ڕێکاره سیاسییه‌کان: بهنێونهتهوهییکردن و به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید
مه‌به‌ست له ڕێکاری سیاسی لێره‌دا هه‌ر جۆره کار و هه‌وڵێکه که بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی دادگا، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌و کار و هه‌وڵانه وه‌ک لۆبیگه‌ری و کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان و به‌ڕێوه‌بردنی دادگا فهڕزییهکان (دادگاکانی ناسراو به ڕاسێل) له درێژمه‌ودادا ڕێگاخۆشکه‌ری ڕێکاری قه‌زاییش بن.
گرینگ‌ترین ڕێکاری سیاسی به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید و تاوانه دژه مرۆییه‌کانی تر له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدایه. به‌ڕه‌سمی ناسین له‌و سۆنگه‌یه‌وه پێویست و پڕبایه‌خه که باوه‌ڕمه‌ندی و هۆشیارییه‌ک له بیروڕای گشتی و ویژدانی مرۆڤایه‌تیدا دروست ده‌كا که ده‌توانێ ببێته پاڵنه‌ر و پشتیوانی عه‌داڵه‌تخوازی و سزادانی تاوانباران و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سوکاری قوربانییان و پێشگیری له دووپاتبوونه‌وه‌ی تاوان و کاره‌ساتی له‌و جۆره. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌ڕه‌سمی ناسین ده‌رفه‌تی تۆمارکردنی یه‌کجاریی مێژووی بێدادی و دانپێدانان به مه‌وجوودییه‌تی گه‌لی قهڵاچۆکراو و بنه‌مایه‌کیشه بۆ شه‌رعییه‌ت به‌خشین به مافی ژیانی له‌مه‌ودوای ئه‌و گه‌له له قه‌واره و چوارچێوه‌یه‌کدا که مان و مه‌وجوودییه‌تی ده‌سته‌به‌ر بکا. له پێشکه‌وتووترین شکڵی‌دا، گه‌لی قوربانی ده‌توانێ کیانی سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به خۆی له‌سه‌ر به‌ستێنی ئه‌و ڕابردوویه هه‌ڵبچنێ.
ئهلف. به‌ڕه‌سمی ناسینی کۆمه‌ڵکوژی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه
به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید به مانا فراوانه‌که‌ی پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه که ده‌توانێ زۆر هه‌وڵی وه‌ک که‌مپه‌ین، به‌مێدیایی کردن، توێژینه‌وه، یادکردنه‌وه، دانانی له‌وح و مۆنومێنت، کردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه و کاری ئه‌رشیڤی و … هتد بگرێته‌وه. ئه‌مانه زۆربه‌ی کات له‌لایه‌ن بنیاته‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه ده‌کرێن و ئه‌گه‌ر له‌ژێر چه‌تری ئۆرگانێکی ده‌وڵه‌تییشدا ئه‌نجام بدرێن، به‌ڕه‌سمی به هی ده‌وڵه‌ته‌که دانانرێن. له مانا سنووردارهکهیدا به‌ڕه‌سمی ناسین ئاکت (کرده)یه‌کی یهکساته و فه‌رمییه که به‌ناوی وڵاتێکه‌وه ئه‌نجام ده‌درێ و به گرینگ‌ترین فۆڕمی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته له به‌رامبه‌ر فاکتێکی مێژوویی داده‌نرێ که دیاره ده‌ره‌نجامی سیاسییش به‌دووی خۆیدا دێنێ.
له جیهاندا زۆر که‌یسی ژێنۆساید هه‌ن که له‌سه‌ر ئاستی جۆربه‌جۆر به‌ڕه‌سمی ناسراون یان هه‌وڵی به‌ڕه‌سمی ناسینیان دراوه، بۆ نموونه جینایه‌ته‌کانی ئیمپراتۆریی ژاپۆن له چین، برسی ڕاگرتنی خه‌ڵکی ئۆکراین له سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی سیی زایینی‌دا، سه‌رکوتی چێچێنهکان له سه‌رده‌می ستالین‌دا، قه‌ڵاچۆی گه‌لی فه‌له‌ستین له سه‌برا و شه‌تیلا، کوشتاری توتسییه‌کان له ڕوواندا، قه‌ڵاچۆی بۆسنییه‌کان له سرێبرێنیچا،… هتد. به‌ڵام هیچ هه‌وڵێکی به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید وه‌ک ئه‌وه‌ی جووله‌که‌کان و گه‌لی ئه‌رمه‌نی سه‌رکه‌وتن و ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌نسیب نه‌بووه. ئه‌مه‌ش بۆ زۆر هۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌تایبه‌تی بوونی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک هاوپه‌یمانیی هانابه‌خش و هه‌بوونی دیاسپۆرایه‌کی به‌هێز هه‌م له‌ڕووی چه‌ندێتی و هه‌م له‌ڕووی چۆنێتییه‌وه له وڵاتانی بڕیارده‌ر له سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ییدا.
پراکتیکی ده‌وڵه‌تان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆسایدی ئه‌نجامدراو له وڵاتانی دیکه‌دا له ده‌وڵه‌تێکه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێکی دیکه ده‌گۆڕێ و به نه‌ریتی هاوپێوه‌ندیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌ڕووی دنیای ده‌ره‌وه‌دا و ڕابردووی پێوه‌ندییه‌کان و باری ئێستای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ناوچه‌ی پێوه‌ندیدار به ژێنۆسایدهکهوه و ئاست و جۆری هاوسۆزیی له‌گه‌ڵ گه‌لی قوربانییه‌وه به‌نده. ته‌نانه‌ت جاری وایه له هه‌مان جه‌مسه‌ری پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا و له‌نێوان چه‌ند وڵات‌دا که دۆست و دراوسێ و هاوپه‌یمانی یه‌کترن و له‌ڕووی کولتووری سیاسی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و حزووری دیاسپۆراشهوه هاوشێوه‌ن، که‌چی له‌و بواره‌دا وهکیهک ناجوڵێنه‌وه. بۆ نموونه له‌حاڵێکدا که کۆمیسیۆنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌کانی هه‌ریه‌ک له سوئێد و نۆروێژ تا ئێستا پێشوازییان له زۆر ده‌سپێشخه‌ری بۆ به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆسایدی کورد کردووه، له دانمارک سه‌باره‌ت به به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆسایدهکان به‌گشتی هه‌ڵوێستی باو ئه‌وه بووه که ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندیی به مێژووه‌وه هه‌یه و پێویسته ئه‌و پرسه بۆ مێژووناسان به‌جێ بهێڵدرێ.
ته‌نانه‌ت له حاڵه‌تی به‌ڕه‌سمی ناسینیشدا که‌متر وا هه‌یه پاڕلمانی وڵاته‌که به یاسایه‌ک ژێنۆسایدی گه‌لێک به‌ڕه‌سمی بناسێ، به‌ڵکوو به‌ڕه‌سمی ناسینه‌که زۆرتر له شکڵی په‌سندکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پاڕلمان یان بڕیارنامه‌یه‌كدا ڕوو ده‌دا. بۆ نموونه مانگی فێبریواری ٢٠١٣ ژووری کۆمۆنه‌کانی پارلمانی بریتانیا ده‌نگی به “مۆسیۆن”ێک یان پێشنیارنامه‌ی کۆمه‌ڵێک په‌رله‌مانتار دا بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌تی ئه‌و وڵاته و ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ژێنۆسایدی کورد له عێڕاق به‌ڕه‌سمی بناسن. پێشنیاری بڕیارنامه‌یه‌کی هاوشێوه له کۆتایی هه‌مان ساڵدا بۆ په‌سندکردن له ژووری نوێنه‌رانی کۆنگرێسی ئه‌مریکاش تۆمار کرا. ئه‌و هه‌وڵانه له هێندێک ئه‌یاله‌تی ئه‌و وڵاته به‌ئه‌نجامی دڵخواز گه‌یشتوون، بۆ نموونه بڕیارنامه‌ی پارلمانی ئه‌یاله‌تی جۆرجیا له ساڵی ٢٠١٥ سه‌باره‌ت به ژێنۆسایدی کورد له عیراق که له ٢٠١٨ دا ژێنۆسایدی ئێزیدییهکانیشی پێوه زیاد کرا.
پێشکه‌وتووترین و به‌رزترین ئاستی به‌ڕه‌سمی ناسین بریتییه له‌وه که پاڕلمانی وڵاتێک به یاسا ژێنۆسایدی ئه‌نجامدراو له شوێنێکی دیکه‌ی جیهاندا به‌ڕه‌سمی بناسێ. لێره‌شدا دوو حاڵه‌تمان هه‌یه : ١/ یاسا ته‌نیا ژێنۆسایدهکه ده‌سه‌لمێنێ و به‌ڕه‌سمیی ده‌ناسێ، بۆ نموونه یاسای ساڵی ٢٠٠١ی پارلمانی فه‌ڕانسه که له یه‌ک خه‌تدا گوتراوه ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه ژێنۆسایدی ساڵی ١٩١٥ی ئه‌رمه‌نییه‌کان به ئاشکرا و به‌فه‌رمی به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ (به‌بێ ئه‌وه‌ی بگوترێ ئه‌و ژێنۆسایده کێ ئه‌نجامی داوه)؛ ٢/ یاسا وێڕای به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید، ده‌ره‌نجامی قانوونی و قهزاییشی بۆ له‌نه‌زه‌ر ده‌گرێ. ئه‌مه‌یان بەدهگمهن هه‌ڵده‌که‌وێ. بۆ نموونه به‌پێی قانوونی ساڵی ١٩٩٠ی فه‌ڕانسه ناسراو به یاسای گێسۆ هه‌ر که‌سێک حاشا له‌و تاوانه دژه مرۆییانه بکا که پێڕه‌وی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌ربازیی نورامبێرگ ده‌ستنیشانی کردوون، سزا ده‌درێ. ئه‌م بابه‌ته که له‌ژێر ناوی “نێگاسیۆنیزم” (واته نکۆڵی کردن) ناوی ده‌رکردووه، زۆرتر ژێنۆسایدی یه‌هوودییه‌کان له شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا ده‌گرێته‌وه و له هێندێک وڵاتی تری وه‌ک بریتانیا و خودی ئاڵمانیش به یاسا په‌سند کراوه.
ده‌توانین بڵێین ته‌نانه‌ت کاتێک ژێنۆسایدی گه‌لێک به یاسای ده‌وڵه‌تێکی دیکه‌ش به‌ڕه‌سمی ده‌ناسرێ، هه‌نگاوه‌که هێشتا سروشتێکی سیاسیی هه‌یه، به چه‌شنێک که پاش تێپه‌ڕاندنی یاساکه‌ی فه‌ڕانسه بۆ به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆسایدی ئه‌رمه‌نی، مشتومڕێکی زۆر له‌نێو یاساناسانی ئه‌و وڵاته‌دا دروست بوو. به باوه‌ڕی هێندێکان قانوون ده‌بێ نۆرماتیڤ (ماف و ئیلتزام ساز) بێ و ئه‌وه کاری یاسا نییه که فاکتێکی مێژوویی تۆمار بکا، یان یادی ڕووداوێک بکاته‌وه و حوکمی له‌سه‌ر بدا. له‌لایه‌کی دیکه، ئه‌و کاره به‌پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپی جیایی ده‌سه‌ڵاته‌کانه، چونکه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست دادگایی کردنه ئه‌و کاره کاری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه، ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ست ڕاگه‌یاندن و هه‌ڵوێستگرتن سه‌باره‌ت به پرسێکی بواری ده‌ره‌وه‌یه، ئه‌وه کاری حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌یه. له‌خۆڕاش نییه که له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا پارلمانی وڵاته‌که داوا له حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی ده‌کا که ژێنۆسایدهکه به‌ڕه‌سمی بناسێ.
ب. به‌ڕه‌سمی ناسینی کۆمه‌ڵکوژی له‌لایه‌ن ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه
جیا له ده‌وڵه‌تان، هێندێک له ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش پڕژاونه‌ته سه‌ر پرسی به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید. بۆ نموونه ژێنۆسایدی جووله‌که و ئه‌رمه‌نییه‌کان له ڕاپۆرته‌کانی هێندێک ئۆرگانی پارێزگاری له مافی مرۆڤی سه‌ر به کۆمیسیۆنی پێشووی مافی مرۆڤ و شوڕای ئێستای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یهكگرتووهکاندا به‌ڕه‌سمی ناسراون، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و کۆسپانه‌ی بۆ په‌سندی کۆتایی ڕاپۆرته‌کان دروست کراون (وه‌ک ڕاپۆرتی “وێتاکهر” که لیستی ژماره‌یه‌ک له ژێنۆسایدهکانی سه‌ده‌ی بیسته‌می تێدا هاتووه و له سیغه‌ی یه‌که‌میدا ده‌وڵه‌تی تورکیه توانیبووی پێش به ناوهێنانی ژێنۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌کان بگرێ و له هیچ سیغهیهکیشیدا ئاماژه به قه‌ڵاچۆی گه‌لی کوردی تێدا نییه)، هه‌ستیاریی سیاسیی بابه‌ته‌که ده‌ر ده‌خه‌ن.
له‌نێو هه‌موو ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا و شووڕای ئه‌ورووپا (که ڕێکخراوێکی جیاواز له یه‌کێتیی ئورووپایه) لیبرالییانهترین و کراوه‌ترین سیاسه‌تیان بووه، چونکه ژێنۆسایدی ئهرمهنییهکانیشیان به ڕوونی به‌ڕه‌سمی ناسیوه. ته‌نانه‌ت سه‌رده‌مێک پارلمانی ئورووپا به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌کانی خستبووه نێو لیستی پێوه‌ره‌کانی کۆپنهاگ، واته ئه‌و مه‌رجانه‌ی وا ده‌وڵه‌تی تورکیه پێویسته بۆ به‌ئه‌ندام وه‌رگیرانی له یه‌کیه‌تیی ئه‌ورووپادا قبووڵیان بکا (دیاره دواتر هه‌ڵوێستێكی عه‌مه‌لیتر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ڕه‌چاو کرا و چاره‌سه‌رێکی نه سیخ سووتان و نه که‌باب دۆزرایه‌وه که تازه هیچ کهڵكیشی نه‌بوو، چونکه کۆی پرۆسه‌ی ئه‌ندامه‌تیی تورکیه له یه‌كیەتیی ئورووپادا له‌کار که‌وت).
جیا له یووئێن و یه‌كیەتیی ئورووپا، هێندێك ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی دیکه‌ش وه‌ک ئه‌نجومه‌نی پارلمانیی شووڕای ئورووپا، کۆمکاری ئابووریی وڵاتانی ئه‌مریکای باشوور و هێندێک بنیاتی نێونه‌ته‌وه‌یی غه‌یره ده‌وڵه‌تیی وه‌ک ناوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی عه‌داڵه‌تی ئینتیقالی و کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌کادیمییه‌کانی ژێنۆسایدیش له‌و بواره‌دا چالاکن. به‌ڕه‌سمی ناسینی ژێنۆساید له‌لای ده‌سته‌ی دوایی (واته بنیاته نێونه‌ته‌وه‌ییه غه‌یره ده‌وڵه‌تییه‌کان) ئاسانتره و ده‌کرێ وه‌ک ڕێکارێک بۆ به‌جیهانی کردن و لۆبیگه‌ریی زیاتر له‌و بواره‌دا له‌لایه‌ن کوردیشه‌وه که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ.
ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندیی به کورده‌وه هه‌یه، کۆمه‌ڵکوژیی کورد له عیراق له په‌راوێزی کاره‌کانی ئۆرگانه لاوهکییهكانی نه‌ته‌وه یهكگرتووهکاندا ئاماژه‌ی پێ کراوه و له‌م دواییانه‌شدا یووئێن تیمێکی لێکۆڵینه‌وه بۆ کارکردن له‌سه‌ر تاوانه‌کانی داعشی داناوه که له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانیش کار ده‌کا. هه‌رچی یه‌كیەتیی ئورووپاشه، ئه‌و بابه‌ته له پارلمانی ئورووپادا که‌وتۆته به‌ر باس، به‌ڵام تا ئێستا له پێشنیار و بابه‌تێکی جێگای باس ئه‌ولاتر نه‌چووه.
ئه‌نجام
به ژێنۆساید ناساندن و به‌جیهان ناساندنی وهچهکوژیی کوردان ئامانجێکی ڕه‌وای سیاسی و ئینسانیی پشتئه‌ستوور به بنه‌مای ئه‌خلاقی و یاسایی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێزه. وه‌ک له‌و کورته ڕوانینه بۆ لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی به‌دواداچوونی ئه‌و پرسه‌دا ده‌رکه‌وت، بژارده‌کانی کورد پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و هه‌مه‌لاگیر بۆ ئه‌و ئامانجه تاو بده‌ن و له کۆسپه‌کانیش نهسڵهمنهوه. زۆر له‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌و بواره‌دا وه‌ده‌ست هاتوون ده‌هه‌یه‌ک یان دوو ده‌هه له‌مه‌وبه‌ر سه‌خت و دووره‌ده‌ست ده‌هاتنه به‌رچاو. ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ئێستاش له ڕێگادان ده‌کرێ ورده ورده که‌م ببنه‌وه و ده‌رفه‌تی نوێ ده‌سکه‌وتی نوێیان لێ بکه‌وێته‌وه.
ئاشکرایه که چوونه‌پێشی ئه‌و پرسه له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه به ڕێژه‌یه‌کی زۆر به گه‌شه‌سه‌ندنی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی و یاسای قه‌زایی به‌راوردکاری، و چوونه‌پێشی زیاتری دۆخی سیاسیی کورد و پارامێتره‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ده‌ستڕۆیشتوو به‌ستراوه‌ته‌وه. هه‌ر له‌وکاته‌دا به‌ڵام زۆر هه‌نگاو بۆ به‌رهه‌مدارکردنی پرۆسه‌ی دادخوازیی کورد هه‌ر ئێستا له توانا و ده‌ره‌تانی کورددا هه‌ن، به‌مه‌رجێک کۆتایی به په‌رش و بڵاویی هه‌وڵ و ده‌سپێشخه‌رییه‌کان بهێندرێ؛ هه‌وڵه حیزبی و حکومییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی هه‌ماهه‌نگ بکرێن؛ ژێرخانێکی پته‌وی لۆبیسازی و پسپۆڕی و ماڵی بۆ دواڕۆژ بنیات بنرێ؛ به‌ڵگه‌کان به‌تایبه‌تی به زمانه‌کانی بیانی کۆبکرێنه‌وه و به‌شێوه‌ی قانوونی و زانستی پۆلێن بکرێن، و … هتد. هه‌روه‌ها پێویسته وێڕای ئه‌زموون وه‌رگرتن له که‌یسه‌کانی تری به ژێنۆساید ناساندنی کوشتاری گه‌لان، کورد پلانێکی ستراتژیک و پشوودرێژی له‌و بواره‌دا هه‌بێ که ڕاست پشت به مۆدێلسازیی ئه‌زموونی گه‌لانی دیکه ببه‌ستێ. کۆسپه سیاسی و قانوونییه‌کانی ئه‌مڕۆ و بوار و ده‌رفه‌ته‌کانی سبه‌ی ڕۆژ هه‌رچییه‌ک بن، سه‌رکه‌وتنی وه‌ها کاردروستاییهکی نه‌ته‌وه‌یی (ئه‌گه‌ر وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌و وتاره‌دا گوترا هه‌ر پارچه‌یه‌ی کوردستان ناچار بێ به‌جیاش کاری له‌سه‌ر بکا)، به یه‌کگرتوو جوڵانه‌وه و ژیرانه جوڵانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه.