رۆژنامه‌ی “کوردستان” یادگاری سه‌رده‌می کۆماری کوردستانه که ئه‌مساڵ پێ نایه ته‌مه‌نی ٧٠ساڵه‌یی خۆی و بۆە به هۆی ئاوردانه‌وه‌یه‌ک له‌م راگه‌یاندنه کوردییه و خسته به‌رباس و ڕاڤه کردنی لایه‌نه‌کانی چ له باری ده‌سکه‌وت و چ له سۆنگه‌ی خه‌سارناسانه‌وه. به‌م بۆنه‌وه چه‌ند که‌س له ئه‌ندامانی ده‌سته نووسه‌ران وهاوکارانی کۆن و نوێی رۆژنامه “کوردستان” وڵامده‌ری چه‌ند پرسیاری ئێمه‌ن که به‌م چه‌شنه ده‌یخه‌ینه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.
ــ به له‌بەرچاوگرتنی مێژووی 70ساڵه‌یی “رۆژنامه‌ی کوردستان”وه‌کوو یه‌که‌مین ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئه‌م رۆژنامه‌یه له ده‌ستپێکه‌وه تاکوو ئێستا له قوناخه جیاجیاکانی خه‌باتی مافخوازانه‌ی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ ڕۆل وده‌ورێکی هه‌بووه؟
عومه‌رباڵه‌کی: کاتێک حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌ساڵی1324ی هه‌تاوی له سه‌ر بناخه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی “ژێ.کاف” و به پێی پێویستی و زه‌روره‌تی مێژوویی هاته نێو گۆره‌پانی خه‌باتی گه‌لی کورد بۆ وه‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی ماف و ئازادی‌یه‌کان، پێویستی به مینبه‌رێک هه‌بوو بۆ بانگه‌شه‌ی سیاسه‌ته‌کانی خۆی و له هه‌مان کاتدا تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، پێویستی به‌رێوه‌چوونی خه‌بات بۆ وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌کانیان و هه‌وڵدان بۆ گه‌شه کردنی کۆمه‌ڵگه له بواری زانستی و فه‌رهه‌نگی‌یه‌وه. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پێویستی‌یه حیزبی دێموکرات بڕیاری‌دا رۆژنامه‌یه‌کی ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ش به پێی هه‌لومه‌رج وده‌رفه‌تی ئه‌وکات ده‌رنه‌چێ، لانیکه‌م له حه‌وتوو‌دا دوو یان سێ ژماره‌ی بڵاوببێته‌وه، دابمه‌زرێنێ.
دوای بریاری حیزبی دێموکراتی کوردستان یه‌که‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌ی کوردستان له ٢٠به‌فرانباری ١٣٢٤ی هه‌تاوی چاپ و بڵاوبۆته‌وه وه‌ک له‌سه‌ری نووسرا‌وه “زمان‌حاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان”ه و له سه‌روتاره‌که‌ی له ژێر عینوانی “ئامانجی ئێمه” به باشی ئیشاره‌ی کردوه به ئه‌رک و وه‌زیفه‌کانی رۆژنامه و باس له دروستکردنی قه‌ڵایه‌کی ئاسنین له ئیعتماد وبرایه‌تی ده‌کا که له سەر بناخه‌ی زانست وهونه‌ر و له‌ش ساغی و نیشتمان په‌روه‌ریی دامه‌زرابێ. ئه‌گه‌ر چاو به لاپه‌ڕه‌کانی رۆژنامه‌ی کوردستان‌دا بخشێنین ده‌بینین به ته‌واوی به‌و ئامانجه‌ی که بۆی دامه‌زراوه وه‌فاداربۆوه. له هه‌مان کاتدا هه‌وڵی داوه وه‌ک رۆژنامه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه ده‌ربکه‌وێ و له کاتی خۆی ده‌ربچێ و به‌زووترین کات بگاته ده‌ستی خوێنه‌ران.
رۆژنامه‌ی کوردستان هه‌وڵی داوه بابه‌تی جۆرواجۆری سیاسی، فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، نیشتمانپه‌روه‌ری و ئه‌ده‌بی له خۆ بگرێ. واته رۆژنامه‌یه‌ک بێ بۆ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری.
