یاسای سزادانی ئیسلامی لە خزمەت بەرژەوەندیی نیزامی سیاسیدا
(لە تاڵیادی ٣٨ ساڵەی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباددا)
کۆماری ئیسلامیی ئیڕان بە ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی و بەپێی دوکتورینی ویلایەتی فەقیهـ چەندین ڕێوشوێنێکی نامرۆڤانەی لە یاسای سزادانی ئیسلامیی وڵاتدا هێناوە کە هەمووی بە مەبەستی تاوانبارکردنی دژبەرانی، چاوترسێنکردنی خەڵک، سەرکوت و کپكردنی بیروڕا جیاوازەکان کەڵکیان لێ وەردەگرێ. “محارب” و “مفسد فیالارض” کە دەسەڵات بۆ حەزفی فیزکیی دژبەرانی خۆی لە قانوونەکانی سزاداندا پشتیان پێ دەبەستێ مەبەستی ئەو باسەیە. پرسیار ئەوەیە: موحارب کێیە؟ موحاریبە چییە؟ فەساد لەسەر عەرز چییە و ئەو کارە چۆن دەکرێ؟ ئەوانە هەر بەپێی قانوونەکانی سزادانی ئیسلامیی ڕێژیم تاوتوێ دەکەین،
لە ماددەی ١٨٣ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە “موحارب کەسێکە کە دەست دەداتە چەک بۆ تۆقاندنی خەڵک.” یانی هەرئەوەندەی چەکی پێ بێ، تەنانەت کەڵکیشی لێ وەرنەگرتبێ، محاربە. ترساندن و تۆقاندنی خەڵکیش شرۆڤەکەی لای خۆیانە. لە ماددەی ١٨٦ی هەر ئەو یاسایەشدا هاتووە: “هەر ڕێکخراو یان گروپێک کە لەدژی حکومەتی ئیسلامی ڕاپەرێ، هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو گرووپ و ڕێکخراوەیە کە چالاکییان هەیە، تەنانەت ئەگەر لە بەشی سەربازییشدا نەبووبن موحاریبن”. بەڵام لە هیچ کوێی یاسای سزادانی ئیسلامیدا باسی لەوە نەکراوە کە ئەگەر حکوومەت زاڵم و دژی ماف و ژیان و گیانی خەڵک بوو چار چییە؟
لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا پێنج جۆر موحاربەمان هەیە کە ئێمە لەو باسەدا کارمان بە دوو جۆر لەو پێنجەیە.
ئەوەی کە کۆماری ئیسلام لە ڕووداوی کوشتنی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد پشتی پێ بەستووە، ماددەکانی ١٨٣ و ١٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامین کە تێیدا باس لە موحارب و موحاربە کراوە. لەو پێوەندییە سەرەتا دەبێ بگوترێ:
یەکەم، موحاربە لە شەرع وەرگیراوە و قانوون پێناسەیەکی ڕوون و دەقیقی لەوە نەداوەتە دەست. بەتایبەتی دەسەڵاتە ئیسلامییەکانی ئەوڕۆ و شێوازی دەسەڵاتدارەتییان -یەک لەوان ئێران- لە هیچ کوێی ماف و کولتووری ئایینیدا نەهاتووە و جۆرێکی نوێ لە پێناسەی حکومەتی ئیسلامیە کە بەپێی تێوریی ئاغای خومەینی داڕێژراوە.
دووهەم، ئەو تاریفە کە لە موحارب و پەیوەنددانی بە بیروبۆچوونە جیاوازەکان دەکرێ، پێناسە و تەفسیرێکی تەواو بەرژەوەندیخوازانەیە بۆ دەسەڵات، یانی لە هیچ هەلومەرجێکدا دەرفەتی ناڕەزایەتیی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە. بەو مانایە کە قازی بەپێی هەلومەرج دەتوانێ ئەو یاسایە بۆ هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک و دژی هەر تۆمەتبارێک بەکار بێنێ. لێرەدا ناڕوونیی یاسا بە قازانجی دەسەڵات و بە زەرەری خەڵک و کۆمەڵگەیە.
