له سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان میدیا و گه‌شه‌پێدان دوو ڕای جیاواز هه‌ن، هه‌ندێك میدیا به ئامرازێك له خزمه‌ت گه‌شه‌سه‌ندنى هه‌مه‌چه‌شنه‌ی كۆمهڵگي و ڕه‌وتی مۆدێڕنهكردنی ناو ده‌به‌ن و له به‌رامبه‌ردا که‌سانێک هه‌ن كه ده‌ڵێن میدیا خۆی به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنه. هه‌ر كام له‌م رایانه‌ش پێوانه‌ی سه‌ره‌كی بن، یان ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بن، گرنگ رۆلی شویندانهری میدیایه له كۆمه‌ڵگه‌دا. به جۆریك كه كه‌سانی وه‌ك “كازنو” پێيانوايه ئه‌وه میدیایه که كه‌لتووری كۆمه‌ڵگه ده‌چه‌سپێنێ و وا له خه‌ڵكی ده‌كات ڕەچاویان بکەن و ته‌نانه‌ت قه‌ناعه‌ت به خه‌ڵكی بێنی كه بایه‌خه هاورده‌كانی ده‌ستی میدیاش بپارێزن و ببێ به ئادابێكی جێگرتوو له كۆمهڵگهداو لاسایی میدیا بكه‌نه‌وه. “لورنیر” له تیۆریسیه‌نه‌كانی مه‌كته‌بی گه‌شه‌پێدان، میدیا به مۆتۆڕی ئاڵوگۆڕی كه‌لتوور و باوه‌ری كۆمه‌ڵگه داده‌نێ. مارك پاسته‌ر له كتێبی “سه‌رده‌می میدیا”دا ته‌نانه‌ت ده‌ڵێ ئه‌مه فه‌زای مه‌جازی و میدیایه که ناسنامه‌ی كه‌سه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كا.
كارتێكه‌ریی میدیا له گه‌شه‌پێدانی هه‌مه چه‌شنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و باسه تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م دوو چه‌مكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی (50)ی زایینی له ئورووپا و دوای كۆتاییهاتنی شه‌ری دووهه‌می جیهانی كه ئه‌م شه‌ڕه ویرانییهكی زۆری له ئورووپا به دیاری هێنابوو. قۆناغی دوای شه‌ڕ، قۆناغی ئاوه‌دانی و بنیاتنانه‌وه‌ی ئورووپا بوو كه لێره‌دا پێویستیی بوونی میدیا بۆ گه‌شه‌پێدان و بنیاتنانه‌وه هاته گۆری. له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌شه‌پێدانی ئابووری به پله‌ی یه‌كه‌م هات له بنیاتنانه‌وه و به پێی تیۆریی گه‌شه‌پێدان و نوێكردنه‌وه میدیا ده‌یتوانی رۆڵی گه‌وره له هاندانی هاونیشتمانان بۆ بنیاتنهوهو دروستكردنی هه‌ستی به‌رپرسیاره‌تی بگێڕێ. یه‌ك له تیۆریسیه‌نه‌كانی ئه‌م بواره ”دانیه‌ل لورنێر” بوو كه رایگه‌یاند:” میدیا ده‌توانی رۆڵی مۆدێڕنهكردنی كۆمه‌ڵگه بگێڕێ و ئۆلگووی نوێ، پێشنیار بکا و بۆ بنیاتنانه‌وه به‌رنامه‌ی نوێ بخاته پێش چاوی هاونیشتمانان.
میدیا رۆڵێكی گرنگی له ئورووپا و شۆرشه‌كانی ئورووپا و بیداریی خه‌ڵكیدا هه‌بووه، ئه‌لیكسی دو توكویل له كتێبێكدا ده‌رباره‌ی شۆرشی فه‌رانسه ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه چۆن میدیا كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌ده‌نگ و پرش‌و بڵاو و فره كه‌لتووری فه‌ڕانسه‌ی یه‌كخست و بوو به هۆی سه‌ركه‌وتنی شۆرش.
كاردیناڵ نیومه‌ن(Cardinal Newman) ده‌نووسی:” ناپلیۆن به جوانی زمانی تۆپخانه‌ی ده‌زانی” وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به گرنگیدانی ناپلیۆن به رۆژنامه‌كان و به كارهێنانیان به‌رامبه‌ر به دوژمن له شه‌ڕی راگه‌یاندندا. ئه‌م قسه‌یه له ناپلیۆن ده‌گێڕێته‌وه كه گوتوویه‌تی سێ رۆژنامه له سێسه‌د سه‌ربازی پڕچه‌ك زیاتر ده‌مترسێنن”
تیۆریی به‌رامبه‌ر ئه‌م تێزه، ئه‌م بۆچوونه كه میدیا ده‌توانێ رۆڵی له گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بی، به بۆچوونێكی گه‌شبینانه داده‌نێ و میدیا به به‌رهه‌می په‌ره‌پێدانی سیاسی و ئابووری ناو ده‌با. ئه‌م تیۆرییه ده‌ڵێ میدیا ده‌توانێ رۆڵی له گواستنه‌وه‌ی زانیاری‌دا هه‌بێ به‌ڵام گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه، ئه‌و كاراییهش له میدیا ده‌ستێنێ و ئه‌وه گه‌شه‌سه‌ندنه که ده‌توانێ رۆڵ به كاریگه‌ریی میدیا بدا.
ئیستا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئاخۆ میدیای ئێمه له چ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كار ده‌كا؟ ئه‌م میدیایه به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌یه یان نا؟ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له ژێر كاریگه‌ریی میدیادا ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی ده‌باته پێش؟ و میدیا له ژێر كاریگه‌ریی دۆخی سیاسی و ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌دایه؟ و ئه‌م دۆخه چ رۆڵێكی به میدیای كوردی داوه و میدیا چ كاریگه‌رییه‌كی له سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌یه؟
ره‌نگه ئاسان نه‌بێ وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه به‌م پرسیارانه بدرێته‌وه به تایبه‌ت كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی له حاڵی تێپه‌ڕبوون له دۆخێکی ناهه‌مواردایه و گه‌شه‌سه‌ندن له‌ودا ره‌وتی سروشتیی خۆی ناپێوێ.
به سه‌رنجدان به گرنگیی میدیا له بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاری و گه‌شه‌سه‌ندندا، ره‌نگه تییۆرییهكهی شیلر و راجێرز بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه گونجاوتر بێ كه باس له پێویستیی بوونی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌مه‌چه‌شنه له شكڵگرتنی میدیا ده‌كه‌ن. واته بۆ بوونی میدیایه‌كی كاریگه‌ر له ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندندا، ده‌بێ ژێرخانی كۆمه‌ڵگه و ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه بگاته ئاستێك كه پێویستیی میدیا بۆ خێراتركردنی كه‌رتی گه‌شه‌سه‌ندن هه‌ستپێكراو بی. دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه دۆخی گونجاوی میدیا نیه، له راستیدا وه‌ك چۆن ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه ره‌وتێكی سروشتیی نیه، هه‌ربه‌و شێوه‌یه ره‌وتی شكڵگرتنی میدیاش له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ره‌وتێكی ئاسایی نه‌بووه.
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه (رۆژهه‌لات) یه‌ك له بنه‌ماكانی گه‌شه‌سه‌ندنی غایبه كه ئه‌ویش میدیایه. غایببونی میدیا له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به مانای نه‌بوونی میدیا نیه، به‌ڵكوو غایببونی میدیا له ناكارایی میدیا له سه‌ر پرۆسه‌ی پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینرێ. ئێمه له ساڵانی رابردوودا زیاد له میدیایهكمان هه‌بووه به‌ڵام میدیا ئه‌و رۆڵه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌كانی دیکه‌دا بۆ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه گێڕاویه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پێی نه‌دراوه‌و نه‌یگێڕاوه یان له ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌كاندا نه‌بووه. له راستیدا ئه‌وه‌ی له وڵاتی ئێمه پێویستیی به پێشخستن و هاوكاریكردنو ده‌ستگرتنه، به پله‌ی یه‌كه‌م خودی میدیایه، ده‌كرێ له هاوكاریكردنی میدیاوه قسه له سه‌ر كۆی گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش بكه‌ین. گه‌شه‌سه‌ندنێك كه به بێ به‌شداریی میدیا ناته‌واوه.
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه