ئه‌گه‌ر به پڕوپاگاندا و بلۆفلێدانهكانی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی بێ، ئه‌و ڕێژیمه به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین زلهێزه‌كان، لانیكه‌م له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، به حیساب دێ. له لایه‌ك به‌رنامه‌ی درێژخایه‌ن و ستڕاتیژیكی چه‌كی ئه‌تۆمی و ئێنرژیی ئه‌تۆمی به‌ده‌سته‌وه‌یه کە سه‌دان میلیارد دۆڵار له سه‌رمایه‌ی گه‌لانی ئێرانی تێدا به فێڕۆ داوه و دنیای پێوه سه‌رگه‌رم كردووه و له لایه‌كی دیكه‌وه به‌رنامه‌ی مووشه‌كیی زیره‌ك و درێژمه‌ودای وه‌ڕێ خستووه و له ڕاستیشدا تا ئه‌و ڕادده‌یه چووه‌ته پێش كه وڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی نیگه‌ران كردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش هه‌رله سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ركاریه‌وه ده‌ستی كردووه به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاته لاوازه‌كانی ناوچه و هه‌ر له عێڕاقه‌وه بگره تا سووریه، لوبنان و یه‌مه‌ن ده‌سته و تاقمی نیابه‌تیی تێدا پێكهێناون كه وه‌ك ئاش سه‌رمایه‌ی گه‌لانی ئێران هه‌ڵده‌مژن و به هه‌زاران گیرفانی قووڵ به دۆڵارهكانی به‌ده‌ستهاتوو له نه‌وت و گازی گه‌لانی ئێران ده‌ئاخنرێن.
جگه له‌مانه به‌رنامه نیزامییه‌كانی ڕێژیم هه‌م له سپای پاسداران‌دا، هه‌م له سپای قودس كه تایبه‌ت بۆ ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاتانی ئیسلامی و غه‌یره ئیسلامی پێكهاتووه و هه‌روه‌ها به‌سیج و داموده‌زگای سیخوڕی و ته‌نانه‌ت داموده‌زگای ته‌خریبی فه‌رهه‌نگیی گه‌لانی ناوچه، به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێ و به‌شی هه‌ره سه‌ره‌كیی داهاتی ئێران له‌و به‌رنامانه‌دا خه‌رج ده‌كرێ.
له نێوخۆی وڵات‌دا هه‌یكه‌لی ڕوو به ده‌ره‌وه‌ی نیزام له‌وه‌ش به‌هێزتر نیشان ده‌درێ و هێزی ماسوولكه‌ی ڕێژیم له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران‌دا زۆر له‌وه‌ش به‌هێزتر خۆی نیشان ده‌دا. ناڕهزایهتییەكانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه و هه‌ر ده‌نگێكی ناڕازی ڕووبه‌ڕووی دڕندانه‌ترین شكه‌نجه و زیندان و ته‌نانه‌ت ئێعدام ده‌بێته‌وه. ڕوو به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به گشتی و چالاكانی مافی نه‌ته‌وه‌كانی ژێرده‌سته‌ی ئێران و چالاكانی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤی و ژینگه‌یی و چالاكانی ژنانی مافزهوتكراو و زوڵملێكراوی ئێران و چالاكانی بواری سینفی و به‌كورتی هه‌ر كه‌س و لایەنێك سه‌ر ببزێوێ و داوای مافێك بكا، ڕێژیم به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی و توندوتیژییه‌وه ده‌جووڵێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دا هه‌ر ده‌نگێكی مافخواز له نوتفه‌دا خه‌فه بكا. له‌به‌رامبه‌ر كاسبكارانی سه‌رسنووره‌كان به تایبه‌ت له كوردستان، ئه‌هواز و بەلوچستان به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه ده‌جووڵێته‌وه و كۆڵبه‌رانی كورد و كاروانچیانی بەلوچ كه بۆ دابینكردنی نانی منداڵه‌كانیان شانیان وه‌به‌ر كارێكی ئاوا دژوار و پڕمەترسی داوه، وه‌به‌ر ده‌ستڕێژی گولله ده‌دا ومهزلومانه ده‌یان كوژێ یا برینداریان ده‌كا. ڕێژیم له هه‌مو ئه‌و جێگایانه‌ی كه هاوكێشه‌ی هێز به‌لای داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ئه‌ودایه و تا ئه‌و جێگایه‌ی كه به‌رامبه‌ره‌كه‌ی له‌خۆی لاوازتره، وه‌ك هه‌یكه‌لێكی ترسێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێ و زۆریش به‌هێزتر له‌وه‌ی كه هه‌یه خۆی نیشان ده‌دا.
وه‌ڵامی چالاكیی سیاسیی حیزب و ڕێكخراوه دژبه‌ره‌كانی خۆی به تێرۆر و ئێعدام و ئه‌شكه‌نجه و هێرشی نیزامیی ڕێگا پێنه‌دراو ده‌داته‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن له ماوه‌ی چل ساڵ ده‌سه‌ڵاتی نه‌گریسی خۆیدا به ده‌یان ڕێبه‌ر و كادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزب و ڕێكخراوه كوردی و ئێرانییهكانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئەم وڵاتە تێرۆر كردووه. هه‌روه‌ك چۆن له به‌رامبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سیاسیی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكڕاتی كوردستاندا مووشه‌كی درێژمه‌ودای زیره‌كی به‌كار هێناوه و چه‌ندین كه‌س له ڕۆڵه هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی گه‌لی كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستانی له‌سه‌ر میزی لێكدانه‌وه‌ی سیاسی و به‌ده‌وری جێگای كۆبوونه‌وه‌دا، له كادری ڕێبه‌ری و پێشمه‌رگه له‌خوێندا شه‌ڵاڵ كردووه.
ڕێژیم له عێڕاق، له سووریه، له لوبنان و له یه‌مه‌ن، به‌ده‌یان گرووپی تیڕۆڕیستیی په‌روه‌رده كردووه و له گیانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌رداون. به هەموو ئه‌و جینایه‌ت و ده‌ستێوه‌ردان و تیڕۆر و ئاژاوانه‌ی كه له نێوخۆی ئێران و له ده‌ره‌وه‌ی ئێران وه‌ڕێی خستوون، شێرهبهفرینهیهكی له خۆی درووست كردووه كه ئه‌گه‌ر به جوانی سه‌یری هه‌ناوی داڕزاو و هه‌ڵوه‌شاوی نه‌كرێ، حیسابی زلهێزێكی بۆ ده‌كرێ و له زۆر بواردا باجی پێ ده‌درێ، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ بكرێ و هه‌وڵ بدرێ ده‌ستی كورت بكرێته‌وه. هه‌روه‌ك چۆن به‌داخه‌وه هه‌م له لایه‌ن وڵاتانی ئورووپاییه‌وه و هه‌م جاروبار له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، باجی پێ ده‌درێ و هێنده‌ی دیكه به‌ره‌و له‌خۆباییبوون هان ده‌درێ.
به‌ڵام ئه‌و ههیكهلە و قەوارە ترسێنه‌ره‌ی بهڕواڵەت نیشان ده‌درێ، له هه‌ناودا به‌تاڵ و داڕماوه. نیشانه‌كانی ئه‌و داڕمانه‌ش ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر ده‌رده‌كه‌ون. له‌باری ئابوورییه‌وه ڕێژیم له‌وپه‌ری لاوازی و بێبه‌رنامه‌یی دایه. نیزیكه‌ی ٦٠% ی كۆمه‌ڵانی خه‌لكی ئێران گه‌یشتوونه ژێر هێڵی هه‌ژاری. هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی خودی ڕێژیم زیاتر له ٣٧% له ده‌سته‌كانی كار و پسپۆڕی له ئێران‌دا بێكارن. ته‌نانه‌ت له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه خوێندنی باڵایان ته‌واو كردووه و خاوه‌ن پسپۆڕین، زیاتر له ٢٥%یان، یان بێكارن یا ڕوو له كرێكاری و كۆڵبه‌ری ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵگەی ئێران به‌ته‌واوی شیرازه‌ی تێك چووه و ساڵ له دوای ساڵ زیاتر له ترازان و قەیرانی جۆراوجۆردا نوقم ده‌بێ. پیشەسازیی ئێران جگه له هێندێك بواری وه‌ك به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی كه نیزیكه ٣٠%ی داهاتی ئێرانی قووت داوه و تا ئێستا بچووكترین دهسكهوتیشی نه‌بووه و تەنیا بووه‌ته هۆی گه‌مارۆی ئابووری، زووربه‌ی سەنعهتهكانی دیكه به‌ره‌و نه‌مان چوون. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك بواری گرینگدا كه ئێران پێیانه‌وه ناوبانگی جیهانی هه‌بوو، وه‌ك نه‌وت، گاز، پسته، فه‌رش، زه‌عفه‌ران و زۆر به‌رهه‌می هه‌نارده‌یی دیكه، وه‌زع له‌وپه‌ڕی خه‌راپی دایه. بارودۆخی ڕێژیم له باری ئابوورییه‌وه گه‌یشتووه‌ته جێگایه‌ك كه بچێ له‌گه‌ڵ چین گرێبەستی ٢٥ ساڵه‌ی نابه‌رابه‌ر و ته‌واو پێچەوانەی بەرژەوەندیی نیشتمانی ئیمزا بكا و هێندێك جێگا و بواری ئابووریی ستڕاتیژیك و گرنگ هه‌رزانفرۆش بكا.