ئەمجار دێینە سەر ئەو باسە کە “مفسد فیالارض” کێیە؟ کەسێک کە لەسەر عەزر فەساد دەکا. بەڵام فەساد چییە؟ ئەو یاسایە زۆر ناڕوونتر و لێڵتر لە یاسای پێشوویە و تەنانەت بازنەی پێناسە و شرۆڤەکردنیشی زۆر بەربڵاوە، بەشێوەیەک کە دەسەڵات دەتوانێ بە پشتبەستن بە یاسایە هەموو کەس و لایەن و ڕەوتێکی نەیاری پێ سزا بدا و لەسەر ڕێیان هەڵبگرێ. یاسای سزادانی ئیسلامی چەند نموونەیەک لەو “فەساد”ە بەمجۆرە پێناسە دەکا: هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نێوخۆیی وڵات، تێکدانی بەربڵاوی نەزمی گشتیی وڵات – هەڵبەت بەو پێناسەیەی بۆخۆیان بۆ نەزمی دەکەن- زیان گەیاندن بە موڵکی گشتی و دەوڵەت، پەرەپێدان بە فەساد لەسەر عەرز لە هەر جۆر و نەوعێک.
خۆ ئەگەر بچینە نێوەرۆکی خاڵەکانی ئەو یاسایە، وشەکانی “بەربڵاو”، “گشتی”، “فەساد” و “توندوتیژ”مان دێتە بەرچاو کە تاریفێکی گشتگیر و دەقیقی نییە هیچ، هەر حاڵەتێک و ڕەفتارێکیش بەپێی ئەو نالێکی و ناڕوونیی یاساییەوە، دەکری لە لایەن دادوەرەوە پێوەند بدرێتەوە بەو یاسایە و حوکمی تۆمەتباری لەسەر بدرێ. ئێستا هەر بەپێی ئەو یاسا دژە مرۆڤانە و ناسەردەمیانە دێینە سەر باسی جینایەتەکەی ١٢٦ جۆزەردانی ١٣٦٢.
ئەو لاوانەی کە لە مەهاباد بە دیل گیران و دەستبەسەر نەکران. بۆیە لە بە دیل گیران کەڵک وەردەگرم چونکە دەستبەسەر کردن بۆ گیرانێکی یاساییە نەک ڕەشبگیری و گرتنی بێ هۆ و بێ دەلیلی کۆمەڵێک کەس. ئەو لاوانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمەوە بە دیل گیران هیچکامیان هیچ جۆرە چەکێکی سارد و گەرمیان پێ نەبووە، کەچی بە حوکمی موعارب سزا دراون. دووهەم ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بە دەستەوە نەدراوە کە ئەوانە سەر بە حیزب یان ڕیکخراوێکی سیاسیی دژبەری دەسەڵات بووبن و لە ڕاستیدا هیچ تاوانێکیشیان نەبووە کە بە “مفسد فی الارض” دابندرێن. بەو مانایە نە زەرەریان لە ئەموالی گشتی و شەخسی داوە و نە ئەمنییەتی شاریان تێک داوە. بەڵکوو بەپێچەوانە ئەوە هێزەکانی ڕێژیم بوون کە بە فتوای جیهادی ئاغای خومەینی ئەمنییەتیان لە کوردستان هەڵگرت و لە خۆڵ و خوێنیان وەر دا. بۆیە بە دیل گرتنی ٥٩ لاوی کورد لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کردن نییە. چونکی دەسبەسەر کردن واتا و مانای یاسایی خۆی هەیە. ئەوان تەنیا بە مەبەستی سیاسی و ئەمنییەتی لە لایەن دەسەڵاتەوە گیراون و گواستراونەتەوە بۆ تەورێز کە ئەمەش پێچەوانەی قانوونە. چونکی بەپێی قانوون ئەو گیراوانە دەبوا بۆ زیندانی ورمێ نێردرابان، چونکی بەپێی یاساکانی سزادان ناوەندی هەر پارێزگایەک کە “دادگای ئیقلاب”ی هەبێ، ئەوێ مەرجەعی بەدواداچوون بۆ پەروەندەی ئەم جۆرە گیراوانەیە. بەڵام بۆچی ڕایانگوازتنەوە تەورێز و لە کوردستان دووریان کردنەوە؟ هۆکارەکانی چ بوون کە حازر بوون تەنانەت یاسا دژەمرۆییەکانی خۆشیان پێشێل بکەن و ئەو لاوانە لە بێدادگایەکدا سزا بدرێن و لەبەرچاوگرتنی مافێک بۆ ئەوان کۆمەڵکوژیان بکەن.
ئەو لاوانە لە مانگی خاکەلێوە و بانەمەڕی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بە دیل دەگیرێن و، لە دادگای تەورێز بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات دادگایی دەکرێن، بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر و بەبێ مافی پێداچوونەوە و تانەلێدان لە حوکمی داسەپاو و بەبێ مافی بەرگری لە خۆیان لە دادگایەکی چەند چرکەییدا تاوانی نەکردوویان بەسەردا ساغ کردوونەوە و بە تاوانی “محارب” و “مفسد فی الارض” حوکمی کوشتنیان بەسەردا دەسەپێ. تەنانەت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو سزا ناقانوونییەشدا مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوێکی مەحکوومکراو بە ئێعدامیان لەبەر چاو نەگرتووە، وەک نووسینی وەسییەتنامە و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان بۆ دوادیدار. هەروەها لە هەموو ئەو پڕۆسەیەدا کە لە ماوەی گیران هەتا حوکمدران و جێبەجێکردنی سزاکەش کە کەمتر لە دوو مانگی خایاندووە،
مافی دوای کوژرانیشیان بۆ لەبەرچاو نەگرتوون. بەو مانایە کە بنەماڵەکانیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان و دڵنیایی لەوەی ڕووی داوە ئاگادار نەکردوونەتەوە. هەروەها گۆڕبزریشیان کردوون و هەتا ئێستاش کەس بە شوێنی ناشتنیان نازانێ. شێوەی ناشتن و بەخاکسپاردنیش هەر لە قانووندا بە ڕوونی دیاری کراوە کە لێرەشدا دیار نییە ئاخۆ بەپێی عورف و قانوون سپاردەی خاک کراون یان بەکۆمەڵیش ناشتوویانن؟ دوای تێپەڕینی ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو جینایەت و کارەساتە ئێستاش کاربەدەستانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئامادە نین هیچ زانیارییەک لەو پێوەندییەدا بە بنەماڵەکانیان بدەن.
پەروەندەی کوشتنی ٥٩ لاوی بە دیلگیراو و کوژراوی کورد لە مەهاباد چەند پەیامی بۆ کورد و شۆڕشگێڕانی کورد تێدا بوو:
یەکەم، زەبر وەشاندن لە بزووتنەوەی سیاسیی کورد و حیزبی دێموکرات و پەنابردن بۆ هەر جینایەتێک تەنانەت ئەگەر بۆ ئەوەی هەموو قانوونەکانی خۆشیانی بۆ پێشێل بکەن.
دووهەم، تۆقاندن ترساندنی خەڵک بە مەبەستی وازهێنان لە پشتیوانی لە جووڵانەوەی نەتەوەیی و لەبیرکردنی مافەکانیان.
سێیەم، ترساندن، قەڵاچۆکردن و کوشتنی لاوەکانی گەل بە مەبەستی لاوازکردنی هێزی چالاک و تێکۆشەری کۆمەڵگە کە سەروەت و سامانی هەر گەلێک لاوەکانیانن کە بە خۆشییەوە لە هیچیاندا سەرکەتوو نەبوون.
بەردەوامیی شۆڕشی ڕەوای کورد و پەیوەست بوونی بەردەوامی لاوانی کورد بە ڕیزەکانی خەبات بۆ وەدیهاتنی مافە نەتەویەتییەکانی گەل و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک لە شۆڕشی خۆیان، نیشاندەری ئەوەیە کە نە تەنیا ئەو بزووتنەوەیە لاواز نەبووە، بەڵکوو بۆ جێبەجێکردنی عەداڵەت و دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانە کە لە کوشتن و بڕین و بێسەروشوێنکردنی ڕۆڵەکانی کوردستان کە لە هیچ جینایەتێک کۆتاییان نەکردووە، بەهێزتر لە جارانن. هاوکات ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لەو واقعییەتە نزیک دەبنەوە کە تەنیا ڕێگای وەدیهاتنی ئانامجەکانی گەل بەردەوامی لە خەبات و بەرگریکردن لە خاک و گەل و نیشتمانە لە بەرامبەر حکومەتی دیکتاتۆردا. خەباتی بێوچان، ئامادەیی و بەشداری و هاوبەشیی لاوان لە هەموو بزاوتە مەدەنی و سیاسی و خەباتی پێشمەرگانەی کورد وەڵامدانەوە بەو واقعەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دروستی کردووە و وەڵامی مەنتیقی بە سیاسەتەکانی ڕێژیم خۆیەتی.