ماوه‌یه‌ک له‌وه پێش “شیخ نمرباقرالنمر” که‌سایه‌تیی شێعه له‌گه‌ڵ 46 که‌سی دیکه به تاوانی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌وه حوکمی ئێعدام‌یان له‌سه‌ر جێبه‌جێ کرا. به‌دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ئێعدامی “شیخ نمر” دژکرده‌وه‌یه‌کی توند و به‌ربه‌رین له نێو دنیای شیعه‌دا به‌دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ڕه‌بستانی سعوودی دروست بوو که پاڵنه‌ر و وه‌گه‌ڕخه‌ری ئه‌و حه‌ره‌که‌ته کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی له ئایه‌توڵڵاکانه‌وه بگره هه‌تا فه‌رمانده‌کانی سپا و نوێنه‌رانی مه‌جلیس هه‌رکام به نۆره‌ی خۆیان لێدوانیان دا و به توندی ئێعدامی “شیخ نمر”یان مه‌حکووم کرد که سه‌ره‌نجام کۆمه‌ڵێک به‌سیجی و حیزبوڵڵایی هێرشیان کرده سه‌ر باڵوێزخانەی عه‌ره‌بستانی سعوودی له‌تاران و کونسوولگه‌ریی ئه‌و وڵاته له مه‌شهه‌د و زیان و خه‌سارێکی زۆریان به‌و دوو شوێنه گه‌یاند. حه‌ره‌که‌تێک کە له‌گه‌ڵ هیچ یاسا و ڕێسایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ته‌با نیه و له‌ڕاستیدا پێشێلکردنی هه‌موو ئه‌و ڕێکهوتننامانهیه که بۆ پاراستنی شوێنه دیپلۆماسییه‌کان و گیانی دیپلۆماته‌کان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کانه‌وه په‌سه‌ند کراون و ئێران یه‌کێک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه که ئه‌و ڕێکهوتننامانهیان واژۆ کردوه .
ئه‌وه‌ی له تاران و مه‌شهه‌د به‌دژی ناوه‌نده دیپڵۆماتییهکانی عه‌ره‌بستان ڕووی دا، بوو به هۆی نیگه‌رانیی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و له ناوچه‌که‌شدا کۆمه‌ڵێک له ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی بۆ پشتیوانی له عه‌ره‌بستانی سعوودی پێوه‌ندییه سیاسییه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێران پچڕاند.
به‌و پێشه‌کییه ده‌مانه‌وێ بچینه نێو باسێک بۆ ئه‌وه‌ی ڕوخساری کۆماری ئیسلامی له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئێعدامی “شیخ نمر”، هاونیشتمانی عه‌ره‌بستانی سه‌عوودیدا، که گه‌یشته جێگایه‌ک پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌کانی خۆی له گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بپچڕێنێ، دەر بخەین. ئەو نارەزایەتیدەربڕینە له حاڵێکدایە کە له نێوخۆی ئێران‌دا ساڵانه به سه‌دان که‌سی بێ‌تاوان له‌ژێر ناوی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خوا و نیزامدا ئێعدام ده‌کرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ناوچه‌یی وه ده‌نگ بێ یان له نێوخۆی وڵات‌دا ئیزن به‌خه‌ڵک بدرێ بەشێوەی مەدەنییانە ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان لەو ئێعدامانه ده‌ر ببڕن.
هه‌موو شاره‌زایان ئاگادارن که به پێی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی ئێران سه‌رکۆماری ئه‌ووڵاته به‌رپرسی ئیجرا و چاوه‌دێری به‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی بڕگه و ماده‌کانی قانوونی ئهساسیدایه، به‌ڵام ڕۆژانه ده‌بینین سه‌ره‌ڕای که‌موکورتیی قانوونی ئه‌ساسی دیسان به ئاشکرا له ژێر ناوی جۆراوجۆر دا ئه‌و ئه‌سڵ و بڕگانه‌ی له به‌شی سێهه‌م “حقوق ملت”دا هاتوون له به‌ر چاوی سه‌رکۆمار و دهوڵهتهکهیپێشێل ده‌کرێن. به‌ڵام جه‌نابی سه‌رکۆمار، ئاغای ڕووحانی له دیدارێک دا که له تاران ده‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی دانمارک هه‌یبوو له پێوه‌ندی دەگەڵ ئێعدامی “شیخ نمر”دا ده‌ڵێ “وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌گرتن سه‌رپه‌ڕاندن نیه” و له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێ ” هیوادارین وڵاتانی ئوروپایی که هه‌موو کات له‌سه‌ر مه‌سائێلی مافی مرۆڤ هه‌ڵوێستیان هه‌بووه، له‌و بابه‌ته‌شدا ئه‌رکی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌ن”.
ئه‌و دووخاڵه له وته‌کانی ڕووحانی‌دا جێگای سه‌رنجن و جێگای خۆیه‌تی ڕووبه‌ڕووی خۆی و ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ته‌که‌ی بکرێنه‌وه و بیری بخرێته‌وه، پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌و بابه‌ته بکا پێویسته مێژووی 37ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی بێنێته به‌رچاوی خۆی و پرسیار له خۆی بکا، ئایا به‌ڕاستی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ژێر سێبه‌ری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ملیان به په‌تی سێداره‌وه کراوە یان به کۆمه‌ڵ گوللـه‌باران کراون ،تاوانبار بوون و ئێعدام کردنیان وه‌ک سزا له گه‌ڵ تۆمه‌ته‌کانیان هاوسه‌نگ بوو؟
له‌ماوه‌ی 37 ساڵی ڕابردوودا به پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌کان به هه‌زاران که‌س له هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران ته‌نیا له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات یان داوای ژیانێکی باشتر له سێداره دراون و گیانیان لێ ئه‌ستێندراوه.
ئێعدام له نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دا به شێوه‌یه‌ک به دژی نه‌یارانی به‌کار هێنراوه که له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران دا بۆته کردارێکی عادی به جۆرێک که له‌داردانی مرۆڤه‌کان له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک که ئه‌و شێوه ئێعدامکردنه پێچەوانهی هه‌موو یاسا و ڕێسا نێو نهتهوەیییهکانه بۆته نه‌ریت و فه‌رهه‌نگ .
مێژووی کۆماری ئیسلامی پڕه له زه‌بروزه‌نگ و تۆقاندن و ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی کۆماری ئیسلامی هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که به قه‌د هه‌موو ڕۆژه‌کانی ساڵ و بگره زۆر جار له ژماره‌ی ڕۆژه‌کانیش پتر خه‌ڵک ئێعدام کراون، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێیان گوترابێ له سه‌ر چی و به چ هۆکارێک حوکمی ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر قووڵایی و پانتایی تراژیدیای ئێعدام له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران له سه‌ر ده‌می کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌ر بخه‌ین پێویسته به‌راوردێک له نێوان حکوومه‌تی پاشایه‌تی و کۆماری ئیسلامی‌دا بکه‌ین. هەر چەند نیزامی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی لە زۆر خالی جهوهەریدا کۆپیی یەکترن، بەڵام نیزامی پاشایەتی لەگەڵ ئه‌وه‌ی لە نێوخۆی ئیران‌دا مافی مرۆڤی پءشێل ده‌کرد هەمووکات هەوڵی دەدا روخسارێکی سەردەمیانە له خۆی نیشانی دنیای دەرەوە بدا. به پێی ئاماره‌کان له ماوه‌ی 37ساڵ پاشایه‌تیی محه‌ممه‌د ڕه‌زاشای په‌هله‌ویدا له سه‌ر یه‌ک 621که‌س ئێعدام کراون که به شێوه‌ی نێونجی ده‌توانین بڵێین له ساڵدا له نێوان 16 بۆ 17که‌س ئێعدام کراون. به‌ڵام ڕێژه‌ی ئێعدامه‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیله ماوه‌ی 37ساڵ دهسهڵاتدارهتیدا سه‌ر له هه‌زاران که‌س ده‌دا بۆ نموونه به پێی ئاماری ڕێکخراوه‌کانی پارێزگاری له مافه‌کانی مرۆڤ له نێوان ساڵه‌کانی 60 هه‌تا 6٧ی هەتاویدا 10787که‌س سزای ئێعدام‌یان له سه‌ر جێبه‌جێ کراوه و هه‌ر له نێوان ئه‌و ساڵانه‌دا به پێی ئاماره‌کانی به‌رده‌ست 832که‌س له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان ئێعدام کراون. ئه‌گه‌ر له‌و ده‌ورانه تێپه‌ڕ بین و به‌راوردی ڕێژه‌ی ئێعدامه‌کان له نێوان ساڵه‌کانی 74 هه‌تا 94ی هەتاوی بکه‌ین ده‌بینین ئاماری ئێعدام له کۆماری ئیسلامی‌دا ساڵ به ساڵ ڕووی له زیادبوون کردوە. به پێی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت له ساڵی74ی هەتاویدا ٩٤ کەس سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه کە لە سالی ٩٤ی هەتاویدا ڕێژه‌ی ئێعدام خۆی له 900که‌س نزیک کردۆته‌وه.
ئێستا پێویسته بۆ جارێکی دیکه ئه‌و پرسیاره ڕووبه‌ڕووی ئاغای ڕووحانی بکه‌ینه‌وه، که چۆنه له پله‌ی سه‌رکۆماریدا ڕێوشوێن بۆ ده‌وڵه‌تێکی دیکه داده‌نێ و ده‌ڵێ “وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌گرتن ئێعدام نیه” بەڵام ڕۆژ به ڕۆژ ڕێژه‌ی ئێعدام له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌ودا ڕوو له زیادبوونه؟ یان ته‌حه‌ممولی ڕه‌خنه‌گرتن بۆ دەولەتانی دیکە به ئه‌رک ده‌زانێ، به‌ڵام بۆ خۆیان ته‌حه‌ممولی ڕه‌خنه ناکه‌ن و یان له پله‌ی کەسی یه‌که‌می ده‌زگای ئیجرایی کۆماری ئیسلامی‌دا قەت بۆی نه‌بۆته پرسیار که بۆچی و به چ هۆکارێک ڕێژه‌ی ئێعدام لە ئێران‌دا به‌و شێوه تۆقێنه‌ره چۆته سه‌رێ. ئه‌گه‌ر ئەو دیاردەیە نیشانه‌ی زیادبوونی تاوان و تاوانکاری بێت ئه‌وه خۆی ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا له سه‌ر پایه و بناخه‌یه‌کی نادروست دانراوه و لە ماوەی ٣٧سالی رابردوودا کۆماری ئیسلامی له بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فه‌رهه‌نگیدا نه‌یتوانیوه مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو نیشان بدا.
به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانی ڕووحانی ڕووی له وڵاتانی ئوروپایی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی دانمارک بوو کە ده‌ڵێ: “ئێوه وڵاتانی ئورووپایی هه‌مووکات له‌سه‌ر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ وه‌ده‌نگ هاتوون و هه‌ڵوێستتان هه‌بووه و ئێستاش له‌سه‌رتانه ئه‌و کرداره‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودی (ئێعدامی شێخ نه‌مر) مه‌حکووم بکه‌ن”. له حاڵێک دا سه‌رکۆماری ئێران ئه‌و قسه‌و داخوازییه ڕووبه‌ڕووی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێکی ئورووپایی ده‌کاته‌وه که خۆیان واته کۆماری ئیسلامی سه‌رده‌مانێک خاکی ئورووپایان کردبوو به مه‌یدانی ڕمبازێنی تیرۆر‌و تیرۆریسته دهستپهروهردهکانیان و لەوکاتهدا وڵاتانی ئورووپایی به دوای ده‌رچوونی حوکمی دادگای میکونوس‌دا هه‌ڵوێستی ئێستای وڵاتانی عه‌ره‌بی و موسوڵمان واته پچڕاندنی پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئێرانیان ڕه‌چاو کرد و هه‌ر ئه‌وه وای کرد که کۆماری ئیسلامی واز له تیرۆری دژبه‌رانی له وڵاتانی ئورووپایی‌دا بهێنێ. بێجگه له‌وه وا دیاره ئاغای ڕووحانی ئاگای له‌وه نیه که ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی هه‌موو ساڵێ له لایه‌ن ڕێکخراوه جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤه‌وه به‌هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤه‌وه مه‌حکووم ده‌کرێ و بڕیارنامه‌ی له‌سه‌ر په‌سه‌ند ده‌کرێ.
له کۆتاییدا پێویسته ئه‌وه بگوترێ کاتێک گه‌لانی ئێران ده‌توانن پشوویه‌کی ئاسووده بده‌ن که یان کۆماری ئیسلامی ڕووخابێ و له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌مابێ و به جێگای ئه‌و حکوومه‌تێکی دیموکراتیک و خه‌ڵکی جێگیر بووبێ و یان کۆماری ئیسلامی وازی له‌و خه‌ونه گه‌وره‌یه‌ی خۆی هێنابێ که به کوشتار و تیرۆر و تۆقاندن و په‌روه‌رده‌کردنی تیرۆریست، “شۆڕش” هه‌نارده‌ی وڵاتان ده‌کا و ده‌توانێ ئیمپراتووریهتی ئیسلامی به ڕێبه‌ری ولایه‌تی فه‌قیهـ و ناوه‌ندیه‌تیی ئێران دابمه‌زرێنێ، که وازهێنان له‌و خه‌ونه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی مه‌حاڵه، چونکه کۆماری ئیسلامی له سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه دامه‌زراوه که ده‌بێ ڕێبه‌ریی “امت واحدة”ی ئیسلامی بکا.
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه