کورد لە ناوچەیەکدا دەژی کە زۆر جار بە دوور لە ئێرادەی ئەم نەتەوە، هەر ڕۆژەی چاوەڕوانی گۆڕانکارییەک دەکرێ کە بە زۆری، ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەی کاتیش بێ، شوێنەواری باش یا خراپی لەسەر دۆخی ژیان و خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داناوە. هەرچەند نەتەوەی کورد لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان هەرگیز دەستەوەستان نەبووە و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی بەرنەداوە، بەڵام هەموو ئەو هەوڵ و قوربانیدانە بە هۆکارگەلی جیاواز ڕیگەی خەباتی بەردەوامی درێژتر کردووەتەوە و زۆرجار مەترسیی بۆ سەر ئەو دەسکەوتانەش کە بە دەست هاتوون، دروست کردووە. بێگومان ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ئاست تێکۆشانی خەباتگێڕانی کورددا، دوژمنەکانیشی بێدەنگ دانەنیشتوون و بە بەردەوامی و هەرکام بەجیا و زۆر جاریش بە یەکەوە لە دژی ئامانجەکانی نەتەوەیی کورد دەستیان داوەتە پیلانگێڕی.
دەبینین کە خەباتی سەد ساڵەی ڕابردووی کورد لە قۆناغە جیاجیاکاندا چۆن هەرکام بە شێوەیەک و لە ئەنجامی پیلان و پەلاماری دەوڵەتی ناوەندی و زۆرجار بە هۆی دەستێوەردان و پیلانگێڕی هاوپەیمانە دەرەکییەکانیان و یارمەتی دەوڵەتانی ناوچە، بزووتنەوەکان ڕووبەڕووی شکست هاتوون و سەرهەڵدانەوەیان لە شکڵێکی نوێدا چەندین ساڵی خایاندووە. شۆڕشەکانی خۆییبوون، ئاراڕات، شیخ مەحموودی حەفید، شۆڕشی بارزانی، بزووتنەوەی سمکۆ تەنیا چەند نموونەیەکن لەو سەرهەڵدانانەی کورد کە بەداخەوە تووشی ئەم چارەنووسە بوون.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەینەوە لە نوێترین دەوری خەباتی ڕزگاریخوازانەیدا دیتمان کۆماری کوردستان کە بە دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەپێی بەرنامەی ئەم حیزبە بوونی خۆی وەک یەکەم دەسەڵاتی مودێڕنی کوردی ڕاگەیاند چۆن دوای یازدە مانگ بە پیلانی هاوبەشی حکوومەتی شای ئێران و ئینگلیز و ئەمریکای ئاغایان کەوتە بەر پەلامار و هەڵوەشا. کاتێکیش دوای زیاتر لە سێ دەیە خەبات و تێکۆشان کاتێک بە دوای شۆڕشی ١٣٥٧دا جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان لەسەر خاکی خۆیان هەوای ئازادییان هەڵدەمژی ئەمجارە لە ژێر پەردەی ئیسلامدا و بە حوکمی جیهاد دژی کوفر، کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی دەسەڵاتدارە تازە پێگەیشتووەکانی جێگرەوەی دەسەڵاتداری حکوومەتی پاشایەتی. بەو جیاوازییەی کە ئەگەر شا بۆ پاراستنی جەزیرەی ئارامی خەیاڵی خۆی بەرهەڵستی هەر چەشنە بیرێکی ئازادیخوازی دەکرد، کۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی بیری کۆنەپەرستانەی خۆی بەسەر خەڵکدا و لە کوردستان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردیی ناوچەکانی کوردستان و نەتەوەی کورد شەڕێکی هەڵایساند کە ٤٢ ساڵە بەردەوامە و لە پێناو جێبەجێکردنی پیلانەکانیان ڕەحم بە هیچ کەس و هیچ شتێک لە کوردستان ناکەن. لە سووتاندن و وێرانکردنی شار و گوندەکان لە ساڵانی سەرەتای شەڕ بگرە هەتا گرتن و ئێعدامە بەردەوامەکان و سووتاندن و تێکدانی ژینگەی کوردستان و ئاوارەکردنی خەڵک بەشێک لەم سیاسەتەیە کە بۆ لە نێوبردنی کورد گرتوویەتییە پێش و لەسەریشی دەڕوا؛ هەڵبەت هیچ سیاسەت و پیلانێکی ڕێژیم لە کوردستان نەیتوانیوە ئامانجەکەی کە کپکردنی دەنگی خەڵکە بپێکێ. دەبینین ئێستا گەشەی بیری شوناسخوازی نەتەوەیی کورد لە سەرانسەری نیشتمان و، تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان لە هەموو بوارێکدا گەیوەتە ئاستێک کە سەرەڕای درێژەی هەوڵی سەرکوتکەرانەیان ئەگەر ڕێبەرانی نیزام بیانەوێ حاشایشی لێ بکەن توانای لەنێوبردنیان نییە.
هەموو ئەم دوژمنکارییانەی دژی کورد و نیشتمانەکەی دەکرێ لایەکی مەسەلەکە بێ و وەک دەڵێن دوژمنە و چاوی پێت هەڵنایەت و هەرچی لە دەستی بێ دەیکا. بە تایبەت لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە کەمترین بایەخ بۆ هیچ مافێکی ئینسانی داناندرێ. بۆیە جگە لە لاقاودان و بەرەنگاری و خەبات بۆ لەنێوبردنی کارێکی دیکەی لەگەڵ ناکرێ. لایەکی دیکەی بابەتەکە خۆمانین وەکوو کورد. هەتا بە مێژووی ڕزگاریخوازی کورددا ڕۆدەچین ئەزموونەکان لە خوێندنەوەی ئەم مێژووە پڕ شانازییە لە خەبات و قوربانیدان خاڵێکی گرینگمان دەخاتە پێش چاو، ئەویش نایەکگرتوویی کوردە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا. مێژوو پێمان دەڵێ کە نەبوونی یەکگرتوویی گەورەترین شانسی لە کیس کورد داوە. سەیری هەرکام لە قۆناغەکانی شۆڕش بکەین دەبینین دووبەرەکی لە ڕیزی کورددا و نەبوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی گەورەترین زیانی بە پێگەی کورد و شۆڕشەکانی گەیاندووە. ئێستاش کورد ڕاست بەو ئەزموونەدا تێ دەپەڕێ. کۆماری ئیسلامی نوقمی قەیرانە جۆراوجۆرەکانە. ئێستا دەبینین کە شەڕ کەوتووەتە نێوماڵی خۆی و بە تەواوی لەرزۆک بووە و تەنانەت شەریکەکانی پێشوویان لە دەسەڵاتدا ئومێدیان بە مانەوەی حکوومەتەکەیان لاواز بووە، بۆیە ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە هەر زەمانێکیتر زیاتر جیددیترە.
ئێستا کورد کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە بەرامبەر ئەم ڕێژیمەدا خۆڕاگری کردووە و وزەی خەباتگێڕی لە هەر سەردەمانێک زیاترە، لە هەر ئاڵوگۆڕێکدا کە بێتە پێش دەکەوێتە بەر تاقیکردنەوەیەکی نوێ. ئەم تاقیکردنەوانەش ڕیسکێکن کە ئەگەر بەوەخت و بە جێ خۆی بۆ ئامادە نەکا دوور نییە ئەزموونە مێژووییەکانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە و هەلومەرجی لە کیس چوو، هەلێکی دیکە لە دەست کورد بدا و دواتر مێژوو وەک شۆڕشەکانی پێشوو هەڵسەنگاندنی خراپی بۆ بکا.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد پێویستی بە بیری نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە کە دەبێ بە دوور لە چوارچێوەی بۆچوون و بەرنامە حیزبییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و ببێتە بنەمایەک بۆ یەکبوون و یەکڕیزی کورد لە چوارچێوەی پلانێکی نیشتمانیدا. بە جۆرێک کە هەموو تاکێکی کورد خۆی بە هەر ڕوانگەیەکی سیاسی و حیزبییەوە خۆی تێدا ببینێتەوە. ئەمە لەوانەیە کارێکی قورس بێ بەڵام دەبێ وەک ئەرکێکی پیرۆز چاوی لێ بکرێ.
بە ئاگابوون لەوەی کە بیری شوناسخوازانەی نەتەوەیی کورد لە پانتایی کوردستاندا بوونی هەیە و ڕوو لە پەرەسەندنە و دەرخەری یەکڕیزیی تێکۆشەرانی کوردە، ئەرکی حیزبەکان بە تایبەت ئەوانەی بیر لە ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە چنگ ستەمی مێژووی دەسەڵاتدارانی تاران دەکەنەوە، دەبێ لەم پێوەندییەدا وەک ئەرکێکی مێژوویی چاوی لێ بکرێ. پلۆرالیزم و جیاوازیی بیری سیاسی نابێ بکرێتە کۆسپ بۆ گەیشتن بەم ئاواتەی خەڵکی کوردستان کە تاکە ڕێگەی گەیشتنی ئەوانە بە ئامانجەکانیان. بە دڵنیاییەوە یەکگرتوویی یەکێک لە پێویستییەکانی ئەم قۆناغە لە خەباتە و دەبێ یەکگرتووانە بە پیر ئەم گۆڕانکارییانەوە بچن. بە تایبەت حیزبی دێموکرات کە خاوەنداریەتیی خەباتی نەتەوەیی کردوە و ئێستا کە دێموکراتەکان بیر لە یەکگرتنەوە دەکەنەوە دەبێ هەوڵ بدەن کە ئەم یەکگرتنەوە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی نێو بنەماڵەی کورد بە جۆرێک کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بێ.