پێشەکی: فەرهاد سلێمانپوور، مامۆستا و خاون بڕوانامەی ماستەر لە پەرەپێدانی ئابووری، یەکێک لە سەرچاوە دوو بەرگییە ئەکادیمیکە ئابوورییە بەناوبانگەکانی جهانی بەناوی “ئابووری” MICROECONOMY و MACROECONOMY لە ماوەی ٥ ساڵدا لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، ئەم کتێبە بەرهەمی دوو ئابووریزانی بەناوبانگی جهان بەناوەکانی سامولسن و نۆر هاوس-ە، لەبارەی گرنگیی ئەم بەرهەمە بۆ سەر زمانی کوردی و جیاوازییەکانی، هەروەها ئەو ئاستەنگانەی کە لە کاتی وەرگێڕانەکەیدا وەرگێڕ ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ئاژانسی (باسنیوز) لە دووتوێی دیمانەیەکدا چەند پرسیارێکی ئاراستەی فەرهاد سلێمانپوور وەرگێڕی ئەم کتێبە کردووە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
١- بۆ ئەم کتبێبەت بۆ وەرگێڕان هەڵبژارد؟
فەرهاد سلێمانپوور: ئەم کتێبە یەکەمجار چاپخانەیەک لە سلێمانییەوە بۆیان هێنام کە وەری بگێڕم، لە ناو کتێبخانەکەشمدا هەبوو، کتێبێکی زۆر گرنگە، لەو ڕووەوە کە هەر دە ساڵ جارێک بەپێی بارودۆخی ئەو دەیەیە گۆڕانکاریی تێدا کراوە و ڕاستە کە وەک هەموو کتێبەکانی تر چەماوە و دیاگرام و وێنەی هەیە بەڵام هەموو کەس بە ئاسانی دەتوانێ تێی بگات، دوای ئەوەش زۆربەی بابەتەکانی بەپێی نموونەی سەردەم خستوەتە ڕوو کە وەڵامی زۆربەشیانی تێدا دراوەتەوە، ئەم کتێبە خۆی لەناو تیۆری و دیاگرامدا قەتیس نەکردووە و بۆ زۆربەی کێشەکان ڕێگەچارەی کردەکیی خستوەتە ڕوو. ئێستا ئەم کتێبە بەپێی دەیەی 2000 نوێ کراوەتەوە، چاپی نۆزدەهەمی ئینگلیزیەکەیەتی کە لە 2010دا بڵاو کراوەتەوە، هەروەها دوو ئابووریناسی بەناوبانگ “سامولسن و نۆرهاوس” نووسیویانە کە ئەوەندەیتر گرنگییان بە کتێبەکە داوە.
٢ – جیاوازیی ئەم سەرچاوە لەگەڵ سەرچاوە ئاکادیمێکە ئابوورییەکانی تر لە چیدایە؟
فەرهاد سلێمانپوور: جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ئەم کتێبە بەپێی ڕووداو و پرسی سەردەم نووسراوە، زۆربەی سەرچاوەکانی تر لەناو دیاگراوم و تیۆریدا ون دەبن و بۆ خوێنەریش زەحمەتە لەگەڵ واقیعدا بیانگونجێنێت، بەڵام ئەم کتێبە وا نییە، کە دەیخوێنیتەوە ئەگەر بکەویتە بارودۆخی خۆیەوە دەزانی چۆن بڕیار بدەی و سەرت لێ نەشێوێ، هەروەها شێوازی نووسینەکەی زۆر پاراو و ئاسانە کە هەموو کەس دەتوانێ تێی بگات.
٣- خوێنەرانی ئەم وەرگێرانەی تۆ، پتر چ توێژگەلێکن؟
فەرهاد سلێمانپوور: ئەم کتێبە وەک لە پێشەکیەکەشیدا هاتووە بۆ خوێندکاران و ئەوانەش کە حەزیان لە ئابوورییە، بۆ ئەوانەی کە حەزیان لە خوێندنەوەی ئابوورییە پێویست ناکات دیاگرام یان لایەنە تەکنیکیەکانی بخوێنێتەوە، چونکە بە چەشنێک نووسراوە ئەگەر تەنیا باس و لیکدانەوەکانی بخوێنێتەوە بەسیەتی، بەڵام بۆ خوێندکاریک دەبێ هەموو بخوێنێتەوە، ئەم کتێبە کە لە دوو بەشی سەرەکیی ئابووریی هندک (MICROECONOMY) و ئابووریی تەڤ (MACROECONOMY) پێکهاتووە و زیاتر بۆ قۆناخی بکالۆریۆس و ماستەرە، بۆ ئەو کاربەدەستانەشە کە کاروباری ئابوورییان بە دەستە.
لە 2013ەوە تا 2018 پێوەی خەریک بووم، چەند جار پێداچوونەوە کراوە و ڕێک خراوەتەوە بۆ ئەوەی تا ئەو جێگەی دەکرێ هەڵە و پەڵەی تێدا نەبێت، ڕۆژانە نزیکەی 6 کاتژمێر و هێندێ رۆژیش ئەگەر دەستی دابێت زیاتریش، پێوەی خەریک بووم.
٤-بە سەرنجدان بە گرنگیی و تازەیی ئەم بەرهەمە لە بواری ئابووریدا و بوونی چەمکی تایبەت تێیدا، ئاخۆ بۆ پەیداکردنی هاوتای ئەو چەمکە ئینگلیزییانە لە زمانی کوردیدا تووشی ئاستەنگ نەبوویت؟
فەرهاد سلێمانپوور: یەکێک لەو هۆکارانەی کە نزیکەی پێنج ساڵ پێوەی خەریک بووم، لەبەر ساغکردنەوەی چەمک و وشەکانی بوو، بەشێکی زۆری چەمکەکانی لە زانینگەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەکادیمیکی باشووردا بەکار دەهێنرێ، بۆ ئەو بەشەکەی تری لە شێوەزارە سەرەکییەکانی زمانی کوردی کەڵکم وەرگرتووە و لەم پێوەندیەشدا کاک “فەرهاد ئەکبەری” یارمەتییەکی زۆری دام کە ئەگەر یارمەتییەکانی ئەو نەبا ئەم وەرگێڕانە نەدەکرا، بۆ کوردێک کە دەست دەداتە وەرگێڕانی زانستێک دەبێ زۆر بگەڕیت تاوەکوو بتوانێ چەمکەکانی ساغ بکاتەوە و زۆر چەمک و وشە بە هەڵە ڕۆیشتوون کە دەبێ ئەوانەش ڕاست بکاتەوە، بەشی زۆری کاتەکە بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ئەو چەمکانە تەرخان کرا، کێشەکە تەنیا ئەوەیە دەبێ کاتێکی زۆر تەرخان بکەی تاکوو بزانی چۆن ئەو چەمکانە ساغ دەکەیەوە، دەنا زمانی کوردی توانای ئەوەی هەیە و بەبێ داتاشینی وشە و چەمک دەتوانی زۆربەیان بدۆزییەوە.