لە بەرەربەری بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێراندا و دروشمە پڕ زریقەوبریقە و قسە هەڵیتوپڵیت و بێبنەماکانی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ ئەو بەرپرسایەتییە بەربژێر کردووە و وەک هەمیشە وادە و بەڵێنی نێوبەتاڵ و درۆیین بە خەڵکی ئێران بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتی دەدەن و ڕووهەڵماڵاوانە داوا لە خەڵک دەکەن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە هەڵبژاردنە ڕواڵەتییەکانی ئەو ڕێژیمەدا بەشداری بکەن؛ لەوەها دۆخێکدا زۆر سەیر و جێی سەرسووڕمان دەبێ کە ژنانی ئێران بیر لەو هەڵبژاردنانە بکەنەوە. بە واتایەکی دی ژنان لە ئێران پاش زیاتر لە چل ساڵ بێبەشی و زەوتکردنی هەموو ئازادییەکانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئاخوندییەوە، دیسانەکەش ملی ڕێگە بگرنە بەر و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان!
ئەگەر بمانەوێ لەسەر ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی بنووسین و باس لە کێشە و بەربەستەکانی سەر ڕێگایان بکەین، بۆ کەس شاراوە نییە کە ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و لەژێر یاسای پیاوسالاریدا سەرەکیترین مافەکانی لێ زەوت کراوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە بە شێوەی سیستماتیک ژنانی ئێرانی چەوساندۆتەوە و لە زۆر بواردا پەراوێزی خستوون و لە کونجی ماڵەکانی پەستاوتوون و … .
ڕووی قسەی من لێرەدا زیاتر لەو ژنانەیە کە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن و دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، لە ژنانێک کە لە وڵاتەکەی خۆیان وەک هاووڵاتیی پلە دووش حیسابیان بۆ ناکری، لەو ژنانەی کە تەنانەت ئیزنی ئەوەیان نییە پاسکیلسواری بکەن، ژنانێک کە وەک نیوە مرۆڤێک حەساویان بۆ دەکرێ، ژنانێک کە بۆ وەرگرتنی میرات و بەشە ماڵ نیوەی براکەیانن. هەروەها ڕووی قسەم لەو ژنانەیە کە بۆ شایەتیدان لە دادگاکان وەریان ناگرن، یان بە دوو ژن حسێبی شایەتێکیان بۆ دەکرێ. ئەو ژنانەی مافی ئەوەیان نییە بچنە یاریگاکان و لە زۆربەی بەشە وەرزشییەکاندا لە بەر پۆشینی جۆری جلوبەرگی ئەو وەرزشانە ناتوانن لە کێبەڕکێ نێونەتەوەییەکاندا بەشداری بکەن، ئەو ژنانەی مافی چوونە دەرەوە لە ماڵ و وڵاتیان بەبێ ئیزنی پیاو نییە، ئەو ژنانەی کە تا شوو دەکەن بۆ سەفەرکردن و چونە دەرەوە لە ماڵ دەبێ ئیزن لە باوک و برا وەرگرن و دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش دەبێ بۆ ئەمانە ئیزنی مێردکەیان پی بێ و؛ بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتیش دەبێ حەتمەن باوک یا مێردەکەیان ڕەزامەندیی خۆی دەربڕیبێ. جیا لە هەمووی ئەوانە، ژنێک کە ٩ مانگ منداڵێک لە زگیدا هەڵدەگری و ئەزیەت و ئازاری پێوە دەکێشێ کەچی کە بە دنیای هێنا، باوکی دەبێتە خاوەنی.، کەسێک کە دوای جیا بوونەوە لە هاوژینەکەی تەنیا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانێ ئاگای لە منداڵەکەی بێ.
سەیرە، ژنێک کە هەقی هەڵبژاردنی شێوەی لەبەرکردنی جلوبەرگی خۆی نەبێ و ڕۆژانە بەبەرچاوی خۆیان کچان و ژنان بە تاوانی! ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنەکانی حیجابی زۆرەملێ دەگیرێن و لێیان دەدرێ و لە لایەن دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمەوە حوکمی جۆراوجۆر و زیندانیی درێژماوەیان بە سەر دادەسەپێ؛ هاوکات لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و لێپێچەر و ئەشکەنجەدەرەکانەوە ئەوپەڕی سووکایەتییان و تەنانەت دەستدرێژیشیان دەکرێتەسەر و… ؛ سەیرە کە ژنان بەو حاڵەشەوە خۆیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا ببیننەوە.
ماومەوە کە لە سایەی ڕێژیمێکی ئاوا دژەژندا، ژنان بە چ غوروور و کەرامەتێکەوە دەیانەوێ بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان!؟ بە ڕاستی ژنانی وڵاتەکەم دەیانەوێ دەنگ بە چی و بە کێ بدەن، و گەرەکیانە بە دەنگدانیان چی بگۆڕن و کام شکۆ و پێگە و کەرامەت بۆ خۆیان بگەڕێننەوە!
هەمووان دەزانین کە پاش شۆڕشی ۵٧، ڕێژەی هەڵاواردن و جیاکاریی یاسایی و فەرمی زۆرتر بووە، توندوتیژیی بنەماڵەیی، لێدان و داپڵۆسینی ژنان، دەستدرێژی ڕەگەزی، قەتڵە نامووسییەکان، ئیزندانی چەند هاوسەری بە پیاوان، بە زۆر بەشوودانی منداڵان و منداڵهاوسەری، لەشفرۆشی، منداڵانی کار، بەکرێدانی کچانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، فرۆشتنی کچ لەلایەن بنەماڵەوە، تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر و … گەیشتۆتە چڵەپۆپە و ئەمانە ئەو دیارییانەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ژنانی ئێرانی بە دیاری هێناوە. کەواتە ژنان دەبێ خۆیان وەک دۆڕاوانی سەرەکیی ئینقلاب و نیزامی کۆماری ئیسلامی بزانن و نابێ هیچکات ببنە مۆرە و ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بەو سیستم و حکوومەتە دواکەوتووە.
هەر بەم پێیە، بۆیە هیچ کات لەو ژنانە تێ ناگەم کە بۆچی دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؟!