بڵاوبوونەوەی وتووێژێکی دەنگیی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کە وەک دەڵێن بۆ بڵاوکردنەوە نەبووە و تەنیا بۆ مێژووی زارەکی و ڕاگرتنی بەڵگەنامەیەکی دەوڵەت کراوە، ڕاستیی سیاسەتەکانی ڕێژیم و بێدەسەڵاتیی دەوڵەتی لە ئێران ئاشکراتر کرد. ئەم قسانەی وەزیری دەرەوە کە بەرپرسانی دەوڵەت پێیان وایە دزراوە و بەئەنقەست بڵاو کراوەتەوە، بوو بە هۆی دروستبوونی هەراوهوریایەک لەنێو بەرپرسانی جۆراوجۆری کۆماری ئیسلامیدا. ئەو بەشەی کە بە تایبەت باسی ڕۆڵی قاسم سولێمانی و ڕۆڵی ناوبراو لە دەستێوەردان لە کاری وەزارەتی دەرەوەدا کردوویەتی تووشی زۆرترین بەرهەڵستی بوو لە نێو فەرماندەکانی سپا و لایەنەکانی سەر بە دەزگای ڕێبەریی کە خامنەیی لە سەروویانەوەیە.
جەواد زەریف کە بەردەوام پێداگری لەسەر باوەڕمەندیی خۆی بە نیزامی کۆماری ئیسلامی دووپات دەکاتەوە، بە ڕوونی ئاماژە بۆ کێشەکانی سیاسەت لە نێو دەسەڵاتدا دەکا و بێدەسەڵاتیی ئەو کەسانەی کە بە تەواوەتی لە ئاست سپای پاسداراندا چۆکیان دانەدابێ، دەردەخا. ناوبراو وەک خۆی دەڵێ بە ڕوانگەیەکی کارناسانەوە هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکا و بە ڕاشکاوی و بە ناوی مەیدانەوە ڕێبەر و فەرماندەکانی سپا و بە تایبەت قاسم سولێمانی، بە هۆکاری دیپلۆماسیی شکستخواردووی ڕێژیمەکەیان تاوانبار دەکا. ئەگەر سەرپێیی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم بەشە لە قسەکانی زەریف بکرێ دەبێ بڵێین کە ڕاستگۆیانە تەئییدی هەڵوێستی چەندین ساڵەی حیزبی ئێمە و ئوپۆزیسیۆنی دژ بە ڕێژیمی کردووەتەوە کە بە بەردەوامی باسیان لە تاکڕەویی خامنەیی بۆ دەسەڵاتداریی بە پشتگیریی سپای پاسدارانیان کردووە. بەڵام زەریف دەیەوێ چ بڵێ؟
ناوبراو کە لە چل ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە پیاوێکی باوەڕدار و باوەڕمەند بە کۆماری ئیسلامی بووە و لانیکەم لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ڕێژیمدا ئەرکی پێ ئەسپێردراوە، هەر لە سەرەتاوە دەڵێ: “هەوڵم داوە کارێک بکەم کە بە قازانجی خەڵکە و بە قازانجی وڵاتە”. لەوە گەڕێین کە لە بنەڕەتدا کارەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ قازانجێکی بە خەڵک و وڵات نەگەیاندووە، داخۆ بە پشتبەستن بە قسەکانی دواتری، ئەویش دەیەوێ بڵێ کە ئەوانی دیکە کە بە “مەیدان” ناویان دێنێ قازانجی خەڵک و وڵاتیان لەبەرچاو نەبووە. لە قسەکانیدا دەر دەکەوێ کە خامنەیی و فەرماندەکانی سپا بە دوور لە چاوی ئەوان سیاسەتەکانیان بە تایبەت لە پێوەندییەکانی دەرەوەدا داڕشتووە و بەبێ ڕەچاوکردنی لێکدانەوەی کارناسانەی ئەوان تەنیا ئەرکی جێبەجێ کردنیان بۆ ماوەتەوە. زەریف بەم جۆرە پاکانەیەک بۆ خۆی و هاوبیرانی دەکا کە شکستی دیپلۆماسیی ئێران لە ئەستۆی ئەواندا نییە و ئەگەر نەیانتوانیوە ئەنجامی باش لە کارە دیپلۆماسییەکانیاندا بە دەست بێنن ئەوە بە هۆی بە هێندوەرنەگرتنی ئەوان و دەستێوەردان لە کارەکانی دەوڵەتدا لەلایەن “مەیدان”، سپای قودس و بە تایبەت قاسم سولێمانی و ڕێبەرەوە بووە.
دیارە ئاستی تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی فەرماندەکانی سپا و دژبەرانی زەریف و دەوڵەتەکەیان گەیبووە ئەو جێگەی کە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان و دوای ئەوەی کە زەریف داوای لێبوردنیشی کرد، خامنەیی ڕێبەر زووتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا هاتە سەر مینبەر و بۆ ئارامکردنەوە و کەڵکوەرگرتن لە دۆخەکە بە قازانجی بەرنامەکانی خۆی و سپا، لەکاتێکدا تووڕەیی بە قسەکانیەوە دیار بوو، سەرکۆنەی وەزیری دەرەوە و هاوبیرانی لەنێو نێزامدا کرد کە بەرپرسانی نیزام نابێ هەڵەی وا بکەن کە قسەی دوژمنەکانیان و ئەمریکا دووپات بکەنەوە. ئەو هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوە لە کۆڕێکی سەرەوەتردا بڕیاری لەسەر دەدرێ، بە گوێی ئەوانیشی دادا کە وەزارەتی دەرەوە دەوری نییە لە داڕشتنی سیاسەتدا و تەنیا جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەو و دەورووبەرەکانیەتی. دیارە خامنەیی کە سپای پاسداران بە پشتیوانی سەرەکیی دەسەڵاتی خۆی دەزانێ کەوتەوە پێداهەڵگوتن بە سپای تێروریستیی قودس و ڕەخنەی زەریف لە دەستڕۆیشتوویی ئەم هێزەی بە هەڵەیەکی گەورە ناو برد کە نابێ هیچ بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی دووبارەی بکاتەوە. بە مانایەک ئەوەی سپای پاسداران دەیکا جێگەی ڕەخنە نییە و بەرپرسانی دیکە دەبێ پشتیوانیی لێ بکەن. بەمجۆرە پاساوی باشی هێناوە بۆ هەموو ئەو کارانەی پێشوو کە کردوونی و لە چوارچێوەی کاروباری دەرەوەی هیچ نیزامێکدا ناگونجێ. وەک، سەردانی سەرۆککۆماری سووریە بەبێ ئاگاداری وەزیری دەرەوە، ناردنی نامەی ڕێبەر لەلایەن کەسی تایبەت لەکاتێکدا نوێنەری ڕەسمیی وڵات لە سەفەری ڕووسیە بوو، داوای چین بۆ بەشداریی نوێنەری ڕێبەر بە مەبەستی تەواوکردنی گرێبەستی ٢٥ ساڵە لەگەڵیان و زۆر دیدار و ڕێککەوتنی دیکە کە نە تەنیا بە خەڵکی نەگوتراوە، بەڵکوو وەزارەتی دەرەوەی نیزامەکەشیان ئاگای لێ نەبووە. ئەمەش تەنیا بەشێکی بچووک لە ڕاستییەکانی شێوەی دەسەڵاتدارییە لە ئێراندا کە شێوازێکی پڕاوپڕ توتالیترییە و جێگەی خەڵکی تێدا نابێتەوە مەگەر بۆ گوێڕایەڵی. ئەوەش وەک زەریف پێشتر گوتبووی ئەوەی هەیە خۆیان هەڵیانبژاردووە.
لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە زۆرتر کێشە نێوخۆییەکانی ڕێژیم دەر دەخا، باسکردن لە جۆری پێوەندییەکانی سپای قودس و گوێڕایەڵی بۆ ڕووسیە لە هاوکاری لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە سەرنجڕاکێشە. زەریف ئاشکرای دەکا کە ڕووسیە چۆن لە هێزە جۆراوجۆرەکانی سپا و بە کوشتدانیان لە شەڕی مەیدانی لە سوورییەدا کەڵکی وەرگرتووە و فەرماندەکانی سپاش ئەمەیان بە دەسکەوتێک بۆ خۆیان لە قەڵەم داوە. لەکاتێکدا بۆخۆیان تەنیا شەڕی ئاسمانییان کردوە و کونتڕۆڵی سووریەشیان بەدەستەوە گرتووە. باسکردن لە هەوڵەکانی ڕێبەر و سپای قودس بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی دیپلۆماسیی ئەو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئابڕوومەندانەتر لەگەڵ ڕۆژاوا کە خامنەییش لە قسەکانیدا و بە پشتیوانی لە کارەکانی سپای قودس ڕاستییەکەی ئاشکرا دەکا، باسی بەشێکی دیکەیە لە سیاسەتی خۆبەدەستەوەدانی ڕێژیم بە زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات. سیاسەتێک کە جگە لە ماڵوێرانیی زیاتر بۆ خەڵکی ئێران و بە هەڕاجکردنی سامانی ئێران خێرێکی دیکەی نەبووە.
ئەوەی لە کۆی ئەم قسەوباسانەدا دەردەکەوێ ناڕەزایەتیی تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی نیزامە لەو شێوە دەسەڵاتدارییەی کە لەمێژە خەڵکی ئێرانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بۆ ڕزگاربوونیان لە چنگ ئەو ستەمە هەمەلایەنەی کە بەسەریاندا سەپاوە، جگە لە گۆڕینی ڕێژیمی خۆسەپێن بەسەر ئێراندا هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەماوە. هەر بۆیە دروشمی نا بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا دروشمێکە کە ئەمڕۆ بووەتە قسەی هەموو خەڵکی دژبەری ئەو نیزامە.