دوای ٧٠ساڵ و بڕینی قوناغی جۆرواجۆری سیاسی و فه‌رهه‌نگی ده‌بینن رۆژنامه‌ی کوردستان به ڕه‌چاوکردنی پێویستی‌یه‌کانی هه‌ر قۆناخێک له رێچکه‌ی ئه‌سڵی خۆی لای نه‌داوه و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ هه‌ر زمان‌حاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانه که حیزبی خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه.
جێ خۆیه‌تی لێره‌دا له گه‌ڵ پیرۆزبایی خۆمان به بۆنه‌ی ٧٠ساڵه‌ی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی کوردستان، یادێک له هه‌موو ئه‌وکه‌سانه بکه‌ینه‌وه که هه‌رکامیان له به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانی رۆژنامه‌ی کوردستان‌دا کاریان کردوه بۆ ده‌رچوونی رۆژنامه، رێز و ئه‌مه‌گناسی خۆمانیان پێشکه‌ش بکه‌ین بۆ فیداکاری و ماندووبوونیان که به که‌مترین ئیمکانات و هه‌موو که‌ند و کۆسپه‌کانی سه‌ررێگایان له جه‌ریانی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، نه‌یانهێشتوه رۆژنامه‌ی کوردستان له چاپ و بڵاوبوونه‌وه بکه‌وێ.
ــ وه‌کوو راگه‌یاندکارێکی کورد،چۆن ده‌روانه مێژووی “رۆژنامه کوردستان”و به‌تایبه‌تی راگه‌یاندنی حیزب چۆن ده‌توانێ له‌م قوناخه جیاوازه‌کانی خه‌باته‌دا ،ده‌وری هه‌بێ و بتوانێ به باشی له باره‌ی گوتاری حیزبیه‌وه بۆ خه‌ڵک وبه‌رده‌نگه‌کانی سه‌رنجڕاکێش بێ؟
ڕه‌زا محه‌ممه‌د ئه‌مینی: ڕۆژنامەی “کوردستان” مێژوویەکی پڕ هەوراز و نشێوی بڕیوە و لاپەرەکانی تێکەڵ بە مێژووی خەباتی حیزبەکەی، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوە. ئەو ڕۆژنامەیە وەک زمان‌حاڵی حیزب هەمیشە تێکۆشاوە ئامانج و سیاسەتەکانی حیزبەکەی بە زمانێکی پاراو و بەدوور لە وشە و واتای زبر، بەرێتە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە پێی قۆناغەکانی خەباتی حیزب و نەتەوەکەمان و بارتەقای توانای خۆی، لەسەر بردنەسەری ئاستی هۆشیاری تاکی کورد، شوێن‌دانەر بووە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەل‌ومەرجی تێکۆشانی حیزب و ژیانی تاراوگە، بەر لە پەرەسەندنی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتی‌یەکان، “کوردستان” زۆر بە زەحمەت دەکەوتە بەر دەستی خوێنەران و ڕەنگە بەباشی نەیتوانیبێ ئەرکەکەی وەک ڕۆژنامەیەکی حیزبی بەرێوە بەرێ. بەڵام ئێستا ئەو ڕۆژنامەیە بەکەڵک‌وەرگرتن لە ئینتەرنێت و پێشکەوتنەکانی دوو دەیەی ڕابردوو لە بواری پێوەندی‌یەکانەوە، زۆر بە باشی توانیویەتی بچێتە نێو کۆمەڵانی خەڵک و بابەتەکانی بگەیێنێتە بەر دەستی خوێنەرانی.
هه‌روه‌ها جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌و ڕاستی‌یه‌ش بکه‌ین که”کوردستان” به له به‌رچاوگرتنی زۆربوونی ڕێژه‌یی ڕوژنامه و گۆڤار و سایته ئینته‌رنیه‌تی‌یه‌کان، ده‌بێ زۆر زیاتر له پێشوو هه‌وڵ‌بدات خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌م خۆی ڕێک بخات، دیاره ئه‌مه به گشتی هه‌موو ڕاگه‌یاندنه سیاسی وحیزبیه‌کان(تلوفیزیون و سایت و…) ده‌گرێته‌وه.
لەکۆتایی‌دا بەم بۆنە پیرۆزەوە، سەری رێز دادەنوێنم بۆ شەهیدانی “کوردستان” و دەسخۆشی و ماندوو نەبوونی دەکەم لە هەموو ئەو هاورێیانەی لە خزمەت ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا بوون.
هیدایه‌ت جاف: رۆژنامەی کوردستان بە درێژایی مێژووی ٧٠ ساڵەی خۆی سەرباری ئەوەی زمان‌حاڵی حزبی دیموکرات بووە، بەڵام بەردەوام بە زمانێکی نەرم و ئاشتیخوازانە هەوڵی داوە پرسە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و… تاووتوێ بکات، ئەوەش یەک لەو خاڵانەیە بەپێی ئیتیکی کاری رۆژنامەگەری دەچێتە خانەی پاراستنی ئەخلاقی میدیایی.
ئێستا دوای ٧٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر چاپی بەردەوامی ئەو رۆژنامەیە و گۆڕانکاری بەسەر مۆدێل و شێوازەکانی راگەیاندن، بەداخەوە لە چەند رووەوە دەردەکەوێت رۆژنامەی کوردستان نەیتوانیوە بەپێی سەردەم خۆی لەگەڵ فەزای میدیاییدا بگونجێنێت، هەم لەرووی دیزاین و هەم تەکنیکی داڕشتنی هەواڵ و راپۆرت و چاوپێکەوتنەکان، واتا تا ئێستاش بەو شێوازە کار دەکرێت کە لە شەستەکاندا باو بوو، رەنگە ئەمەش بەهۆی نەبوونی کادری نوێ و ئاشنا بە میتۆدەکانی ئەمڕۆی رۆژنامەگەری بێت یان ئەوەی بڕیاربەدەستی ئەو رۆژنامەیە دەستی ئەو لاوانەی واڵا نەکردبێت بە میتۆدی خۆیان کار لەو رۆژنامەیەدا بکەن، هاوکات بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو رۆژنامەیە و گەیاندنی بە دەستی بەردەنگ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەنێوخۆی رۆژهەڵات وەک میدیایەکی قەدەغە هەژمار دەکرێت، بەپێی پێویست بیر لە دەور لێدانەوە بەو بەربەستە نەکراوە و سود لە کاناڵە جۆراوجۆرەکانی دنیای مەجازی وەرنەگیراوە.
هیوای بەردەوامی و نوێبوونەوە لە میتۆدی کارکردن بۆ سەرجەم ستافی رۆژنامەی کوردستان دەخوازم.
خالید موحه‌مه‌دزاده: رۆژنامه‌ی كوردستان ئه‌گه‌رچی له ئیستا و له نێو بڵاوكراوه كوردییه‌كان به ئه‌زموونترین بڵاوكراوه‌یه له ڕووی كاركردنی زه‌مه‌نیه‌وه، به‌ڵام هیچ كاتێک له دۆخیكی ئاسایی چاپ‌و بڵاونه‌بوته‌وه، ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره له هه‌ندێك قوناغ ته‌نانه‌ت كاری له سه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه و شوێن گواستنه‌وه‌شی كردوه له كوردستانه‌وه تا ئۆرووپاش. به جۆریك دۆخی رۆژنامه‌كه به‌ستراوه‌ته‌وه به دۆخی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ئێران و به تایبه‌ت دۆخی حیزبی دێموكرات.
كه‌واته له ره‌خنه‌ی به‌راوه‌رد كاری میدیایی ره‌نگه به وڵامیكی دڵخواز له سه‌ر كاركردی رۆژنامه‌كه نه‌گه‌ین به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رۆژنامه‌ی كوردستان له بازنه‌ی كاركردی‌دا و له نیو بڵاوكراوه هاوشێوه‌كانی یه‌ك له‌و بڵاوكراوانه بووه كه شایانی خویندنه‌وه بێ.
له بیرمان نه‌چی ئه‌زموونی رۆژنامه‌نوسی كوردی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌زموونیكی جێی ره‌خنه‌یه و كه‌رتی میدیا لای ئێمه كه‌رتی جێ سه‌رنج پیدانی كۆمه‌ڵگا نه‌بووه. هاوكات هه‌موو كاركردیكی رۆژنامه‌وانی به‌سته‌ریكی میدیای ده‌وێ كه لای ئێمه به‌سته‌ری میدیای له غایبوونی به‌رده‌وام دا بووه. دۆخی ناسه‌قامگیری سیاسی و نه‌بوونی ئازادی و … كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له سه‌ر كه‌مخوێنی میدیای كوردی له رۆژهه‌ڵات جێ هێشتووه، هه‌ر ئیستا زور حیزب و لایه‌نی سیاسی هه‌ن كه بێ توانان له كاركردی میدیایی و چه‌ندین كاناڵی میدیایی یان داخران. و هیچ جوڵه‌یه‌كی میدیایی‌یان نیه. له دۆخیكی وادا بڵاوكردنه‌وه‌ی “رۆژنامه‌ی كوردستان” و هاوشانی چه‌ند كه‌ناڵی دیكه‌ی میدیایی جێگه‌ی ده‌ستخوشییه. به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه ره‌نگه له پرۆسه‌ی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی كوردستان سوود له هه‌موو توانا و زه‌رفییه‌ته‌كان وه‌رنه‌گیڕابێ كه ده‌كرێ ئه‌م بۆشاییه پر بكریته‌وه.
به‌رێزت وه‌کوو ژنێکی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست که ماوه‌یه‌کیش به‌رپرسی رۆژنامه‌ی کوردستان بووی،به‌ڕای جنابت ئه‌م رۆژنامه‌یه به پێی توانای چه‌نده هه‌وڵی داوه که کێشه‌ی سیاسی وفه‌رهه‌نگی وکۆمه‌لایه‌تی‌یه‌کانی ژنان به تایبه‌تی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بخاته به‌ر باس؟
کوێستان فتووحی: بە بۆنەی حەفتاساڵەی تەمەنی رۆژنامەی کوردستان، پیرۆزبایی لە یارانی “کوردستان” لە هەموو دەورانەکانی ژیانی ئەم رۆژنامەیە دەکەم. لە وڵامی ئەو پرسیارەتان دا دەڵێم: قەڵەمەکانی دەستەی نووسەران کەمتر تەرخان کراون بۆ نووسین لەبارەی پرسی سیاسی، کۆمەلایەتی و فەرهەنگی ژنان لە رۆژهەلاتی کوردستان. هۆیەکەشی ئەوەیە زۆربەی هاورێیانی دەستەی نووسەرانی ئەو رۆژنامەیە لە هەموو دەورانەکاندا لە پیاوان پێک هاتوون و زۆربەشیان پێیان وابووە ئەم پرسە (ژنان) هەر دەبێ ژن لە بارەیانەوە بنووسێ، ئەمە خۆی یەکێکە لەو هۆیانەی کە رۆژنامەی کوردستان نەیتوانیوە لە ئاست چاوەروانیەکان دا بێ. کۆمەلگەی کوردستان بە هۆی بوونی دەسەڵات و سیستمیکی دواکەوتوو و دژە ژنی کۆماری ئیسلامی، پرە لە کیشەی سیاسی، کۆمەلایەتی و فەرهەنگی. ئەم رۆژنامەیە کە تریبوونیکی حیزبیکی سیاسیی رۆژهەلاتی کوردستانە، خەلک چاوەروانیی زیاتری لێی هەیە، هەڵویستی، روانینی لە پێوەندی لەگەل ئەو مەسەلانەوە روون و دیار بی. دیارە بە بڕوای من پرسی ژن لە سیاسەت جیا ناکرێتەوە، ئەوە سیستمی دەسەلات و کەلتوورە بوارەکانی ژنانەو پیاوانە کردوە و ئەم جیاکارییەی دروست کردوە. ئەو پرسیارە کۆبوونەوەکانی دەستەی نووسەرانی وەبیرهێنامەوە کە هەرکات سووژەکان هەلدەبژیردران، کەم هاورێ هەبوون روو لەوبابەتانە بکەن کە پێوەندییان بە پرس و کێشانە کە ناوی لێنراوە پرسی ژنان، ئەگەر سووژەیەکیش بووبێ هەموو جارێ روو لەو تاک و تەرا ژنانە دەکرا کە لەوێ بوون. هیوادارم ئەم پرسیارەش لەبەر ئەوەی ژنم لە من نەکرابێ. ئەرکی نووسەری رووناک‌بیر ئەوەیە قسە لە ناهاوسەنگیەکان بکات بۆ هاوسەنگ کردنەوە، نەک دابەش کردنی بوارەکان بە ژنانە و پیاوانە کردن. بەڵام لەهەرحالدا ئاوڕنەدانەوە لە پرس و کێشەکانی ژنان لە ئێران و کوردستان، بە هەر بیانوویەک کەموکوورییەکە، پاساو هەلناگرێ.
ــ وه‌ک ئاگادارن “رۆژنامه‌ی کوردستان” هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه گرینگی زۆری داوه به پرسی زمانی کوردی که شوناسێکی نه‌ته‌وه‌یی‌یه. هه‌روه‌ها خاوه‌نی به‌شی هونه‌ر وئه‌ده‌بی کوردیش بووه. به ڕای به‌رێزت چ له‌باری زمانه‌وانی و چ له باری نواندنی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری به‌رگریی تا چ ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌توو بووه؟
مستەفا شێخە: ئەگەر بڵێم رۆژنامەی کوردستان کۆڵەکەی هەرە گرنگی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی بووە، رەنگە زێدەڕۆییم نەکردبێ. ئەگەر چاوێک بە مێژووی رۆژنامەی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بخشێنین، هەر لە سەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستانەوە تا ئێستا، بەڕوونی دەتوانین گۆڕانکاری و گەشەکردنی زمانی کوردی لە بوارەکانی رێنووس و رێزمانەوە لە رۆژنامەی کوردستان‌دا هەست پێبکەین. دیارە “کوردستان” وەک ئۆرگانی حیزب بەردەوامە و رابردووی سیاسیشی بۆ سیاسەتی حیزب لە کاتە جیاوەزەکاندا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئیستاشی دەگەڵدابێت، نووسەرە رەسەنەکانی باشووریش لە کاتە دیاریکراوەکاندا چاوەڕوانی دەرچوونی رۆژنامەی کوردستانن. لێرەدا ناکرێت بە وردی باس لە کاریگەرییەکانی رۆژنامەی کوردستان لە خزمەت کردن بە پاراستن و گەشەسەندنی زمانی کوردی بکەین و پێویستی بە کات و نووسینی زۆرە.
ئەوندەی بۆ بەشی ئەدەب دەگەڕێتەوە، بە گشتی ناکرێ ئەدەب تەنیا لە چێرۆک و شێعر و رەخنەی ئەدەبی بخوێنینەوە. ئەگەر داڕشتنی بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت هەواڵیش بە هەستێکی ئەدیبانە نەنووسرێت، وشک و لە شانان گران هەست پێدەکرێت. بابەتەکانی دەرەوەی ژانرە ئەدەبییەکان راستە ئەدەبیات نین، بەڵام کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی بە پڕۆفیشناڵ بوونی نەبووە، بە گشتی زۆر پشتی بە ئەدەب بەستووە. لە لاپەڕەی ئەدەب و هونەریشدا بە پێی توان و دەرفەتی کەمی بەردەستی خزمەتی ئەدەبی کوردی کردووە. ئەدەبییات زۆر لەوە فراوانترە، بتوانی لە لاپەڕەیەک یان دوو لاپەڕەی رۆژنامەیەکدا – ئەویش بۆ رۆژنامەیەک کە رۆژانە دەرنەچێت- دەرفەتی پێ بدەی. بەڵام لەسەریەک لەوکاتەنشدا کە “کوردستان” زۆر بە هەژاری و لە ژێر زەخت زۆری دوژماندا دەرچووە، پشتی لە ئەدەبیات نەکردووە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، رۆژنامەی کوردستان بە قووڵی هەستی کردووە، زمان و ئەدەبیات پاڵپشتی سەرەکیی مانەوەی نەتەوەن.
لەکۆتایی‌دا پێمخۆشە بڵێم زۆر پەرۆشی ئەمەم، ئامێرەکانی دیکەی راگەیاندن جێگەیان بە رۆژنامە لێژ کردووە و چارەسەرکردنی ئەمەش، بە پێویستی دەزانم “کوردستان” وێڕای بەردەوامبوونی بەم شێوازەی ئێستای، خۆی باویتە نێو تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و ماڵپەڕێکی سەربەخۆی هەبێت.
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه