هەڵبژاردن و هەڵبژێرانی ئازاد یەکێک لە بنەماکانی دێموکراسییە، بەو مانایە سیستمی بەرێوەبەریی هەر وڵاتێک کە لە ڕێگای هەڵبژاردن و هەڵبژێرانی ئازادەوە بەڕێوە بچێ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەو سیستمە سیاسییە لەسەر بنەماکانی دێموکراسی دامەزراوە و هێز و دەسەڵاتی خۆی لە خەڵک وەرگرتووە و لەبەرامبەر خەڵکیشدا بەرپرسیار و وەڵامدەرە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٨ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ دەوری سێزدەهەمی سەرکۆماری و دەوری شەشەمی شوڕاکانی شار و گوندەکان بەناو هەڵبژاردنێک بەڕێوە دەبا کە پتر لەوەی پڕۆسە بێ، پڕۆژەیەکە و هەر لەجێدا هەموو نیاز و مەبەست و تەنانەت میکانیزمەکانی تێدا دەخوێندرێتەوە. ئەوەش کە ئەو هەڵبژاردنانەی جۆزەردان لە هەڵبژاردنەکانی دیکە کە ئەم ڕێژیمە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا بەڕێوە بردووە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە، لایەنگرانی تەحریم و بەشدارینەکردن لەو بەناو هەڵبژاردنانەدا ڕێژەکەی چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە نێو ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک بەرچاوە کە تەنانەت دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تەواو هەراسان کردووە. ئەوان لەبەرامبەردا بە هەموو توانای ماددی و تەبلیغیی خۆیان هەوڵی ئەوە دەدەن خەڵکێکی زیاتر لە ڕۆژی دەنگداندا بکێشنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بەڵام گەلانی وەزاڵەهاتوو لە دەست سیاسەتە هەڵە و چەوت و ڕووخێنەرەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە ئێستا ئیدی باشتر لە هەموو کاتێک دەزانن کە چوونیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تەنیا یارمەتی بە مانەوەی ئەو نیزامە سەرەڕۆیە دەدا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیان و داهاتووی ئەوان نابێ.
٤٢ ساڵ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی و مێژووی بەناو هەڵبژاردنەکان لەو ماوەیەدا جێی هیچ شک و گومانێکی بۆ کەس نەهێشتووەتەوە کە پڕۆژەی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەبەر ئەوە کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دێموکراتێک نین و لە نێوەرۆک بەتاڵن، بۆیە ناتوانێ خاڵی گۆڕان و شوێنی ئاڵوگۆڕ بێ لە کۆمەڵگەدا و لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵک بشکێتەوە.
لە سەردەمی ئیستادا و لەو وڵاتانەی کە بە شێوەی دێمۆکراتێک بەڕێوە دەچن، خەڵک لە ڕێگای دەنگدان و بەشداریی چالاکانە لە ڕەوتی هەڵبژاردندا ئیرادەی خۆیان نیشان دەدەن و نواندنی ئەو ئیرادەیە، نیشانەی هاوبەشی و بەشداریکردنی خەڵکە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. بە واتایەکی دیکە لە هەڵبژاردنی ئازاددا خەڵکی زیاتر لە پرۆسەکەدا بەشداری دەبن و بەشداریکردنی خەڵکیش بەمانای ئەوەیە کە کۆمەڵگەکە زیندوویە و دەیهەوێ چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی بێ. لە جۆرە کۆمەڵگەیانەدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئارامی و لە ڕێگای دەنگی خەڵک و ئاکامی هەڵبژاردنەکانەوە دەکرێ.
بەڵام بەڕێوەبردنی پرۆسەیەک بە ناوی هەڵبژاردن ناتوانێ نیشانەی دێمۆکراتبوون و ئیرادەی بەربەرینی خەڵک بێ، ئەوی دەرخەری دێمۆکرات بوونی هەر هەڵبژاردنێکە، شێوەی بەڕێوەچوون و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو هەڵبژاردنەیە. لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاددا، بیجگە لەو مەرجانەی بە قانوون بۆ هەر دەنگدەر یا بەربژێریک دیاری کراوە وەک تەمەن، ڕادەی خوێندەواری و نەبوونی پێشینەی تاوان، بابەتی دیکەی وەک دین، مەزهەب، بیروبۆچوونی سیاسی و ڕەگەز و… ناتوانی ڕێگر بن لە بەردەم دەنگدان یا خۆ پاڵاوتندا. لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاددا دامەزراوە سەربەخۆیەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیەنە گشتییە ئازاد و سەربەخۆکان هاوشان لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان چاوەدێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.
لەو وڵاتانەش کە بە شێوەی دێمۆکراتیک بەڕێوە دەچن، پرۆسەی هەڵبژاردن وەک یەکێک لە سەرەکیترین بنەماکانی دێموکراسی چاو لێ دەکەن و بۆیان گرینگە کە بە باشترین شێوە ئیرادەی خەڵکی تێدا بەرجەستە ببێتەوە. لە سیستمی دێموکراسیدا ڕوانگەکە ئەوەیە کە بەو ڕادەیە کە هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتێک بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی وڵات گرینگە، بەو ڕادەیەش کاریگەری هەیە لەسەر پێوەندییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی. چونکە شێوازی بەڕێوەچوون و دەرکەوتەی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن، سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە نیشانی کۆمەڵگەی جیهانی دەدا و لە هەمان کاتدا ئەو کەس یا کەسانە، یا نوێنەرانی حیزبەکان کە ناویان لە سندووقەکانی دەنگدان هاتووەتە دەرێ و بۆ ماوەیەک دەبنە دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری وڵات، لە داڕشتنی سیاسەتی خاریجیدا ڕۆڵ و نەقشی بەرچاویان دەبێ. لە سەردەمی ئیستاشدا کە کۆمەڵگەی جیهانی لە بواری ئابووری و سیاسییەوە بە تەواوی گرێدراوی یەکترە و پێوەندی خاریجیی هەر وڵاتێک ڕاستەوخۆ بە لایەنی باش یا خراپدا کاریگەری هەیە لەسەر ژیان و پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک، ئەمەش وەک فاکتەری گرینگ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەخوێندرێتەوە.
بەو خوێندنەوەی سەرەوە لە هەڵبژاردنی ئازاد و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی و پێکگرتنی لەگەڵ هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە ڕوونی بۆمان دەر دەکەوێ کە هەڵبژاردنەکان لە ئێران و شێوەی بەڕێوەچوون و جێگە و پێگەیان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا هیچ تەبایی و لێکچووییەکی نییە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئازاد کە لەودا ئیرادەی خەڵک خۆی تێدا بەرجەستە دەکاتەوە وبە ئاشکرا دەبیندرێ. بەشێکی بەرچاوی ئەو کەمایەسییە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی تێڕوانینی دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی داڕێژەرانی قانوونی بنەڕەتیی وڵات. چونکە کورد گوتەنی ئاو لە سەرچاوەکەی لێڵە.
قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پڕە لە ناتەبایی لەگەڵ یەکتر، بۆ نموونە هەر لەسەر هەڵبژاردن لە ئەسڵی ٥٦ی قانوونی بنەڕەتیدا قانووندانەر دەڵێ: “… خوا ئینسانی بەسەر چارەنووسی کۆمەڵایەتیی خۆیدا حاکم کردووە و هیچ کەس ناتوانێ ئەو مافە کە خوا پێی بەخشیووە لێی بستێنێ یا بینێتە خزمەت بەرژەوەندیی کەسێک یا تاقمێک.” بەڵام دەبینین لەو جیگایە کە باس لە سەڵاحییەتەکانی شوڕای نیگابان دەکرێ بە تەواوی ئەو مافانە کە لە ڕوانگەی ئەسلی ٥٦وە دراوە بە تاکەکان، زۆر بە ئاسانی لێیان دەستێندرێتەوە و پێچەوانە لەلایەن قانووندانەرەوە مافی ڕەها دەدرێ بە تاقمێکی چەند کەسی لە شوڕای نیگەهبان. ئەو شوڕایە بەپێی ئەسڵەکانی ٩٨ و ٩٩ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم شیکردنەوە، واتا تەفسیری ئەسڵەکانی قانوونی بنەڕەتیی لە ئەستۆیە و هەم چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکانی (سەرکۆماری، مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری، گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و ڕاپرسیی گشتی)دا دەکا. بەپێی خوێندنەوەیەک کە شوڕای نیگابان لە چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا کردوویەتی، چاوەدێریی ئیستسوابیی (نظارت استصوابی) وەک ئەرک و هاوکات سەڵاحییەت بۆخۆی دەستنیشان کردووە و هەر ئەو شێوە چاوەدێرییە دەسەڵاتێکی ڕەهای داوە بە شوڕای نیگابان بۆ وەڵانانی بەربژێرەکان لە هەڵبژاردنەکاندا. چونکە مانای چاوەدێری ئیستسوابی ئەوەیە کە بڕیاری چاوەدێر هەرچی بوو لەسەر بەربژێرەکان دەبێتە قانوون و هیچ دامودەزگایەکی دیکە نییە بتوانێ تانە لەو بڕیارە بدا و هەر ئەوە خۆی پێچەوانەی ئەسلی ٥٦ی قانوونی بنەڕەتی وڵاتە کە لە سەرەوە باسمان لێ کرد. لە هەمان کاتدا لەپێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا، لە ئەسلی ١١٥ی قانوونی بنەڕەتی و ماددەی ٣٥ی قانوونی هەڵبژاردندا دیسان ئەسلی ٥٦ی قانوونی بنەڕەتی هاتۆتە ژێر پرسیار. چونکە لە هەردوو لەو برگە قانوونییانەدا تەنیا مافی کەمینەیەکی بچووک لە ئێران لەبەرچاو گیراوە و مافی زۆرینەی خەڵکانی ئێران نەک لەبەرچاو نەگیراوە بەڵکوو بە قانوون پێشێل کراوە. ئەسلی ١١٥و ماددەی ٣٥ی قانوونی هەڵبژاردن دەستنیشانی ئەوە دەکەن کە سەرکۆمار دەبی ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێ: پیاو بێ، لە هەمان کاتدا مەزهەبی و سیاسیی بێ و هەر ئەو برگەیە خۆی بە ڕوونی دوو توێژ لە کۆمەڵگەدا ڕاستەوخۆ لە مافی بەربژێربوون بێبەش دەکا: ژنان و هەموو ئەوانەی باوەریان بە مەزهەبی ڕەسمی بەتایبەتی ویلاتی ڕهای فەقیهـ نییە.
خاڵێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری تیشک خستنەسەر ئەو ڕاستییەیە کە سەرکۆمار لەو وڵاتە خاوەنی ئەو سەڵاحییەتەش نییە کە بتوانێ لەسەر کێشە سەرەکییەکانی وڵات بڕیار بدا یان بیەوێ لە بەرژەوەندیی تەنانەت دەنگدەرانی خۆیدا هەنگاوێک هەڵینێتەوە. سەرکۆمار لە ئێران نەک لوتکەی هەرەمی دەستەڵات نییە، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا “خاتەمی” گوتەنی دەتوانێ تەداروکاتچییەکی باش بێ و ئەوە ڕێبەری و بازنەی دەرەوەی قانوون لەو وڵاتەن کە بێ گەڕانەوە بۆ قانوون بەسەر چارەنووسی خەڵک و وڵاتدا زاڵ کراون.
٤٢ ساڵە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێ و لە هەموو ئەو ماوەیەدا دەسەڵاتی سیاسیی وڵات کارتی هەڵبژاردنەکانی بۆ ڕەواییەتپێدانی ڕواڵەتی بە حکوومەت بەکار هێناوە. بەڵام ئێستا ڕەوتی ڕووداوەکان و سیاسەتی هەڵنەکردن و نەحەمڵینی ئەو نیزامە لەگەڵ دنیای دەرەوە و سووربوونی لەسەر سەرکوتی بەردەوامی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی -چ سەرکۆماری و چ شوڕاکانی شاروگوند- بەرەو ئاقارێکی دی بردووە. بەجۆرێک کە نەک هەر ئۆپۆزیسیون و دژبەرانی ئەو نیزامە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە، بەڵکوو بایکوت و دەنگی ناڕەزایەتیی لە شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و هەڵسوکەوتی شورای نیگەهبان، چۆتە نێو بازنەی تەسکی دەسەڵاتداران و کاربەڕێکارانی کۆماری ئیسلامییش.