له ئینگلیسی‌یه‌وه وه‌رگێڕراوه
“ئیران ترانسپێرنسی”: شه‌فافیه‌تی مافه‌کان له ئێران پڕۆژه‌یه‌کی نوێیه بۆ تیشک‌خستنه‌سه‌ر پرسی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران و چاوه‌دێریی نێوده‌وڵه‌تیی بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته. سه‌ره‌ڕای قسه و باسی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌دا، دۆخی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران‌دا باشتر نه‌بووه. راتان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه چیه و به باوه‌ڕی ئێوه ئایا شه‌فافیه‌تی پێویست له‌و بواره‌دا چ له ئاستی نێوخۆی ئێران و چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌دا هه‌یه؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده: سه‌ره‌تا سوپاستان ده‌که‌م که ده‌عوه‌تتان کردووم بۆ ئه‌م وتووێژه. هه‌روه‌ها بۆ ته‌رخان‌کردنی وێبسایتێك بۆ پرسی چاوه‌دێریی نێوده‌وڵه‌تیی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا ده‌سخۆشیتان پێ ده‌ڵێم. هه‌ڵبژاردنی چه‌مکی شه‌فافیه‌ت بۆ ئه‌و کاره له‌لایه‌ن ئێوه‌وه به‌تایبه‌تی سه‌رنجی راکێشام. له یه‌که‌م روانین‌دا هیچ شتێک له‌وه سروشتی‌تر نایه‌ته به‌رچاو که له بوارێکی وه‌ک مافی مرۆڤ‌دا باسی شه‌فافیه‌ت بکه‌ین. چونکه کاریگه‌رترین رێگه بۆ رێژیمه سه‌ره‌ڕۆکان بۆ به‌رده‌وام‌بوون له‌سه‌ر پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ به‌بێ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ک نه‌بوونی شه‌فافیه‌ته. به‌و حاڵه‌ش پێویسته بڵێم شه‌فافیه‌ت وه‌ک خۆی نه مافێکی مرۆڤه و نه ته‌نانه‌ت چه‌مکێکی حقووقییشه. له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌دا زۆرتر باوه که له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌بات به‌دژی گه‌نده‌ڵی و باش‌حوکمڕانی‌دا(Good Governance) باسی شه‌فافیه‌ت ده‌که‌ن. ئه‌مانه بابه‌تگه‌لێکن که بۆ مافه‌کانی مرۆڤیش مانا‌و گرینگی‌یان هه‌یه. ته‌نیا کاتێک حکوومه‌ته‌کان به‌رپرسیار و وه‌ڵامده‌ر د‌ه‌بن که رێز له مافی ده‌ست‌ڕاگه‌یشتن به زانیاری‌یه‌کان و ئازادیی راده‌ربڕین ــ که ئه‌مانه له ریزی مافه سه‌لمێندراوه‌كانی مرۆڤ‌دان ــ بگرن. ئه‌من به‌کاربردنی کانسێپتی شه‌فافیه‌تم له‌و کاره‌ی ئێوه‌دا راست بۆیه پێ سه‌رنج‌ڕاکێشه که پرسی مافی مرۆڤ راسته‌وخۆ به کوالیته‌ی حوکمڕانی‌یه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئێران، سه‌ره‌ڕای رواڵه‌تی قانوون و رێوشوێنه‌کان، له‌م بواره‌دا وه‌ک له هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌دا، سانسۆر و ته‌مومژ زاڵه. له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌دا بێگومان ده‌کرێ هه‌موو جۆره ساتوسه‌ودایه‌کی ژێر به ژێر له‌گه‌ڵ ئه‌و رێژیمانه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ پێشێل ده‌که‌ن و یه‌ک له‌وان له‌گه‌ڵ رێژیمی ئێران‌دا هه‌بێ. به‌ڵام کێشه‌که پێش هه‌مووان له نێوخۆی ئێران‌دایه. ئه‌گه‌ر ئێمه له ئێران رێژیمێکی به‌رپرسیارمان هه‌با که رێگه‌ی دابایه کێشه و
گیروگرفته‌کانی وڵات به کراوه‌یی و به به‌شداریی هه‌مووان تاوتوێ و چاره‌سه‌ر بکرێن، ئه‌وده‌م ره‌فتاری به‌رپرسانه و شه‌فافی حکوومه‌ت له ئاستی نێوخۆیی‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌دا و له بواری هاوکاری له‌گه‌ڵ بنیاته نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی چاوه‌دێریی مافی مرۆڤیش‌دا ده‌بوو.
