه‌هێناوه كه ته‌مای ڕیفۆرم له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا ئاسنی سارد كوتانه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سووكه ده‌رفه‌تێكیشیان پێ بدرێ، چیتر ده‌نگده‌رانی دوێنێیان نه‌ماوه و متمانه‌ی جه‌ماوه‌رییان كرده قوربانیی مانه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و بازنه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا. به‌ڵام ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن ڕیفۆرمخوازانی حكوومه‌تی به‌و هیوا نه‌زۆك و ویسته تهماحكارانهیان بۆ ده‌سه‌ڵات، مه‌رگی خۆیان بۆ دواجار واژۆ كرد.