ئەم وتارە نە لێکۆلینەوەیە نە خەسارناسی، چونکە نه خه‌سارناسم و نه‌کۆمه‌ڵناس، به‌ڵکوو پێشمەرگەیەکم که لە سەرەتای شۆڕشەوە وه‌ک زۆربه‌ی ژنانی پێشمەرگە یا بڕێک زیاتر له ژنان لە فەزای شەڕ و کێشەکانی دابووم و موتەئەسیر لە شەڕ و لێکەوتەکانی شەڕ بووم و شه‌ڕم به ڕه‌گ و پێسته‌وه هه‌ست پێ کردوه و به تایبه‌ت لێکەوتە و ئاکامه‌کانی شه‌ڕ له سه‌ر ئینسانه‌کان به تایبه‌ت لە سەر ژنان و منداڵانی نێو شۆڕشم به ڕوونی دیتووە و هه‌ستم پێ کردووه.
شەڕ و ئەو توندوتیژی و ئاکامە نەرێنیانەی کە لێی دەکەوێتەوە به یه‌ک شێوه لە سەر مرۆڤ شوێن دانانێ، بەڵکوو بە شێوه‌ی جۆراوجۆر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ له‌سه‌ر ئینسانه‌کان و به تایبه‌ت له‌سه‌ر ژنان شوێن داده‌نێ. له‌و بابه‌ته‌دا باسی توندوتیژی و کارەساتە نالەبارەکانی شەڕ ده‌که‌ین که له وه‌ڵاتی ئێمه‌دا له‌سه‌ر گشت گەلی کورد و به تایبه‌ت ژنی کورد و به به‌رده‌وامی به‌ڕێوه ده‌چێ و ژیانی ئیفلیج کردووە، وای لە مرۆڤی کورد کردووە ژیانێکی ئاسایی و حەساوەی نەبێ و بە دایم لە ترس و دڵەڕاوکێ و سترێسدا بژی. هەر لەو کاتەوە فتوای شەڕ لە لایەن “خومەینی”یەوە لە دژی گەلی کورد ڕاگەیەندرا و شەڕی نەخوازراو بە سەر گەلی کورددا سەپا. جۆرەکانی توندوتیژی دەستی پێ کرد و زیان و خەسارێکی زۆری بە کۆمەڵگەی کوردی گەیاند و زۆرترین زیانیش وەبەر ژنان و منداڵان کەوت.
شه‌ڕ چییه؟
شه‌ڕ له پێش مرۆڤیش‌دا هه‌بووه، شه‌ڕ له نێوان ئاژەڵ و گیانلەبەران، شه‌ڕ له‌نێوان ئینسانه‌کاندا وه‌ک ئامرازێک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نێوانیان که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه. “کلوزویتز” زانای کۆمه‌ڵناس ده‌ڵێ: شه‌ڕ درێژه‌ی سیاسه‌ته، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی دیکه و به که‌ره‌سته‌ی جیاوازه‌وه. لێنین به شێوه‌یه‌کی دیکه ئه‌و قسه‌یه ده‌کا و ده‌ڵێ: سیاسه‌ت درێژه‌ی شه‌ڕه به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی دیکه و به که‌ره‌سته‌ی جیاواز. هه‌ر دووی ئه‌و زانایانه یه‌ک شت ده‌ڵێن ئه‌ویش قبووڵکردنی شه‌ڕه وه‌ک ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر و پێشگیری لێنه‌کراو.
به گشتی شه‌ڕ بریتییه له: کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رجی تێکه‌ڵاو، به‌ڵام به نۆبه‌ی خۆی ئوسوول و یاسا و پرێنسیپی یاسایی خۆی هه‌یه.
هەر وەک دەزانن شەڕ کردن قانوون و یاسای خۆی هەیە بەڵام زۆر جاران له شه‌ڕدا ئوسوول و یاسا و پرێنسیپی یاسایی شه‌ڕ وه‌به‌ر چاو ناگیرێ و له ئوسوول و یاسای شه‌ڕ لا ده‌ده‌ن، لە پێناو کێشه‌یه‌کدا شەڕ دەکەن کە شایانی ئەوە نییە شه‌ڕی بۆ بکەن. بۆ وێنە شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلی کورد. ئەو شەڕە لە کاتێکدا دەکرێ کە مەنشووری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌ی به‌وه کردووه بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕه‌وایه خاوه‌نی کیان و سه‌روه‌ریی خۆی بێ و ژیرده‌سته و ژێرچه‌پۆکه‌ی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دی نه‌بێ.
شەڕ بۆ چی ده‌کرێ و له‌گه‌ڵ کێ ده‌کرێ و چ ئاسه‌وارێک له دوای خۆی به‌جێ دێڵێ؟ دیاره شه‌ڕه‌کان له‌نێوان وڵاتان، شه‌ڕی وڵاتان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کان، شه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به ئازادی، شه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به دەسەڵات دەکرێن. ئاسه‌واره‌کانی شه‌ڕ بۆته هۆی وێرانبوونی شار و گونده‌کان، بەجێهێشتنی زیانی ئابووری، لێکەوتەی هه‌ژاری، نه‌مانی ئه‌منییه‌ت و ئاسایش، پێکهاتنی ترس و دڵه‌خورپێ و ئێسترێس، کوژرانی خه‌ڵک به‌کۆمه‌ڵ و تاک و بریندار و نه‌قوستان بوونی خەڵکی سڤیل و بەشدارانی بەرەی شەڕ، ئاوارەیی و به‌جێ هێشتنی نیشتمان و په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران بوون. بێجگە لەوانه گرتن، زیندانی کردن، ئه‌شکه‌نجه، کوشتن، تێرۆر، ئێعتیاد، دزی، بێ‌کاری، فه‌حشا، ناهومێدی، خه‌مۆکی، ڕه‌وانی بوون و ده‌یان دیارده‌ی ماڵوێرانکه‌ری دیکه له ئاسه‌واره‌کانی دیکه‌ی شه‌ڕن و هه‌مووشیان کاریگەریی نەرێنییان له‌سه‌ر مرۆڤه‌کان هه‌بووه. ئێمە وەک نەتەوەی کورد بەداخەوە چەند سەدەیە له‌گەڵ شەڕ و ئاسەوارەکانی دەژین و زیانی قه‌ره‌بوونه‌کراومان وێ که‌وتووه.
له پێوەندیی نێوان ده‌وڵه‌ته‌کاندا که که‌ره‌سته‌ی توندوتیژی نیزامی‌یان له‌به‌ر ده‌ستدایه، هه‌موو کاتێک بە هۆی جۆراوجۆر ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسان و ده‌ست پێکردنی شەڕ هه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که خێرایی ده‌ده‌ن به تێکهه‌ڵچوون و شه‌ڕ جیاوازن. شه‌ڕ کردارێکه و کاتێک ڕوو ده‌دا کە ده‌وڵه‌ته‌کان لەگەڵ یەکتری، یا دەوڵەتەکان لەگەڵ نەتەوەکان بەرەوڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه که نەتوانن کێشه‌کانیان له ڕێگای وتووێژ و دیپلۆماسییه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ن، وه‌کوو شه‌ڕی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد. گەلی کورد لە ئێران به زیاتر لە 10 میلیۆن حه‌شیمه‌ته‌وه لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دانی پێدانانرێ و مافەکانی بە ڕەوا نازانرێ، به که‌ره‌سه‌ی زۆر و زه‌وه‌ند و مۆدێڕنی شه‌ڕ و هێزی زۆر له به‌رانبه‌ر گه‌لی کورددا که خاوەنی هێزێکی نابەرانبەرە شەڕ دەکا. ئەوەش لە کاتێکدایە هەروەک ئاماژەی پێ کرا کورد داوا و ویستەکانی هەر وەک لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە بۆ هەر نەتەوەیەک ڕەوایە خاوەنی کیان و سەروەریی خۆێ بێ و ژێردەستە و ژێرچەپۆکەی هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەبێ. ده‌رده‌که‌وێ بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ ته‌نیا یه‌ک هۆکار نییه، به‌ڵکو هۆکارگەلی جیاواز هه‌یه. شەڕ تاقیکاریی کۆتایی هێزه له گۆڕه‌پانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا.
ئەو باسە تەرکیز لەسەر شه‌ڕ له کوردستان و ئاکام و ئاسه‌واره تاڵ و دژی ئینسانییه‌کانی دوای شه‌ڕ له‌سه‌ر ژنان و منداڵان دەکا. شه‌ڕ خوڵقێنه‌ری توندوتیژی به شێوه‌ی جۆراوجۆره، شه‌ڕ نمودێکه له توندوتیژی یا شه‌ڕ خودی توندوتیژییه. کاتێک شه‌ڕ له نێوان ده‌وڵه‌تان یا شەڕی ده‌وڵه‌تێک له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕوو دەدا، لێکەوتەکەی توندوتیژییه و ئه‌وه‌ی له دوای خۆی به‌جێی دێلێ خه‌ساری ماڵی وگیانی و ڕه‌وانیی گه‌وره و قه‌ره‌بوونه‌کراوه.
که باس له شه‌ڕ له کوردستان ده‌کرێ ڕه‌نگه لایه‌نی بەرگری لە بەرامبەر هێزی داگیرکەر ئەرێنی و پیرۆز و لەجێی خۆیدا بێ، به‌ڵام سه‌رنجی ئێمه بۆ لای لایه‌نه نێگەتیڤهکانی شەڕ ده‌چێ و بیر له‌و ئاسه‌واره ڕه‌وانی و ناخۆش و دژی ئینسانییانه ده‌که‌ینه‌وه که ئێمه له نزیکه‌وه به چاو دیتومانه و هەستمان پێ کردوه. شەڕ له کوردستان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی حاکم، شه‌ڕێکی داسه‌پاوه، شەڕی سەرکوتە، شەڕی نابه‌رانبه‌ره، شەڕی ده‌وڵه‌تێکه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌ک، شەڕێکه بۆ گه‌یشتن به ماف و ئازادیی گه‌لێک. لێرەدا ئاماژە بە چەند فاکتەر گرینگە:
– یه‌که‌م شت که له شه‌ڕدا هه‌ستی پێ ده‌که‌ین ڕاوەدوونان و فشارهێنانی لەڕادەبەدەری حاکمان بۆ سەر خەڵک و په‌ڕیوه‌بوونی بەناچاری له وڵات و زێدی خۆیان و دوورکه‌وتنه‌وه له خاک، نیشتمان، خزمانی ده‌ره‌جه یه‌ک، دۆستان و ئاشنایان، به تایبه‌ت دوورکه‌وتنه‌وه له کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییان دەردێکە و خۆ گونجاندن و له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و کولتووری وڵاتانی دراوسێ یا وڵاته ڕۆژئاواییه‌کان دەردێکی دیکە. ئه‌وه له‌لایه‌ک باشه و ئاشنا بوون له‌گه‌ڵ زمان و کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریته‌کانی دیکه که زۆر جار سوودمان لێ دیون، به‌ڵام له لایه‌کی دیکهوە کاره‌سات ئه‌وکاته‌یه که به هۆی پارێزگاری لە خاک و کو‌لتوور و فەرهەنگ و پاراستنی زمان به‌ناچاری تەرکی نیشتمانت پێ کراوە و له وڵاتێکی بێگانه‌دا گیرسابیەوە و به ته‌واوی له‌نێو فه‌رهه‌نگ و کولتووری ئه‌و وڵاته‌دا توابیەوە و ئاوێته‌ی هه‌موو نەریتەکانی بی و تێیدا ون بی و ئه‌وه‌ی لە پێناویدا بۆی په‌ڕیوه‌ی هەندەران بووی له‌بیر به‌رییه‌وه و به یه‌کجاری پشت له ویسته‌کان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌که‌ت بکه‌ی. دیاره نموونه‌ی ئه‌وه له‌نێو منداڵانی کوردی هەندەراندا زۆر دیتراوه. کاره‌سات ئه‌وکاته‌یه له وڵاتێک‌دا به ئاسووده‌یی بژی و له هه‌موو خه‌ده‌مات و ئیمکاناتی ئه‌و وڵاته که‌ڵک وه‌رگری، به‌ڵام چەقبەستووانە لە دژی فه‌رهه‌نگ و کولتوورهکەیان ڕاوه‌ستی و به‌ربه‌ره‌کانییان له‌گه‌ڵ بکه‌ی و توندوتیژی بنوێنی. به داخه‌وه له هه‌ر دوو شێوه‌ی ئه‌م دوو ڕه‌فتاره دیتراوه و توندوتیژی کراوە و خوێنیش لە جەستەی کوڕ و کچی کورد ڕژاوه. هەڵبەت به خۆشییه‌وه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ش هه‌بووه که تاکەکان له نیشتمان دوور کهوتۆنەتهوه، هه‌ستی نه‌ته‌وه خۆشه‌ویستییان بەهێز بووه و ڕێز و حورمه‌ت له فه‌رهەنگ و کولتووری نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌نیا کز نه‌بووه به‌ڵکوو به‌هێز و له گه‌شه‌دا بووه و ڕێز له فه‌رهه‌نگ و کولتووری نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش گیراوه و ئینسانیانە له‌گه‌ڵ که‌لتووره جۆراوجۆره‌کان هه‌ڵسوکه‌وت کراوه. بەڵام ئاسەوارە نەرێنییە دەروونیەکانی شەڕ بە ڕوخساریانەوە هەر دیارە.
– به هۆی شه‌ڕه‌وه کوژرانی خەڵک بە تاک و به‌کۆمه‌ڵ له شار و گونده‌کاندا ئاسەواری دەروونیی ناخۆش و خه‌مهێنه‌ری له‌نێو تاک و له‌نێو بنه‌ماڵه‌کاندا به تایبه‌ت لە سەر ژنان و منداڵاندا به‌جێ هێشتوە.
– شه‌هیدبوونی ئه‌و که‌سانه‌ی که ژن و منداڵیان هه‌بووە و کورد و پێشمه‌رگه یا ئه‌ندامی ئه‌و ڕێکخراو و سازمانانه‌ی نه‌یاری ڕێژیمن و له تاراوگه ده‌ژین و له به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ڕێژیم‌دا گیانیان لەدەست دەدەن. دوای شه‌هیدبوونی گه‌وره‌ی ماڵ، تەنیا پشت و په‌نای ئه‌و بنه‌ماڵانه حیزب و سازمانهکانن. ئەو ژن و منداڵانە به یارمه‌تییەکی زۆر که‌می ماڵی و زیاتر مه‌عنه‌وی دەژین. حیزبەکان و به تایبه‌ت حیزبی دێمۆکرات هه‌موو هه‌وڵی خۆیان به‌کار هێناوه تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌کرێ ئەو بنەماڵانە به ئاسووده‌یی بژین. سه‌رپه‌ره‌ستی سەرەکیی ئه‌و منداڵانه دایکەکانن و ئەوان هەوڵیان داوه تا ڕادەیەکی زۆر جێگای باوکیش بۆ منداڵه‌کانیان پڕ بکه‌نه‌وه و هه‌م ببنە دایک و هه‌م باوک. ئەم دایکانە لە ڕەوتی ژیاندا بەرەوڕووی گەلێک توندوتیژی و چەرمەسەری بوونەوە و فیداکاریان نواندووە. نموونه‌ی ئه‌م جۆره ژنانه زۆرن که لاو بوون و دوای شه‌هیدبوونی هاوژینی پێشمەرگەیان لەسەر منداڵەکانیان دانیشتوون و خۆیان و ژیان و لاوەتییان کردووەتە قوربانی.
– نه‌قوستان بوونی ئه‌و که‌سانه‌ی له شه‌ڕدا به‌شداریان کردوه، ئه‌و نەقوستانیە هه‌رگیز بۆ پیاو و بۆ ژن قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه. که‌سێک که چاو، ده‌ست و قاچه‌کانی له‌ده‌ست داوه، ئه‌و که‌سانه له‌نێو خه‌ڵکدا زۆر گه‌وره‌ن، به‌ڵام ته‌نیا سێبه‌ریان به سه‌ر ماڵ و منداڵیانه‌وه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌ی که پێویسته ناتوانن بژیوی بنه‌ماڵه‌که‌یان دابین بکه‌ن. ئه‌و که‌سانه نه ته‌نیا له بواری جه‌سته‌ییه‌وه به‌ڵکوو له بواری ڕهوانییشهوه ته‌واو نین و ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ زیاتر دەکەوێتە سەر ژن. دیارە لەم وتارەدا باسی ئه‌و که‌سانه ده‌کرێ که له کوردستان ده‌ژین نه ئه‌و که‌سانه‌ی که نه‌قوستان بوون و له هه‌نده‌ران دەستیان بە خزمەت و پێڕاگەیشتنی تاڕادەیەک باش ڕا دەگا.
– هه‌ر شەڕێک له هه‌ر وڵاتێک و هه‌ر ناوچه‌یه‌کدا بکرێ شوێنه‌واری ناخۆش و نائینسانی له پاش خۆیدا به‌جێ دێڵێ، وه‌ک وێرانیی شار و گونده‌کان، داخرانی قوتابخانه‌کان، گرانی و قاتی و قڕی، سووتان، له نێوچوونی مووچه و مه‌زرا، ئاژه‌ڵ و زۆر شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته که ڕاسته‌وخۆ شوێنی نەرێنی له‌سه‌ر دەروونی ئینسانه‌کان بە تایبەت لەسەر منداڵان و ژنان داده‌نێ، چونکه له پێشدا هه‌ژاری و فه‌قیری بەرۆکی ژنان دەگرێ و ژنان له‌گه‌ڵ گیروگرفتەکان ده‌سته و یه‌خه دەکا.
– ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی هه‌م له کاتی شه‌ڕ و هه‌م دوای شه‌ڕ بەرۆکی کۆمەڵ دەگرن، زیاتر بەر ژن ده‌که‌ون. ئێمە باسی شه‌ڕ له ناوچه‌یه‌کی داخراو و دواکه‌وتوو و تا بینه‌قاقه له کۆنه‌په‌ره‌ستی و خورافه‌دا نوقمبوو ده‌که‌ین، نه وڵاتێکی پێشکه‌وتوو و دێمۆکراتیک که دێمۆکراسی قسه‌ی یه‌که‌م ده‌کا. ئێستاش ئەو شوێنەوارە نەرێنییانەی شەڕ وای کردوە ژنان بە چووکترین گرفت پەنا بۆ خۆکوشتن بەرن.
باوەڕ وایە له هه‌موو شه‌ڕه‌کاندا ژنان و پاشان منداڵان قوربانیانی سه‌ره‌کین کە به‌ره‌وڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی ده‌بنه‌وه. ڕەنگە زۆر له‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی که له شه‌ڕدا وه ناوچه‌یه‌ک و یا وڵاتێک ده‌که‌وێ پاش ماوه‌یه‌ک قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه به‌ڵام بۆ ژن هه‌رگیز قەرەبوو نابێته‌وه. له‌و شه‌ڕه داسه‌پاوه‌ی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی که بۆ ئازادی و دێمۆکراسی و دابینکردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی له کوردستاندا له گۆڕێ دایە، ڕه‌نگه ڕاده‌ی کوژرانی ژن به نیسبه‌ت پیاو 1 به 100یا که‌متریش بووبێ، واتە زیانی گیانی لەنێو ژناندا کەم بووبێ، بەڵام ئاسەواری ڕەوانی و خەمۆکی لەنێو ژناندا بەرچاوە.
لە کوردستان زیاتر له 25 هه‌زار شه‌هیدی بێ‌دیفاع (بێئه‌وه‌ی بە کردەوە له مه‌یدانی شه‌ڕدا بووبن)مان هەیە. حیزبی دێمۆکرات نزیکەی 6 هه‌زار پێشمەرگەی لە سەنگەری خەباتدا شەهید بووە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لەو نێوەدا زیاتر زه‌ربه‌ی کاری و قه‌ره‌بوونه‌کراوی وێ که‌وتووه ژن بووه. له ڕاستیدا قاره‌مانان و قوربانیانی بێده‌نگی مه‌یدانه سه‌خته‌کانی خەبات و ژیان، ژنان بوون، ژنان سه‌خته ڕێی خه‌باتیان ماندوویی نه‌ناسانه بڕیوه و پشوودرێژانه له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تییه‌کانی دوای نه‌مانی هاوسه‌ره‌کانیان په‌نجه‌یان نه‌رم کردووه و درێژه‌یان به ژیان داوه.
پیاو له سه‌ر مافی گه‌له‌که‌ی سینگی ده‌که‌وێته به‌ر گوللە، به جه‌سته له نێوماندا نامێننه‌وه و هه‌میشه وه‌ک قاره‌مان یادی لێ ده‌کرێته‌وه و له‌نێو دڵی هه‌موو کوردێکدا زیندوو ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر ده‌بێ واش بێ، به‌ڵام قاره‌مانه‌که‌ی دیکه که پاش مه‌رگی هاوسه‌رکه‌ی ده‌مێنێته‌وه و ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی ژیان نه‌رم ده‌کا و به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ل سه‌ختییه‌کان ده‌کا، ئه‌وه‌ی خۆڕاگره، ئه‌وه‌ی به سه‌بره، ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده ده‌کا، ئه‌وه‌ی هەمیشە له‌گه‌ڵ گیروگرفت و توندوتیژییه‌کانی کۆمه‌ڵگە ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بێ، ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نی لاوه‌تیدا ماڵئاوایی له ژیانی هاوبه‌ش ده‌کا، ئه‌وه ژنه، به‌ڵام لە دیار نییە و لە شانۆیەکەدا ونه. به‌ڕاستی چاره‌نووسی ژن دوای له ده‌ستدانی هاوسه‌ری چی لێ دێ؟ ئه‌گه‌ر به دوو قۆڵی ئەرکی بردنە پێشی ژیانیان لە سەر شان بوو، ئێستا به کۆڵه‌بارێک خه‌م له مه‌یداندا به ته‌نیا دەمێنێتەوە و به ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی تاڵییەکانی ژیان ده‌بێته‌وه.
هەر بۆیەشە ژنان دژی شه‌ڕن و ئاشتیخوازن، له به‌ر ئه‌وه‌یە ژنی کورد ده‌رکی ئاسه‌واره ناخۆشه‌کانی دوای شەڕ که داوێنی ده‌گرێته‌وه ده‌کاته‌وه و ده‌زانێ چ چاره‌نووسێکی نادیار چاوهڕێیەتی.