“ئیران ترانسپێرنسی” : دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسی سیاسه‌تی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی دۆخی مافی مرۆڤ له ئێران. به‌ڵام ئایا له روانگه‌ی ئێوه‌وه وه‌ک شارەزایەکی کورد سه‌ره‌کیترین کێشه‌کانی مافی مرۆڤ چ له ئێران‌دا به گشتی و چ به‌تایبه‌تی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ میللیه‌ته ژێرده‌سته‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا بۆ نموونه کورده‌کان کامانه‌ن؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده: پرسی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێران بۆخۆی به‌شێکه له پرسی گشتیی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌دا. له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردانان یان ته‌نانه‌ت جیاکردنه‌وه‌ی توندی ئه‌م دوو بابه‌ته به‌زیان ته‌واو ده‌بێ. له ئێران وه‌ک له هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی جیهان، ده‌بێ قبووڵ بکرێ که تاکه‌کان نه‌ک هه‌ر ته‌نیا وه‌ک هاونیشتمان، به‌ڵکوو له به‌ستێنی ئێتنیکیش‌دا خاوه‌نی مافن. بۆ ساده‌کردنه‌وه ده‌توانین بڵێین پرسی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا دوو ره‌هه‌ندی پێکه‌وه‌گرێدراوی هه‌یه : یه‌که‌م، به هۆی سیاسی و ئیدئۆلۆژی، هاونیشتمانان له جه‌وهه‌ری مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادی‌یه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌کان ــ به‌و جۆره‌ی له ستاندارده نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کانی ئه‌و بواره‌دا قبووڵ کراوه ــ بێبه‌ش کراون. دووهه‌م، به هۆی بنه‌مایه‌کی قه‌ومیی ئینحیساری که بۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی (له رووه نێوخۆیی‌یه‌که‌ی‌دا) دانراوه، فره‌یی و جۆراوجۆریی پێکهاته‌ی ئێتنیکیی کۆمه‌ڵگای ئێران وه‌به‌ر چاو نه‌گیراوه و ره‌نگدانه‌وه‌ی له به‌ستێنی گشتی‌دا نیه. له ئاکام‌دا ناسنامه‌ی ده‌زگای حکوومه‌تی له‌گه‌ڵ واقیعی فه‌رهه‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌دا یه‌ک ناگرێته‌وه. دیاره هه‌روه‌ک گوتم ئه‌م دوو کێشه‌یه به‌ر وپشتی یه‌ک میداڵن. چ ئه‌مڕۆ و چ له رابردوودا، بێبه‌ش‌کردنی هاونیشتمانان له جه‌وهه‌ری مافه‌کانی مرۆڤ و بێبه‌ش‌کردنی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێران له مافه تایبه‌تی‌یه‌کانیان هه‌ردووکیان بۆ یه‌ک مه‌به‌ستی سیاسی به‌کار هاتوون که بریتی‌یه له هێشتنه‌وه و سه‌قامگیرکردنی نه‌زمێکی سیاسیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر سه‌ره‌ڕۆ و ناوه‌ندگه‌را.
“ئیران ترانسپێرنسی”: ئێمه باسی دۆخی ئێستا ده‌که‌ین، به‌ڵام گه‌لانی ژێرده‌سته له ئێران به درێژایی مێژوو چ له سه‌رده‌می پاشایه‌تی‌دا و چ له سه‌رده‌می ئاخونده‌کان‌دا هه‌ر چه‌وساونه‌ته‌وه. کێشه‌ی ئه‌م سیستمه له چی‌دایه، ئایا کێشه‌که پێکهاته‌یی‌یه یان گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی یان شتێکی دیکه؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده: له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا باوه ده‌ڵێن تیئۆریی گرێبه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی شتێکی خه‌یاڵی‌یه. مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که له سه‌ره‌تای دروست‌بوونی کۆمه‌ڵگه سیاسی‌یه‌کان‌دا ئه‌و ده‌مه‌ساته‌ی له‌ودا هاونیشتمانان هه‌ر به‌ڕاستی له‌نێوان خۆیان‌دا یان له‌گه‌ڵ حوکمڕانان گرێبه‌ستێکیان ئیمزا کردبێ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ده‌یانه‌وێ له سایه‌ی چ نه‌زمێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا بژین، رووی نه‌داوه. ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بۆ کۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تایی و دێرینه‌کان راسته، بۆ کۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌کان دروست نیه. له‌باره‌ی ئێرانه‌وه زۆر فاکته‌ری پێکهاته‌یی (ساختاری)ی تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته هه‌ن که ده‌توانن لانی‌که‌م به‌شێک له هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و مانه‌وه‌ی نه‌زمێکی سیاسیی نه‌گونجاو و ناسه‌رده‌می له‌و وڵاته‌مان‌دا بۆ روون بکه‌نه‌وه . به‌ڵام پێم وایه مه‌ترسیدار ده‌بێ ئه‌گه‌ر بڵێین کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران هه‌ر له‌جێ‌دا توانای وه‌رگرتنی سیستمێکی دێموکراتیک یان مۆدێله‌کانی پێکه‌وه‌ژیانی بنیاتنه‌ری نیه. هه‌ر کاتێك که‌لێنێکی ئه‌وه‌نده گه‌وره له‌نێوان ویست و ئاره‌زووی خه‌ڵک له‌لایه‌ک و بنه‌ما و ئاقاری سیاسه‌ته گشتی‌یه‌کان له‌لایه‌کی دیکه‌وه دروست بوو، پێویسته بیر له داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی سیستمه‌که بکرێته‌وه. ئه‌و کاره‌ش به پێناسه‌کردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی بنه‌ماکانی شه‌رعییه‌تی سیستم ده‌ست پێ‌ده‌کا. که‌وابوو به‌ڵێ، گرێبه‌ستێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی.
“ئیران ترانسپێرنسی”: بزووتنه‌وه‌ی میللیه‌ته‌کان له ئێران خۆیان به دێموکراتیک داده‌نێن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌وڵه‌ت ئه‌وان به به‌کاربردنی توندوتیژی و تێرۆریزم تاوانبار ده‌کا. کێ راست ده‌کا؟ کێ تێرۆریسته و کێ قوربانی‌یه؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده : هه‌م حکوومه‌ته‌کان و هه‌م ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی له‌دژی حکوومه‌ته‌کان شکڵ ده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی ئامانج و مێتۆده‌کانی خۆیان پاساو بده‌ن، زۆربه‌ی کات په‌نا بۆ تیئۆری و چه‌مکی وه‌ها ده‌به‌ن که به‌ڕواڵه‌ت ره‌وا و به‌جێن. ته‌نانه‌ت جاری وایه حکوومه‌ته‌کانیش و ئه‌و هێزانه‌ش که به‌دژیان خه‌بات ده‌که‌ن له چه‌مک و تیئۆریی وه‌ک‌یه‌ک یان هاوشێوه که‌ڵك وه‌رده‌گرن. ئه‌وه که هێزێک به‌دژی رێژیمێکی نادێموکڕات خه‌بات ده‌کا به‌و مانایه نیه که ئه‌و هێزه حه‌تمه‌ن بۆخۆی دێموکراته. هه‌رله‌وکاته‌دا ئه‌وه که گرووپه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن په‌نا بۆ شێوازی توند و چه‌کدارانه ده‌به‌ن هیچ له به‌رپرسایه‌تیی ده‌وڵه‌ت بۆ دروست‌کردنی فه‌زایه‌کی سیاسی که له‌ودا کێشه‌کان له رێگه‌ی دیالۆگ و ئالیه‌تی سیاسی‌یه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن، ناگۆڕێ. حاشای لێ‌ناکرێ که لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌توانن نه‌خشێکی گرینگ له دیاری‌کردنی قانوونه‌کانی گه‌مه‌ی سیاسی‌دا بگێڕن. به‌ڵام له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کان‌دا ئه‌وه حکوومه‌ته‌کانن که شێوازه‌کانی خه‌بات به‌سه‌ر نه‌یارانیان‌دا ده‌سه‌پێنن.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر تێرۆریزم، ده‌زانین که ئه‌م تۆمه‌ته زۆر جار له‌لایه‌ن رێژیمه سه‌ره‌ڕۆکانه‌وه له موخالیفانیان ده‌درێ. زۆر بزووتنه‌وه و سه‌رکرده‌ی ئۆپۆزیسیۆن هه‌بوون که پاش ئه‌وه‌ی سه‌رده‌مێک به تێرۆریست له قه‌ڵه‌م دراون، دواتر وه‌ک پارتنێری سیاسیی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولا دانیان پێدا نراوه و ته‌نانه‌ت هێندێکیان خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبێلیشیان وه‌رگرتوه. سه‌ره‌ڕای رێکنه‌که‌وتنی گشتی له‌سه‌ر پێناسه‌ی تێرۆریزم، مه‌سه‌له‌که زۆر ساده‌یه : تێرۆریزم بریتی‌یه له به‌ئامانج‌گرتنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی یان به‌کاربردنی چه‌ک به‌بێ جیاوازی‌دانان له‌نێوان ئه‌وانه‌دا که ده‌بنه ئامانجی هێرشه‌که. ئه‌من هیچ بۆم سه‌خت نیه که هه‌ر که‌س یان هه‌ر هێزێک که کاری وا بکا، به تێرۆریست له قه‌ڵه‌م بده‌ین. چونکه ده‌زانم هیچ هێزێكی به‌رپرسیار له وڵاتی ئێمه‌دا به‌تایبه‌تی له‌نێو کورده‌کان‌دا نه قه‌ت کاری وای کردوه و نه قه‌تیش کاری وا ده‌کا. له هه‌رحاڵ‌دا نه خه‌باتی چه‌کدارانه (که ئه‌من له به‌رامبه‌ر ئه‌و رێژیمانه‌دا که سه‌رکوتکه‌رن و ده‌ره‌تانی خه‌باتی ئاشتی‌خوازانه ناهێڵنه‌وه به مه‌شڕووعی ده‌زانم) و نه ته‌نانه‌ت تێرۆریزم (که بێگومان ده‌بێ مه‌حکوومی بکه‌ین)، له شه‌رعیه‌تی ئه‌و ویست و ئامانجانه که‌م ناکه‌نه‌وه که ئه‌م یان ئه‌و شێوه له خه‌باتیان لێ که‌وتۆته‌وه. پرسیاری سه‌ره‌کی شێوازی به‌کارهاتوو له‌لایه‌ن ئه‌م گرووپ و ئه‌و گرووپه‌وه نیه. ئه‌و شێوازانه ته‌نیا ده‌ره‌نجامی بوونی کێشه‌یه‌ک له بناخه‌دا یان ده‌ره‌نجامی شێوه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌که‌ن. رێژیمه‌کان ناتوانن به خۆشاردنه‌و‌ه له پشت مێتۆده‌کانی به‌کارهاتوو له‌لایه‌ن نه‌یارانیانه‌وه سووڕه‌تی کێشه‌کان بسڕنه‌وه.
“ئیران ترانسپێرنسی”: ئایا شوناس‌خوازی و هێڵی به‌رگریکارانه‌ی ناسیۆنالیستی ده‌توانن یه‌ك بگرنه‌وه؟ وه‌ک باسمان کرد، پێش ئه‌وه‌ی پرسه‌که پرسی ناسیۆنالیزم بێ که هه‌میشه پرۆئه‌کتیڤه، قسه له‌سه‌ر مافی حاشاهه‌ڵنه‌گری کورده‌کان له بواری ناسنامه‌دایه. ئه‌گه‌ر نه‌توانین ئه‌م دووانه پێکه‌وه ئاشت بکه‌ینه‌وه، له خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستێک‌دا که ده‌وڵه‌تی به‌ناو مۆدێرن یان ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی دێموکراتیک قه‌ت سه‌رنه‌که‌وتووه، ئایا ئێوه مافی دیاری‌کردنی چاره‌نووسی کورده‌کان چۆن ده‌بینن؟ ئه‌گه‌رچی ره‌نگه ئه‌وه سه‌یر بێته به‌ر چاو، به‌ڵام ئایا کورده‌کان مافی ئه‌وه‌یان نیه که ئه‌وانیش وه‌ک گه‌لانی دیکه ببنه خاوه‌نی دیکتاتۆره‌کانی خۆیان؟ ئه‌مه لانی‌که‌م له‌و سه‌رکوت و چه‌وسانه‌وه‌یه که‌م ده‌کاته‌وه که به تاوانی کوردبوونه‌وه به‌ره‌وڕووی ده‌بنه‌وه.
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده: له‌پێش‌دا با بڵێم ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌و باره مه‌نفی‌یه نیم که سیستماتیک ده‌خرێته گه‌ڵ چه‌مکی ناسیۆنالیزم. به‌هۆی تێکه‌ڵ‌کردنێکی به‌ئه‌نقه‌ستی جه‌وهه‌ری ویست و ئاره‌زووی ناسیۆنالیستی له‌لایه‌ک و هێندێک ده‌ربڕین یان ئاکامی توندوتیژی ئه‌و ویست و ئاره‌زووانه له‌لایه‌کی دیکه‌وه (بۆ نموونه نازیسم یان شه‌ڕی یووگۆسلاڤی)، دیسکۆرسی زاڵ له ئێران‌دا هه‌میشه ناسیۆنالیزمیی قه‌ومیی وه‌ک شتێکی ترسناک و بێزراو نیشان داوه. به‌چه‌شنێک که زۆر له هێزه کوردی‌یه‌كانیش له‌وه که خۆیان وه‌ک ناسیۆنالیست پێناسه بکه‌ن دوودڵن. له روانگه‌ی منه‌وه، ناسیۆنالیزم ئیدئالێکی سیاسی‌یه وه‌ک هه‌ر ئیدئالێکی دیکه‌ی سیاسی. تا ئه‌و کاته‌ی ئێمه له داوی ناسنامه‌خوازیی ده‌مارگرژانه و توندڕه‌وانه ناکه‌وین و به‌مه‌رجێک دێموکڕات بین و رێز له مافی مرۆڤ و که‌مایه‌تی‌یه‌کان بگرین، پێم‌وایه نابێ له‌وه شه‌رم بکه‌ین که به خۆمان بڵێین ناسیۆنالیست. خۆ قسه له‌سه‌ر شتێک نیه غه‌یری داواکردنی مافێک بۆ گه‌لی خۆمان که له‌مێژه بۆ گه‌لانی دیکه به‌ڕه‌سمی ناسراوه. ئه‌وه‌ش که بۆ گه‌لانی دیکه به‌ڕه‌سمی ناسراوه، هه‌روه‌ک بۆخۆت ئاماژه‌ت پێ‌کرد، مافی دیاری‌کردنی چاره‌نووسه.
بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد که له‌ڕووی فه‌رهه‌نگی‌یه‌وه ئه‌وه‌نده جیاواز بێ، له‌ڕووی شوناس‌خوازی‌یه‌وه ئه‌وه‌نده وشیار بێ و به‌درێژایی مێژووش ئه‌وه‌نده سه‌رکوت کرابێ، چ شتێك له‌وه ره‌واتر که داوای مافی دیاری‌کردنی چاره‌نووس بکا؟ به‌ڵام که گوتمان داوای مافی چاره‌نووس ده‌كه‌ین ئه‌وه به‌و مانایه نیه که بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولا ده‌مانه‌وێ ئه‌و مافه له پێشکه‌وتووترین شکڵی‌دا واته سه‌ربه‌خۆیی وه‌دی بێنین. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و چه‌وسانه‌وه و سه‌رکوته که ئێستاش له‌دژی کورد له ئێران‌دا له ئارادایه و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ئاڵوگۆڕه که له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافی گه‌لان له جیهان‌دا رووی داوه، پێم‌وایه ئێ‌لیتی سیاسیی ئێمه ئێستاش حازره له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بیر له داهاتووی گه‌له‌که‌مان بکاته‌وه، به مه‌رجێك که ئێران چی‌دیکه بۆ کورده‌کان زیندانێک نه‌بێ و ئێرانێکی دێموکراتیک بێ که له‌ودا تایبه‌تمه‌ندیی ئێمه وه‌ك کورد له‌به‌رچاو گیرابێ. ئه‌گه‌ریش رۆژێک کورده‌کان داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان کرد، ئه‌وه سروشتی‌ترین مافی ئه‌وانه. به‌ڵام ئایا ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌وانیش ببنه خاوه‌نی دیکتاتۆره‌کانی خۆیان؟ به‌بێ دوودڵی ده‌ڵێم نه‌خێر. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ ئێمه دیکتاتۆره‌كانمان بۆ خه‌ڵک نه‌وێن، هیچ هۆیه‌ک نابینم بۆ ئه‌وه‌ی دیکتاتۆره‌كانمان بۆخۆمان بوێن. خه‌بات بۆ مافی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ دێموکڕاسی له هه‌موو ئاسته‌کان‌دا ده‌بێ هاوکات و هاوشان له‌گه‌ڵ یه‌كتر بچنه پێش.
“ئیران ترانسپێرنسی” : هێندێک له کورده‌کان بارودۆخی خۆیان ته‌نیا له گۆشه‌نیگای ئێتنیکی‌یه‌وه چاو لێ‌ده‌که‌ن و به‌و جۆره‌ی پێویسته سه‌رنج ناده‌نه روانگه‌ی مافی مرۆڤ. بۆچی وایه و ئایا ده‌ره‌تانی پێکه‌وه‌گرێدانی ئه‌م دووانه هه‌یه؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده : ئه‌گه‌ر کورده‌کان بارودۆخی سه‌ختی خۆیان زۆرتر له روانگه‌ی ئێتنیکی‌یه‌وه لێک ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌وه له‌خۆڕا نیه. هۆیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که وشیاریی شوناس‌خوازانه‌ی ئه‌وان و قبووڵ‌نه‌کردنی زوڵم و ژێرده‌سته‌یی له‌لایه‌ن وانه‌وه هانی داون که خۆیان رێک بخه‌ن و بۆ مافه ره‌واکانیان خه‌بات بکه‌ن. خه‌باتی ئه‌وان که له جه‌وهه‌ردا خه‌باته بۆ ئازادی (به هه‌موو ئه‌و ده‌ره‌نجام و لق و پۆپانه‌وه که له ئازادی ده‌که‌ونه‌وه) له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ناوه‌ندی‌یه‌وه وه‌ک مه‌ترسی‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ مانه‌وه‌ی حاکمیه‌تی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا چاو لێ‌ده‌کرێ. هه‌ر بۆیه‌شه حکوومه‌ت ته‌نیا له گۆشه‌نیگای ئه‌منیه‌تی‌یه‌وه له پرسی کوردستان ده‌ڕوانێ. تایبه‌تمه‌ندیی ئێتنیکیی کورد یان باشتر وایه بڵێم حاشاکردن له‌و تایبه‌تمه‌ندی‌یه سروشتی هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی حکوومه‌ت له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌له‌که‌مان‌دایه. ئه‌وه‌ش نه‌ک‌هه‌ر له جیاوازی‌دانانی سیستماتیک له دژی کورده‌کان‌دا خۆی ده‌رده‌خا، به‌ڵکوو چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌کتیڤیش ده‌گرێته خۆی. کوردبوون ته‌نیا نابێته هۆی ئه‌وه که منداڵه‌کانتان له مافی خوێندن به زمانی کوردی بێبه‌ش بن. ته‌نیا هه‌لی خۆ کاندیدکردن یان دیاری‌کران بۆ پۆسته باڵاکان له ئێوه زه‌وت ناکا. هه‌ر ناوچه‌که‌تان له به‌جێمانی ئابووری و پیشه‌سازی‌دا ناهێڵێته‌وه. کوردبوون هه‌روه‌ها ئێوه به‌ره‌وڕووی قورسترین سزاکانیش ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی به ئاشتی‌خوازانه‌ترین رێگا بۆ مافه هه‌ره سه‌ره‌تایی‌یه‌کانی خۆتان تێ‌ده‌کۆشن. کورده‌کانی ئێران ته‌قریبه‌ن مۆنۆپۆلی ئێعدامه سیاسی‌یه‌کانیان له ئێران‌دا هه‌یه. هێزه ئه‌منیه‌تی‌یه‌کانی ئێران ته‌نانه‌ت زۆر به ئاسانی ته‌قه له‌و خه‌ڵکه هه‌ژاره ده‌که‌ن که به‌هۆی نه‌بوونی داهات و هه‌لی کار ناچارن بۆ په‌یداکردنی پارووه‌نانێک له‌نێوان سنووره‌كان‌دا کۆڵکێشی بكه‌ن.
ئێستا ئایا ئه‌وه که ئێمه پێش هه‌موو شتێک به‌هۆکاری ئێتنیکی ده‌چه‌وسێینه‌وه ده‌بێ هانمان بدا که هه‌موو شتێک ته‌نیا له گۆشه‌نیگای ئێتنیکی‌یه‌وه چاو لێ‌بکه‌ین، وه‌ڵامه‌که‌م بێگومان “نا”یه. هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تادا گوتم، ته‌عه‌للوقی ئێتنیکی سروشتێکی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر مرۆڤێکه. به‌ڵام هه‌ر که‌س ئیددیعا بکا که هۆگری ئازادی و لێبوورده‌یی‌یه، ده‌بێ هه‌وڵیش بدا خاڵه هاوبه‌شه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه بدۆزێته‌وه و پێویسته له وڵات‌دا له‌نێوان گرووپه‌کانیش‌دا پرد هه‌بن. پێکه‌وهگرێدانه‌وه‌که مومکینه ئه‌گه‌ر قبووڵ بکه‌ین که گه‌ڕان به‌دوای یه‌كێتی و یه‌کسانی‌دا ته‌نیا به رێزگرتن له فره‌چه‌شنیمان و ئاکامگیریی به‌کرده‌وه له جیاوازی‌یه‌کانمان جێبه‌جێ ده‌بێ. ئه‌مه ده‌بێ بمان‌هێنێته سه‌ر ئه‌وه که دێموکڕاسی له‌سه‌ر پڕه‌نسیپی دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی بنیات بنێین؛ یه‌کسانیی نێوان هاونیشتمانان و یه‌کسانیی نێوان ئه‌و گرووپانه‌ی کۆمه‌ڵگه پێک دێنن.
“ئیران ترانسپێرنسی”: چالاکانی مه‌ده‌نیی کورد ده‌ڵێن حکوومه‌ت ناهێڵێ کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی گه‌شه بکا. ئه‌وان فشاریان زۆر له‌سه‌ره و زۆریان ناچارن وڵات به‌جێ بێڵن. ئایا ئێوه رۆڵی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی کوردستان له خستنه‌به‌رباس و بردنه‌پێشی پرسه‌کانی مافی هاونیشتمان و مافی نه‌ته‌وه‌یی‌دا چۆن ده‌بینن؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده : ئه‌من پێم‌وایه ئه‌و دابڕان و مه‌ودایه که کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێرانی دابه‌ش کردوه ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی پێوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک و حکوومه‌ت نیه، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئاستی پێوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک خۆیان یان پێوه‌ندیی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌و بژاردانه‌ش‌دایه که بۆ گۆڕینی بارودۆخه‌که خه‌بات ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌لای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی که زۆر په‌رش و بڵاوه و زۆریش له واقیعی مه‌یدانیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران دوور که‌وتۆته‌وه نابینرێ. به‌ڵکوو له‌لای ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش به‌دی ده‌كرێ که ئه‌ویش به‌داخه‌وه پارچه پارچه‌یه و روانینێکی هاوبه‌شی بۆ چۆنیه‌تیی خه‌بات له‌گه‌ڵ رێژیم و چۆنیه‌تیی ئه‌رکدارکردن و هێنانه‌مه‌یدانی خه‌ڵک له‌و خه‌باته‌دا نیه. له به‌رامبه‌ر رێژیمێک‌دا که هه‌موو جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له نێوخۆ و هه‌موو ئه‌هرومه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه بۆ پایه‌دارکردنی حاکمیه‌تی ئاسنینی خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا به‌کار ده‌با، له هه‌موو کاتێک زیاتر پێویسته نه‌خشه‌رێگای خه‌باتێکی فره‌ڕه‌هه‌ند و هه‌مه‌لایه‌نه بکێشین که هه‌موو شێوازه‌کانی تێکۆشان و هه‌موو پۆتانسیه‌له‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌ی هه‌ماهه‌نگ له‌پێناوی ئه‌و ئامانجه‌دا به‌کار ببا که بریتی‌یه له‌وه‌ی رێگا بۆ گۆڕانی سیاسی یان هه‌رنه‌بێ باشترکردنی بارودۆخ خۆش بکرێ.ئه‌وه که ده‌ره‌تانی خه‌باتی مه‌ده‌نی یان خه‌بات له رێگه‌ی سندووقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه له ئێران‌دا یه‌کجار زۆر به‌رته‌سکه، نابێ ببێته هۆی ئه‌وه که ئێمه کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی پشتگوێ بخه‌ین. کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی نه‌ک هه‌ر له بنیات‌نانی کۆمه‌ڵگای سبه‌ینێ‌دا پارتنێرێکی چاره‌نووس‌سازه، به‌ڵكوو له مۆبیلیزه‌کردنی جه‌ماوه‌ریش‌دا که بۆ بووژانه‌وه و به‌مه‌یدانی‌کردنی خه‌بات پێویسته، فاکته‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه.
“ئیران ترانسپێرنسی”: ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر باسی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئێران. ئایا ئێوه کاریگه‌ریی سیاسه‌ت و چاوه‌دێریی نێوده‌وڵه‌تی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا چۆن هه‌ڵ‌ده‌سه‌نگێنن؟ ئایا ئه‌و سیاسه‌ت و چاوه‌دێری‌یه سه‌رکه‌وتوو بووه و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و بواره‌دا له ئاستی به‌رپرسیاره‌تیی خۆی‌دایه؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده: کێشه‌که پێش هه‌موو شتێک ئه‌وه‌یه که به هۆکاری پێوه‌ندیدار به قازانجی ئابووری یان چالێنجی ئه‌منیه‌تی هه‌تا ئه‌م دوایا‌نه‌ش کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی‌دا ته‌واو دابه‌ش ببوو. جیاوازیی قازانجه‌كان و نه‌بوونی روانگه‌یه‌کی هاوبه‌ش به‌ڕووی ئه‌م رێژیمه‌دا هه‌میشه به قازانجی ته‌واو بووه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌ڵکه‌وتی ستراتژیکیی ئێران و توانای رێژیم بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه له ناوچه‌دا هه‌میشه وایان کردوه که زلهێزه‌کان له‌وه دوودڵ بن که هه‌ڵوێستێکی توند و پایه‌داریان له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا هه‌بێ. وه‌ک ئاکامێکی هه‌موو ئه‌مانه‌ش، له پێناسه‌ی هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ر ئێران‌دا هه‌میشه فایله سیاسی و ئه‌منیه‌تی‌یه‌کان (دوێنێ پرسی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی نزیک و ئه‌مڕۆ پڕۆگرامی ناوکیی ئێران) وه‌پێش پرسی مافی مرۆڤ و دێموکڕاسی له‌و وڵاته‌دا خراون. هه‌ربۆیه سه‌ره‌ڕای ریتۆریکی به‌رده‌وامی ره‌خنه‌گرتن و مه‌حکوومکردنی رێژیم به‌هۆی پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤه‌وه، هه‌تا ئێستاش ئه‌وله‌وییه‌تی ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسانه‌ی سه‌ره‌وه بووه و ئه‌وه‌ش هه‌میشه به زیانی ماف و ئازادی‌یه‌کانی خه‌ڵک له ئێران‌دا بووه. که‌واته له که‌یسی ئێران‌دا وه‌ک له هی زۆر رێژیمی سه‌ره‌ڕۆی دیکه‌دا، هه‌نگاوی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی زۆر له‌وه که به خوێندنه‌وه‌ی پره‌نسیپ و بایه‌خه‌کانی نێو په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان به‌تایبه‌تی مه‌نشووری مافی مرۆڤ لێی چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین، شلتر و لاوازتره.
“ئیران ترانسپێرنسی”: ئێوه چاوه‌دێریی دۆخی مافی مرۆڤ له ئێران له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کانه‌وه چۆن هه‌ڵ‌ده‌سه‌نگێنن و چۆن ده‌ڕواننه کارنامه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌هید راپۆرتۆری تایبه‌تیی یوو ئێن بۆ ئێران؟
ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده : ئه‌گه‌ر ئێمه کاری تا ئێستای د. ئه‌حمه‌د شه‌هید له‌گه‌ڵ هی راپۆرتۆره‌کانی پێش خۆی به‌راورد بکه‌ین، پێویسته بڵێین کارنامه‌ی ناوبراو پۆزه‌تیڤه. ئه‌و پیاوێكی به‌توانا و به‌بیروباوه‌ڕه که وێڕای پاراستنی پرۆفشنالیزم له کاره‌که‌ی‌دا، زه‌رفیه‌ته‌کانی مه‌ئمووریه‌ته‌که‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی خۆی به‌کار بردوه هه‌تا به راشکاوانه‌ترین شێوه تیشک بخرێته سه‌ر بارودۆخی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا. دیاره ئه‌حمه‌د شه‌هید له به‌جێ‌گه‌یاندنی ئه‌رکه‌که‌ی‌دا که‌ند و کۆسپی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر رێگان، چونکه حکوومه‌تی ئێران هاوکاریی ناکا. رێژیم، هه‌روه‌ک له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ میکانیزمه‌کانی دیکه‌ی چاوه‌دێریی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا ده‌یکا، له‌وه‌ش‌دا وا ده‌نوێنێ که گه‌مه‌که یاری ده‌کا و حازره له‌گه‌ڵ راپۆرتۆری تایبه‌تی دیالۆگ بکا. به‌ڵام ئه‌م رێژیمه له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا ئه‌و بڕیارنامه‌یه‌ی راپۆرتۆرێکی تایبه‌تیی بۆ که‌یسی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا پێ دیاری کراوه ره‌ت کردۆته‌وه و هه‌رگیز رێی نه‌داوه ئه‌حمه‌د شه‌هید سه‌ردانی ئێران بکا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، زۆر خاڵی پۆزه‌تیڤ له کارنامه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌هید دا هه‌ن. ئه‌و توانیویه‌تی بابه‌تی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌به‌ر زووم و سه‌رنجی مێدیای جیهانی‌دا رابگرێ و رۆئیه‌تی ته‌واو به به‌جێ‌گه‌یاندنی ئه‌رکه‌که‌ی بدا. هه‌روه‌ها زۆر زیاتر و ئاسانتر له راپۆرتۆره‌کانی پێش خۆی رێگه به چالاکانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نه‌یارانی رێژیم ده‌دا که ده‌ستیان وێی رابگاو زانیاری‌یان لێ وه‌رده‌گرێ. له گۆشه‌نیگای خۆشمانه‌وه وه‌ک کورد، ئێستا له راپۆرته‌کانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌کان‌دا سه‌رنجێکی هه‌رچه‌ند ناکافی به‌ڵام زیاتر و باشتر له رابردوو ده‌درێته پرسی سه‌رکوتی میللییه‌ته‌کان و که‌مایه‌تی‌یه‌كان له ئێران‌دا. هه‌ر ئه‌وه‌که کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام ره‌خنه له ناوبراو ده‌گرێ که گۆیا له کاره‌که‌ی خۆی‌دا بێلایه‌ن نیه، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که کاربه‌ده‌ستانی رێژیم زۆری پێ قه‌ڵسن و ناوبراو له کاره‌که‌ی‌دا سه‌رکه‌وتوویه.
هه‌مووی ئه‌مانه‌ی گوتم به‌و مانایه نیه که ئه‌حمه‌د شه‌هید ده‌توانێ رێژیم ناچار بکا که ره‌فتاری خۆی له‌و بواره‌دا بگۆڕێ. کێشه‌كه که‌یفیه‌تی کاری راپۆرتۆری تایبه‌تی نیه، به‌ڵکوو کێشه کاریگه‌ریی مێکانیزمه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ چاوه‌دێریی مافی مرۆڤ به‌گشتی‌یه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و پێشکه‌وتنانه که له سایه‌ی شوورای مافی مرۆڤ‌دا (به به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ) وه‌دی هاتوون، مێکانیزمی نوێش هه‌روا مێکانیزمێکی نێوان حکوومه‌ته‌كانه و به‌ستراوه‌ته‌وه به هه‌ڵکشان و داکشان و ئه‌گه‌ر و ئه‌ممای باڵانسه سیاسی‌یه‌کان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌دا. هه‌تا ئه‌و کاته‌ی لێپرسینه‌وه له بارودۆخی مافی مرۆڤ له وڵاتێكی وه‌ک ئێران‌دا ته‌نیا له گه‌ڵاڵه‌کردنی کۆمه‌ڵێک راسپارده و له باشترین حاڵه‌ت‌دا مه‌حکوومکردنی ده‌وڵه‌تی پێشێلکاردا خولاسه بێته‌وه، نابێ چاوه‌ڕوانی هیچ موعجزه‌یه‌ک بین. له به‌رامبه‌ر رێژیمێكی وه‌ک ئێران‌دا دیالۆگ و وشه‌کان کافی نین، به‌ڵكوو هه‌نگاوی کۆنکرێت و زۆری‌لێکردن پێویسته. ئه‌و رۆژه که راپۆرته‌کانی ئه‌حمه‌د شه‌هید ته‌نیا نابنه بنه‌مای راسپارده‌کانی شووڕای مافی مرۆڤ یان راپۆرته‌کانی سکرتێری گشتی، به‌ڵکوو دینامیزمێکی سیاسییشیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه که فایلی مافی مرۆڤ له ئێران‌دا بخاته سه‌ر مێزی شووڕای ئه‌منیه‌ت، ئه‌وده‌م ده‌توانین هیوادار بین که بارودۆخه‌که به‌ره‌و باشی بڕوا. دیاره ده‌زانین که هێندێک که‌س له به‌رامبه‌ر فکرێکی وه‌هادا زۆر به‌ربه‌ستی حقووقی دێننه گۆڕێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی هه‌بوو، قانوونیش به‌دوای‌دا دێ.
لە ژماره ٦٧٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه