دوای ئه‌وه‌ی له یه‌ك دوو ساڵی ڕابردوودا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌نای ئه‌مریکا داوای به‌ڕه‌سمی ناسینی کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌کانیان له سه‌رکۆماری ئه‌مریکا کردبوو، سه‌ره‌نجام ڕۆژی ٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢١، جۆ بایدن ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ی وه‌دی هێنا و به‌مجۆره وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به لیسته‌ی زیاتر له سی ده‌وڵه‌تی دنیاوه زیاد بوو که کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌کانیان به‌ڕه‌سمی ناسیوه. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه زۆربه‌یان ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی به‌تایبه‌تی ئورووپایین، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی وه‌ک ڕووسیه و هێندێک ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکای لاتین و باشووریش له‌و نێوه‌دا وه‌به‌رچاو ده‌که‌ون.
جیا له‌و مشت‌ومڕ و کاردانه‌وانه‌ی بڕیاره‌که‌ی جۆ بایدن له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و به‌تایبه‌تی بۆ پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و تورکیه به‌دووی خۆیدا هێنا، له‌نێو کوردیش‌دا که به ئاشکرا قوربانی تاوانه دژه مرۆییه‌کان و یه‌ک له‌وان کۆمه‌ڵکوژی بووه به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌وه بکا که ئه‌رمه‌نییه‌کان توانیویانه بیکه‌ن، ئه‌م بڕیاره سه‌رنجی خه‌ڵک و بژارده‌کانی ڕاکێشا و جارێکی دیکه ئه‌و پرسیاره‌ی هێنایه‌وه گۆڕێ که ئایا ده‌بێ کورد چی بکا بۆ ئه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کانی قه‌ڵاچۆی سیستماتیکی خۆی به‌نێونه‌ته‌وه‌یی بکا؟ بڕیاره‌که‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌مریکا به‌تایبه‌تی له‌و باره‌وه سه‌رنجڕاکێش بوو که کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌کان له کاتێکدا له‌لایه‌ن شوێندانه‌رترین ده‌وڵه‌تی دنیاوه به‌ڕه‌سمی ناسرا که جێگه و پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نستان له ساڵ و مانگه‌کانی ڕابردوودا له لاوازیی دابوو. ئه‌وه‌ش نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که ئه‌گه‌ر بێت و بژارده‌کانی گه‌لێک ژیرانه و هه‌ماهه‌نگ بجوڵێنه‌وه، ده‌کرێ دۆخێکی سه‌خت که له قۆناغێکدا گه‌لێک له‌سه‌ر خاک و نیشتمانی خۆی تێی ده‌که‌وێ، به هه‌وڵ و هیمه‌تی لۆبیی ئه‌و گه‌له له دیاسپۆرا قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه و به‌مجۆره هێزی هه‌نده‌رانی ئه‌و گه‌له به هانای کۆمه‌ڵگەی سه‌ره‌کیی خۆی له وڵاته‌وه بێ و بیگه‌ڕێنێته‌وه ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی باس و خواسی نێوده‌وڵه‌تی.
ئێستا ئایا به‌ڕه‌سمی ناسینی نێونه‌ته‌وه‌یی کۆمه‌ڵکوژی و تاوانه دژه مرۆییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌نجامدراو ده‌رهه‌ق به گه‌لێک بۆچی گرینگه و گه‌لێکی وه‌ک گه‌لی کورد به په‌نابردن به کامه ڕێکار و ئامرازانه‌وه ده‌توانێ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌وڵ بدا و ده‌رفه‌ت و به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر ئه‌م ڕێگایه کامانه‌ن، پاش کورته ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له باکگراوند و بنه‌ما نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێوه‌ندیدار به لێپێچینه‌وه له تاوانه دژه مرۆییه‌کان، تێ ده‌کۆشین به کورتی بایه‌خ و ڕێكاره‌کانی ئه‌م لێپێچینه‌وه‌یه له کۆنتێکستی گه‌لی کورددا ده‌ستنیشان بکه‌ین. دیاره ده‌زانین که به‌هۆی دابه‌شبوونی کوردستان و واقعییه‌تی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها نه‌بوونی یه‌كگرتوویی له‌نێو کورددا، بۆ ڕێکاره قانوونییه‌كان کوردی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان ناچاره به‌جیا به‌دواداچوونی که‌یسه‌کانی خۆی بکا.
