وەک ئەندامێکی دەستەی نووسەران کە لە نێوخۆی وڵاتەوە بۆی دەنووسم و مخابن بەهۆی بارودۆخی سیاسیی وڵاتەوە ڕەنگبێ بەشێک لە ئەندامانی دیکەی دەستەی نووسەرانیش هەر بەناوی خوازراوی “شاهۆ”ەوە بمناسن، گەیشتنی ڕۆژنامەی “کوردستان” بە ژمارە ٨٠٠ی خۆی پیرۆزبایی دەڵێم.
“کوردستان” داهێنانی حیزبی دێموکرات بۆ بڵاوکردنەوەی بیری دێموکرات و نەتەوەخوازی بوو. ئێستا لە تەمەنی ٧٥ ساڵەی خۆیدا و لە کاتێکدا ژمارە ٨٠٠ی خۆی دەردەکا کە دوور لە زێدی لەدایکبوونی بڵاو دەبێتەوە. ئەم نووسینە وەک “خوێنەر”ێکی لە نێوخۆی وڵاتەوە دەنێرم کە هەموو جارێ بە هۆگرییەوە بۆ “کوردستان” دەنووسێ و بە تامەزرۆییەوە دەخوێنێتەوە.
“کوردستان” قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی زمانی دایکی
ئەو ڕۆژنامەیە بە هۆی پاراویی زمان و وێژەی لەسەر دەستی نووسەران و زمانناسانی بەتوانا و بەهرەمەند و گرینگیدان بە پەروەردەی زمان، ڕۆڵی قوتابخانەیەکی بۆ بەردەنگ و خوێنەرەکانی گێڕاوە. بەم مکانیزمە هەوڵی داوە خوێنەرانی تەنیا بابەتەکانی نێو ڕۆژنامە نەخوێننەوە بەڵکوو فێری نووسین و خوێندن بە زمانی دایکیشیان بکا. بە تایبەت پاش شۆڕشی گەلانی ئێران (1357) و ڕاگەیاندنەوەی دووبارەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر دەستی ڕۆژنامەی “کوردستان” گەلێک زۆرن ئەو مێرخاسە پێشمەرگانەی بە هۆی سیاسەتیی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی دەرفەتی خوێندەوار بوونیان بۆ نەڕەخساوە و لە تەمەنی پێشمەرگایەتی بە هۆی خوێندنەوەی ڕۆژنامەی “کوردستان” ئێستا باشترین مامۆستاکانی زمان و وێژەی کوردین و خۆیان بوونەتە مامۆستایەک بۆ پەروەردەکردنی تاکەکان لە ڕاستای فێر بوونی زمانی دایکی.
کاریگەریی ڕۆژنامەی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش چ ئەو سەردەم کە بە شێوەی کاغەز دەگەیشتە دەستی خەڵک و ئەندامانی و چ ئێستاش بە هۆی مێدیا و ماس مێدیا خوێنەران دەستیان پێ ڕادەگا و ڕۆڵی شوێندارانەی لەسەر بەردەنگەکانی دروست کردووە و وەکوو کاناڵێک بۆ فێربوونی زمانی دایکی لێ هاتووە.
چۆن دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر کوردستانی کۆلۆنیالیزیکراو ئیزن نادەن پەروەردە و فێربوون بە زمانی دایکی بوونی هەبێت، ڕۆژنامەی کوردستان کەم و زۆر ئەو بۆشاییەی پڕ کردۆتەوە و وەکوو ناوەندێک لە ڕێگای خوێنەرەکانی پڕۆسەی پەروەردە و فێربوونی زمانی دایکی بردووەتە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شان بە شانی مامۆستا خۆبەخشەکانی زمانی کوردیی هەوڵی پێگەیاندنی تاک لە ڕۆژهەڵات دەدات، لە سەر ئەساسی (زمانی من ناسنامەی منە) پێش بە ڕەوتی ئاسیمیلەبوونی نەتەوەکەی لە لایان دەسەڵاتدارانی زاڵ بە سەر نەتەوەکەی دەگرێ. لە ڕێگای بایەخ دان بە زمان، کولتوور و ئەدەب و چاندی نەتەوەیی و نیشتمانی تاکی کاریگەر و پەرچەکەردار بە نیسبەت پرسە مێژووییەکەی دژی عەقڵییەت و زێهنییەتی سیستم دروست کردووە.
“کوردستان” و گرنگیدانی بە کێشەی ناوچە هاوبەشەکان لەگەڵ ئازەری زمانەکان
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە هۆی سیاسەتی دەوڵەت نەتەوەی سەردەست، لە کاتی دەسەڵاتدارێتی قاجارەکانەوە تاکوو ئێستا لە ڕێگای گۆڕینی دێمۆگرافیای ڕۆژهەڵات هەوڵی بە تورککردنی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیان داوە تاکوو لە ڕێگای کێشەی نەتەوەییەوە لە نێوان دوو نەتەوەی ئازەری و کورددا و بە پشتیوانیکردن لە نەتەوەی ئازەری، کوردی مافخواز لە بەرانبەر ئۆتۆریتەی دەوڵەتی ناوەندییەوە کپ و بێدەنگ بکەن و؛ لە ڕێگای کاربەدەست و بەرپرس کردنی تاکی ئازەری بە سەر نەتەوەی کوردەوە هەوڵی تێک شکاندنی ڕۆح و عەقڵییەتی تاکی کورد بدەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە ڕێگای ڕۆژنامەی “کوردستان” وەک زمانحاڵی حیزب و بزووتنەوە نەتەوەیییەکەی توانیویەتی بە زمانێکی سەردەمیانە ڕۆشەنگەری بە نیسبەت پرسی زمان و خاک و نەتەوە و نیشتمان لە سەر ئەساسی باوەڕە دێموکراتیکەکان و هێڵە ستراتیژیییەکەی لە چوارچێوەی فێدڕالیزمدا ئەم پرسە شی بکاتەوە و لە ڕێگای هێنانەوەی بەڵگەی مێژوویی هەوڵی ئاشتەوایی، پێکەوە حەوانەوە و سازان لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەریدا دروست بکا و ئەم پیلانگێڕییەی حاکمییەت کە لە ڕێگای ڕەوتی پانتورکیزم دەیدا پووچەڵ بکاتەوە.
ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ڕێگای دوورنواڕینی بۆ ئەم پرسە هەستیار و مەترسییدارە هەوڵ دەدا شانبەشانی ڕاگەیاندنی دەنگی و ڕەنگی وەک ڕادیۆ و تیڤی ڕۆشەنگەری پڕ واتا دروست بکا و لە ڕێگای ئاخاوتن لەگەڵ دەستەبژێرانی کۆمەڵگە و بەردەنگەکانی بە ناردنی گوتاری ئاراستەکراوی حیزب بە نیسبەت پرسەکە کە دەرچەی هاوبەش لە نێوان تاکی هزرمەندی دێموکراتێکی کورد و ئازەری لە پانتایی کۆمەڵگەدا بکاتەوە و بیکا بە ڕۆژەڤ و بەو شێوەیە ئەم پرسە پڕ لە هەستیارە لە ئێستا و دواڕۆژدا لە ڕێگای دیالۆگی شارستانیانە شی بکاتەوە و بڕوا دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک تۆلێرانس و پڵۆڕالیزم جێگیر بکا؛ تاکوو پێش وەبەر یەک کەوتنی نێوان کورد و ئازەریدا بگرێ.
بەڕۆژبوونی بابەت و پرسەکانی نێوخۆی کۆمەڵگە لە “کوردستان”دا
حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی جەماوەری کە خاوەن گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیییە، بەرانبەر هەموو پرس و باسەکانی نێو کۆمەڵگەکەی چ لە ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی خۆی بە بەرپرسیار دەبینێ و لەسەر ئەساسی جیهانبینییەکەی هەوڵ دەدا لە ئاستی جۆراوجۆر لە ڕاستای بەرژەوەندیییە نەتەوەیییەکەی بیانخاتە ژێر چاوەدێری تاکوو بەو بەرپرسیارێتییەی گەلەکەی خستوویەتە سەر شانی حیزب چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە. بەم تێڕامانە ڕۆژنامەی “کوردستان” وەک زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ زیاتر هەڵوێستەکردن و هێنانە بەر باس و دروستکردنی وێژمان بۆیان لە هەموو ئەم بابەتە سیاسی، ئابووری و کولتووریانە و … لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی ئێران و جیهان ئاوڕدانەوەی جیدیی و بەرپرسیارانە دەکا و لە سەر دەستی نووسەرانی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەند لە دەستەی نووسەران، ڕۆژنامەی “کوردستان” بەو پاشخانە فکری و هزرییەی کە تاکی نووسەری دێموکرات لە “کوردستان”دا هەیەتی، شرۆڤە و ئانالیزیان دەکا و بە ڕاڤەیەکی واقێعبینانە دەیانگەیەنێتە بەر دەستی خوێنەرانی و لە ڕێگای ڕۆشەنگەری و تەتەڵەی هەموو ئەو پرس و دیاردانە توانیویەتی پیلانگێڕی دوژمنان بۆ بەلاڕێدابردنی تاک و جڤاتی کوردی پووچەڵ بکاتەوە.
“کوردستان” توانیویەتی لە سەر دەستی خوێنەران، وێژمان، عەقڵییەت و ڕوحی دژ بەرانبەر نەیارانی بخوڵقێنێ و بەو تێڕامانەی کە ئەم ڕۆژنامەیە دەیخاتە نێو کۆمەڵگە، دیاردە ناشیرینەکانی دوژمنانی نێوخۆ و دەرەکی دەیانەوێ جێگیری بکەن تاکوو گەلەکەمان تووشی ئانۆمیی لە ئاستە جیاجیاکان بکەن سەری نەگرتووە و، ڕۆژنامەی “کوردستان” و قەڵەمی بەپێزی نووسەرانی هەموو کات پیلانی دوژمنان پیلانگێڕییەکەیانی ئاشکرا و پووچەڵ کردۆتەوە. تەنانەت بە هێنانی گوتار و وێژمانی سیاسی و یاساییانەی حیزب وەکوو ڕاپرسی بە چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆژهەڵات مێحوەری، ژوورە فکرییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی تووشی چالنج کردووە.
ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو سەرچاوە
ڕۆژنامەی “کوردستان” وەک ڕوژنامەیەکی بەرپرسیار و وەڵامدەر بە نیسبەت ئەو بابەت و وتارانەی لە ڕێگای ڕۆژنامەوە دەیگەیەنێتە دەستی خوێنەران توانیویەتی ڕاستگۆیانە و بوێرانە کۆی پرس و بابەتەکانی نێو کۆمەڵگە و حیزب بەرجەستە بکاتەوە و بە ئاوڕدانەوەیەک یان خەسارناسیەکی واقێعبینانە ڕاڤەیان بکا تاکوو هەم بتوانێ لەگەڵ خۆی و خوێنەراندا سادق بێ و ئەگەر بڕیاریش بێت دیاردەیەک بە باش یان خراپ لە ئاستی کۆمەڵگەدا بوونی هەبێت، دەستپێشخەر لە ڕاستای چارەسەر یان گەیاندنی واقێعبینانەی ئەو پەیامە بێت.
لە بارەی نێوەرۆک وەک ڕۆژنامەیەکی پڕ سەرمایە دەوری سەرەکی دەبینێ و هەر لەم سۆنگەیەوە گەلێک جاران کە ڕۆژنامەی حیزبەکانیتر لە ڕۆژهەڵات یا ڕۆژنامەکانی باشووری کوردستان دەخوێنیتەوە لە نێوئاخنی وتار و هەڵسەنگاندنەکانیاندا ئەو هزر و ئەندێشەیەی ڕۆژنامە بە نیسبەت پرس و بابەتی کوردستانی و نەتەوەیی ئاراستەی کردووە خۆی لە زۆر یەک لە ڕۆژنامەکانی باشوور بەرجستە دەکا و بووەتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ نووسەران تاکوو وەک پاشخانێکی هزری خۆیان بخەنە سەر کاغەز و بیگەیەننە نێو شەقام.
لە ئاستی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش چ ڕۆژنامە کوردییە ڕێگەپێدراوەکان یا دەستەبژێرانی نێو کۆمەڵگە کە دەست بۆ قەڵەم دەبەن، تەنانەت لە ئاستی شەقامی ئاساییشدا دەنگ و پەیامی ئاراستەکراوی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ئاستیی جودا جودا دا دەوترێ و دەبیسترێ کە لە ڕاستیدا ئەوە دەرخەری ئەم ڕاستیەیە و دەیسەلمێنێ کە ڕۆژنامەی “کوردستان” و گوتار و وێژمانەکەی توانیویەتی لە سەر ئەساسی کارکردی بوێرانە و ڕاستگۆیانە کاریگەری دروست بکا و لە لایەکی تریش ئەو شوێندانەرییە بۆ زیندووبوونی ئەو پرس و بابەتانە بۆ قەڵەمی بەپێزی نووسەرانی دەگەڕێتەوە کە ڕۆژنامەی “کوردستان”ی کردووە بە مەرجەعێک. هەر لەسەر ئەم ئەساسانە لەم بەشەدا بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە ئەگەر ڕۆژنامە بخوازێ کاریگەریی زیاتر لە پانتای جەماوەر بەرهەم بهێنێ، وەک زەروورەتێک پێویستە بتوانێ دوو پەنجەرەی تر لە ڕۆژنامە بە ناونیشانی دەنگی ئازاد کە خۆی لە ڕەخنەی دروستکەر لە حیزب یا پێشنیار کردن بۆ حیزب و هەبوونی لاپەڕەیەک بۆ کاریکاتێر بە نیسبەت هەموو پرس و باسەکانی نێو کۆمەڵگە لە ڕێگای ئەو هونەرەوە پێشکەش بکا، دوو چەمکی ڕاستگۆیی بە نیسبەت خۆی و بەردەنگەکانی و بوێری بە نیسبەت ڕەخنەی هەڤاڵانە زیاتر دەسەلمێنێ و هەر بە شێوەی ئێستا وەک پێشڕەو و سەرچاوە لێی دەنواردرێ.
لە کۆتاییدا وێڕای سپاس بۆ پشوودرێژی و لەسەرەخۆیی مامۆستا و بەشداربووان لە هەمبەر خوێندنەوەی ڕوانگەی برا بچووکتان هیواخوازم ڕۆژنامەی “کوردستان” بە هەڵسەنگاندن و ڕاڤەی ئێوەی هێژا دەوڵەمەندتر لە ڕووی وتار و کاریگەرتر لە ئاستی جەماوەر و بوون بە سەرچاوە و مەرجەع بوونی لە ئاستی دیالۆگ لە ناو جڤات و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەکانی تردا بپارێزێ و پێکەوە لە بەرهەمهێنانی ڕۆشەنگەری لە ئاستی تاک و جەماوەردا هاوشانی ڕەهەندەکانی تری خەبات دژی ڕێژیمی ئاخوندی کە سیاسەتی ئەو پەڕی کۆلۆنیالیستی و ئاسیمیلاسیۆن لە هەموو ڕوویەکەوە دژی نەتەوەکەمان بەڕێوە دەبات پشوو درێژانەتر تێکۆشان بکەین تاکوو ڕزگاری و ئازادی بێتە دی.