شوڕای نیگابان وەک ئەستۆندەگێکی تاوڵی کۆماری ئیسلامی باشییەکیشی هەیە کە کەمتر سەرنجی دەدرێتێ و تەتەڵە دەکرێ. هەر ئەو لەبێژینگدانەی پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکان لە ئێران کە هەموو دوو ساڵ جارێک وەک ئەرکێکی قورس! کەوتووەتە سەر شانی ئەو ئۆڕگانە بەهێزەی حکوومەتی ئێران، باشترین وێناکردنێکە کە دەکرێ بۆ پێکهاتەی نیزامی سیاسیی ئێرانمان هەبێ. ئەویش نائازادبوون، نادێموکراتیکبوون و ئیدۆلۆژیکبوونی بەڕواڵەت هەڵبژاردنەکان و مهەندیسیکردنی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن شوڕای نیگابانەوە، ئەویش بۆ ڕاگرتنی کۆماری ئیسلامی لە با و بۆرانی ڕووداوەکان.
ئەو باشییەی شوڕای نیگابان بەتایبەت لەم گەڕە لە پڕۆژەکانی بەناو هەڵبژاردندا لە زۆر ڕەهەندەوە دەکرێ بخەینە بەرباس کە گرینگترینیان ئەمە بوو: نەک نەهێشتنی ئاسەواری ڕێفۆڕمخوازانی حکوومەتی لە بازنەی باوەڕپێکراوانی ڕێژیمدا، بەڵکوو وەلانان و دەرپەڕاندنی هەر کەس و لایەنێک کە بیەوێ بۆنێکی ئەوانی بەسەردا چووبێ، جا با ئەو کەسە عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەر بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و سەرۆکی ١٢ ساڵ دەزگای قانووندانی ڕێژیمیش بووبێ. شوڕای نیگابان ئەگەرچی باش دەزانێ کە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی بیست و چەند ساڵی ڕابردوودا ئیسلاحتەڵەبەکان یەکێک لە سەرچاوەکانی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بوون، بەڵام ئەمجارەیان کاتەکە ئەوەندە هەستیارە کە کورد گوتەنی حاشا لە “گۆشتی کەروێشک و بۆ تسی تاژی….”.
باشییەکەی شوڕای نیگابان لەوەدایە کە ئەمجارەیان ئاداری بە سەر پاداری کڵێشە گشتییەکەی کۆماری ئیسلامییەوە نەهێشت و بە نێوبەتالکردنی بەتەواومانای هەڵبژاردنەکان چارەنووسی پێشگری کۆماریی لە ناونیشانی ئەم ڕێژیمە یەکلا کردەوە. ئەمەش وایکردووە کە گەورەترین کەمپەینی بایکۆت و پشتکردن لە سندووقەکانی دەنگدان لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا بخرێتە گەڕ. شوڕای نیگابان بە ڕۆژی ڕوون هاوار دەکا کە پێکهاتەی ئۆتوریتەخوازی ڕێژیمی ئیسلامی و بەرژەوەندی و باڵادەستیی دامودەزگای ویلایەتی فەقیهـ ڕێگە بە هیچ هەڵبژاردنێکی ئازاد و هاوبەشیی سیاسیی خەڵک و ئیرادەنواندنیان نادا.
باشییەکەی شوڕای نیگابان بەتایبەت ئەمجارەیان ئەوەیە دەری خست کە نایەوێ وەک پێشوو ئەرک و زەحمەت و هەروەها سەرئێشەی دەسکاریی دەنگەکانی بکەوێتە ئەستۆ، بۆیە هەر لە هەنگاوی یەکەمدا ئەوەی دەبێ ڕوو بدا یەکلای کردووەتەوە. چونکی کەسێکی نەهێشتووەتەوە خەڵک بەتەمای ئەو بخەڵەتێ و خۆی لەسەر سندووقی دەنگداندا ببینێتەوە. باشییەکەی شوڕای نیگابان هەروەها ئەوەیە کە بەبێ هێچ پیچ و پەنایەک پەردە لە پڕۆژەی بە سەرکۆمارکردنی ڕەئیسی لا دەدا و، گوێی بە هیچ تانە و تەشەر و پەلامارێکیش نابزوێ. چونکی نایەوێ بە قەرا نووکەدەرزییەک هەڵەی پێشوویان لە مەیداندان بە بەڕواڵەت میانەڕەوەکانیش دووپات کەنەوە کە بووە هۆی کورتیهێنان و شکانی “ڕەئیسی” لەبەرامبەر “ڕوحانی”دا. هەڵبەت نەک شوڕای نیگابان بەو بڕیارەی، بەڵکوو لە هەموو چوار ساڵی ڕابردوودا تەواوەتیی ڕێژیم زۆر بەرنامە و شۆی تەبلیغاتیی بە مەبەستی بردنەسەرێی ئاستی خۆشەویستی و متمانەی کۆمەڵایەتیی ڕەییسی وەڕێ خستووە. بۆ ئەوەی لە ئایەتوڵلای ئێعدام کەسێکی بەڕواڵەت خەڵکی و خاکەڕا، دەستپاک و دژی گەندەڵی، کارامە و شێلگیر! وێنا بکەن.
پڕۆژەی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆککۆماری جۆرێک مهەندیسی کراوە کە حەوجێ بە حەماسەی! بەشداریی خەڵکیش نەکا، بەتایبەت کە کارتی “کڕۆنا”ش لە گیرفانی شوڕای نیگاباندایە کە ئەگەر پێویست بە پاساو و بیانوویەک بۆ کەمیی ئاستی بەشدارییەکان بوو، بیهێنێتە دەری و دەکاری بکا. بەڵام لە ڕاستیدا ڕوو وەرسووڕانی ئەمجارەی خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان زۆر هۆکار و سەبەبی هەن کە دەکرێ هیندێکیان لەو خاڵانەدا کۆ بکرێنەوە:
هەموو کاتێک فاکتەری ئابووری یەکێک لەپاڵنەرە سەرەکییەکانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بووە. دۆخی قەیرانلێدراوی ئابووریی وڵات و گرانی و بێکاری و ئاوسانی هەوسارپچڕاو ئەگەر دەسمایەی بەربژێران بۆ پێدانی وادە و بەڵێن بووە، ڕۆڵی گرینگیشی لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بووە. ٨ ساڵ سەرکۆماریی حەسەن ڕوحانی بەرهەمی ئەم هیوا زۆرە بوو کە خەڵک بە دەوڵەتی “هیوا و مشووری” ئەویان هەڵچنیبوو. بەڵام بەردەوامی و خراپتربوونی چەند قاتی دۆخی ئابووری و ژیانی خەڵک ئەوانی لە هەر گۆڕانکارییەک بە قازانجی خەڵک تەمابڕاو کردووە. خەڵک ئیستا بە تەواوی بۆیان دەرکەوتووە کە کلیلی ئابووریی وڵات لە دەستی سەرکۆماردا نییە، بەڵام دەکرێ سەرکۆمار هیندەی دیکەش نەهامەتیی نوێیان بۆ بەدیاری بێنێ. ئێستا ئیدی هەمووان دەزانن کە ئابووریی ئێران لە پاوانی سپای پاسداڕان و بنیاتەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەردایە و داهات و سامانی گشتیی وڵات لە پڕۆژە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی ڕێژیم لە ناوچەدا خەرج دەکرێ. تەنانەت ئیشتیای ئەو مافیا ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتییە هیندە زۆرە کە بە پاوانکردنی هەموو شادەمارە ئابوورییەکانی وڵاتیش ئۆخژنیان نایە و بەشی زۆری بودجەی وڵاتیش کە دەخرێتە بەر دەستی دەوڵەت، بۆ گیرفانی ئەوان دەڕوا. بۆیەشە خەڵک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا زۆر بە ساردی و سڕی بە تەنیشت وادە و بەڵێنی زۆر و جۆراوجۆری ئابووریی بەربژێراندا تێدەپەڕن، چونکی دەزانن بێ دەسەڵاتتر لەوەن بتوانن هەنگاوێک لە بەرژەوەندیی خەڵک هەڵبێننەوە.
هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی مافەکانی خەڵک لە بواری سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانیش زۆر خراپتر لە دۆخی ساڵانی پێش ٩٢یە. توندترین سەرکوت و خوێناوترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی لە چوار ساڵی ڕابردوودا کراون و ئەوەش ئاستی متمانە بە دەوڵەت و حکوومەتی بە تایبەت لە شارە بچووک و ناوچە سنوورییەکان کە پێشتر زۆرترین ئاستی بەشداریی خەڵکی تێدا دەبیندرا، بە یەکجاری دابەزاندووە.
خەڵکی ئێران هێشتا لە شۆکی سەرکوتە خوێناوییەکەی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دان، ئەو ناڕەزایەتییانەی هیچ شەرعییەتێکی بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەهێشتەوە. بزووتنەوە مەدەنییەکانی چەند ساڵی ڕابردووش پێمان دەڵێن کە ئاراستەی هێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێچەوانەی پێشوو کە ئینتیمای چاکسازییان تێدا بەدی دەکرا، ئێستا خۆڕاگری و تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە.
بەڵام شوڕای نیگابان خۆ لەخۆڕا دەهۆڵی بۆ ڕیسوایی خۆی و ڕیژیم هەڵنەگرتووە. هەمووان دەزانن کە ئەو بەناوهەڵبژاردنە پڕۆژەیەکە کە دەتوانێ پرسی جێنشینیی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی تێدا یەکلا بێتەوە. بۆیە ئیلیت و نوخبە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداری ڕێژیم سەرەڕای دەسەڵاتی سنوورداری سەرکۆمار و بێ گرینگیدان بە کەمی و زۆریی ئاستی بەشداریی خەڵک ئامادە نەبوون ڕیسک بکەن. چونکی لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئێستا کاتی خۆنواندن و ڕواڵەتسازی بۆ هەڵبژاردنێکی ئەوتۆ نییە کە لە بنەڕەتڕا ئاکامەکەی یەکلا نەبووبێتەوە. ئەوەی بۆ ڕێژیم لە ئێستادا لە هەموو شتێک گرینگترە “بەقا” و مانەوە لە قۆناغی تێپەڕینی ڕێبەرییە، قۆناغێک بێ کەمترین و چووکەترین تێچوو کە وێناچێ سەرەڕای هەموو ئەو ئەندازیارییە، وەک بۆخۆیان دەیانەوێ، بۆیان بچێتە سەر. چونکی خەڵک ئەو بەناو هەڵبژاردنەی ٢٨ی جۆزەردان دەکەن بە ڕاپرسییەک بۆ تێپەڕین لە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمە دواتریش بەدووی ڕێکاری بەکردەوە بۆ ئەو تێپەڕینەدا دەڕۆن.