کورته ئاوڕێک له باکگراوند و بنه‌ما نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که بیرۆکه و هه‌وڵی ناساندنی تاوانه دژه‌مرۆییه‌کان بۆ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه ته‌نیا له په‌راوێزی تاوانه‌کانی نازی له شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا بوو که ئیراده و هۆشیارییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌و پێوه‌ندییه‌دا شکڵی گرت. دادگاکانی نوره‌مبێرگ و تۆکیۆ بۆ پێڕاگه‌یشتن به جینایه‌ته‌کانی شه‌ڕی دووه‌م بنه‌ما یاساییه‌کانی به‌تاوان ناساندنی ئه‌و جینایه‌تانه‌یان داڕشت و له‌گه‌ڵ په‌سندکرانی په‌یمانی ساڵی ١٩٤٨ بۆ پێشگیری و سزادانی تاوانی ژێنۆساید و په‌یمانه‌كانی ١٩٤٩ی ژنێڤ سه‌باره‌ت به قانوونی به‌شه‌ردۆستی و په‌یمانی ١٩٦٨ بۆ پێشگیری له کاریگه‌ریی تێپه‌ڕینی کات له‌سه‌ر سزادانی تاوانباران، چه‌مکه پێوه‌ندیداره‌کان تۆکمه بوونه‌وه. ئه‌ده‌بیاتی یاسایی ئه‌م بواره دواتر به بڕیاره‌کانی دادگاکانی لاهه و ئارووشا بۆ پێڕاگه‌یشتن به تاوانه دژه مرۆییه‌كانی یووگۆسلاڤیی پێشوو و ڕوواندا و هه‌روه‌ها دادگاکانی تایبه‌ت به سیرالیۆن و کامبۆج ده‌وڵه‌مه‌ند کرا و چڵه‌پۆپه‌ی ئه‌م پرۆسه دادگهرییهی تاوانه دژه ئینسانییه‌کانیش، په‌سندکرانی پێڕه‌وی دیوانی جینایی نێونه‌ته‌وه‌یی (١٩٩٨) بوو که به ستاتووی ڕۆم ناسراوه و له‌ڕاستیدا کۆبه‌ندی قانوونه‌کانی لاهه و ژنێڤ و عورفی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌و بواره‌دا له خۆی ده‌گرێ.
ژینۆساید یان ژێنۆسید له زمانی کوردی‌دا به ده‌سته‌وشه‌ی کۆمه‌ڵکوژی وه‌رگێڕدراوه که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێ که‌وتووه، ئێمه‌ش لێره‌دا به‌کاری ده‌به‌ین. دیاره به‌له‌به‌رچاوگرتنی مه‌به‌ستی دانه‌ری ئه‌م وشه‌یه (ڕافایه‌ل لێمکین، یاساناسی ئه‌مریکایی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک جووله‌که‌ی پۆلۆنی) و ئه‌و نێوه‌رۆکه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی قه‌زایی نێونه‌ته‌وه‌یی داده‌چۆڕێ، له‌و باوه‌ڕه‌داین که ده‌سته‌وشه‌ی “وه‌چه‌کوژی” باشتر مانای ژینۆساید ده‌گه‌یه‌نێ، چونکه لێره‌دا قسه له هه‌وڵی بنه‌بڕکردنی گه‌لێک یا گرووپێک به‌هۆی جیاواز بوونی ئه‌و گه‌له‌یه، به‌چه‌شنێک که هێندێك له پسپۆڕان زاراوه‌ی “ئێتنۆساید”یش به‌کار ده‌به‌ن که به مانای کوشتنی گرووپێكی ئێتنیکییه. به‌ڵام ده‌بێ بزانین (و سه‌رنجدان به‌مه بۆ کورد زۆر پێویسته) ژینۆساید ته‌نیا یه‌کێک له چه‌مکه‌کانی ئه‌و بواره‌یه و دوو چه‌مکی تاوانکاریی دیکه‌ش هه‌ن که بریتیین له تاوانی شه‌ڕ و تاوان به‌دژی مرۆڤایه‌تی. پێناسه و توخم و کرده‌وه‌کانی پێکهێنه‌ری هه‌رسێکی ئه‌م تاوانانه‌ش له مادده‌ی ٢ی په‌یمانی پێشگیری و سزادانی تاوانی ژینۆساید و مادده‌کانی ٧ و ٨ ی ستاتووی ڕۆمدا دیاری کراوه. کاتێکیش ده‌ڵێین تاوانی دژه مرۆیی مه‌به‌ستمان هه‌رسێکیانه.
ڕێکاره‌کانی لێپێچینه‌وه له تاوانه دژه مرۆییه‌کان
ده‌بێ بزانین که به‌ڕه‌سمی ناسین یان سه‌لماندنی ئه‌و تاوانانه له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا (وه‌ك بۆ نموونه بڕیاره‌که‌ی بایدن) وه‌ک جێگره‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌ی قه‌زایی له تاوانه‌کان (له‌و حاڵه‌تانه‌دا که ئه‌مه‌یان به هۆکاری مێژوویی یان له‌به‌ر به‌ربه‌سته سیاسی و قانوونییه‌کانی وه‌خت مومکین نییه)، گرینگ و جێگای سه‌رنج و بایه‌خه، ده‌نا ڕێکاری ئیده‌ئال هه‌ر به‌دواداچوونی قه‌زایی تاوانه دژه مرۆییه‌کانه که له‌ڕووی دادخوازییه‌وه هیچ شتێکی دیکه نایگاتهوه.
١/ لێپێچینه‌وه‌ی قه‌زایی له تاوانه دژه مرۆییه‌کان
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی لێپێچینه‌وه‌ی قه‌زایی له تاوانه دژه مرۆییه‌کان بڕه‌خسێ یان ده‌بێ حکوومه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی تاوانه‌کان له سایه‌ی وی‌دا ئه‌نجام دراون ڕووخابێ و ده‌سه‌ڵاتی جێ‌نشین ئیراده‌ی پێویست بۆ دروستکردنی زه‌مینه‌ی وه‌ها لێپێچینه‌وه‌یه‌کی هه‌بێ، یان ده‌بێ ڕێكارێكی دادوه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی چالاک بکرێ.
له ئاستی نێوخۆیی‌دا جاری وایه پاش ڕووخانی حکومه‌تی به‌رپرسیار ئه‌و ئیراده‌یه بەفه‌رمی نیشان ده‌درێ و پرۆسه‌یه‌کی قهزاییشی لێ ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌م و ئاکامه‌ی لێ ناکه‌وێته‌وه که له دادخوازییه‌کی ڕاستهقینەدا چاوه‌ڕوان ده‌کرێ. بۆ نموونه له که‌یسی کۆمه‌ڵکوژیی گه‌لی کورد له عیراقدا که ته‌نیا پارچه‌ی کوردستانه که حکومه‌تی به‌رپرسیار له تاوانه‌کان ڕووخابوو، به‌هۆی باڵاده‌ستیی ئاجێندای سیاسی به‌سه‌ر ئاجێندای دادوه‌ریدا، موحاکمه‌ی سه‌رکرده‌کانی ڕێژیمی به‌عس له چوارچێوه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌کاندا ته‌واوی پۆتانسیه‌لی خۆی بۆ خستنه‌به‌ر لێکۆڵینه‌وه و تۆمارکردنی هه‌موو هه‌قیقه‌تی جینایه‌ته‌کانی ده‌رهه‌ق به کورد و سزادانیان به‌کار نه‌برد. ڕاسته بڕیاره‌کانی ساڵه‌کانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٠ی دادگای باڵای تاوانه‌کان له که‌یسه‌کانی ئه‌نفال و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و که‌یسی بارزانییه‌کان و فه‌یلییه‌کان و سه‌رکوتی ڕاپه‌ڕین، هه‌روه‌ها بڕیاری ساڵی ٢٠٠٨ی پارلمانی عێراق سه‌باره‌ت به ژینۆسایدی کورد، به‌رزترین و باوه‌ڕپێکراوترین به‌ڵگه‌کانی دانپێدانانی نێوخۆیی کۆمه‌ڵکوژیی کوردیان خسته ده‌ست. به‌ڵام سه‌رنجڕاکێشه که تاوانباری پله یه‌كی کۆمه‌ڵکوژیی کورد له عیراق واته سه‌دام حوسێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه که موفاتحهی تاوانه‌کانی ده‌رهه‌ق به کورد له دادگاکه‌یدا کرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری حوکم و سزا درا کۆمه‌ڵکوژیی کورد نه‌بوو، له‌حاڵێکدا که کۆمه‌ڵکوژیی کورد گرینگ‌ترین به‌شی تاوانه‌کانی سه‌دام له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچهشیدا پێک دێنا. ئه‌ولاتر له‌مه‌ش، که‌مایه‌سیی گه‌وره شلبوونه‌وه و ته‌نانه‌ت ڕاوه‌ستانی پرۆسه‌ی دادخوازی به‌هۆی کاریگه‌ریی باری ئه‌منی و ئاڵۆزییه سیاسییه‌کان و شپرزه‌یی کوردی باشوور خۆی و له هه‌مووشی خراپتر نه‌بوونی ئیراده‌یه‌کی سیاسیی شێلگیر له‌لای حکومه‌تی فیدراڵ بۆ ئاکامدارکردنی به‌ره‌سمی ناسینه‌که له‌بواری قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی قوربانییه‌كاندا بوو.
تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی، به‌هۆی بوونی کۆمه‌ڵێک به‌ربه‌ستی سیاسی و قانوونی که‌ناڵه‌کانی وه‌شوێنکه‌وتنی به‌رپرسیارێتیی تاوانباران و هاوده‌ستانی تاوانه دژه مرۆییه‌كان له‌و ئاسته‌دا زۆربه‌ی جار ئه‌سته‌من. کۆسپی هه‌ره گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌ستدانه‌بوونی دادگاگهلێکه که ئاماده‌ی وه‌رگرتن و لێپێچینه‌وه و موحاکمه‌ی که‌یسه‌کان بن. لێره‌دا سێ ده‌سته‌ی سه‌ره‌کی له که‌ناڵی دادوه‌ریمان هه‌یه که پێویسته لانیکه‌م یه‌كێکیان به‌رده‌ست بن:
١/ دادگایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت که به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان (وه‌ک له که‌یسی ڕوواندا و یووگۆسلاڤی و هی دیکه‌دا) دروست ده‌کرێ. بایه‌خی ئه‌م که‌ناڵه سه‌رباری زه‌حمه‌ت بوونی له‌ڕووی زه‌مینه‌ی سیاسییه‌وه ئه‌وه‌یه که پێویست ناکا چاوه‌ڕوانی ڕووخانی حکومه‌تی به‌رپرسیار له تاوانه‌کان بین.
٢/ دادگایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دائیمی، واته له ئێستادا دیوانی جینایی نێوده‌وڵه‌تیی لاهه که کاره‌که‌ی لێپێچینه‌وه له تاوانگه‌لێک له چه‌شنی ئه‌و تاوانانه‌یه که ده‌رهه‌ق به کورد کراون، به‌ڵام کێشه‌ی سه‌ره‌کی لێره‌دا ئه‌وه‌یه که هه‌تا ده‌وڵه‌تی پێوه‌ندیدار (لێره‌دا ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی بۆ نموونه به فرۆشتنی چه‌کی کۆمه‌ڵکوژ هاوده‌ستییان کردوون) سه‌ڵاحییه‌تی دیوان قبووڵ نه‌که‌ن و نه‌شڵێن که سه‌ڵاحییه‌تی دیوان بۆ جینایه‌ته‌کانی به‌ر له ساڵی ٢٠٠٢ ش قبووڵ ده‌كه‌ن، هیچ جۆره ده‌ره‌تانێکی سکاڵا تۆمار کردن نییه. مه‌گه‌ر ئه‌وه که دیسان له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌ستی داواکاری گشتیی دیوان بۆ تۆمه‌تبارکردنی به‌رپرسیارانی کۆمه‌ڵکوژی ئاوه‌ڵا بکرێ (وه‌ک له که‌یسی عومه‌ر حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌شیری ڕێبه‌ری سوودان دا دیتمان).
٣/ دادگا نێوخۆییه‌کانی وڵاتانی ده‌ره‌وه به‌تایبه‌تی له ئورووپا و ڕۆژئاوا به‌گشتی چونکه له بواری ئیعتباری قانوونی و سه‌نگی سیاسی بایه‌خ و شوێندانه‌رییه‌کی زۆرتریان هه‌یه. کۆسپی هه‌ره گه‌وره لێره‌دا ئه‌وه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی دادگای وڵاتێک سکاڵایه‌ک وه‌ربگرێ، پێویسته چ له ڕووی سه‌رزه‌مینییه‌وه (شوێنی ڕوودانی تاوانه‌که) و چ له ڕووی که‌سێتییه‌وه (ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌ر یان قوربانیی تاوانه‌كه)، پێوه‌ندییه‌کی به وڵاتی سێهه‌م واته وڵاتی دادگاکه‌وه هه‌بێ، ده‌نا دادگا سه‌ڵاحییه‌تی پێڕاگه‌یشتن به که‌یسه‌که‌ی نییه. هه‌ڵبه‌ت ده‌شزانین که له سه‌ره‌تای ساڵه‌کانی نه‌وه‌دی زایینیه‌وه له هێندێك وڵاتی وه‌ک بێلژیک و ته‌نانه‌ت بریتانیا هه‌وڵ درا سه‌ڵاحییه‌تی جیهانیی دادگاکان بۆ پێڕاگه‌یشتن به جینایه‌ته دژه مرۆییه‌کان به یاسا په‌سند بکرێ، چه‌مکێک که له ساڵانی دواییدا له هێندێك ده‌وڵه‌تی دیکه‌ی ئورووپاشدا زیندوو بۆته‌وه. مانای سه‌ڵاحییه‌تی جیهانی ئه‌وه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی دادگای وڵاته‌که سه‌ڵاحییه‌تی هه‌بێ، ئه‌و پێوه‌ندییه سه‌رزه‌مینی و که‌سێتییه‌ی باس کرا پێویست نییه. له‌سه‌ر ئه‌و بنهمایەش بوو که کۆمه‌ڵێک که‌یس به‌دژی ڕێبه‌رانی سیاسیی ئه‌مریکا و ئیسرائیل و هێندێك وڵاتی ئه‌فریقایی وه‌ک کۆنگۆ له‌به‌رده‌م دادگا نێوخۆییه‌کانی وڵاتانی ئورووپایی کرانه‌وه. به‌ڵام له‌سه‌ریه‌ك ده‌توانین بڵێین به‌هۆی پێوه‌ندییه دیپڵۆماسییه‌کان و هه‌ستیاریی سیاسیی ده‌سپێشخه‌رییه‌کی له‌م چه‌شنه و پشتگیری نه‌کرانی له‌لایه‌ن دیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی عه‌دله‌وه، تا ئێستا سه‌ڵاحییه‌تی جیهانی به‌شێوه‌یه‌کی کارا جێبه‌جێ نه‌کراوه و له‌سه‌ریه‌ک ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه.
دوو حاڵه‌ت هه‌ن که له‌واندا پرسی سه‌ڵاحییه‌ت به چه‌شنێکی له‌بارتر خۆی ده‌رده‌خا. یه‌که‌م بریتییه له سه‌فه‌ر یان په‌نابردنی هێندێک له به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دۆزرانه‌وه‌ی هاوده‌سته ده‌ره‌کییه‌کانیان که لێره‌دا بوونی هه‌م ئه‌وان و هه‌م قوربانییه‌کان له‌سه‌ر خاکی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ده‌توانێ وه‌ک پاساوبهخشێک بۆ سه‌ڵاحییه‌تی دادگا نێوخۆییه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌کار بێ. سکاڵا به‌رزکردنه‌وه به‌دژی ئه‌و که‌سانه ئه‌گه‌ر له کۆتاییدا به‌هۆی به‌ربه‌سته سیاسی و قانوونییه‌کان سه‌ریش نه‌گرێ، لانیکه‌م ئه‌و سووده‌ی هه‌یه که یارمه‌تی به ورووژاندنه‌وه و به‌مێدیایی کردن و وه‌بیرخستنه‌وه‌ی سه‌رکوتی کورد و هاندانی بیروڕای گشتیی وڵاتانی ده‌ره‌وه بۆ به‌ره‌سمی ناسینی ژینۆسایدی کورد ده‌کا.
حاڵه‌ته‌که‌ی تر بابه‌تی به‌رپرسیارێتیی ئه‌و لایه‌نه حکومه‌تی و کۆمپانیایانه‌یه که چه‌کی کۆمه‌ڵکوژ و مه‌وادی کیمیایی و بایۆلۆژیی قه‌ده‌غه‌کراویان داوه به ده‌وڵه‌تانی سه‌رکوتکاری کورد. بۆ نموونه به‌پێی زۆر به‌ڵگه‌نامه‌ی باوه‌ڕپێکراوی پیشه‌سازیی سه‌ربازیی عیراق و ئه‌رشیڤه‌کانی تیمه‌کانی پشکنینی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان و سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه‌کان، لیسته‌ی ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی که به‌شێوه‌ی مه‌عقوول ده‌کرێ شکی هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ ڕێژیمی سه‌دامیان لێ بکرێ له‌به‌رده‌ستدایه که له کۆمپانیاکانی بریتانیا و ئاڵمان و ئوتریش و فه‌ڕانسه و هوله‌ند و ئیسپانیا ڕا بگره تا ئه‌وانه‌ی ئه‌مریکا و هیندوستان و ژاپۆنی تێدایه. به‌ڵام جیا له کێشه‌ی سه‌ڵاحییه‌تی دادگاکان که ئاماژه‌ی پێ کرا، په‌لکێشکردنی به‌كرده‌وه و کارای ئه‌م کۆمپانیایانه بۆ به‌رده‌م دادگای وڵاته‌کانیان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کۆسپ به‌ره‌وڕوویه: جیا له‌وه که زۆر له کۆمپانیا پێوه‌ندیداره‌کان له ساڵانی ڕابردوودا ناو و که‌سێتییان گۆڕاوه، به‌شی به‌رچاوی مه‌وادی دابین‌کراو مهوادێکن که هه‌م له بواری ده‌رمانسازی و کشتوکاڵدا به‌کاردێن، هه‌م له بواری دروستکردنی چه‌کوچۆڵی قڕکردندا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، خستنه ژێر پرسیاری ڕابردووی ئه‌و کۆمپانیایانه که به مۆڵه‌ت و ئاسانکاریی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه و وه‌زاره‌تی بازرگانیی وڵاته‌کانیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ڕێژیمه‌کانی ناوچه کردووه، ناڕاسته‌وخۆ ده‌ست بردن بۆ پرستیژی ئه‌و وڵاتانه و ئه‌منیه‌تی ئابووری و بازرگانیی وانه. له هه‌مووشی ئه‌سته‌متر، دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندیی هۆکاری (العلاقة السببیة) له‌نێوان مه‌وادی دابین‌کراو له‌لایه‌ن کۆمپانیاکه و و تاوانه‌کاندایه. سه‌ختیی سه‌لماندنی ئه‌م پێوه‌ندییه هۆکارییه به‌تایبه‌تی له هێندێک هه‌وڵ که له وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ دادگایی‌کردنی کۆمپانیاگه‌لێکی وه‌ک “تالیسمان” و “ئالکۆلاک” که له سوودان و عیراق چالاک بوون به ڕوونی نیشانی ده‌دا که سه‌رخستنی هه‌وڵی له‌م جۆره پێویستی به کارزارێکی قورسی سیاسی و قانوونی و مێدیایی و بواره پسپۆڕییه پێوه‌ندیداره‌کان هه‌یه.
به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه، که‌یسی فرانس ڤان ئانرات له هوله‌ند که پاش ورووژاندنێكی مێدیایی و وه‌ڕێخستنی هه‌ڵمه‌تێکی چڕ‌وپڕ له‌لایه‌ن ڕه‌وه‌ندی کوردی و دۆستانی کورده‌وه دادگایه‌ک پێك هێنرا نموونه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو و شیاوی لێوردبوونه‌وه و ئه‌زموون لێوه‌رگرتنه. دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندییه هۆکارییهكه له‌و که‌یسه‌دا بۆیه وه‌دی هات چونکه ده‌رکه‌وت که له‌نێوان ساڵه‌کانی ١٩٨٥ و ١٩٨٨دا ناوبراو لانیکه‌م ٤٠٪ ی مادده‌ی (تی.دی.جی)ی به‌کارهاتوو بۆ دروستکردنی خه‌رده‌ل و تابوون و سارینی بۆ ڕێژیمی به‌عس دابین کردبوو. دیاره له‌و که‌یسه‌دا فرانس ڤان ئانرات تهنیانته وه‌ک کهسێتییهكی سروشتی دادگایی کرا، هیچ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یه‌کی قوربانییان له ئاستی مه‌ده‌نیدا بڕیاری له‌سه‌ر نه‌درا و ناوبراو ته‌نیا به هاوده‌ستی له تاوانی جه‌نگدا به حه‌ڤده ساڵ زیندان مه‌حکوم کرا و دادگا قه‌ناعه‌تی به ئاگاداربوونی ناوبراو له نیه‌تی ڕێژیمی سه‌دام بۆ ژینۆسایدی کورد نه‌هێنا.