1-له جێ‌دا دیاریکردنی لێوه‌شاوه‌یی پاڵێوراوان دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ پڕه‌نسیپی بنه‌ڕه‌تیی دێموکڕاسی هه‌یه. دێموکراسی له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه دامه‌زراوه که تاک بۆخۆی بڕیار ده‌دا و چاره‌نووسی خۆی دیاری ده‌کا. له ئێران‌دا شووڕای نیگابان لێوه‌شاوه‌یی پاڵیوراوان بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا دیاری ده‌کا. به کرده‌وه شووڕای نیگابان به خه‌ڵکی ئێران ده‌ڵێ ئێوه عه‌قڵی ئه‌وه‌تان نیه که نوێنه‌ری لێوه‌شاوه هه‌ڵبژێرن. بۆیه له نێو ئه‌و که‌سانه‌دا که ناونووسی ده‌که‌ن کۆمه‌ڵێک که‌سیان بۆ جیا ده‌که‌نه‌وه و دواجار خه‌ڵکی ئێران ده‌بێ نوێنه‌رانی خۆیان له نێو که‌سه جیاکراوه‌کانی شووڕای نیگابان هه‌ڵبژێرن. دیارده‌یه‌ک که له هیچکام له وڵاتانی دێموکراتیک‌دا به‌دی ناکرێ. له‌و وڵاتانه ته‌نیا هه‌ندێک پێوه‌ری گشتی بۆ پاڵێوراوان دیاری کراون و ئه‌وه تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن که بڕیار ده‌ده‌ن کێ و چ که‌سانێک لێوه‌شاوه‌یی هه‌ڵبژێرانیان هه‌یه. له وڵاتانی دێموکراتیک‌دا هیچ ده‌زگایه‌کی هاوچه‌شنی شووڕای نیگابان له‌ئارادا نیه. له راستیدا بوونی ئه‌و ده‌زگایه له ئێران‌دا سووکایه‌تیکردنه به عه‌قڵ و شعووری خه‌ڵکی ئێرانه.
2- ره‌تکرانه‌وه‌ی لێوه‌شاوه‌یی زۆربه‌ی کاندیداکان له رابردوودا له لایه‌ن شووڕای نیگابانه‌وه، به هۆکاری سیاسی بووه. مه‌سه‌له‌یه‌ک که ئه‌مجاره‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ره‌شه‌مه له لایه‌ن ده‌سته‌کانی چاوه‌دێریی سه‌ر به شووڕای نیگابانه‌وه به تینوتهوژمێکی زیاتر دووپات بۆته‌وه. له زیاتر له 12 هه‌زار که‌س که ناونووسی‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی ده‌یه‌م کردبوو ته‌نیا 4 هه‌زاریان لێوه‌شاوه‌یییان په‌سند کراوه. واته لێوه‌شاوه‌یی دووله سه‌ر سێیان په‌سند نه‌کراوه. که ئه‌م رێژه زۆره له مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا بێوێنه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مجاریش وه‌ک هه‌موو جاره‌کانی دیکه تێبینیی سیاسی سه‌ره‌کیترین هۆکاری ره‌تکردنه‌وه‌ی به‌ربڵاوی پاڵێوراوانه. ئه‌و که‌سانه‌ی لێوه‌شاوه‌یییان په‌سند نه‌کراوه به دوو ده‌سته دابه‌ش ده‌به‌ن: به‌شێکیان هیچ هۆکارێک بۆ ره‌تکردنه‌وه‌یان نه‌بووه، به‌ڵام ده‌سته‌کانی چاوه‌دێری دڵنیا نه‌بوون که ئه‌و که‌سانه مه‌رجه‌کانی بوون به نوێنه‌ریان هه‌یه یان نا. ئه‌م ده‌سته‌یه (به‌ڕواڵه‌ت) ده‌توانن ئیعتراز بکه‌ن و شووڕای نیگابانیش تاووتوێی ئیعترازهکهیان ده‌کا. لێوه‌شاوه‌یی به‌شه‌که‌ی دیکه‌ش به ته‌واوی ره‌ت کراوه‌ته‌وه و ئیدی مافی ده‌ربڕینی هیچ چه‌شنه ناڕه‌زایه‌تییه‌کیان نیه.
3-په‌سندکرانی لێوه‌شاوه‌یی 4 هه‌زار که‌س له پاڵێوراوانی مه‌جلیسی ده‌یه‌م به مانای هه‌ڵبژاردنێکی رهکهبهریی نیه. پێویستیی هه‌ڵبژاردنێکی رکه‌به‌ریی، فره‌چه‌شنی سیاسییه نه‌ک زۆربوونی پاڵێوراوانی سه‌ر به قۆڵێک . زۆربه‌ی ره‌تکراوه‌کان سه‌ر به قۆڵی ریفۆرمخوازن. به چه‌شنێک که له زۆر بیاڤی هه‌ڵبژاردندا تاقه نهفهرێکیشان لێوه‌شاوه‌یی په‌سند نه‌کراوه. رێژه‌ی ره‌تکراوه‌کان به راده‌یه‌که که پارێزگاری تاران گوتوویه‌تی: خۆ ده‌بێ که‌سانێک هه‌بن تا خه‌ڵک ده‌نگیان بداتێ! ریفۆرمخوازه‌کان تووشی شۆک بوون ئه‌گه‌رچی گوتوویانه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاویش ره‌ت بکرێنه‌وه له ههڵبژرانهکاندا هه‌ر به‌شدار ده‌بن به‌ڵام ناچارن که له تاکتیک و ریزبه‌ندیی هه‌ڵبژاردنیاندا ئاڵوگۆڕ پێک بێن. پێشتر حوسێن نه‌جابه‌ت بریکاری فه‌رهه‌نگیی سوپای پاسداران گوتبووی: ده‌سته‌کانی جێبه‌جێکه‌ری سه‌ر به وه‌زاره‌تی نێوخۆ ئه‌رکی خۆیان به دروستی به‌جێ نه‌گه‌یاندوه و ده‌بێ شووڕای نیگابان قه‌ره‌بووی بکاته‌وه. یان ئه‌حمه‌دی جه‌ننه‌تی ده‌بیری شووڕای نیگابان گوتبووی که هه‌ندێک له ده‌سته جێبه‌جێکه‌ره‌کان به گوێره‌ی دڵخوازی ئێمه نهجووڵاونهوه و ههمووئهر که‌که‌یان خستۆته ئه‌ستۆی شووڕای نیگابان! ئه‌م قسانه ئاماژه‌یه‌ک بوون بۆ ئه‌و ره‌تکردنه‌وه به‌ربڵاوه‌ی لێوه‌شاوه‌یی ریفۆرمخوازه‌کان، که له‌و راده‌یه‌دا چاوه‌ڕێیان نه‌ده‌کرد. به‌م شێوه‌یه ئه‌وه پاڵێوراوانی که‌موزۆر وه‌کیه‌کی سه‌ر به قۆڵی بنئاژۆخوازن که له‌گه‌ڵ یه‌کتر ڕکه‌به‌ری ده‌که‌ن!
4-ره‌تکردنه‌وه‌ی به‌ربڵاوی لێوه‌شاوه‌یی پاڵێوراوان ده‌توانێ نیشانه‌ی ئه‌وه بێ که هه‌رچه‌ند کرانه‌وه‌یه‌ک روو به دنیای ده‌ره‌وه به تایبه‌ت له مه‌ڕ پرسی ناو‌کی هاتۆته گۆڕێ، به‌ڵام فه‌زای نێوخۆیی هه‌روا به داخراوی ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی قۆڵێکه له لایهنتوندئاژۆکان و بنیاته سیاسی-ئه‌منییه‌تییه‌کانه‌وه؛ که هه‌وڵی ڕێفۆرمخوازه‌کان بۆ متمانه‌دروستکردن له‌گه‌ڵ سیستم به تاکتیک و به نیشانه‌ی لاوازیی ئه‌وان لێکده‌ده‌نه‌وه. ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی تاقمی سیاسی و ئه‌منییه‌تی و مه‌زهه‌بیی کۆماری ئیسلامی زیاتربوونی بێمتمانه‌یی خه‌ڵکه به سیستمه و، که‌لێنی نێوان سیستم و خه‌ڵک قووڵتر ده‌کاته‌وه.
تاقمی سیاسی-ئه‌منییه‌تیی کۆماری ئیسلامی به‌م کاره‌ی ده‌یه‌وێ چه‌شنێک دڵساردی له نێو ریفۆرمخوازه‌کاندا دروست بکا. راسته هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆماری ئیسلامی قه‌ت بێلایه‌نانه و ئازاد نه‌بوون به‌ڵام ئه‌گه‌ر رکهبهرییهک له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌بێ خه‌ڵک زیاتر به‌شدار ده‌بن و شانسی سه‌رکه‌وتنی ئوسوولگه‌را توندئاژۆکان که‌م ده‌بێته‌وه.
حه‌سه‌ن رووحانی سه‌رکۆماری ئێران له کاردانه‌وه به‌رامبه‌ر ره‌تکرانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی پاڵێوراواندا گوتویه‌تی که له هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانم که‌ڵک وه‌رده‌گرم بۆ ئه‌وه که شووڕای نیگابان پێداچوونه‌وه‌یه‌ک بکا و لێوه‌شاوه‌یی هه‌ندێکیان په‌سند بکاته‌وه. ئه‌گه‌رچی سه‌رکۆمار جێبه‌جێکه‌ری قانوونی بنه‌ڕه‌تییه و به پێی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئه‌گه‌ر لادانێک له قانوونی بنه‌ڕه‌تی روو بدا، ده‌توانێ وریایی به ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیکه بدا. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی شووڕای نیگابان له ده‌ره‌وه‌ی 3 ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه و بۆخۆی بنیاتێکی دانراو و جیایه، رووحانی ناتوانێ کارێکی ئه‌وتۆ بکا. به تایبه‌ت که رووحانی که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ر به سیستمه و که‌متر له خه‌می خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدایه.
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه