هێژمۆنیی فه‌رهه‌نگی ڕه‌نگه یه‌کێک له ڕه‌هه‌نده سه‌ره‌کییه‌کانی خۆسه‌پاندنی وڵاتان به‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و ته‌نانه‌ت نێوخۆی وڵاتیشدا بێ، که‌م نین ئه‌و وڵاتانه که خۆیان خاوه‌نی پێشینه‌یه‌کی ئه‌وتۆی فه‌رهه‌نگی مێژوویی نین به‌ڵام له لانیکه‌می مهوجوودییهکانی خۆیان به باشترین شێوه که‌ڵک وه‌رده‌گرن، ڕه‌نگه وه‌ک نموونه شۆڕبوونه‌وه به ناخی نه‌ته‌وه‌ی تورک و وڵاتی توریکیهدا که ته‌مه‌نی له سه‌د ساڵ تێنه‌په‌ڕیوه، بۆ شرۆڤه‌ی باسه‌که سوودمه‌ند بێ.
تورکیه که ئێستا به میراتگری فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی ئیمپڕاتووریی عوسمانی دێته ئه‌ژمار، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دا که لانیکه‌م له نێوخۆی وڵات‌دا هێما مێژوویییه‌کانی سه‌رده‌می عوسمانی ببووژێنێته‌وه و له چارده‌ساڵی ڕابردوودا به‌تایبه‌تی له‌و کاته‌وه که حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های وڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتوه و له سه‌ر بنه‌مای “دکتۆرینی قووڵایی ستراتێژیک”ی ئه‌حمه‌د داودئۆغڵوو و گه‌یاندنی گرژیی سیاسی له‌گه‌ڵ ده‌رودراوسێکان تا ئاستی “سفر” ده‌یه‌وێ وه‌ک کارهکتێرێکی سه‌ره‌کی له ناوچه‌دا، ته‌نانه‌ت جڵه‌وی سیاسه‌تی هه‌موو ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوین به‌ده‌سته‌وه بگرێ. مه‌به‌ستی من له‌و کورته باسه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی سه‌رکه‌وتوویی و ناسه‌رکه‌وتوویی ئه‌م وڵاته له بواری سیاسی و ئابووریدا نیه، به‌ڵکوو ده‌مه‌وێ به‌ده‌ر له دنیای سیاسه‌ت و شێوه ڕوانینێکی بایه‌خدارانه بۆ چه‌ند ساتێ ئه‌م که‌شوهه‌وایه جێ بێڵین و له ڕوانگه‌ی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ره‌وه سه‌یری هه‌وڵه‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆ سه‌لماندن و سه‌پاندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی بکه‌ین. حاشا له‌وه ناکرێ که له‌م وڵاته‌دا دێموکراسییه‌کی رێژه‌یی به‌تایبه‌تی له ناوچه تورک نشینه‌کاندا به‌دی ده‌کرێ (به‌ده‌ر له زه‌خت و گوشاره‌کانی سه‌ر باکووری کوردستان که باسێکی جیاوازه).
ئه‌وه‌ی وه‌ک خاڵێکی جێگای سه‌رنج له‌به‌ر چاوی چاوه‌دێرانی سیاسی ون بووه که له ڕاستیدا ده‌ورێکی سه‌ره‌کییش له سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی توریکیهدا ده‌گێڕێ، ئاوڕدانه‌وه‌ی جیددیی پێکهاته‌یی و ناوه‌رۆکییه بۆ سه‌ر که‌لتوورو هونه‌رو ئه‌ده‌بی ئه‌م وڵاته، به‌جۆرێک که وه‌ک له ئه‌زموونی شه‌خسی خۆم به‌دیم کردوه له بچووکترین پۆتانسییه‌ل بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی هێما فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆیان که‌ڵک وه‌رده‌گرن، هه‌رده‌ڵێی ئه‌م حکوومه‌ته له سه‌ره‌تای پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌ت – نهتهوهسازیدایه، به جۆرێک که له هه‌موو پرسێکی نێوخۆ و ده‌ره‌کی بۆ ورووژاندنی هه‌ستی ناسیۆنالیستی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا نموونه‌ی به‌رچاو گرژییه‌کانی ئه‌م دوایییه‌ی نیوان ڕووسیا و توریکیه بوو که ته‌نانه‌ت دوو حیزبی دژبه‌ری داد‌و گه‌شه‌پێدان واته پارتی کۆماری گه‌ل و پارتی حه‌ره‌که‌تی میللی،هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان به دژی سیاسه‌ته‌کانی ڕووسیا وه‌ستانه‌وه، هه‌روه‌ها ته‌رخانکردنی بوودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحی فه‌رهه‌نگی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌رهه‌می شێوه‌ڕوانینی ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆ دۆزه فه‌رهه‌نگییه‌کانه.