له باری ئیدۆلۆژیک و سیاسییشه‌وه ڕێژیم به‌ته‌واوی شكستی خواردووه. له ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌یدا بۆ وڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هیچ ده‌سكه‌وتێكی نه‌بووه. سه‌ره‌ڕای حاتهمبهخشی به داهاتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانه‌وه و خه‌رجكردنی سه‌دان میلیارد دۆڵار بۆ كڕینی هه‌وادار له‌و وڵاتانه دا، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی شیعه‌ش له باشووری عێڕاق و لوبنان و جێگای دیكه خۆپیشاندان له دژی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئه‌و ڕێژیمه له وڵاته‌كه‌یاندا ده‌كه‌ن. له‌نێو ئێرانیشدا ڕێژیم لە بارودۆخێکدایە کە ئه‌گه‌ر ئێستا هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد بكرێ شك له‌وه‌دا نییه كه سەتا ١٠%ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانی دەگەڵدا نییە. له باری بره‌وپێدانی مه‌ڕام و بۆ چوونه مهزههبییهكانیشیهوه نه‌ك ته‌نیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵكو زبرێکی قورس و گه‌وره‌شی له‌و مه‌ڕامه داوه كه شه‌و و ڕۆژ ده‌هۆڵی بۆ ده‌كوتێ و به‌پێی بۆچوونی زۆربه‌ی پسپۆڕان، كۆمه‌ڵگەی ئێران له ماوه‌ی ئه‌و چل ساڵه‌دا، ساڵ له دوای ساڵ زۆرتر له دین و مه‌زهه‌ب دوور كه‌وتووه‌ته‌وه و ئێستا شیمانه ده‌كرێ كه ئه‌گه‌ر ترسی ئەشكه‌نجه و ئازاری كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمی له‌سه‌ر نه‌بێ، كۆمه‌ڵگەی ئێران لاییكترین كۆمه‌ڵگەی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بێ.
له باری نیزامی و ئه‌منییه‌تیشه‌وه ڕێژیم سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی نه‌بووه. ڕاسته له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌لانی خه‌ڵكی بێچهك و بێده‌سه‌ڵاتدا زۆر ماسوولكه‌ی له‌خۆی نیشان داوه و به كوشتار و ئیعدام و ئازار و ئه‌شكه‌نجه توانیویه‌تی ترسێك له دڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا دروست بكا -كه دیاره ئه‌و ترسه‌ش ڕۆژ له دوای ڕۆژ و ساڵ له دوای ساڵ زیاتر شكاوه- به‌ڵام له به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كانیدا كه به ده‌ستی خۆی كردوونیه دوژمن، هیچ سه‌ركه‌وتنێكی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ڕێژیم كه به‌پێی ستڕاتیژییهكی درێژخایه‌ن نیازی هه‌بووه دوژمنایه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌مو نه‌یارانی خۆی بگوازێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران و له ڕێگای پێكهێنانی گرووپ و تاقمی چه‌كدار و تێرۆریستییه‌وه شه‌ڕی نیابهتتیان پێ بكا و به قه‌ولی خۆی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران دوژمنانی فهڕزیی خۆی تێك بشكێنێ، سه‌ره‌ڕای به فێڕۆدانی سه‌رمایه و كادرێكی نیزامیی زۆری خۆی، هیچ ده‌سكه‌وتێكی به‌رچاوی نه‌بووه. ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه شه‌ڕ له نێوجه‌رگه‌ی خۆیشیدا دوور بكاته‌وه. چونكه تا ئێستا چ له ناوچه‌دا و چ له نێوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا زه‌بری زۆر گه‌وره‌ی خواردووه، بێئه‌وه‌ی بتوانێ تۆڵه بكاته‌وه و ته‌نانه‌ت دڵی كه‌سوكاری كوژراوه‌كانی خۆیشی ڕازی بكا.
ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی به پێچه‌وانه‌ی ئیددیعاكانی خۆی، له باری هێزی ئه‌منییه‌تی و زانیاری پاراستنیشه‌وه له تاقیكردنه‌وه ده‌ر نه‌چووه و نه‌یتوانیوه ئه‌منییه‌تی مۆره ئەمنیەتی و پسپۆڕی و ناوه‌نده ستڕاتیژییهكانی خۆی دابین بكا.
له ماوەیه‌كی كورتی زهمەنیدا له پسپۆڕه‌كانی زانستی فیزیكی ئه‌تۆمی كەسانی وه‌ك مسته‌فا ئه‌حمه‌دی ڕه‌وشه‌ن، مه‌جید شه‌هریاری، مەسعود عەلیمحەممەدی، داریووش ڕەزایینژاد، حه‌سه‌ن تێهرانی موقەدم و موحسین فەخریزاده له نێوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیم‌دا كوژراون. هه‌روه‌ها ته‌قینه‌وه‌ی عەمباری مووشه‌كی له تاران و كوژرانی حەسەن تێهرانی موقدم كه به دامه‌زرێنه‌ری به‌رنامه‌ی مووشه‌كیی ڕێژیم ناوی ده‌برا له گه‌ڵ ١٧ كه‌سی دی، یان کوژرانی كه‌سی دووه‌می ئەلقاعیدە (عەبدوڵڵا ئەحمەد) كه بۆ پاراستنی ئه‌منییه‌تی خۆی په‌نای بۆ ڕێژیم بردبوو له نێوه‌ڕاستی تاران‌دا. جگه له‌وانه هێرشی سایبه‌ری بۆ سه‌ر (نیروگای بوشێهر) كرا و زیانێكی زۆری لێدرا. سەنعهتهكانی پێتڕۆشیمیی بووعەلی سینا ئاوری تێبه‌ردرا و زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت، هێرشی سایبه‌ری كرایه سه‌ر شیركه‌تی ئیرتیباتات و زیانی زۆری به‌ركه‌وت، له شیركه‌تی (ماكسار)دا ته‌قینه‌وه ڕووی دا و خەسارێکی زۆری بەجێ هێشت. له ناوه‌ندیی ئه‌تۆمیی (نه‌ته‌نز)دا چه‌ند جار ته‌قینه‌وه بووە، كه تازەترینیان له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا بوو كه هه‌ر به قسه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم سه‌دان سێنتریفوج له كار كه‌وت. له هه‌مووشیان گرینگتر دزینی چه‌ند تۆن بەڵگەنامە و دێکیومێنتی پرۆژه‌ی ستڕاتیژیكی ئه‌تۆمیی ڕێژیم بوو له لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه كه زانیاریی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌منییه‌تیی تێدابوو. هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ی ئێران جگه له ده‌یان زەبری قورس کە ئیسڕائیل له سووریە، لوبنان و عێڕاق له هێزه‌كانی داون و، كه‌سێكی گرینگی وه‌ك قاسم سوله‌یمانی به وردی تاقیب كرا و زانیاریی وردی له‌سه‌ر په‌یدا كرا و به هاسانی كوژرا، بێ ئه‌وه‌ی ڕێژیم بتوانێ كارێكی لەدەست بێت.
هه‌موو ئه‌و زه‌ڕبه ئه‌منییه‌تیانه كه له ناوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیم‌دا و له ده‌ره‌وه‌ی ئێران له په‌یكه‌ری له‌رزۆكی ئه‌و ڕێژیمه دراون، به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕێژیم چ له باری زانیاریی ئه‌منییه‌تی و چ له باری پاراستنی نههێنیهكانیدا، شكستی خواردووه. گومان له‌وه‌دا نییه كه بۆشایی ئه‌منییه‌تی له كۆماری ئیسلامییدا زۆر گه‌وره‌یه و ڕێژیم زۆر له‌وه لاوازتره كه خۆی نیشان ده‌دا. ئه‌گه‌ر وا نه‌با ده‌بوو جارێك بتوانێ له به‌رامبه‌ر هێرشێكی ئیسڕائیلدا، به‌تایبه‌ت ئه‌و هێرشانه‌ی كه ئیسرائیل بۆخۆی به ئاشكرا باسی كردوون چ له سووریه و عێڕاق و چه له نێوجه‌رگه‌ی نیزامه‌كه‌ی دا، وه‌ڵام بداته‌وه و تۆڵه بكاته‌وه. ئه‌گه‌ر ڕێژیم وه‌ك ئیددیعا ده‌كا به‌هێز بوایه، ده‌بوو هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خوێنی قاسم سوله‌یمانی جێبه‌جێ بكا.
به‌ڵام هیچ یه‌ك له بانگه‌شه‌كانی ئەو ڕێژیمه ڕاست نین و له هیچ بوارێكدا ئه‌و ڕێژیمه ئه‌و هێزه‌ی نییه كه بانگه‌شه‌ی له‌سه‌ر ده‌كا. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و هەیکەلەی له خۆی پێشان ده‌دا شێرهبهفرینهیه و به تیشكێكی هه‌تاوی خه‌بات و تێكۆشانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌توێته‌وه. كۆماری ئیسلامی تەنیا به‌ڕواڵه‌ت به‌هێزە و له هه‌ناودا هڵۆڵ و کڵۆڵە.