ڕۆژنامه‌ی كوردستان، زمانحاڵی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان كه ژماره‌كه‌ی گه‌یشته هه‌شت سه‌د ژماره و ته‌مه‌نیشی گەیاندۆتە ٧٥ ساڵ، یه‌كێك له گرینگ‌ترین بڵاوكراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورده. “کوردستان” به‌درێژایی ئه‌و ٧٥ ساڵه هه‌رگیز له داگیرساندنی مۆمی ڕووناك‌كه‌ره‌وه‌ی نیشتمان نه‌وه‌ستاوه و تا ئێستا ٨٠٠ مۆمی ڕووناكی‌به‌خشی بڵاو كردۆ‌ته‌وه. دیاره پێش له‌دایك‌بوونی ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”ی زمانحاڵی حیزبی دێموكراتی كوردستانیش، هه‌ر به‌و ناوه ڕۆژنامه‌ی دیكه بڵاو بووه‌ته‌وه كه جێگا په‌نجه‌ی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا دیاره و جێگای باس‌كردن و شڕۆڤه‌كردنێكی جیاوازە كه له‌م نووسینه‌دا ناتوانرێ مافی ته‌واوی خۆی پێ بدرێ، بۆیه لێره‌دا باسه‌كه‌ی من ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”ی زمانحاڵی حیزبی دێموكراتی كوردستانەوە هه‌یه.
ڕۆژنامه‌ی “كوردستان” هه‌ر له ژماره یه‌ك‌یه‌وه كه ڕۆژی پێنج‌شه‌ممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤(١١ی ژانویه‌ی ١٩٤٦) له مەهاباد بڵاو بووه‌ته‌وه، ڕیساله‌تی پارێزگاری له كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كوردی به پانتایی هه‌موو نرخه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان وه‌ئەستۆه گرتووه و تا ئه‌مڕۆش ئه‌و ڕیساله‌ته‌ی هه‌ر له باوه‌ش گرتووه. سه‌روتاری ژماره یه‌كی ڕۆژنامه‌ی “كوردستان” نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییە‌یه و به زمانێكی پاراو و ساكار ئه‌و خه‌ته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ی بۆخۆی دیاری كردووه. سه‌روتاری یه‌كه‌م ژماره به قه‌ڵه‌می “سید محەممەد حەمیدی “به‌م جۆره ده‌ست پێ ده‌كا:
“له‌م كاته‌دا كه خاكی كوردوستان له هه‌موو وه‌ختێك زیاتر پێویستیی به فیداكاریی كوڕه‌كانیه‌تی بۆ ڕاگرتن، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌ستی و ئازادیی خۆیان و بۆ وه‌ده‌ست‌خستنی وسائیلی پێشكه‌وتنی هاونیشتمانییه‌كان ده ته‌قه‌لا دان. له‌م وه‌خته‌دا كه هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی عاله‌م غه‌یرەز سه‌ربه‌ستی و گه‌وره‌یی نیشتمانه‌كه‌یان ئامانجێكیان نییه و به شه‌و و به ڕۆژ بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن؛ ئێمه خه‌ریكی چین و ئامانجمان چییه؟”
نووسەر دوای لێكدانه‌وه‌یه‌كی كورت له سه‌ر وه‌زعی ئه‌وكاتی كوردستان به‌م جۆره كۆتایی پێ دێنێ:
“ئێمه كه به دڵمانا نه‌ده‌هات خاوه‌نی چاپخانه و ئینتیشارات بین؛ ئه‌وا به یارمه‌تیی خودا نامه‌ی “كوردستان” داندرا و هه‌وه‌ڵ ژماره‌ی بڵاو كراوه. ئه‌م نامه‌یه له لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه. ده‌یه‌وێ قه‌ڵایه‌كی ئاسنین له ئیتیحاد و برایه‌تی بێنێته به‌رهه‌م كه بناغه‌كه‌ی به زانست و هونه‌ر و له‌شساغی داندرابێ و بتوانێ ده‌گه‌ڵ سێڵاوی دوبه‌ره‌كی و بێدینی و هه‌مو جۆره ڕه‌وشتێك كه بۆ سه‌ربه‌ستی زه‌ره‌ر بێت به‌ربه‌ره‌كانی بكا، هیوامان وایه ئه‌م قه‌ڵایه‌ی كه خه‌ریكین قایمی بكه‌ین؛ وه‌ها قایم و به‌هێز بێت كه هیچ هێزێك نه‌توانێ به‌ربه‌ره‌كانی له گه‌ڵا بكا.”
ڕۆژنامه‌ی كوردستان له ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆیدا ئه‌و ئامانجه سه‌ره‌كییه‌ی كردووه‌ته به‌ردی بناغه‌ی به‌رنامه و نێوه‌رۆكی بابه‌ته‌كانی و به میكانیزمی ڕاستگۆیی، پاراوی له شێوه زمانی كوردیدا و وه‌فاداری به مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كه لە کاری خۆی بەردەوام بووە. دیاره سروشتییە له قۆناغه جیاوازه‌كاندا “کوردستان” ڕه‌نگه به‌ره‌وڕووی گه‌شه‌كردن یا لاوازبوون بووبێته‌وه، به‌ڵام خه‌تی نه‌گۆڕیوه و له چالاكی نه‌وه‌ستاوه.
ئەم ڕۆژنامە پڕ بایەخە له سه‌رده‌می كۆماردا ١١٣ ژماره‌ی لێ بڵاوكراوه‌ته‌وه – کە هیندێک لە ژمارەکانی بەداخەوە بەردەست نین- كه به خۆشییه‌وه له به‌رگێكی جوان‌دا به هاوبه‌شیی “ده‌زگای ئاراس” و “بنكه‌ی ژین” سەرلەنوێ چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه و ئه‌ركی ئاماده‌كردنی له سه‌رشانی ڕه‌فیق ساڵح و سدیق ساڵح بووه. ده‌توانم بڵێم كه ئەم کارە بەبایەخە نرخی شایانی خۆی له لایه‌ن ئه‌و دوو كه‌سه‌وه پێدراوه و به شێوه‌یه‌كی زۆرجوان و ڕێك‌وپێك، به زانیاری باشه‌وه له‌سه‌ر نووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی و به پۆلێن‌كردنی باسه‌كانی به‌رگێكی تازه و شیاویان به به‌ر ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”ی ئه‌م قۆناغه‌دا كردووه.
له قۆناغی دوای كۆماری كوردستاندا لووتكه‌ی گه‌شه و ناسرانی ڕۆژنامه‌ی “كوردستان” ئۆرگانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان له دوای پێكهاتنی كۆنفڕانسی سێ و ده‌ست‌به‌كاربوونی شه‌هید دوكتۆر قاسملوو وه‌ك سكرتێری گشتیی حیزب ده‌ست پێ ده‌كا و تا ساڵی ١٩٧٩ كه حیزب ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان درێژه‌ی هه‌یه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به كادری نووسینی وه‌ك دوكتور قاسملوو، مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده، مامۆستا هێمن، كاك كه‌ریمی حیسامی، كاك هاشمی كه‌ریمی، كاك جه‌لال میراوه‌یی، كاك حه‌سه‌ن ڕەستگار، كاك حه‌مه‌ده‌مینی سیڕاجی و چه‌ندین كادری لێوه‌شاوه‌ی حیزبی دیكه و هاوكاری چه‌ندین ڕووناكبیری باشووری كوردستان، ڕۆژنامه‌ی كوردستان به‌رده‌نگێكی زۆری له باشووری كوردستان به‌ده‌ست هێنا و به هۆی ئه‌ده‌بیاتی جوان و زمانی پاراوی كوردییه‌وه بوو به یه‌كێك له سه‌رچاوه به‌نرخه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی. له‌و سه‌رده‌مه‌دا من خۆم كه لاوێكی قۆناغی دواناوه‌ندیی قوتابخانه بووم، شانازی ئه‌وه‌م هه‌بوو كه له بڵاوكردنه‌وه‌یدا هاوكاری بكه‌م و خوێنه‌ری هه‌موو ئه‌و وشانه بم كه لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆژنامه‌یان پێ دەڕازایەوە. به‌ڕاستی ده‌توانم شاهیدیی ئه‌وه بده‌م كه ئینسان له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی “كوردستان” چێژی ده‌برد. هه‌م فێری كوردییه‌كی ڕه‌سه‌ن و پاراو ده‌بوو، هه‌م زۆر بابه‌تی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی ده‌خوێنده‌وه. زۆر ڕه‌خنه‌ی بابه‌تی و جێگای سه‌رنجی به‌رچاو ده‌كه‌وت و گه‌لێك زانیاری به كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت. به‌خۆڕایی نه‌بوو كه ڕووناكبیرانی كوردستان به چاوەڕوانیه‌وه ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌یان تاقیب ده‌كرد و كتێبخانه‌كان به باوه‌شی ئاواڵه‌وه ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”یان وه‌رده‌گرت تا بڵاوی بكه‌نه‌وه.
دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران ڕۆژنامه‌ی “كوردستان” دیسان له فۆڕمێكی دیكه‌دا، به‌ڵام به هه‌مان ئامانج و نێوه‌رۆك له‌نێو جه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له زێدی له دایكبوونی، واته شاری مەهاباد ده‌ستی به بڵاوبوونه‌وه كرده‌وه. ئه‌م قۆناغه بۆ ڕۆژنامه‌ی كوردستان هه‌روه‌ك بۆ خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی كوردستان قۆناغێكی پڕ هه‌وراز و نشێو و سه‌ركه‌وتن و شكان بووه، قۆناغی ماڵ به‌كۆڵی و شاخه‌وشاخ كردن بووه. له مەهاباده‌وه بۆ دۆڵی شێخان، بۆ شیوه‌جۆ، بۆ دولكانی ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت، بۆ گه‌ڵاڵه، بۆ گه‌وره‌دێ، بۆ قه‌ندیل و له كۆتاییدا بۆ كۆیه، به سه‌رشانی دڵسۆزانی حیزب و گه‌له‌وه ماڵی بۆ گوازراوه‌ته‌وه و له كه‌ش و هه‌وایه‌كی پڕ كێشه و شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌كانیدا درێژه‌ی به ژیان داوه. كه‌وتووه و هه‌ستاوه‌ته‌وه، وه‌ك حیزبه‌كه‌ی دابه‌ش بووه له دوو جێگا و دوو به‌رگی جیاوازدا بڵاو بوه‌ته‌وه، به‌ڵام له ڕێبازه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی لای نه‌داوه.
له باره‌ی گرینگی پێدانیشه‌وه ڕۆژنامه‌ی كوردستان قۆناغی جیا جیای دیوه. قۆناغی وای دیوه كه هه‌م نووسه‌ری باش به‌هۆی ئه‌وه‌وه ناسراوه، هه‌م ئه‌و به هۆی نووسه‌ری باشه‌وه گه‌شه‌ی كردووه. وه‌ك قۆناغی سه‌رده‌می كۆمار و سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی له باشوور. به‌ڵام قۆناغی واشی دیوه كه به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بووبێ، نووسه‌ره‌كانی نادیار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی سه‌ربازی ون بوون. له دوای كۆنگره‌ی چواری حیزبی دێموكڕاتی كوردستانه‌وه تا ماوه‌یه‌ك دوای كۆنگره‌ی حه‌وتی حیزب كه من بۆخۆم شانازی نووسین، ده‌سته‌ی نووسه‌ران و ته‌نانه‌ت (ئه‌و كاته‌ی له دولكان بووین) سه‌رپه‌رستیی ئینتیشاراتم هه‌بوو كه ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”یش به‌شێك بوو له‌و ئۆرگانه، حیزب له ڕاستیدا زوڵمی له نووسه‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌كرد و ناوی هیچ كه‌س له‌گه‌ڵ نووسراوه‌كه‌ی نه‌ده‌هات. هه‌ربۆیه‌ش نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه ون بوون و زۆرتر ڕۆڵی سه‌ربازی ونیان هه‌بوو. بۆیه به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر ئێستا كۆكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می كۆمار بۆ ڕۆژنامه‌ی كوردستان بكرێ، ناتوانرێ ئاوا به جوانی ته‌نانه‌ت بیۆگرافییه‌كی كورتی به‌ڕێوه‌به‌ران و نووسه‌رانی له مێژوودا تۆمار بكرێ. به‌داخه‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی حیزب كه له به‌شێكیدا من بۆخۆشم تێیدا به‌شدار بووم، زوڵمێكه له‌وانه‌ی كه زه‌حمه‌تێكی زۆریان له ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”دا کێشاوە. به‌ڵام به خۆشیه‌وه له دوا قۆناغی ڕۆژنامه‌كه دا تا ئێستا دیسان به شێوه‌یه‌كی شه‌ففاف ڕۆڵی هه‌ر كه‌سێك تێیدا چالاك بووبێ دیاره.
هەر گەشاوە بێ ئەستێرەی “کوردستان” لە ئاسمانی ئەدەب و ڕۆژنامەنووسیی کوردی‌دا.