لە بەرەبەری ١٠٦ ساڵەی، تاڵیادی کوشتاری ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥ی زایینی بە دەستی سپای عوسمانی، جۆ بایدن، سەرکۆماری ئەمریکا لە بڕیارێکدا بەفەرمی ئەو کۆمەڵکوژییەی بە ژینۆساید ناساند. هەرچەند دەوڵەتی ئەمریکا یەکەم دەوڵەت نییە کە ئەو کۆمەڵکوژییەی بە ژینۆساید ناسیووە و، پێشتریش چەند وڵاتێکی زلهێزی ئورووپاییش ئەو کوشتارەیان بە ژینۆساید ناسیوەو و لە هەمان کاتدا زیاتر لەسەد ساڵ بە سەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەرێ؛ بەڵام دیسان ئەو بڕیارەی سەرکۆماری ئەمریکا لە سەردەمی ئیستادا زۆر گرینگ و لە دوو ڕوانگەوە بایەخی خۆی هەیە:
یەکەم، ئەوەی کە دەوڵەتەکان بەتایبەتی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا ماوە بە ماوە و بەدوای یەک ئەو کارەساتە تاوانکارییە مەحکووم دەکەن و بە ژینۆسایدی دادەنێن، ئەمە سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بە تێپەربوونی کات تاوان بە دژی مرۆڤایەتی و کوشتاری بە بەرنامەی میللەتێک لەبیر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ناچێتەوە و ڕۆژێک هەر دێ کە ئەو کردەوەیە مەحکووم بکرێ و دەوڵەتان داوای لێبوردن لەو نەتەوانە بکەن کە تووشی کارەساتی قڕکردن بوون و قەرەبوو بکرێنەوە.
دووهەم، بڕیاری لەو شێوەیە دەچێتە خانەی کۆنڤانسیۆنی “قەدەغە و سزادانی تاوانی ژینۆساید” کە لە ٩ی دیسامبری ١٩٤٨م واتا ڕۆژێک دوای پەسندکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بە پەسندی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووە. ئەم کۆنڤانسیۆنە ساڵی ١٩٥١وەک قانوونێک کە بەرپرسایەتی دەخاتە سەر شانی دەوڵەتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ڕافائیل لمکین قانوونزانی لەهێستانی و مامۆستای زانکۆ بۆ یەکەم جار دەستەواژەی ژینۆسایدی بەکار هێنا دوای ئەوەی گوێی لە چەرچیل، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بریتانیا بوو کە لەبارەی ئەو کوشتارە بێبەزەییانەی خەڵکی لەهێستان بە دەستی سپای ئاڵمان قسە دەکرد و لە قسەکانیدا بۆ ئەوەی گەورەیی تاوانەکانی سپای نازی دەر بخا گوتی: “ئێمە لە ئیستادا شاهیدی بەڕێوەچوونی تاوانێکین کە هیچ ناوێکی نییە”. ڕافائیل لمکین دەڵێ مەبەستی ئێمە لە دەستەواژەی “ژینۆساید” لەنێوبردن و فەوتاندنی دەستە یا گرووپێکی میللی یا ڕەگەزییە. ئەو دەستەواژەیە لە ڕاستیدا لە تێکەڵکردنی دوو وشەی یونانیی کۆن (genes) بە مانای تایفە یا ڕەگەز و(cide) بەمانای کوشتن پێک هاتووە و ناوبراو بە هێنانی ئەو دەستەواژەیە لە سەردەمی ئیستادا مانایەکی نوێی پێ بەخشی کە بەرپرسایەتیی نێودەوڵەتیی بۆ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان لە پانتایی کۆی زەوی پێک دێنێ. هەڵبەت ژینۆساید بەو واتایە نایە کە میللەتێک یا گرووپێکی ئیتنیکی لە یەک چرکەساتدا لە نێو بچێ بەڵکوو ژینۆساید خۆی لەو گەڵاڵە و بەرنامەیەدا دەبینێتەوە کە بە کرداری جیاواز لایەنی بەڕێوەبەر بە دژی ساختاری ئەو نەتەوەیە کە مەبەستی قڕکردنی هەیە بە شێوازی جۆراجۆر بەڕێوە دەچێ. بەپێی بڕیارنامەی ژمارە ٩٦ی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١١ی دێسامبری ١٩٤٦م بە کۆی دەنگ پێداگری دەکا لەسەر گرینگیدان بە بەربەرەکانی لەگەڵ تاوانی ژینۆساید و لە بەشێکی ئەو بڕیارنامەیەدا بە کردارێکی تاوانکارانەی دادەنێ و دەڵێ: “ژینۆساید بەپێی ڕێوشوێنەکانی قانوونی نێونەتەوەیی جینایەتە و دنیای پێشکەوتوو مەحکوومە و بکەرانی ئەو جینایەتە چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە تاوانەکە بەشدار بووبن، دەبێ سزا بدرێن”.
هەر بەو جۆرە کە لە سەرەوە باس کرا جینایەت و تاوانی ژینۆساید بە تەواوی لەگەڵ تاوانەکانی دیکە جیاوازیی هەیە، چونکە بەڕێوەبردن و بە ئەنجام ەیاندنی تاوانی ژینۆساید پێویستی بە “نییەتی تایبەت” هەیە کە قڕکردنی بەشێک یا تەواوی نەتەوەیەکە کە لە بەرنامەی لایەنی تاوانباردایە. دیارە دەبێ ئەوەش بزانین کە بەڕێوەبردنی ژینۆساید بێ دەستتێدابوونی دەوڵەت جا چ ڕاستەوخۆ یا ناراستەوخۆ ئیمکانی نییە، بۆیە هەر تاوانێکی ژینۆساید لە هەر وڵاتێکدا ڕوو بدا دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەرپرسیارن و بەپێی قانوونی نێونەتەوەیی لە سەریانە لەو دادگایانەدا کە بە مەبەستی لێپرسینەوە لە تاوانی ژینۆساید پێک دێن، وەڵامدەر بن و بەرپرسیارەتی هەڵبگرن.
لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخدا بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم هەتا کۆتایەکانی ئەو سەدەیە نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوانە بووە کە کەوتۆتە بەر شاڵاوی قڕکردن (ژینۆساید) لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی حوکمڕانییان بەسەر کوردستاندا کردووە جا چ سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی و ڕێژیمی پاشایەتی ئێران بووبێ یا سەردەمی ئەو دەوڵەتانەی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە لەسەر کەوڵی ئیمپراتوریی عوسمانی پێک هاتن و کوردستانیان بەسەردا دابەش کرا، دەستیان لە سەرکوت و ئەزیەت وئازاری گەلی کورد نەپاراستووە و بە هەموو شێواز و ئامرازێک بۆ تواندنەوە و قڕکردنی نەتەوەی تێکۆشاون. چەند نموونەیەک:
کوشتاری کوردانی دێرسیم لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٧-١٩٣٨ز کە بەپێی سەرچاوەکان باس لە کوشتن و قڕکردنی ٥٠ هەتا٧٠ هەزار کورد لە لایەن سپای عوسمانییەوە دەکرێ و یەکێک لەو نموونە بەرچاوانەیە لە ژینۆسایدکردنی گەلی کورد. هەروەها ئەنفال یان بە واتایەکی دیکە ژینۆسایدی ئەنفال بە کۆمەڵکوژیی کوردانی باشووری کوردستان دەگوترێ کە لەلایەن ڕێژیمی بەعسی عێراق لەژێر ناوی کەمپەینی ئەنفال، لە ساڵی ١٩٨٦.ز دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٨٩.ز کۆتایی پێ هات. بەپێی سەرچاوەکان لەو کۆمەڵکوژییەدا باس لەکوژرانی و بێسەروشوێنکرانی ١٨٢،٠٠٠ کەس لە پیر و لاو و ژن و پیاو دەکرێ کە لە زێدی خۆیان ڕاگوێزران و قڕ کران. هەرچەند هەتا ئیستا وڵاتانی سوئێد، نۆروێژ و بریتانیا بە شێوەیەکی ڕەسمیی کۆمەڵکوژیی ئەنفالیان بە ژینۆساید ناو بردووە، بەڵام ئەم پرسە تا ئێستا نەچۆتە نێو بەرنامە و پلانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی بە بڕیارێکی ئەو ڕێکخراوەیە ژینۆسایدی ئەنفاڵ بە نێودەوڵەتی بکرێ.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران گەلی کورد لەو پارچەیە لە کوردستانیش بێبەش نەبوون لە کوشتاری بەکۆمەڵ کە نییەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزیی بە دواوە بووە و لەو بارەوە دەتوانین کوشتاری خەڵکی بێ دیفاعی قاڕنێ وەک یەکێک لەو نموونانە بێنینەوە کە نزیک بە ٧٠ کەس لە خەڵکی ئەو گوندە بێ هیچ تاوانێک لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێکدا بە دڕندانەترین شێوە کوژران.
ئەو چەند نموونەیە ئاماژە بەو ڕاستییەن کە گەلی کوردیش هاوچەشنی گەلی ئەرمەن لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی تاوانی ژینۆسایدی بە بەربەرینی و بەبەرنامە و ئامانجی دیاریکراوەوە دەرحەق کراوە، بەڵام بەداخەوە هەر وەک باس کرا لە گەڵ بوونی قانوونی نێونەتەوەیی سەبارەت بە تاوانی ژینۆساید، بەڵام کەمتر لە لایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بە تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئاوڕ لەو تاوانانە دراوەتەوە کە دەرحەق بە نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کراوە و بەهۆی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بەڕێوەچوون و بە داخەوە ئەو وەچەکوژییانە نەبۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی کە ڕەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ ئەو هەلومەرجەی بەسەر کورددا داسەپاوە. بەڵام بەشێکیش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی کورد بۆ خۆی کە هەتا ئێستا بۆ ناساندنی هەموو ئەو جینایەت و تاوانانەی دەرحەقی کراوە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە دێکیۆمێنتکراو و یەکگرتووانە لە سەردەمی ئێستادا کاری بۆ بکا و بیروڕای جیهانیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرسە ڕاکێش بکا.
گرینگیی بە نێودەوڵەتی کردنی تاوانی ژینۆسایدی کورد لەوەدایە کە گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئێستاش ئەو ترسەی لەسەرە کە بە هۆی زاڵبوونی دەوڵەتی ناوەندی بەسەر جووڵانەوەکانی کوردستاندا و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی تاوانەکانی ئەو دەوڵەتانە کە دەرحەق بە کورد وکوردستان، کراوە و دەکرێ، دەرگای ژینۆسایدێکی دیکە بە ڕووی خەڵکی کوردستاندا بکرێتەوە و لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا دیسان کورد لە زێد و نیشتمانی خۆی دەربکرێ و ڕووبەڕووی قڕکردنێکی دیکە بێتەوە. بۆیە پێویستە کورد هەموو تواناکانی خۆی بەکار بێنێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی کارەساتی ژینۆساید لە هەر شکڵ و وێنەیەک دابێ، نەبێتەوە.