ئەگەر زمان بۆ زۆرینەی خەڵکی سەر گۆی زەوی تەنیا ئامرازێکی پەیوەندیکردنە، ئەوا بۆ کورد زمان ئامرازی خۆپێناسەکردنیشە. ئەگەر بۆ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان زمان پێناسەی وڵاتەکەیانە، ئەوا بۆ کورد زمان شوناس و یەکێک لە ئامرازە هەرە ستراتیژییەکان بۆ مانەوەیەتی، یان باشترە بڵێین ئەوەی کە کورد لەنێو ئەو هەموو دێو و درنجەدا بە درێژایی مێژوو لەنێو نەچووە و هەر لەسەر پێیە، هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە کە زمانەکەی ماوە و قسەی پێ دەکرێ و نەتەوەیەک شانازیی پێوە دەکا. کەواتا هێچ زێدەرۆیی نییە کە بلێین مانەوە و نەتوانەوەی کورد بەندە بە زمانەکەی.
لە دەرەوەی مانەوە وەکوو کولتوور و مێژوو، ئەوا زمان بۆ کورد، جوغرافیاشە. کەم نەتەوە هەن کە بە ڕادەی کورد، زمان و جوغرافیاکەی تەواوکەری یەکتر بن. کورد وەکوو نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو بە کوردی قسە دەکا، لەسەر خاکێکیشە بە ناوی کوردستان، کەواتە هەم زمانەکە پێناسەی جوغرافیاکە دەکا و هەمیش جوغرافیای کوردستان پێناسەی نەتەوەی کوردە. بۆیە زمانێک کە هەم شوناسە و هەمیش جوغرافیایە، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ئایدیۆلۆژیش بێت. ئایدیۆلۆژی بەو مانایەی کە ڕوویەکی پتەوی نەگۆڕی هەیە و پاساوی گەورەی گۆڕانکاری بە مانای گەشەکردنیشی تێدایە، ئایدیۆلۆژیا بۆ ئەوەی ڕووە پیرۆز و بەهاتەوەرەکەی بە نەگۆڕی بمێنێتەو، دەبێ گەشە بکا، دەی زمانیش لانیکەم بۆ ئێمەی کورد ڕێک لەو چوارچێوەیەدایە، هەم ئایدیۆلۆژیایە بۆ مانەوە، هەمیش بەردەوام لە گەشەکردندایە.
کەواتە مادام زمانی کوردی، هەم شوناسە، هەم جوگرافیایە و لەئاکامدا هەمیش ئایدیۆلۆژیایە، کەواتە هەم بۆ خۆمان و هەمیش بۆ داگیرکەرەکانی کوردستان ڕووە سیاسییەکەی زۆر لە ڕووە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکەی زەقترە. چونکی ئێمەی کورد بۆ مانەوەمان دەمانەوێ سەرەتا زمانەکەمان بپارێزین، دەی دیکتاتۆرەکانیش بۆ لەنێوبردنمان سەرەتا لە لەنێوبردن و ئاسیمیلەکردنی زمانەکەمانەوە دەست پێ دەکەن. جا ئەو شەڕە هەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکانی (فارس، تورک، عەرەب) لەگەڵ کورد دەکرێ و، هەتا ئەم کاتەش هەر بەردەوامە. بەڵام سەرەڕای ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، گەڵەکۆمەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تەنانەت پاکتاوکردنیش لەدژی کورد، کەچی کورد هەر دەستی بەزمانەکەیەوە گرتووە، بۆ ئەوەی لەهەر شوێنێک پسا، پاساوێکی هێندە گەورەی هەبێ، کە هەر لەوێوە دەست پێ بکاتەوە. هەمیشەش زمان پاساوە ئاڵتوونییەکەی تێهەڵچوونەوەی بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی کوردستان بووە، چونکە هەم جوغرافیای نیشتەجێبوونی بۆ پێناسە کردووین و هەمیش جیاوازییە جەوهەرییەکەی لەگەڵ ئەوانیتر بۆ هێشتووینەتەوە، هەر بۆیە سەیر نییە کە داگیرکەرانی کوردستان و حکومەتە ناوەندییە مەیلەو فاشیستییەکان بەو ڕادەیە قەڵسە لە زمانی دایکیی نەتەوە بندەستەکان لەنێو وڵاتەکەیان بگێرن.
حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆماری ئێران لە دوا لێدوانیدا بەبۆنەی ڕۆژی “معلم”-ی ئێران (ڕۆژی مردنی مورتەزا موتەهەری) گوتوویەتی کە نابێ “خوێندنی زمانی دایکی”، لەگەڵ “خوێندن بە زمانی دایکی” تێکەڵ بکەی. بەبۆچوونی ڕوحانی خوێندنی زمانی دایکی کێشەی نییە، بەڵام خوێندن بە زمانی دایکی پیلانی دوژمنانە و بۆ لێدان لە زمانی فەرمی فارسی وەکوو زمانی فەرمیی وڵاتە. ڕستە ستراتیژییەکەی ڕوحانی ئەوە نییە کە دژی خوێندن بە زمانی دایکییە، بەڵکوو ئەو پێیوایە هێنانە ئارای باسوخواستی زمانی دایکی لەبەرامبەر زمانی فارسی بە پیلانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێ کە دەیانەوێ ناوەندیەتی لە زمانی فارسی بستێننەوە.
بەو پێیە ئەو ترسەی ڕوحانی ئەگەریش تێکەڵ بە وەهم بێت، لەجێی خۆیەتی، چونکە لانیکەم بۆ کورد زمان شوناسێکی نەتەوەیی و جوغرافییە و لە ئەنجامدا پرسێکی سیاسییە. پرسی سیاسیش دەبێ مامەڵەیەکی سیاسییانەی لەگەڵدا بکرێ، بەڵام بەدرێژایی مێژوو لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمەوە کە ئێران وەکوو دەوڵەت-تاک نەتەوە بە زەبروزەنگ خۆی داڕشتەوە، لەهیچ جۆرە بنبڕکردن و ئاسیمیلاسیۆنی زمانی کوردی قسوریان نەکردووە، هەموو هێزی ڕەق و نەرمیان تاقی کردەوە کە نەتەوە غەیرە فارسەکان و بەتایبەت کوردەکان زمانی خۆیان لەبیر بچێتەوە و هەموویان ببنە بەشێک لە ئێرانی یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک زمان! بەڵام بەردەوام ئەنجامەکە پێچەوانە بووە و، ئەگەرچی لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە خەڵکی کوردستان ناچار کراون بەزمانی فارسی بخوێنن و بنووسن، بەڵام هێشتاش کوردەکان بە کوردی بیر دەکەنەوە، بەلووچ و عەرەب و ئازەرییەکانیش هەروەتر. کەواتە دەسەڵاتدارانی ئێران دەبێ لەوە تێبگەن کە ئینکاری زمانی کوردی، بژاردەکانی بەردەم کوردەکان بۆ خەباتەکەیان زیاتر دەکا.
حەسەن ڕوحانی کە کەمتر لە سێ مانگی لەسەر ئەو کورسییە ماوە و ئەگەرچی بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ بووەتە سەرۆککۆمار، بەڵام هیچ دۆسییەکی ستراتیژیی وڵات لەلای ئەو نەبووە، قەیرانێکی تاقەتپرووکێنی ئابووری وڵاتەکەی تەنیوە، ڕێژەی هەڵاوسان، بێکاری و هەژاری هەموو پێوانەکانی شکاندووە و لەو دۆخەدا سەدان میلیۆن دۆلاری ئەو خەڵکە هەژارە لە سووریە، لوبنان، عێراق و سووریە و یەمەن خەرج دەکرێ، کەچی هەمووی لەبەرچاوی ئەو دەکرێ و دەسەڵاتی قسەلەسەر کردنیشی نییە. کەچی باس لە کارەساتی خوێندن بە زمانی دایکی دەکا، کەچی لەبیری کردووە کە هەشت ساڵ لەمەوپێش بۆ ڕاکێشانی دەنگی ئەو نەتەوانەی بە فارسی قسە ناکەن، ڕاگەیاندراوێکی نۆ ماددەیی بڵاوکردەوە و بەڵێنی خوێندن بە زمانی دایکیی دا، ئەو بەدروستی پێیوابوو کە زمان بابەتێکی ستراتیژییە بۆ کوردەکان، کوردستانیانیش بەدروستی بەدوای ئەو بەڵێنە بەدرۆیەدا نەچوون و دەنگیان پێ نەدا، چونکە دەیانزانی دیکتاتۆر بۆیە دیکتاتۆرە چونکە جیاوازییەکان نابینێ و، بۆیە فاشیستە چونکە لەوانیتر تۆقیوە.