نوسەر تۆماس شمیدینگەر
خوێنەری بەڕێز، ئەم بابەتەی لە بەردەستان دایە، بەرهەمی خوێندنەوەو هەسەنگاندنی کتێبە بە ناوبانگەکەی فێردیناند هەننەبیشلەر ە کە لە لایەن دوکتۆر تۆماس شمیدینگەر وە نوسراوە. من بۆخۆم
ئەم زانیاریانەم بۆ گرینگ بوون هەر بۆیە هەوڵم دا بیکەمە کوردی و بیخەمە بەردیدی خوێنەرانی کوردزمان. دیارە ئەم بابەتە تەواو بە زمانێکی زانستیانە نوسراوە و کردنە کوردی وەها بابەتێکیش بە دڵنیایەوە زۆر ئاسان نیە. هیوادارم بمتوانیبێ مەبەستەکەم بپێکم و زانیاریەکم دابێتە خوێنەرانی بەڕیز.
فێردیناند هەننەبیشلەر لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دا، کە لە سەر سێ بنەمای گرینگی زمانەوانی و ژێنێتیکی و کۆنینەناسی بەڕێوەیبردوە، نە تەنیا باسێکی تازە ی زانستی لە سەر ڕەچەڵەکی کورد دێنێتە گۆڕێ، بەڵکو زنجیرەیەک لە زانستەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و بەمشیوەیە، لیکۆڵینەوەیەکی تازە لە سەر کورد و ڕەچەڵەکەکەی دەداتە دەست. هەننەبیشلەر لەو لیکۆڵینەوەیەدا پشتی بە سێ زانستی گرینگی لێکۆلینەوە مێژوییەکان بەستوە کە بریتین لە : لێکۆڵینەوەی ژێنێتێکی، باستانناسی یان کۆنینەناسی هەروەها زانستی زمانەوانی. بەم پێیە توانیویەتی ئەوە بخاتەروو، کە کۆرد پاشماوەی ئەو نەتەوە گەریدانەی ئێران، کە لە و ناوچانە بوون نیە، بەڵکوو کوردەکان نیزیکترین نەوەی ڕاوچی و گەڕیدەکانی دەورانی تازەی بەردن (Neolithikum)، کە لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی نیزیک ژیاون.
ئەو تێزەی بەوە زیاتر جێگای باوەڕ و متمانەیە، کە دەڵێ: پێش مەسیحییەتیش لەم ناوچەیە یەکێک لە کۆنترین بنەچەکەی کوردی لەم ناوچەیەدا ژیاوەن، کە ئێستا پێی دەگوترێ کوردستان.
هەننەبیشلەر لە دواین نوسراوەکانی خۆی دا ئەم تیزەی خستەڕوو، کە کوردەکان یەکێک لەو نەتەوانەن، کە رەچەڵەکێکی تێکەڵاویان هەیە، بەشێکیان پێکهاتەیەکن لە کۆنترین دانیشتوانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نیزیک و بە پێجەوانەی ئۆریەنت ناسەکانی ئاڵمانی، کە لە سەدەی ١٩دا پێیان وابو، کە کورد پاشماوەی مادەکانن. ئەوە تەنیا ئەفسانەیەکە، کە لە لایەن ڤلادمیر مینورسکی وەک ئۆریەنتناس و ئێرانناسێکی بە ناوبانگ باسی لێکراوە و ناسێندراوە، دەبێ بڵێین بەداخەوە تا ئەو جێگایەی، کە ئەم دواییانە هەربەم شێوەیەش کوردە ناسیونالیستەکانیشی گرتۆتەوەو، ئەوانیش باوەڕیان بەو تێزەی مینۆرسکی بە نێوبانگ هێناوە و چونەتە سەر ئەو باوەڕە، کە کورد لە ڕەجەڵەکی مادەکانە. بەمشێوەیە ئەم لێکۆڵینەوەی کە هەننەبیشلەر کردویەتی، بۆ یەکم جار دەیسەلمێنێ، کە ئەو ئەفسانە ناسیۆنالیستیەی کە گوایە کورد لە نەسڵی مادەکانە، هیچ بنەمایەکی زانستیانەی لە پشت نیە.
ئەوەی جێگای سرنجە لە لێکۆڵینەوەی ژێنێتێکیدا دەرکەوتوە ئەوەیە، کە نەتەوەکانی کورد، جولەکە، ئەرمەنی و هەروەها عەرەبەکان بنەمایەکی کولتوری دێرینی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیانگێنێتەوە یەک و ئەم کولتورە کۆنەی ، کە بە یەکەوەیان دەبەستێتەوە، نیشان دەدات کە یەک رەچەڵەک و بنەچەکەیان هەیە (لاپەڕەی ١٦) هەرلەو کاتەدا ئەو لێکۆڵینەوەی هەننەبیشلەر هەمووی ئەو تیزانە ڕەد دەکاتەوە کە کورد وەک لقیکی دابڕاو لە ئێرانیەکان و یا لە فارسەکان دەناسێنن. سەرکەوتنێکی دیکەی هەننەبیشلەر لەوەدایە، کە توانیویەتی رەچەڵەکی کورد وەک پێکهاتەیەکی کۆن و دێرینی ناوچەکە، کە تێکەڵاویەکە لە دانیشتوانی دێرینی ئەم ناوچەیە وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆو دیار تا دەورانی ئەنتیکە و جاری واشە کۆنتریش بەرێتەوە سەریەک وپێمان بسەلمێنێ، کە کورد یەکێکە لە کۆنترین نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە و هیچ پەیوەندیەکی بە نەتەوەی فارس و باقی کۆنە فەرهەنگ و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیەوە نەبوە و نیە.
هەننەبیشلەر لەم لێکۆڵینەوەیەیدا ئەوەش دەردەخات، کە بنەچەکەی نەتەوەی کورد ناکرێ تەنیا بە بەشێک لە کوردەکان یان خێڵ وعەشیرەتێک لە ناچەیەکی دیار ببسترێتەوە بەڵکو کورد لە باری ئێتنیکی و ژێنێتیکی(ئێتنۆلۆژیەکی ژێنێتیکی) تێکەڵاوە . هەر بۆیە هەننەبیشلەر لە ڕوانگەی گێڕنۆت ڤیندفورس (Gernot Windfuhrs)زیاتر لە ” ئاڵۆزی کورد ” (Komplex) قسەدەکات”(لاپەڕەی١٦).
” ئەوە بەو مانایەیە، کە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و بە دەستە و گروپێکی تایبەتیەوە نابەسترێتەوە “. (وەرگێڕ)
لەو بەناو ئاڵۆزیەدا، کە ئەو زاراوەکانی زازا و گۆرانیش بەشداری لێکۆلینەوەیەک کردوە و بەم شێوەیە دەیهەوێت بنەچەکە و پەیدابونیان لە رێگای لێکۆلینەوەی زمانەوانی و هەروەها ژێنێتیکیەوە بە دروستی بخاتەڕوو، ئەوەی جێگای سرنجە ئەوەیە، کە زازای نەک هەر لە باری زمانەوانیەوە لە گەڵ کرمانجی جیاوازە بەڵکو لە لێکۆلینەوەی ژێنتیکیشدا دەرکەوتوە کە جیاوازیان هەیە.
لە لێکۆلینەوەکانی لە سەر زازایەکان کراوە، تا ئێستا نەتوانراوە ژێنی (J2-M172) بدۆزرێتەوە، بەو پێیە زازاکان جیاوازیان لە گەڵ هەمو پێکهاتەکانی دیکەی نەتەوەی کورد داهەیە، ئەوە بەشێکی نیشانەی ئەوەیە، کە زازاکان تاڕادەیەک پرۆسەیەکی سەربەخۆیان تێپەڕاندوە و هەرواش ماونەتەوە (لاپەڕەی ١٨)
دوای خستنەڕووی لێکۆلینەوەکانی ژێنێتیکی لە سەر کوردەکان و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە، نۆبە دەگاتە بنەما کۆنینەناسەکان (archeology) کە بەر لە هەموو شتێک لێکۆڵینەوەکەی زیاترلە سەر پەیدا بوونی وشەیە “کورد” ە.
لێرەدا نوسەر بنەمایەکی زۆر بەهێز و جێگای متمانە و سرنجمان لە مداوم بوونی وشەی نارام.سین (٢٢١٩-٢٢٧٣ بەر لە مەسیح) تا وشەی مۆدەڕن و سەردەمی ئێستای “کورد” دەداتە دەست و بەم شێوەیە پرۆسەیەکی ئاڵ و گۆڕی ژینگەی ناوچەی سەروی میسۆپۆتامیا و هەروەها چیاکانی کوردستانمان باشتر پیدەناسێنێ.
بە تایبەتی لە ناوچەی دەوروبەری چیای سنجار، هەننەبیشلەر شانشینێکی دێرین دەدۆزیتەوە، کە لە لە ژێر ناوی “کوردا” نابانگی هەبوە ،کە دانیشتوانەکانی بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە ماری ئارشیودا هەن بە “کوردایتە” نیوبراون.
لە هەنگاوێکی دیکە دا، نوسەر دەتوانێ زنجیرەیەک لە هێندێ دەستەواژە بخاتە سەریەک، کە کۆتایەکەی دێتەوە سەر کوردەکانی ئەمڕۆیی، ئەوەش شتێکی تەواو سروشتیە ، کە ئەم دەستەواژانە وەک لە کوردی ئەمڕۆی دا باون بەو مانایە نەبوون بەڵکو بە شیوەیەکی بەربڵاوتر لەو مانادانە نیزیک دەبنەوە ” بە گشتی ئەم دەستەواژانەی وەک: کوردا، کاردا و کورتی، کە دەستەواژەگەلێکن لەو سەردەم دا، بۆ ئەو خەڵکانە بە کار هاتون، کە چیانشین بوون، ئەم دەستەواژانە، بە شێوەیەکی تایبەتی بۆ خێل یان کۆمەڵێک بە کار نەبراون” (لاپەڕەی ١٩٨).
دوای بنەما کۆنینەناسیەکان نۆرە دەگاتە بەشی زمانەوانی و زمانناسیەکەی، کە زمانی کوردی لە گەڵ زمانەکانی دیکەی ئێرانی و بە تایبەتی لە گەڵ زمانی یاغنۆبی (یاغنۆبی یەکێکە لە زمانە کۆنەکانی ئێرانی کۆن، کە ئێستاش لە باکوری دوشەنبە پێتەختی تاجیکستان یاغنۆبیەکان ئەم زمانەیان هەر زیندو ڕاگرتوە) بەراورد دەکات.
هەننەبیشلەر زۆر زانایانە زاراوەکانی زمانی کوردی، بەو تایبەتمەندیانەی کە لە کۆمەڵە زمانێک دا هەن و بە زمانەکانی ئێرگاتیڤیتی (Ergativity)، کە زمانی کوردیش دەگرێتەو،هەڵدەسەنگێنێ و لە گەڵ یەکتر دا بەراوردیان دەکا.
هەروەها بە لێکۆلینەوە لە زمانی کۆنی هوری و ئورارتای (Hurro-Urartai) و ئەرمەنی کۆن توانیویەتی وێکچونێک لە نێوان کوردی ئێستا و بنەماکانی زمانەوانی ئەو سەردەم دا بدۆزێتەوە و ئەم وێکچونە لە زمانەکانی ئێرانی تازەدا و بە تایبەتی لە کوردی دا بەدی دەکرێن. لە کۆتایدا ئەم لێکۆلینەوەیە، کە هەننەبیشلەر کردویەتی و لە تویی پەرتوکێکی زانستی دا بڵاوی کردۆتەوە ئەو بڕوایە لە زانایاندا بەهێز دەکات، کە ئەو زمانە ئێرانیەی ئێستا کوردەکان، ڕەگ و ڕیشەی بۆ بەر لە ئێران دەگەڕێتەوە و مێژووی بە ئێرانیکردنی دەورانێکی نیسبەت بە پەیدا بوونی زۆر تازەیە.
بەم شێوەیە توانراوە تا لانیکەم دەورانی ئەنتیکەی کۆن Antique)) بوونی کورد لەم ناوچانە بە شیوەیەکی زانستیانە بسەلمێندرێ ئەم دەلیل و بەڵگانەی نوسەر بە تەواوی جێگای باوەڕن، هەربۆیە لەمە بەولاوە لە ڕشتەکانی کوردۆلۆژی و ئێرانناسی دا وەبەرچاو دەگیردرێن.