گرینگی‌دان به مۆزه‌خانه‌کان، فیلم و سریاڵ، شانۆ، په‌یکه‌رسازی، مۆسیقا و… که هه‌موویان له پێناوی زه‌قکردنه‌وه‌ی که‌سێتیی تورک‌و سه‌رله‌نوێ بووژانه‌وه‌ی ڕابردوو و مێژووی ئه‌م وڵاته‌دان، واته له ڕێگه‌ی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ره‌وه هه‌وڵێکی به‌رده‌وام و بێپسانهوه له گۆڕێدایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شانازی و غرووره نهتهوهیییه ببێته به‌شێک له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا له هیچ شتێکیش سڵ ناکاته‌وه، بۆ وێنه دێنێ شه‌قام و مه‌یدان و نه‌خۆشخانه به ناوی مه‌وله‌وی و ئه‌بوو عه‌لی سیناوه ده‌کا که فڕیان به‌سه‌ر تورکه‌وه نیه،یان به پاڕاستنی ئاسه‌واره‌کانی سه‌رده‌می سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییووبی و ئاسه‌واره‌کانی سه‌رده‌می سه‌لجووقییه‌کان و دانانیان له مۆزه‌خانه‌کاندا بۆ نیشاندانی گشتی، یاخود گۆڕانکاریهێنان به‌سه‌ر کەنیسهکاندا و گۆڕینیان به مزگه‌وت ئه‌م هه‌وڵانه‌ی چڕتر کردۆته‌وه. ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆر به‌رچاو بێنمه‌وه ده‌توانم ئاوڕ بده‌مه‌وه چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاتێک که مه‌حموود عه‌باس سه‌ردانی ئهنکهڕهی کرد و له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه له کۆشکی کۆماری پێشوازیی لێ‌کرا. له کۆشکه‌که 16 سه‌رباز به جلی جۆراوجۆر ڕاوه‌ستابوون که نمادی 16 ده‌وڵه‌تی تورک بوون له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی هون و سه‌لجووق و گورکانهوه تا سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کان و لێره‌دایه که زۆر به ڕوونی هه‌وڵی سه‌رله‌نوێ سازدانه‌وه‌ی مێژووی تورک و ته‌نانه‌ت به جۆرێ نیووعوسمانیزم ده‌رده‌که‌وێ.
خۆ ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاست بێ که به‌جۆرێک له جۆره‌کان ڕه‌گه‌یه‌کی فاشیستی به‌سه‌ر ئه‌م گه‌شه‌و په‌ره‌پێدانه فه‌رهه‌نگییه‌وه دیاره، به‌ڵام وه‌ک سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگی ده‌کرێ بڵێین به نیسبه‌ت خۆیانه‌وه سه‌رکه‌وتوو بوون،کاتێ که ده‌بینین حه‌جمێکی به‌ربڵاو له به‌رهه‌مه فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌کانی تورکیه وه‌ک زنجیره دڕاما،فیلم و مۆسیقا خۆرهه‌ڵاتی ناوین و وڵاتانی که‌نداوی داگرتوه، ئه‌م هێژمۆنییه فه‌رهه‌نگییه چه‌شنێ گوتاری زاڵی فۆکۆیی به‌م وڵاته به‌خشیوه. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی پێبده‌م ئه‌وه‌یه که نه‌ته‌وه‌ی کورد که له سه‌ره‌تای ویستی بهدهوڵهتبووندایه به‌و هه‌مووه ئاسه‌واره مێژوویی و فه‌رهه‌نگییه‌وه،به‌داخه‌وه زۆر له‌م پرسه گرینگه غافڵ بووه، خۆ ئه‌مه ڕاسته که نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌درێژایی مێژوو که‌وتۆته به‌ر شاڵاوێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سڕینه‌وه‌ی که‌لتووری، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا به هۆی بوونی سۆشیال میدیا و که‌ره‌سه‌کانی دیکه‌ی پێوه‌ندی پێویسته به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م پۆتانسییه‌له به‌هێزه فه‌رهه‌نگی و مێژوویییه‌ی خۆی، سیمایه‌کی تازه له خۆی بنوێنێ!
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه