پتر لە چوار دەیە لە پچڕانی پێوەندیی ڕەسمیی نێوان ئێران و ئیسڕائیل تێدەپەڕێ. سەرەڕای ناکۆکیی ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئیسڕائیل، بەڵام لە جەنگەی شەڕی عێڕاقدا ئێران توانی لە ڕێگەی ئیسڕائیلەوە دەستی بە زۆر تەقەمەنی و کەرەستەی شەڕ ڕابگا. بەڵام شەڕی زارەکیی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەر بەردەوام بووە. بەڵام لە ئێستادا ناکۆکی و دژایەتیی دوو وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە گرژیی زیاتر کردووە بە شێوەیەک کە لە شێوازی شەڕی نیابەتی ڕا گۆردراوە بۆ شەڕی نیوەڕاستەوخۆ. ماوەیەکە ئەم دوو وڵاتە دوای کردوە سەربازی و سیخۆرییەکانیان بەرامبەر بەیەکتری بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرپرسایەتیی عەمەلیاتەکان دژی یەکتری وەئەستۆ دەگرن و لە لاپەرەی ڕۆژنامەکان و لە مێدیا و ڕاگەیاندندا تەتەڵە و شرۆڤەیان دەکەن.
مێژووی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکاندا دەمودەست باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تاران داگیر کرا و شوێنەکەی درا بە فەلستینییەکان. ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە پێش شۆڕشی ٥٧، ئێران لە دوای وڵاتی تورکیە دووهەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان بوو کە دانی بە بوونی وڵاتی ئیسرائیل داهێنا و ئەم وڵاتەی بەفەرمی ناسیبوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە سواری شەپۆلی ناکۆکیی نێوان ئیسڕائیل و خەڵکی فەلەستین بووە، کێشەکانی نێوان ئەم دوو لایەنەی لە بەرژەوەندیی خۆیدا شکاندووەتەوە و بە دراوی نەوت و بەنرخی برسیکردنی خەڵکی ئێران و بۆ مەرامە ئیدۆلۆژییەکانی مودیرییەت کردووە. لە پێش و پاش شۆڕشی ٥٧ـ یشدا بابەتی نیزیکیی ئێران و ئیسڕائیل و دەمگۆی هاوکاریی مووساد و ساواک کە لەلایەن مەزهەبییەکانەوە پەرەی پێ دەدرا، لە هەڵخراندنی هەستی ئایینی و دژەئیسرائیلیدا دەورێکی زۆری هەبوو. بۆیە کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتە سەر کار، پێشتر تۆوی ڕق و کینی نێوان ئەم دوو وڵاتە -ئیسڕائیل و ئاخوندە تازە بە دەسەڵاتگەیشتووەکانی ئێران- چێندرابوو. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ئەم ناکۆکییەی نێوان مەلا شیعەکانی ئێران و ئیسڕائیل شکستی نیزامیی وڵاتانی ئیسلامی لە ئیسڕائیل لە شەری شەش ڕۆژەدا بوو. ڕێبەرانی ڕێژیم کە بانگەشەی گەڕاندنەوەی شکۆ و سەروەریی ئیسلامییان دەکرد، پێویستییان بە داتاشینی ئەم دوژمنایەتییە لەگەڵ ئیسڕاییل هەبوو. بەتایبەت کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێستاش نان و پیواز لەو ژێستگرتنە بە دژی ئیسڕائیل دەخۆن و ئەم ڕواڵەتە بۆ مانەوەی ڕێژیمەکەیان بە پرسێکی ستراتیژیک و کارێکی پێویست دەزانن.
لە دوای تێکچوونی سۆڤیەت و شەری کەنداو ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە -کە ئێران باری ئیدۆلۆژیکی پێداوە- پتر پەرەیان سەند. بۆ نموونە لە دوای بەهاری عەڕەبی و لاوازیی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی عێراق و میسر مەیدان بۆ سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی پتر ئاوەڵا بوو و ڕێژیمی ئێران بە گرتنەبەری توندتری سیاسەتی هیلالی شیعی، بوون و حزووری هێزەکانی خۆی گەیاندە سنووری ئیسرائیل و ئەمەش هۆکاری هەرە سەرەکی بوو بۆ قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە. پشتیوانیی دارایی و لۆجێستیکی و سەربازیی ئێران بە گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئیسرائیل لەوان حیزبوڵڵا، حەماس و جەهادی ئیسلامی و … و هێرشکردنە سەر بالیۆزخانەی ئیسرائیل و ناوەند جوولەکەکانی ئارژانتین (آمیا) و پەرەپێدان بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران و هەڕەشەکردنی یەک لە دوای یەکی بەرپرسانی حکوومی و سەربازیی ئێران بۆ سرینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان ئەم هۆکارانە بوون کە وای لە ئیسرائیل کردووە لە بەرامبەر ئێراندا پەرچەکرداری کاریگەر و شوێندانەری هەبێ. لەم پێوەندییەشدا دەزگای هەواڵگریی ئەم وڵاتە (مووساد) ڕۆڵی سەرەکیی لە پڕۆژە عەمەلیاتییەکانی ئیسڕائیلدا گێراوە و هەتا ئێستا لە مەیدانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوتوو بووە و کار گەیوەتە جێگەیەک کە بڵێن ئیسڕائیل لە ڕەگی مل بە کۆماری ئیسلامی و بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی نیزیکترە. لەخۆڕا نییە کە “ئیبراهیم عەزیزی”، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نیشتمانیی مەجلیس لە کۆبوونەوەدا گازندە لەوە دەکا کە چۆن دەکرێ بکەری کردەوە تێکدەرییەکەی نەتەنز دوای عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی بە ڕۆژی ڕوون و بە فڕۆکە لە رێگەی ئاسمانەوە ئێران بەجێ بێڵێ! بۆیە بەگشتی ئیسڕائیل توانیویەتی ئامانجەکانی خۆی چ لە نێو ئێران و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەدا بپێکێ و گورزی کوشندەی لە هێزە نیزامییەکانی ئێران داوە. وەک کوشتنی زانایان (بەرپرسان)ی ئەتومی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. مووساد جگە لە کوشتن و لە مەیدان وەدەرنانی کاربەدەستانی گرینگ و خاوەن بەرپرسایەتیی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دیکەی ڕێژیم، چەندین جار بنکە ئەتومی و مووشەکی و ناوەندە هەستیارە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای شەڕی نەرمی تێکنۆلۆژی و ناردنی ویروس -کە بە ناوبانگترینیان ئەکستاکسنێت بوو- کردووەتە ئامانج و بەم شێوەیەش توانیویەتی چەندین ناوەندی پێترۆشیمیی ئەم وڵاتە پەک بخا؛ بە جۆرێک کە تەنیا لە شەش مانگی دووهەمی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا ١٥ جار ئەم جۆرە هێرشانەی کردووەتە سەریان. لە بەرامبەردا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک هەمیشە بە درۆ و بەلارێدابردنی ڕای گشتی ئەم کردەوانەیان وەک پێشهات و ڕووداوێکی نەخوازراو ناو بردووە و تەنانەت سەرەتا حاشایان لە تەقینەوەکانی نەتەنزیش دەکرد و ئەم ڕووداوەیان بۆ تەقینەوەی وێستگەیەکی گازی ئەو بنکەیە دەگەڕاندەوە. کە دوایە لە ڕووی ئەو وێنە و دیمەنانەی مانگە دەستکردەکان تۆماری کردبوون ڕوون بۆوە کە پارچین و نەتەنز بە توندی کراونەتە ئامانجی دەزگای هەوالگری و سەربازیی مووساد و زەرەو و زیانێکی بەرچاو بەر ئەم شوێنانە دراوە و تازەترین کردەوەش لە ڕۆژی بەناو وزەی ناوکیی ئێران و هەر لە نەتەنز بوو کە لاوازیی هێزە ئەمنیەتی و زانیارییەکانی ئێرانی بەرامبەر بە مووساد بە تەواوی دەرخست.
ئەم کردەوانە هەتا ماوەیەک لەمەوپێش زۆرتر بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەچوون، بەڵام وادیارە کە ئەم قۆناغەش کۆتایی پێ هاتبێ و هەر دووک لایەن بە ئاشکرا باس لە چالاکییەکانی خۆیان بەرامبەر بە یەکتری دەکەن. بەمێدیاییکردنی دەستبەسەرداگرتن و بردنەدەرێی کۆمەلێکی زۆر بەڵگە و CD و دێکۆمێنتی زۆر نەهێنی تایبەت بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران -کە زیاتر لە ٥٥٠٠٠ لاپەرە و ٦٠٠٠٠ فایلی دیجیتالی و ١٨٣ CD بوون- و ئاشکراکردنی لەلایەن بێنیامین نەتانیاهوو سەرەتای ئەو فازە بوو.
لە دوای تەقینەوەکەی جاری دووهەمی نەتەنزیش کەمتاکورتێک ئەم بابەتە دەبیندرێ و هەست پێ دەکرێ و تەنانەت جۆبایدێن بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە ئیسرائیل کرد کە خۆی ببوێرێ لەم باس و خواسە.
خاڵی گرینگ و جێی هەڵوێستە لەسەر بابەتی بەڕاگەیاندن کردن و وەئەستۆگرتنی لە لایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئیسرائیل بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئامریکا، ئیسرائیل گریمانەی ئەوەی دەکرد ئەگەر کۆماریخوازەکان دەنگ نەهێننەوە بارودۆخ و هاوسەنگییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست تێک دەچن و هەلومەرجەکە بۆ ئیسڕائیل دژوارتر دەبێ؛ بۆیە ئەم وڵاتە دوو ستراتێژیی نوێی خستە بەرنامەی کاریی خۆیەوە.
یەکەم، دەستی کرد بە گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ وڵاتانی دەوروبەری ئێران و سازکردنی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵیان و هەموو ئەم وڵاتانە بە تایبەت وڵاتانی عەرەبیی لەم بابەتە گەیاند کە ئەگەر ئامریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکی ڕێک بکەون ئەوە سەروەری و سەقامگیرییان دەکەوێتە مەترسییەوە و ئێران بۆتە ئاڵقەی پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و دنیای عەرەب.
دووهەم، دێموکراتەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی خۆیاندا باسی گەرانەوەی ئامریکایان دەکرد بۆ بەرجام. ئیسڕائیل دەیزانی کە گەڕانەوەی ئامریکا بۆ بەرجام و هەڵگیرانی سزا ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی و دەستکەوتنی داراییە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیم ئێران دەخاتە مەوقعییەتێکی دیکە و مەترسییەکانی سەر ئیسڕائیل لەسۆنگەی دەستکراوەیی ئێرانەوە پتر دەبن. لەلایەکی دیکەوە گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی گیانێکی دیکەیان دێتەوە بەر و پتر دەبنەوە مەترسی بۆ سەر ئەم وڵاتە.
مووساد بە چالاکییەکانی دەیهەوێ شوێن لەسەر دانوستانەکانی ڤییەن دابنێ. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە ساڵی ١٣٩٤ و دوو مانگ دوای بەرجام خامنەیی لە لێدوانێکدا بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل ٢٥ ساڵی داهاتوو بە خۆیەوە نابینێ و لەسەر عەرزی ناهێڵن. بۆیە ئیسرائیل بە وەئەستۆگرتنی چالاکییەکانی مووساد لە بنەڕەتدا بە تەمایە کە کۆسپێک بخاتە سەر ئەم ڕێککەوتنە، یان ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە کاردانەوەیەکی ئەوتۆ بکا کە دێموکراتەکانی ئەمریکا و هاوبەشە سیاسییەکانی پتر و باشتر نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامیی بۆ دەرکەوێ و بەوە بەربەستێکی زۆر جیدی بۆ بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران دروست بکات.
لە ئێستادا گریمانەی ئەوە لەئارادایە کە سپای پاسداران لەژێر گوشاری بناژۆخوازەکان لە تۆڵەی هێرشەکانی سەر نەتەنز و کوشتنی فەخریزادە و لە بەرەبەری ڕۆژی بەناو “قودس” دا کردەویەکی تۆڵەستێنانە بکا و بەوەش ڕەوتی دانوستانە ئەتومییەکان بە لایەکی دیکەدا بڕوا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا وێ ناچێ لەدوای ڕێککەوتنی نوێی ئێران و وڵاتانی زلهێزی دنیاش ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕوو لە کەمی بکەن و ئەگەری هێرشی سەربازیی سنوورداری ئیسرائیل بۆ سەر چەند شوێنێکی لەپێشدا دیاریکراوی ناوکی و مووشەکیی ئێران هەروا لەئارادایە.