ماوەی چەند مانگە لە باکووری کوردستانەوە بەردەوام هەواڵی دڵتەزێن دەگەن. هەر جارەی لە شارێک لە شارەکانی باکوور، گیانی چەند کەسێکی بێتاوان کە زۆرێک لەوان ژنو منداڵن، دەستێندرێ. دوایین ڕووداوی لەم چەشنە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ژانویە لە جزیرە ڕووی دا. نزیکەی ٣٠٠ کەس خەڵکی ئاساییو چالاکی سیاسیی باکووری کوردستان، بە نیازی شکاندنی گەمارۆی ئابووریی حکوومەتی تورکیا بۆ سەر دانیشتوانی شاری جزیرە ، خۆیان دەگەیەننە نێو شارەکە. بەو جۆرەی میدیاکان بڵاویان کردوەتەوە هێزە ئەمنیو سەربازییەکانی دەوڵەت، دوای چوونی گەمارۆشکێنان بۆ نێو جزیرە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شار، دەیاندەنە بەر دەستڕێژ کە بە هۆی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان، زیاتر لە بیست کەس لەوان کوژراون یا بریندار بوون.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی لێخۆشبوون لە بانگەوازێکی بە پەلە دا، ڕاپۆرتێکی لە بارەی بارودۆخی چەند مانگی ڕابردووی باکووری کوردستان بڵاو کردوەتەوە. لەوبانگەوازە دا هاتوە کە لە مانگی جولای ڕابردووەوە کە دەولەتی تورکیە هێرشێکی بەربڵاوی بە ناوی بەربەرەکانی لە گەڵ تێرۆریزم وەڕێ خستوە، لانیکەم ٥٨ جار حکوومەتی نیزامی لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە(بۆ وێنە لە جزیرە، شەڕناخ، سوور، ماردین، دیاربەکر، هەکاری، مووش، ئالازیغ و باتمان) ڕاگەیەندراوە. نزیکەی میلیۆنێکو ٤٠٠ هەزار کەس بە هۆی ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامیو گەمارۆ ئابوورییەوە، لە خزمەتە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان بێبەش کراون. بە هۆی ئەو بارودۆخەوە ١٦٢ کەسی سڤیل(لە نێویاندا ٢٩ ژن، 32 منداڵو 24 کەسی شێست ساڵ بۆ سەرەوە) کوژراون. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی لێخۆشبوون ڕایگەیاندوە کە ئەم پەلامارانە هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی بواری مافی مرۆڤیشیان بە دواوە بووە. ئەم ڕێکخراوەیە، ناوی “سزادانی گشتی”ی لە سەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیە داناوە و داوای کردوە هێرش و پەلامار بۆ سەر خەڵک و بە کارهێنانی چەکی قورس بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ نارەزایەتیدەربڕینی دانیشتوان بوەستێنێ و دەست لە ڕاوەدوونان و گرتن و سزادانی چالاکانی مافی مرۆڤ و ئاکادیمییەکانی خوازیاری ئاشتیو ناڕازی لە شەڕ، هەڵ بگرێ.
ئەوانەی نایانەوێ ببنە شەریکی تاوانەکان
لەم دوایانە دا ژمارەیەکی زۆر لە ئاکادیمیسیەنەکانی تورکیە پێکهاتوو لە مامۆستایانی تورکو کوردی زانکۆکانی تورکیەو باکووری کوردستان، بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە. ئەم بانگەوازە کە لە ژێر دروشمی” نابین بە شەریکی تاوانەکانتان”دا بڵاو بۆوە، هەم لە دەرەوەی تورکیە و هەم لە نێوخۆی وڵات دا لە گەڵ پێشوازیو پشتیوانیی کەسایەتییە ئاشتیخوازەکان بەرەوڕوو بوو. زیاتر لە هەزار ڕووناکبیر لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان پشتیوانییان لێ کرد کە بە ناوبانگترینیان، نوام چامسکی ڕووناکبیری چەپی ئەمریکایی بوو. لە نێوخۆی تورکیاش، ژمارەیەکی زۆر لە بەرگریکارانی مافی مرۆڤو خوازیارانی ئاشتی، پشتیوانییان لەم حەرەکەتەی ئاکادیمیسیەنەکان کرد. دەنگی خۆیان تێکەڵ بەم حەرەکەتە جیهانییە کرد. ئەندامانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ(IHD) و بنیاتی مافی مرۆڤی تورکیە(HRFT)، پارێزەران، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانو ڕۆژنامەنووسانی ئازادبیر لە ڕیزی پشتیوانانی ئەم حەرەکەتە دان.
دژکردەوەی سەرکۆمارو دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی تورکیە بەرامبەر کەسایەتییە ئاکادیمییەکان زۆر توند بوو. ئەوان ئاکادیمیسیەنەکانیان بە پشتیوانی لە تیرۆریزم تاوانبار کردو هەڵمەتێکی ڕاوەدوونانو گرتنیان لە دژیان وەڕێ خست. بەڵام ئەم دژکردەوە توندە نە ئەوانی لە هەڵوێستەکەیان پاشگەز کردەوە، نە پێشی پشتیوانیی ژمارەیەکی زیاتری خوازیارانی ئاشتیو چالاکانی مافی مرۆڤ لە هەڵوێستەکەی ئەوانی گرت. دوابەدوای هێرشی پۆلیس بۆ سەر ماڵو شوێنی کاری ژمارەیەک لە مامۆستایانەی بانگەوازەکەیان ئیمزاکردبووو لێپێچینەوەیان، کەسایەتییە ئاکادیمییەکانی دژە شەڕ، سەرلەنوێ بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە. لەو بەیاننامە دا کە ٤ خاڵی گرتبووە خۆ، هاتبوو: نابێ جارێکی دیکە ڕێگە بدرێ بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالۆزییەکان، حکوومەتی نیزامیی سەردەمی کودەتا بە سەر خەڵک دا بسەپێندرێ و و ئاکادیمییەکان و مامۆستایانی زانکۆ بە بانگکرانی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و هەڵگرانی بیرورای جیاواز بکەونە بەر هێرش و پەلامار. لە دووهەم خاڵدا، ئۆباڵی ئەم ئاڵۆزی و سەرهەڵدانانەی دوایی خرابووە ئەستۆی سیاسەتێک کە لە مێژ سالە لە دژی نەتەوەی کورد بەڕێوە دەچێ:” ئەو شتەی ئێستاکە بە ناوی خەندەق و هەڵچنینی دیوار و بەربەست لە شارەکاندا باسی لێوە دەکرێ هۆکارەکەی بۆ ئەو پشێویانە ناگەڕێتەوە کە ئەمڕۆکە لە ئارادان. ئەوە دەرەنجامی نائومێدیی کوردە بەرامبەر بەو بەڵێنانەی لە ١٩١٩ەوە تاکو ئەمڕۆ پێیان دەدری و جێبەجێ ناکرێنو دواجاریش لە ئەنجامی قڵپ کردنەوەی مێزی وتووێژ و لە ئەنجامی ئەو فشار و زەختو زۆرانەوەیە کە لە رۆژگاری ئەمرۆشماندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.”
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی بۆ کپکردنی دەنگی ئاکادیمیسیەنەکانی خوازیاری ئاشتی و دژەشەڕ لە گۆڕێیە، پێشوازی و پشتیوانی لە حەرەکەتی بوێرانەی ئەوان، ڕووی لە زیادبوونە.
ئاکادیمیسیەنە بوێرەکانی تورکیەو ئەو کەسایەتیو دامەزراوانەی لە گۆڕەپانەکانی سیاسەتو ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕەگەڵیان کەوتوون، شێوازێک لە دەنگهەڵبڕێنو هەڵوێستگرتنیان گرتۆتە بەر کە جێی خۆیەتی لە وڵاتانی دیکەش گرنگییان پێ بدرێ. ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانو بە هۆی ڕێژیمی کۆمای ئیسلامییەوە بە سەری دێت، کەمتر نییە لەوەی کورد لە باکووری کوردستان بە سەری هاتوە. بەڵام کەسایەتییە ئاکادیمییەکانی ئێرانو ناودارانی بوارەکانی دیکە، ئەوانەی لە نەتەوەی باڵادەستن، چەندیانو کەنگێ وێرایان یا ویستیان، دژی تاوانەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەرو تاوانخولقێنی ئێران، دەنگ هەڵبڕن یا لانیکەم خوازیاری ئەوە بن کە ڕێژیمی ئێران ڕێگای هێمنانە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بگرێتە بەر؟ کەنگێ ئەوانیش دەیسەلمێنن ویژدانی زیندوو و ڕاپەڕیوی کۆمەڵگە و وڵاتی خۆیانن و ” ئامادە نابن چی دیکە ببن بە شەریکی تاوانەکان”؟
سەرچاوەی زانیارییەکان:
ماڵپەڕی “اخبار روز”
ماڵپەڕی بی بی سیی فارسی
ماڵپەڕی NNSROJ:
تێبینی: ئەم بابەتە لە لاپەڕەی بەر لە ماڵاوایی ژمارە ٦٧٢ی رۆژنامەی کوردستان بڵاوبۆتەوە