28ى جۆزه‌ردانی ئه‌وساڵ هه‌ڵبژاردنی ده‌وری سێزده‌هه‌می سه‌رۆككۆماری و هاوكات هه‌ڵبژاردنی شووڕای شار و گونده‌كان له ئێران به‌ڕێوه ده‌چێ. هه‌رچه‌ند ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه وه‌ك هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا ناتوانێ ده‌ورێكی گرینگی له‌سه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵك هه‌بێ، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن وەک دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە زۆر ڕووه‌وه شایانی لێوردبوونه‌وه‌یه. له‌وانه‌یه گرینگ‌ترین پرسیار له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا كه ده‌بێ له خۆمانی بكه‌ین ئه‌وه بێ كه له بنه‌ڕه‌تدا ئامانج له هه‌ڵبژاردن یان فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵبژاردن چییه و ئایا ده‌كرێ له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی سیاسیی ئیدئۆلۆژیك و تهواویهتخوازدا هەڵبژاردنێک بە مانای ڕاستەقینەی خۆی ئه‌نجام بدرێ؟ ئایا هه‌ڵبژاردن كرده‌یه‌كی كاتییه كه به ده‌نگدان ده‌ست پێ ده‌كا و كۆتایی دێ یان پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی به‌شداریی سیاسیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه؟
هه‌ڵبژاردن وه‌ك باشترین ڕێگای ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات و به‌شداریی هاووڵاتی له پرسه سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ته‌نیا له ده‌نگداندا كورت نابێته‌وه، به‌ڵكوو ده‌نگدان قۆناغێكه له قۆناغه‌كانی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن. له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌ی به‌رپرسیاركردنی هاووڵاتییه له چاره‌نووسی خۆی له هه‌موو بواره‌كاندا. واته ئه‌وه هه‌ڵبژاردنه شارۆمه‌ندی مۆدێڕن له ڕه‌عیه‌تی سیاسیی پێش مۆدێڕن جیا ده‌كاته‌وه. شارۆمه‌ندی مۆدێڕن ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگەیه كه شوێن په‌نجه‌ی به هه‌موو چالاكییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه دیاره. به شێوه‌یه‌ك كه چه‌قی هه‌موو گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی كۆمه‌ڵگە له تاكی هاووڵاتییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و له‌وێوه به‌ره‌و دامه‌زراوه گشتییه‌كان ئاراسته ده‌كرێ. به واتایه‌كی دیكه ده‌سه‌ڵات به هه‌موو دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تی و مهدهنییهكانیهوه نه ته‌نیا ڕه‌واییه‌تی خۆی له هاووڵاتییه‌وه وه‌ر ده‌گرێ، به‌ڵكوو به‌رهه‌می كۆی ئیڕاده‌ی هاووڵاتیانه كه له ڕێڕه‌وێكی دێمۆكڕاتیكدا له‌دایك ده‌بێ و گه‌شه دهكاو به‌ره‌و ئامانجه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگە هه‌نگاو ده‌نێ. لێره‌وه‌یه ئیراده‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه‌ی ئیڕاده‌ی هاووڵاتیدا وێنا ناكرێ و به‌ره‌وپێش ناڕوا. به ده‌رهاویشتنی ئیراده‌ی سیاسیی هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا، هه‌نگاوێك له دیكتاتۆڕی و تهواوییهتخوازی نزیك ده‌بینه‌وه و دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له بیاڤی گشتی جیا ده‌كه‌ینه‌وه. له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ڵبژاردن ده‌بێته ئۆرگانیزمێكی زیندوو كه به‌رده‌وام له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیاندا دووباره ده‌بێته‌وه و خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا به شێوه‌یه‌ك ده‌گونجێنێ كه وڵامده‌ری نوێترین پێداویستییه‌كانی هاووڵاتیان بێ.
به‌ڵام ڕه‌عیه‌تی سیاسی بریتییه له تاكێك كه به‌ده‌ره له به‌رپرسیاریه‌تی له ئاست پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگەدا و وه‌ك مۆره‌یه‌ك به ده‌ست نوخبه‌ی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه دهجووڵێنرێ و ئیڕاده‌ی خۆی ته‌سلیمی ده‌كا. لێره‌دا په‌یوه‌ندیی تاكه‌كان به یه‌كتره‌وه و هه‌روه‌ها به سیسته‌می سیاسییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی میكانیكی و نازیندوویه، هه‌ر بۆیه هه‌موو گۆڕانكارییه‌كان له لایه‌ن فه‌رمانڕه‌واوه دێنه گۆڕێ، بێ ئه‌وه‌ی تاكه‌كان هیچ باندۆرێكیان له‌سه‌ری هه‌بێ. له وه‌ها كۆمه‌ڵێكدا ئازادیی ڕاده‌ربڕین و هه‌ڵبژاردن و مافی مه‌ده‌نی و سیاسی، نه پێویسته و نه له لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه داوای ده‌كرێ. ڕه‌زامه‌ندیی له دۆخی ئارایی ورده ورده ده‌بێته كولتووری زاڵ و ئه‌وه‌ش به مانای به‌رده‌وام بوونی سیسته‌می سیاسییه.
له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی جێكهوتوو و سه‌قامگیردا درزی نێوان بڕیارده‌رانی سیاسی و هاووڵاتیان به لانیكهمی خۆی ده‌گا و هه‌ر بڕیارێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه ده‌رده‌چێ ده‌ره‌نجامی داواكارییه‌كان و پێویستییه‌كانی هاووڵاتیان و كۆمه‌ڵگه‌یه. واته شانسی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان به‌نده به پشتیوانیی كۆی هاووڵاتیانه‌وه كه به پڕۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و له هه‌مان كاتدا “هۆ” و “هۆكاری”دا تێده‌په‌ڕی. هۆكاری ده‌ركردنی هه‌ر بڕیارێك، پێداویستییه ڕاسته‌وخۆكانی هاووڵاتیانه كه له ڕێگای نوێنه‌ره ڕاستهوخۆكانیانهوه ده‌رده‌چێ. ڕازی گه‌شه‌سه‌ندنی دیمۆكڕاسی، پته‌وبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه دوولایه‌نه‌یه كه له كاناڵی میدیا و شه‌قام و سه‌ره‌نجام هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێ.
كاتێك هاووڵاتی ده‌چێته نێو پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، سه‌ره‌تا كارنامه‌ی سیاسیی به‌ربژێره‌كان تاوتوێ ده‌كا و له ڕابردوو و ئاستی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان ده‌كۆڵێته‌وه، پاشان له ڕێگه‌ی ئامرازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه به‌رامبه‌ر به‌ڵێن و پلانه‌كانیان پابه‌ندیان ده‌كا و به ڕایه‌ڵه‌كانی وشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سازه مه‌دنییه‌كان ده‌یانبه‌ستێته‌وه و ئه‌وجار ده‌نگیان پێ ده‌دا. ئه‌وه قۆناغی سه‌ره‌تای به‌شداریی سیاسیی هاووڵاتییه به‌ر له ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌رانی خۆی له دامه‌زراوه گشتییه‌كاندا. له قۆناغی دواتردا پاشخانی بانگه‌شه و به‌ڵێنه‌كان ده‌كاته ئاڵقه‌یه‌كی گوشاری به‌هێز بۆ به‌رگرتن له لادان له‌و به‌رنامانه‌ی كه له پێناویدا ده‌نگی پێداون. له سیسته‌مێكی دیمۆكڕاتیك و به‌رپرسیاردا، ئه‌و ئامرازانه به ڕاده‌یه‌ك به‌هێزن كه هه‌ر لادانێكی نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراو، به‌ره‌وڕووی كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگەی ده‌كاته‌وه و تێچوویه‌كی گه‌وره‌ی به‌دواوه ده‌بێ، به ڕاده‌یه‌ك كه ژیانی سیاسی نوێنه‌ر به‌نده به‌و متمانه‌یه كه له ماوه‌ی نوێنه‌رایه‌تیدا بۆ ده‌نگده‌رانی ده‌سه‌لمێنێ.
هه‌ڵبژاردن وه‌ك به‌شێك له ژیانی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ی هاووڵاتیتهوهردا به‌هێزترین ڕایه‌ڵه‌ی نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌ڵبژاردن له چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگداندا كورت بكرێته‌وه، ئه‌وا ته‌نیا شانۆیه‌كه بۆ شاردنه‌وه‌ی كه‌موكووڕییه‌كانی ده‌وڵه‌تی نابهرپرسیارو ته‌واوییه‌تخواز، كه به زه‌بری ڕاگه‌یاندنی مۆنۆپۆلكراو و گوشار و ترس و تۆقاندن هه‌وڵ ده‌دا ڕه‌عیه‌تی سیاسی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجه‌كانی نوخبه‌یه‌كی سیاسیی دیاریكراو وه‌گه‌ڕ بخا.
ئه‌وه‌ی له زیاتر له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا له ئێران‌دا به ناوی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه چووه هیچ كام له ستاندارده‌كانی هه‌ڵبژاردنی تێدا ڕه‌چاو نه‌كراوه و به هیچ پێوه‌رێك ناچێته چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌و پێناسه‌یه‌ی له سه‌رده‌می مۆدێڕن و به‌تایبه‌ت له دوای ڕێنسانس له ئورووپا هاتۆته ئاراوه. به كورتی ده‌توانین به‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه له نێوان هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌قینه له كۆمه‌ڵگەی هاووڵاتیتهوهر و هه‌ڵبژاردن له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا جیاوازی بكه‌ین:
– به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌ی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی وه‌ك میدیا و ڕێكخستنه پیشه‌یی و سیاسی و كولتوورییه‌كان وایكردوه ئاستی وشیاریی كۆمه‌ڵگە له ئاست ماف و پێداویستییه‌كانی نزم بێ و هه‌ڵبژاردن له هه‌موو قۆناغه‌كانیدا به‌تاڵ بێ له هه‌ر چه‌شنه په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیك له نێوان ده‌نگده‌ر و به‌ربژێر یان نوێنه‌ردا. ده‌نگده‌ر ده‌بێته ئامرازێك وه‌ك هه‌موو ئامرازهكانیتر كه نوخبه‌ی سیاسیی فه‌رمانڕه‌وا بۆ به‌رده‌وام بوون به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی و پته‌وكردنی پێگه‌كه‌ی كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرێ، واته ده‌نگده‌ر میکانیزم و ده‌زگای ڕه‌واییدانه به دۆخی ئارایی.
– به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خۆپاڵاوتن له ڕێگای په‌سندنه‌كردنی شیاویه‌تیی به‌ربژێره‌كان له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی چاوه‌دێری وه‌ك سازه‌یه‌كی ئیدئۆلۆژیك و به‌ستراوه به نوخبه‌ی سیاسیی فه‌رمانڕه‌وا، هه‌ڵبژاردنی له نێوه‌ڕۆكی خۆی به‌تاڵ كردووەته‌وه و له ئێران‌دا به كرده‌وه دانان و دیاریكردن، جێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گرتووەته‌وه و ئه‌وه‌ش متمانه‌ی خه‌ڵكی به هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ نزمترین ئاست دابه‌زاندووه. نه‌مانی ئه‌و متمانه‌یه بێهیوایی و خه‌مساردیی جه‌ماوه‌ری به نیسبه‌ت چاره‌نووسی خۆی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی لێ كه‌وتووەته‌وه.
– دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له كۆماری ئیسلامی‌دا ته‌نانه‌ت له كاناڵی هه‌ڵبژاردنێكی چه‌شنی كۆماری ئیسلامیشدا تێناپه‌ڕن و ڕاسته‌وخۆ یان وه‌ك ڕێبه‌ری ڕێژیم كه خۆی وه‌ك نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ناسێنێ و یان به دیاریكردنی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن ڕێبه‌ره‌وه دیاری ده‌كرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ مهشرووعیهتێكی جه‌ماوه‌رییان هه‌بێ. تاكه پێوه‌ر بۆ ئه‌و دیاریكردنانه په‌یڕه‌وی بێ ئه‌ملاوئه‌ولا له ڕێبه‌ر و ئیدئۆلۆژیی وه‌لی فه‌قیهـ. لێره‌دا به ڕوونی چه‌مكی ڕه‌عیه‌تی سیاسی جێگای چه‌مكی هاووڵاتی ده‌گرێته‌وه.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری له ئێران‌دا كه وه‌ك سیاسیترین هه‌ڵبژاردن ناسراوه كه كه‌متر له دوو مانگی تر به‌ڕێوه ده‌چێ. ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاكێشه ساردوسڕبوونی بێوێنه‌ی كه‌شی هه‌ڵبژاردنه له‌نێو جه‌ماوه‌ردا. هۆكاره‌كانی ئه‌و ساردییه زۆرن، به‌ڵام گرینگ‌ترین هۆكار بێهیوایی گشتییه له ئاستی ئێران‌دا به هه‌ردوو باڵی ناسراوی ده‌سه‌ڵات له ئێران‌دا. ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شتادا خه‌ڵك له نێوان باڵی ناسراو به ڕیفۆرمخواز و باڵی بناژۆخوازدا جیاوازییان ده‌كرد و هیوای باشتربوونی دۆخه‌كه‌یان هه‌بوو، له ئێستادا ئه‌و سنوورانه به ته‌واوی كاڵ بوونه‌ته‌وه و ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ردوك باڵه‌كه ئاشكرا بووه. له لایه‌كی دیكه‌وه په‌ره‌گرتنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان و ده‌سڕاگه‌یشتن به زانیارییه‌كان، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بردنه‌سه‌ری ئاستی وشیاریی تاكه‌كان هه‌یه و خه‌ڵك چیتر ئاماده نین وه‌ك ڕه‌عیه‌تی سیاسی ببنه ئامرازی مه‌شڕووعیه‌تی نێوخۆیی و ده‌ره‌كیی ڕێژیم. ئه‌گه‌ر ئه‌و پیش فه‌ڕزه قه‌بووڵ كه‌ین كه دۆخی شۆڕش یه‌كسانه به دۆخی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆی سیسته‌می سیاسی، ده‌توانین بڵێین كۆمه‌ڵگەی ئێران به‌ره‌و دۆخی شۆڕش و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی هه‌نگاو ده‌نێ.