تاکوو ئێستا زۆربەی کاندیداکانی خولی دەیەمی پارڵمانی ئێران لە پاڵوێنهی شۆڕای نیگابان تێپەڕ نەبوون. جێگەی ئاماژەیە کە لێوەشایی زۆربەی کاندیدەکانی رێفورمخوازان لە ئاستی ئێران و کاندیدەکانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئاستی کوردستان رەت کراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لێوەشایی زۆرینەی پالێواراوانی بەرەی یەکگرتووی کورد رەت کراوەتەوە. پالێوراوانێکی بەرەی یەکگرتووی کورد وەک حاسڵ داسە لە ناوچەی سەردەشت ــ پیرانشار، عەبدوڵڵا سوهرابی لە ناوچەی مەریوان ــ سەوڵاوا و دوکتور رهئووف کەریمی لە شاری سنە رەت کراونهوه. هەروەها لێوەشایی خالید تەوەککولی پالێوراوی رێفورمخوازی شاری سەقزیش رەت کراوەتەوە. رەتکردنەوەی ئەو پالێوراوانە وای کردوە کە بەشێک لە چالاکانی سیاسی باسی بایکۆتی هەڵبژاردن بێننە ئاراوە. ئەو وتارە جەخت لەسەر چۆنیەتیی پێکهاتنی فەزایەکی کوردانە لە ڕەوتی هەڵبژاردنی پارڵمانی ئێران دەکا.
خەباتی پارڵمانی و گیروگرفتەکانی
کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداریی سیاسیی کەسانێک وەک رەفسەنجانی کە لە دامەزرێنەرانی ئەو رێژیمە بووە، لەمپەر و گرفت دروست دەکا. ئەگەر سەیرێکی باکووری کوردستانیش بکەن، دەوڵەتی تورکیە لەمپەری ١٠ %ی دەنگەکانی بۆ هەر حیزب یان قەوارەیەکی سیاسی داناوە و کورد پاش ساڵانێك ئەو لەمپەرەی تێپەڕاند. ئهمهش به ئاسانی بهدهست نههاتوه، پارڵمانتارێکی کوردی وەک لەیلا زانا لەسەر لێدوان و کردەوەیەک ١٠ ساڵ چۆتە زیندان بهڵام کوردی باکوور وازیان لهوشێوه خهباته نههێناوه تا بهم ئاکامه گهیشتوون. خەباتی پارڵمانی وەک بەشێک لە خەباتی مەدەنی و سیاسی بێ کێشە و گیروگرفت نابێ. رەتکردنەوەی چەند پاڵێوراوێکیش نابێ ببێتە هۆی ئەوەی کورد لە ئێران واز لەوە بێنێ کە لە رێگەی هەڵبژاردن پێگەی ئیداری، حقوقی، سیاسی و ئابووری کورد بەهێزتر بکا. فەزای هەڵبژاردن پێویستە دەرفەتێک بێ بۆ ئەوەی پرس و داخوازییەکانی کورد بێنە بەر باس. بە واتایەکی دیکە چالاکان و پاڵێوراوانی کورد پێویستە فەزای هەڵبژاردن بە باسکردن لە ماف و گرفتەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان گەرم بکەن. لە ڕوانگەی ستراتژیکیش فەزای هەڵبژاردن دەبێ دەرفەتێک بێ بۆ ئەوەی خەباتی مەدەنی پەرە پێ بدرێ و ببێتە شێوازی زاڵی خەبات لە خۆرهەڵاتی کوردستان.
هەڵبژاردن و مەشرووعیەتی کۆماری ئیسلامی
ئێران لەخۆیدا ڕێژیمێکی نادێموکراتیکە، بەڵام ئاخۆ کاری سیاسیکارێک تەنیا ئەوەیە ئەو قسەیە بەردەوام دووبارە بکاتەوە. سیاسەتی دەرەوەی ئێران گۆرانهەڵگرە و هەر کات پێویست بێ، لەگەل وڵاتانی دیکە دەست بە سازان و رێککەوتن دەکا. وتووێژەکانی ئێران و ئەمریکا باشترین نموونە ئەو «انعطاف» و گۆرانهەڵگربوونەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانن. کەوایە چالاکانی کورد نابێ بە هیوای دەستی دەرەکی و دووپاتبوونەوەی سناریۆی عێراق لە ئێراندا بن. لە باسی نێوخۆشدا، کورد لە نێو چەند نەتەوەی دیکەدا تەنیا ماوەتەوە و پێوەندی یەکی خەباتگێرانەی تووندوتۆل لە نیوان ئەو نەتەوانەدا نیە.لە بارودوخێکدا کە داهاتووی کورد لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییش ڕوون نیە، پێویستە کوردی خۆرهەڵات دەستەوستان دانەنیشێ ولە بوونی کۆماری ئیسلامییشدا هەوڵ بدا پێگەی خۆی بەهێزتر بکا. کەسانێک وەک عەبدوڵڵا سوهرابی، حاسڵ داسە، جەلال جەلالیزادە و … لە فیلتێری کۆماری ئیسللامی تێپەر بوون بەڵام پێگەیەکی کۆمەلایەتیی باشیشیان بەدەست هێناوە. لەراستیدا ئەو کەسانە لە رێگەی بوون بە پارڵمانتار بوون بە چالاکێکی سیاسیی کورد. با ئەو دەرفەتە لەدەست نەدەین کە کۆمەڵیک پارڵمانتاری باشمان لە تاران هەبێ و هاوکات داوا لەو پارلمانتارانەش بکەین که پرسی کورد لە رێگەی تریبۆنی پارڵمانی رێژیمهوه بۆ سەرانسەری ئێران شۆڕ بکەنەوە.
کەمایهسییە کانی بەرەی یەکگرتووی کورد
بەرەی یەکگرتووی کورد لە نێوخۆی وڵات دامەزراوە و لە نێوخۆی وڵاتدایە؛ واتە ئەو رێکخراوەیە مەیدانێکی واقیعیی بۆ سیاسەتکردن لەبەر دەستدایە و ئەوە گرینگترین خاڵی جیاکەرەوەی ئەو بەرەیە لە حیزبەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی کوردستانه. بەرە لەو ساڵانەی دواییدا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی بەربڵاو روخساری تازە و گرووپی کۆمەڵایەتیی تازە ــ بەتایبەتی له ژنان و خەڵکی ئاکادێمیک ــ بێنێتە نێو فەزای سیاسەت. هەروەها بەرە کەمتەرخەم بووە لەوەی سیاسەتێکی جەماوەریی هەبێ و لهجیاتی ئهوهی لەسەر سایت و فەزای مەجازی بێ زیاتر لەگەڵ دەرد و خەمهکانی خەڵک بێ و ببێتە سووژەی میدیایی،نەک ئەوەی شەقام چۆڵ بکا . بە واتایەکی دیکە سیاسەتی بەرە لاقێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بەهێزی نەبووە. با نموونەیەک بۆ ئەو ڕەخنەیەم بێنمەوە. لە جەریانی سووتانی هوتێل تارا لە مەهاباددا، نارەزایەتیی مەدەنیی خەڵک بەرەو توندوتیژی و سووتاندنی هوتێل تارا رویشت. هۆکارێک کە ئەو نارەزایەتییە نەیتوانی هەر ئاشتیخوازانه و سیاسی بمێنێتەوە، ئەوە بوو کە بەرەی یەکگرتووی کورد ــ ئەندامەکانی دیاری ئەو رێکخراوەیە لە مەهاباد ــ نەچوون بۆ خۆپێشاندان و نەیانتوانی خۆپێشاندانیش رێبەری بکەن. دەبێ بەرە لەوە تێبگا کە خەباتی مەدەنی مانای هەزینەنەدان و نەوێربوون نیە. وێنەیەکی ئەحمەد تورکم قەت لە یاد ناچێ کاتێک لە رێزی پێشەوەی خۆپێشاندان لووتی پر ببوو لە خوێن. بەرە دەبێ لە ئەرزی واقیعدا بێ و بوێرانە شەقامی کوردی بکاتە پشتوانەی سەرەکیی سیاسەتکردنی خۆی.
جگە لەوە باسی سیاسەت باسی زانیارییە، واتە دەبێ دەرد و گرفتەکانی وڵات و چارەسەرەکان بزانی. بەرە تاکوو ئێستا راپۆرتێکی لەسەر کارنامەی شووڕاکانی شار بڵاو نەکردۆتەوە کە لەودا باسی ئەو کاریگەری و خزمەتگوزارییانە بکا کە ئەو شوورایانە پێشکەشیان کردوە. بە نیسبەت هەڵبژاردنیش تاکوو ئێستا بەرە نەیتوانیوە گۆتارێکی هاوبەش یان لانیکەم هەر دروشمێکی هاوبەش لە نێو کاندیداکانی دروست بکا. کاندیداکانی بەرە نیشانیان نەداوە کە دەرد و گرفتەکانی حەوزەی خۆیان دەزانن و کۆمەڵێک رێگەچارەشیان هەیە.
بەرە ئەگەر لە حەوزەیەکدا نوێنەریشی نەبێ، پێویستە هەڵبژاردن بە هێند بگرێ. مەسەلە تەنیا چەند نوێنەر نیە، مەسەلە گۆرینی شێوازی خەبات و ئەقڵانییەتی خەباتگێریی کوردییە. بەرەی یەکگرتووی کورد ئەگەر لە حەوزەیەکی هەڵبژاردنیشدا کاندیدی نەبێ، پێویستە لە سەر فەزای هەڵبژاردن و لە چوونی کاندیداکانی دیکە بۆ پارڵمان کاریگەریی هەبێ. ئامانجی سەرەکی و ستراتژیکی بەرە پێویستە ئەوە بێ کە شێوازی خەبات و ئەقلانیەتی خەباتگێریی کورد بگۆڕێ و لە هەر فەزایەک بۆ هێنانەئارای داخواز و گرفتەکانی کۆمەڵگەی کورد کەڵک وەربگرێ.
سەرچاوەکان:
ــ صلاحیت ٣٩٧ نفر از داوطلبان انتخابات مجلس در آذربایجان غربی تایید شد، سایت خبرگزاری جمهوری اسلامی ایران
ــ آخرین وضعیت کاندیداهای مجلس دهم، خبرگزاری دانشجویان ایران
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه