بەپێی تێئوریی پسپۆڕانی بواری زانستی سیاسی و بزاڤناسانی وەک “ساموئێل هانتینگتۆن” و “چارلێز تیلی” ئینقلابی ئیسلامیی ئێران ڕاستە تایبەتمەندیی شۆڕش لەخۆ دەگرێ، بەڵام ئەو ڕووداوە مێژووییە لە جۆری خۆیدا دەگمەنە و هەڵسەنگاندنی ئاسان نییە.
هێندێک هەوڵ هەیە کە دەیانەوێ ئینقلابی ئیسلامیی ئێران بە شۆڕشی مەزنی فڕانسە بەراود بکەن، بەڵام تەنیا خاڵی هاوبەشی ئەم دوو شۆڕشە نەمانی دەسەڵاتی پاشایەتییە و هیچی دیکە. بە گوتەی “ئالێکسی دۆتۆکۆیل”، شۆڕشی فەڕانسە ژێربەناکەی لیبرالیزم بوو، ئیستبدادی مەزهەبی کڵێسایی لە “خودا و پاشاکان” وەرگرت و بە خەڵکی بەخشی. ئەمە لە کاتێکدایە کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ژێرخانی مەزهەبیی هەبوو کە زۆریشی نەخایاند و بوو بە ڕێژیمێک بە ئیستیبدادی مەزهەبییەوە. بۆیە دەگوترێ کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕووداوێکی دەگمەنە کە ئاڵۆزییەکی پێناسەیی هەیە.
سەردەمی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە لە کاتێكدا بوو کە دۆخی ئابووریی وڵاتی ئێران لە باشترین حاڵەتی خۆێدا بوو، بە پێچەوانەی شۆڕشی فەڕانسە کە یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی ئابووری بوو. ئەگەرچی لە ئاکامی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، نیزامی ٢٥٠٠ ساڵەی پاشایەتی پێچرایەوە و ڕێژێمێکی نوێ و مەزهەبی هاتە سەرکار، بەڵام دەبینین کە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە داخراوەیی و ئیستیبدادێکی خەست هەموو جومگەکانی ئەو وڵاتەی داگیر کرد و هێنایە ژێڕ ڕکێفی خۆیەوە.
ئەگەر خوێندنەوەی هێندێک لە بزاڤناسان لەبەرچاو بگرین کە بە چاوی گومانەوە سەیری شۆڕشەکانی “کووبا، چین، هێند، و… دەکەن و دەڵێن: ئەگەرچی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە چنگی داگیرکران ڕزگاریان بوو، بەڵام دیکتاتۆرێکی خۆجێیی هاتە سەرکار، کەواتە ئەو شۆڕشانە تەواو نین.
ڕوونە لە ئێرانی پاش ٥٧ بەرەبەرە دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی جێگەی خۆی دا بە توتالیتەریزمێکی مەزهەبی و ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەو ڕێژیمە بە ڕێژیمی نادێموکراتیک دەناسرێ و شۆڕشەکەیش بەتاڵ بووە لە ویست وئامانجەکانی شۆڕشەکە.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ئیسلامی بە تایبەتی پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی کاتیی مێهدی بازرگان، دەسەڵاتی بەهێزی دەوڵەتی سێبەر بوو. ئەگەرچی لە زانستی سیاسیدا پێناسەی دەوڵەتی سێبەر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە لە ئێرانی پاش شۆڕش هەیە و تا ئەمڕۆکەش هەر بەردەوامە.
دەوڵەتی کاتی پاش ٢٧٥ ڕۆژ بە هۆی دەستێوەرادنی نایاسایی هەرەسی هێنا و بە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ١٣ی خەزەڵوەری ٥٨ی هەتاوی کە ناوی لێ نرا “شۆڕشی دووهەم” و دەستلەکارکێشانەوەی بازرگانی لێ کەوتەوە؛ دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی لە واقعدا هەم درێژەی باڵی مەشروعەیە کە لە بزاڤی مەشرووتەدا ستارتی لێدراوە و هەم دەوڵەتی سێبەر، بەهێزترە لە دەوڵەتی یاسایی.
دەوڵەتی سێبەر
دەوڵەتی سێبەر یان شاراوە لە ئەساسدا ئاماژەیە بە دوڵەتێکی بەهێزتر لە دەوڵەتی یاسایی. خاڵی گرینگ لە پێناسەی دەوڵەتی سێبەر ئەوەیە کە بە بەکارهێنانی ئیمکاناتی دەوڵەتی و بە هۆوییەتێکی نامۆ و لە چوارچێوەی دەوڵەتی یاسایی بە چەشنێک جێگای خۆی دەکاتەوە کە هەوسارکردنی ئاسان نییە و بەدژی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەجووڵێتەوە.
پێناسەی دەوڵەتی شاراوە (deep state ) لە ڕوانگەی ئێدوارد برنێز-ەوە زۆر جیاوازە چونکی ئەو دەڵێ: دەوڵەتی شاراوە چینێکی سەرتری کۆمەڵگەیە و خەڵکی ئەو چینە کارناس و ڕاهێنراو و ڕووناکبیرن و پێویست بە یەکتر ناسین ناکا و توانای کۆنترۆڵی ڕای گشتییان هەیە. بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا دەوڵەتی سێبەر لە واقعدا کێشەخوڵقێن بووە و بەپێچەوانەی خودی یاسای وڵات جووڵاوەتەوە. بە زمانی سادەتر دەوڵەتی پشتئەستۆر بە شەرع! بەهێزترە لە دەوڵەتی بە ڕواڵەت یاسایی.
گلەیی و گازندەکانی مێهدی بازرگان، سەرۆکوەزیرانی یەکەمین دەوڵەتی پاش شۆڕشی ٥٧ ی هەتاوی لە سەروبەندی دەستلە کارکێشانەوەیدا بە ڕوونی باس لەوە دەکا کە هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە و تەنانەت ئیزنی دیتنی وەزیرەکانی خۆی نەبووە! ناوبراو باس لە کۆمەڵێک دامودەزگای نایاسایی دەکا کە هێز و دەسەڵاتیان لە دەوڵەتی یاسایی پتر بووە.
لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی محەممەد جەواد زەریف بە شێوەی گوماناوی سەرەڕای هێندێک داننان بە شێوەی ئیدارەی ڕێژیم ئەوەی کە بۆ خەڵکی ئێران شتێکی سەیروسەمەرە نەبوو، دەرکەوت کە “زەریف” بە زەرافەتەوە دەیهەوێ بۆ خۆدەربازکردن لە کێشە کەڵەکەبووەکانی دەزگای دیپلۆماسی ئەو و دەوڵەتی ڕووحانی، لاسایی مێهدی بازرگان بکاتەوە.
جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ڕوحانی کە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ناوکیی ئێران ژێستی دیپلۆماتکارێکی زیرەکی بەخۆیەوە گرت و تەنانەت لایەنگرانی نازناوی “ئەمیرکەبیر”یان پێدا.
بەڵام ئەوانەی کە بیرەوەرییەکانی حەسەن ڕوحانییان –ئەوکاتەی سەرۆکی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی وڵات بوو” خوێندبێتەوە، دەزانن کە ئەمە سیاسەتی وردی ئیدارەی “ئۆباما” بوو کە ئەوانی ناچار کرد بچنە سەر مێزی وتووێژی (١+٥) کە یەکەم خاڵی بەستنەوەی کۆماری ئیسلامی بوو لە شەترەنجی دیپلۆماسیدا.
هەر لەو کاتەشدا دەوڵەتی سێبەر لەژێر ناوی پشتیوانی لە سەرۆککۆمار ئەحمەدینژاد بەربەستیان ساز دەکرد بۆ هەرچەشنە دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەتایبەتی کە دواجار بە ناچارییەوە ملیان بۆ دانوستان ڕاکێشا. سەیر ئەوەیە خودی ڕووحانی لەو بارەوە لەگەڵ ئەحمەدی نژاد ناکۆکییان لێکەوتەوە و هەر بە ڕەشنووسێکی ئەحمەدینژاد لەسەر کارەکەی وەلانرا.
کەواتە هەڵسەنگاندنی حوسێن بەشیرییە لەسەر سیستەمی کۆماری ئیسلامی بەجێیە کە دەڵێ سیستەمێکی “ئاڵۆز و پێناسە هەڵنەگرە” کە چۆن دەبێ سەرۆککۆمار ئەحمەدی نژاد بەرەولای دەوڵەتی سێبەر کە سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەرییە بچەمێتەوە و بە پێچەوانەی یاسا هەڵسوکەوت بکا. کەواتە دامودەزگاکانی بەیتی ڕێبەری و مافیای سیاسی و ئابووری و فەرهەنگیی سپای پاسداران چ لە داڕشتنی دیپلۆماسیی ڕێژیم و چ لە دەزگای وەزارەتی دەرەوە و مەجلیسی کۆماری ئیسلامی بەهێزترن.
دەرهاوێشتەی قسەکانی زەریف کە دەگوترێ دزەی کردووەتە نێو میدیاکان و بووەتە پرسێکی ڕۆژەڤ دەتوانین لە چەند خاڵدا باس لە بەهێزبوونی دەوڵەتی سێبەر بکەین و بەوکارەساتەوە کە خودی دەوڵەتی یاسا ملکەچی دەوڵەتی سێبەرە و لە واقێعدا ئەمە قاسم سولێمانی بوو کە وەزیری دەروەی [ئەسڵیی] سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، هەتا جەواد زەریف بەتایبەتی لە پرسی سووریە و یەمەن و عێراقدا.
لەو تۆمارە دەنگییەدا ئەوەی کە جێگەی داخە بۆ گەلانی ئێران باسکردن لە کارەساتی لێدان لە فڕۆکە ئۆکراینییەکەیە کە جەودا زەریف دەڵێ: بە برادەرانی “سپا “مان گوت: ئەگەر کاری ئێوەیە بیڵێن با بۆتانی داپۆشین! پرسیار ئەمەیە ئاخۆ چەند کارەسات و ڕووداوی دیکە بەدەستی دەوڵەتی چەکدار! ڕووی داوە و دەوڵەتی پارلەمانی بۆی داپۆشیوە؟
لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەی بایەخی نەبووە ڕێگەوشوێنی یاسایی بووە تەنانەت بەپێی هەمان یاسای پەسندکراوی خۆیانیش نەجووڵاوەنەتەوە. لە ئاستی سەرتر و فەرمیتردا پاش “ئەبولحەسەنی بەنیسەدر” ئەمە محەممەد خاتەمی بوو” کە خۆی بە “تەداروکاتچی” ناو برد کە ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بە پێگەی بەهێزی دەوڵەتی سێبەر لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا کە جاروبار لەژێر ناوی “دەوڵەتی شاراوە، برایانی قاچاخچی، دەوڵەتی بێچەک و… ” لە زاری خودی دەمڕاستەکانی ڕێژیمەوە گوێمان لێبووە.
بەم پێیە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر هۆکارەکانی ئەو تۆمارە دەنگییەی جەواد زەریف و دزەکردنی دەتوانین بە ڕەچاوکردنی هەبوونی دەوڵەتی سێبەر و سات وسەودای لەگەڵ دەوڵەتی یاسا لە چەند خالدا پۆلێنبەندی بکەین:
یەکەم جەواد زەریف کە سیاسەتی دیپلۆماسییەکەی لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەش شکستی هێناوە لە کۆتا ڕۆژەکانی دەوڵەتی ڕوحانیدا دەیهەوێ لاسای مێهدی بازرگان بکاتەوە، بەو جیاوازییە کە بازرگان دەستی لەکارکێشایەوە.
دووهەم؛ کاریگەریی دانان لەسەر ڕەوتی وتووێژەکان سەبارەت بە بەرجام و پرسی ناوکی.
سێیەم، پاساو هێنانەوە بۆ شکستهێنانی تیمی دانوستانکار و وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ هاوكێشە سیاسییەکان و تاوانبارکردنی دەوڵەتی سێبەر!نەژاد ن
چوارەم، بە تاوانبار زانینی سپا بەگشتی و سپای قودس بە تایبەتی لەهەمبەر کێشە و گرفتەکانی نێوخۆ و دەروەی وڵات.
بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە بە هە رهۆکار و بە هەر پلان و پیلانێک بووبێ، هیچ لە ئابڕووچوونی دەوڵەتی ڕوحانی و وەزارەتی دەرەوەی ئەو دەوڵەتە کەم ناکاتەوە و هەروەها دەستی دەسەڵاتداریی سەر بە بەیتی ڕێبەریی زیاتر ئاشکرا کرد. ***
سەرچاوەکان:
– امنیت ملی و دیپلماسی هستەای، حسن ڕوحانی
– گذار مخالفان شاه از گفتمان مبارزه مسالمتآمیز به گفتمان سرنگونی و مبارزه مسلحانه، اکبر گنجی
– قدرت در سایە و دولت، آگری اسماعیل نژاد