حەوتووی ڕابردوو ڕێژێمی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک ئەندام لە «کۆمیسیۆنی پێگەی ژن»ی سەر بەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێردرا. کاری ئەو کۆمیسیۆنە ئەوەیە یەکسانیی ڕەگەزی گەشە پێ بدا و ژنان لە جیهاندا لە ژێردەستەیی دەربکات.
ڕەنگبێ زۆر کەس پێی وابێ هەواڵی هەڵبژاردنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی وەک ئەندام لە کۆمیسیۆنیکی وادا زیاتر شۆخ و جەفەنگ و بۆ پێکەنینە، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕاستییەکی تاڵە. گرووپی چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توندی هەبوو لەو کارە و، بەرپرسی ئەو گروپە هەڵبژاردنی ئێرانی وەک ئەندام لەو کۆمیسیۆنەی بەوە شوبهاند کە کەسێکی دەروون نەخۆشی هەڵوەدای سوتاندن و ئاگرکردنەوە (Pyromania) بکەیتە بەڕێوەبەری دەزگای ئاگرکوژاندنەوەی شارێک. ئەو قسەیە ڕاستە. ڕێژێمی ئیسلامیی ئێران نەک هەر هەڵوەدای سوتاندن و ئاگرخستەنەوەیە، بەڵکوو زیاتر لە چوار دەیەیە بەبێ وچان ئاگری کۆنەپەرستیی لە کۆمەڵگە بەر دەدا و بەختی میلیۆنان لە کچان و ژنانی وڵاتی ئاگر تێبەر داوە و کردوونی بە هاووڵاتیی پلەی دوو و سەرکوتکراو.
ڕێژێمی ئێران خۆی یەکێک لەو دەزگایانەیە کە ئەو کۆمیسیۆنە دەبێ بیکاتە ئەولوییەتی کاری خۆی کە سنووری بۆ دابنێ و دەستکورتی لە چەوساندنەوەی ژناندا. ڕەنگبێ ئەم ئامارە لەجێی خۆیدا بێ کە هەر لە کوردستان و تەنیا لە ماوەی ٨ی مارسی ٢٠٢٠ بۆ ٨ی مارسی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٣٤ ژنی کورد بە تاوانی چالاکیی مەدەنی، سیاسی و مەزھەبی حوکم دراون. هەروەها هەڵبژێرانی ئێران بۆ ئەم کۆمیسیۆنە لە حاڵێکدایە کە ناوی ئێران وەک وڵاتێک کە زیاترین حوکمی ئێعدامی تێدا بەرێوە دەچێ لە سەرووی لیستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمار کراوە. هاوکات ئەندامەتیی ئێران لەو کۆمیسیۆنە لە حاڵێکدایە کە جاوید ڕەحمان، رێپۆرتەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر نیگەرانیی زۆری خۆی سەبارەت بە بارودۆخی خراپی ژنان لە ئێران دەربڕی و باسی لەوە کرد کە ئەم توێژە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەگشتی وەک ھاووڵاتیی دەرەجە دوو سەیر دەکرێن.
ڕێژێمی ئێران ڕژێمی فەرزکردنی پۆششی زۆرملێیە بە سەر ژناندا. ڕێژیمی ئەژمارکردنی دوو ژنە بە یەک پیاو کاتێك لە دادگادا شایەتی دەدەن. ڕێژێمی نەبوونی مافی چوونەدەر لە وڵاتە بۆ ژن بەبێ ئیزنی مێرد یان باوک یا ھەر پیاوێک کە وەک سەرپەرست بۆی دیاری کرابێ. ڕێژیمی نیوەبوونی میرات و بەشەماڵی ژنە بەنیسبەت پیاو. ڕێژێمێکە کە تەنانەت بەوە ناخی دەلەرزێ کە ببینێ ژنان و کچان لە یاریگایەکدا تیپێکی وەرزشی هان دەدەن و خۆشیی دەکەن.
لە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٦ ئەنجومەنی شۆڕشی فەرھەنگیی ئێران جێبەجێکردنی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ی یونسکۆی لە دەستووری کاری دەوڵەت دەرھاویشت. ئەو بڕیارە پاش ئەوە ھات کە خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، جێبەجێکردنی ئەو بەڵگەنامەیەی بە ڕێگەپێنەدراو ڕاگەیاند. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک رەخنە لەو بەڵگەنامەیە گوتی: “ئێرە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەسەر بنەمای ئیسلام و قورئان دامەزراوە. شێوازی پڕ لە ھەڵە و وێرانگەر و دژەئەخلاقی رۆژئاوایی لێرە جێی نابێتەوە. ھەر بۆیەش پەسندکردنی بەڵگەنامەیەکی لەو چەشنە بێ واتایە.”
مەنشووری ماف و ئەرکی ژن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران (١٣٨٣) کە لەسەر بنەمای دەقە ئایینییەکانەوە داڕێژراوە، ماف و ئەرکی ژنی لە چوارچێوەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا لە ١٤٩ خاڵدا دیاری کردووە کە پتر لە کۆمەڵێک یاسای سەدەکانی نێوەڕاست دەچن تا یاسای سەدەی بیست و یەک. تۆ بڵێی ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە ئەندامەتیی ئێران لە “کۆمیسیۆنی پێگەی ژن” داوە، لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و دۆخی ژنان لەو وڵاتە ئاگادار نەبووبن؟ ئەویش لە کاتێکدا چالاکان و ھەڵسوڕاوانی ژن لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە پێشوو لەگەڵ ھەڕەشە و گرتن و سەرکوتی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕووبەڕوو بوونەوە. بۆ نموونە زێنەب جەلالیان، ژنە چالاکی سیاسیی کورد کە سزای زیندانی هەتاهەایی بەسەردا سەپاوە، ساڵانێکە بە دەرد و ئازاری نەخۆشیگەلێکی زۆرەوە دەناڵێنێ و پێوێستیی خێرای بە چارەسەری ھەیە، کەچی تەنانەت لە مافی مەرەخەسییەکی دەرمانی و چارەسەریی پزیشکی بێبەشە.
ئەم بڕیارەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان زەبرێک بوو لە پەیکەری بزووتنەوەی ژنان لە ئێران درا، پێدەچێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەرانبەر ئەو ھەموو کارەساتەدا و لە بەرانبەر کاری سیستەماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ژنان کەڕ و کوێر بێت. بە داخەوە، وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیەدا تەنیا رێککەوتن و گرێبەستی دانوستانە نێونەتەوەییەکانی خۆیانیان بەلاوە گرینگە و بەو کارەیان نەک هەر پشتی خەباتی ژنان و کچانی ئێران چۆڵ دەکەن، بەڵکوو بە کردەوە بەدژی دەوەستنەوە.