کەسایەتیی د.قاسملوو لە ڕوانگەی د. کەماڵ مەزهەرەوە
ئاماژە:
لە کۆتاییەکانی بەهاری ١٣٧٨ (١٩٩٩)، بە بۆنەی دە سالەی تێرۆری ڕێبەری شەهیدمان د. قاسملوو، لە لایەن دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی “کوردستان”ەوە، داوای نووسینمان لە کۆمەڵێک کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی دۆست و ناسیاوی ئەو ڕێبەرە کرد بۆ ژمارەی تایبەت بە یادی ١٠ سالەی شەهید بوونی. د. کەماڵ مەزهەر یەکێک لەوان بوو کە بەم نووسینە جوانە، بە دەنگمانەوە هات. د. کەماڵ مەزهەر لە ١٦ی مارسی ئەمساڵ پاش بەربەرەکانییەکی دوورودرێژ لە گەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد. بە بڵاوکردنەوەی ئەم نووسینە جوانەی، یادێک هەم لەو مێژوونووسە لێهاتووەی کورد دەکەینەوە، هەم ڕوانگە و بۆچوونەکانی لە بارەی د. قاسملووی شەهید دەخەینەوە بەر سەرنجی هۆگران. دەستنووسەکەی د. کەماڵ مەزهەر لەو کاتەوە وەک دۆکیۆمێنتێکی بە نرخ لای من پارێزراوە.
قادر وریا ٣١/١/٢٠٢١
ئەو ڕابەرەی لە گشت بوارەکاندا لێهاتوو بوو
کەماڵ مەزهەر
بەهاری ساڵی ١٩٥٩، واتا چل ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەم جار ناوی ئەنورەی، کە یەکێک بوو لە نازناوەکانی دوکتۆر قاسملوو، بەر پەردەی گوێم کەوت. شاگردانی بەشی کوردیی تازە کراوەیی زانکۆی بەغدا بە ڕێز و خۆشەویستی و تەقدیرێکی زۆرەوە بەو مامۆستایەیاندا هەڵدەدا و باسی وانە پڕسوودەکانیان دەکرد و لەو بوارەدا پلەی یەکەمیان دابووە ئەو و گۆرانی شاعیر.
هەڵبەت ناسینی ڕووناکبیرێکی وا پێشکەوتنخواز و پایەبەرز خۆزگە و ئاواتی هەر کوردێکی دڵسۆز بوو. بە هۆی برای خۆشەویست دوکتور عیزەددین مستەفا ڕەسووڵەوە هەر زوو دەرفەتێکی وا بۆ من هەڵکەوت. ئەو ڕۆژەی بۆ یەکەم جار لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی کەڕادە مریەمی بەغدا دیم، هەستم کرد قاسملوو لە گشت بوارەکاندا بەڕاستی کوردێکی کەم وێنە و کەم هاوتایە، قسەزان، قسەخۆش، نیشتمانپەروەر، زانا و دانایەکی قووڵ و دووربینە.
زۆری نەبرد بەهۆی پەتای کوشندەی “دەردە کورد”ەوە قاسملوو لە عێراق دوور خرایەوە. ئەو بڕیارە هێند بزواندمی خۆم پێ نەگیرا و وتارێکی توندوتیژم بە ناونیشانی “بۆچی”ەوە نووسی و لەوێدا زۆر بە سۆزەوە باسی لێهاتوویی بێئەندازەی شەهیدم کردبوو کە دەبوو هەمیشە دەرگەکانی عێراقی شۆڕشی گەلاوێژ لەبەردەمیدا ئاواڵا بێت. سەرنووسەری ئەوسای ڕۆژنامەی “ژین” ئەحمەد زرنگی نەوەی پیرمێرد نووسینەکەی هێندە بەدڵ بوو کردییە سەروتاری ڕۆژنامەکە. وا دیارە وتارەکەم ڕقی ناپیرۆزی یەکێک لەو برادەرە کوردانەی زۆر هەڵساندبوو کە مێژووی “دەردە کورد” بە خەستوخۆڵی تێکەڵ بە خوێنی ناو گشت دەمارەکانی لەشی ببوو. زۆر بە توندی و بە ڕەقی هەر لەسەر لاپەڕەکانی “ژین” وەڵامی دابوومەوە و دەستە چەورەکەی خۆی بە قاسملوودا سووابوو، بەڵام خوا هەڵناگرێت ناونیشانێکی لەباری بۆ وەڵامە نالەبارەکەی هەڵبژاردبوو، کە ئەویش “چونکو” بوو. کاتێک وەڵامەکەی ئەو دەردە کورداوییە چاپ بوو من گەیشتبوومە وڵاتی شووڕەوی بۆ خوێندنی باڵا، قاسملووی شەهید بۆ خۆی دانەیەک لەو ژمارەی “ژین”ی لە پڕاگەوە بۆ ناردم بۆ مۆسکۆ و خۆی ئاسایی چەند دێڕێکی ڕازاوەی پڕ لە پەندی بۆ نووسیبووم.
پێموایە دەوروبەری کۆتایی ساڵی ١٩٦٠، یا سەرەتای ساڵی ١٩٦١ شەهید هاتە وڵاتی شووڕەوی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی باسەکانی نامەی دوکتۆراکەی، ئەو ساکە منیش لەوێ بە خوێندنی دوکتۆراوە خەریک بووم. دەمدی چۆن لەناو کتێبیاندا بە وردی کنەی دەکرد، چەند ماندوونەناس بوو. هەر لەو ڕۆژانەیشدا زانیم کەم کەس لە دونیادا بە ڕادەی ئەو زمانی ڕۆژهەڵاتی و ئەورووپایی دەزانێت، وەک هەر دووک زاراوەی سەرەکیی کوردی و، فارسی و ئازەری و تورکی و عەڕەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و ڕووسی و چیکی و سلۆڤاکی و هی دی. لە دانیشتنێکدا لە ماڵی خۆم لە بەغدا دیومە چۆن لەگەڵ مۆبیک (کرێس کۆچێرا)ی ڕۆژنامەنووس و خێزانەکەیدا وەک بولبول، بێ گرێ بە فەڕەنسی دەدوا و تا ئەوان بە هەر دووکیان نوکتەیەکیان دەگێڕایەوە ئەم چواری خۆشتری دەدا بە تەنگەیاندا و ئینجا هەر پێنجیشیانی بۆ ئێمە دەکرد کوردی و گشتمانی دەهەژاند. هەمیشە گوڵی سەردەستەی مەجلیس بوو، لەسەر هیچ پەکی نەدەکەوت، لەگشت بوارەکاندا- سیاسەت، مێژوو، ئەدەب و هەر بوارێکی تردا شۆڕەسواری مەیدان بوو، تەنانەت دەنگوئاوازیشی لەگەڵ باسەکاندا دەگۆڕدرا، [بۆیە] ئەوەی نەیناسیبایە نەیدەزانی ئەو کەڵە پیاوە سیاسییە، یان شاعیر و ئەدیب و زانا و مێژوونووس و زمانەوانە، چونکە ئەو ڕاستیدا هەموویانی بەسەریەکەوە بوو.
بە دەیان جار لەگەڵی دانیشتووم، کەم کەسی وا بێ فێز و پەتی و زمانپاک و ڕۆحسووکم دیوە، هەمیشە وەک گوڵە گەنمی پڕ دەچەمییەوە، بێزی نەدەهات توخنی گوڵە گەنمە پووچەڵەکان بکەوێت، لە کاتی پێویستیشدا بە خراپە باسی کەسی نەدەکرد، توانجهاوێژ و ئاگر خۆشکەر نەبوو، بە پێچەوانەوە کۆکەرەوەی دژەکان بوو، لەم بوارەدا کەس وەک ئەو وەستا نەبوو.
ژمارەیەکی زۆر لەو دیدەنییانەم خوێندۆتەوە کە ڕۆژنامەنووسانی شەرق و غەرب لەگەڵ قاسملوودا سازیان دابوو، سەرجەمیان بەسۆزەوە باسی لێهاتوویی ئەو ڕابەرەیان لە گشت بوارەکاندا کردووە و وەک سەردارێکی دووربین و دێموکراسیخواز و ئازا و لەخۆبوردوو و سەرڕاست و ئاشتیخواز و ئەدەبدۆست و قسە خۆش باسیان کردووە. گشتیان بە هەگبەی پڕ لە زانیاریی ورد و دەگمەن و خۆشەویستییەکی زۆرەوە ماڵئاواییان لێی کردووە. ئەوەی کریس کۆچێرا و خانمی هاوسەری و “هدی الحسینی” و زۆریتر دەربارەی قاسملوو دەیڵێن مایەی شانازییە بۆ هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر. بریا ڕێبوارانی ڕێگای قاسملوو ئەو بەرهەمانەیان لە کتێبێکی سەربەخۆدا بڵاو دەکردەوە کە دڵنیام لەوەێ دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی دەگمەن و پێویست بۆ پشتاوپشتی کورد. قسەکانی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکاندا نەستەق و هەڵسەنگاندنەکانی بەجێ و بۆچوونەکانی ورد بوون، باشی دەبزواندن کە پێی دەگوتن: کوردیش دەتوانن فڕۆکە بفڕێنن و بارمتە بەرن و خەڵکی بێتاوان لە خوێندا بگەوزێنن، تاکەی لەوە ناگەن و بە ئاگا نایەن و ئاوڕێکی مرۆڤانە لەو گەلە ستەمدیدەیە نادەنەوە…
ئەگەر بێمە سەر باسی بەرهەمە ڕەسەن و نایابەکانی دەتوانم یەکجار زۆر ببێژم، تایبەت دەربارەی نامەی دوکتۆراکەی کە تا ئێستا لەبەر بایەخی زۆری بە چەند زمانێکی ئەوروپایی و ڕۆژهەڵاتی چاپ کراوە. کاتی خۆی لە ڕۆژنامەی “التاخی” دا وتارێکی تایبەتم لەم بارەیەوە بڵاو کردەوە و ئەو بەرهەمەیم بە یەکێک لە کتێبە دانسقەکانی کوردناسی لە قەڵەم دا.
عیشقی شەهید بەرانبەر کورد و کوردستان بێ ئەندازە و بێسنوور بوو، لەبن نەدەهات، کەس بەر لەو نەیتوانی بە ڕادەی ئەو تینی ئەو عیشقە پیرۆزە بگەیێنێتە نێو خاکی ئورووپاوە، هەستی دەیان و دەیان سیاسەتمەدار و کەسایەتی و ڕۆژنامەنووسی ئورووپایی بەناوبانگی بە لای کورد و کێشەی نەتەوەیی کورددا ڕاکێشا. هەمان کات قاسملوو نیشتمانپەروەرێکی ئێرانی و مرۆڤدۆستێکی جیهانی گەورە بوو. بێگومان مێژوو [هەمیشە] بە قێز و نەفرەتەوە دەڕوانێتە ئەو دەستە شێتە ناپاکانەی بە ئەوپەڕی کورتبینی و گەوجی ڕقی سەر بە سەدە ناونجییەکانەوە ڕێگەیان بە خۆیان دا ئێمە و خۆیان و خەڵکی تریش لە تیشکی ئەو ئەستێرە بەرزەی ئاسمانی کوردستان و ئێران و توران داببڕن. ئەو ئەستێرە گەشاوەیەی بێرنارد کۆشنێری وەزیری کاروباری مرۆڤایەتیی فەڕەنسی لە کاتی ئاوابوونیدا بە دڵی پڕ و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە پێی گوت:
“لە سەرجەمی جیهانی سێیەمدا
کەسم وەک تۆ بە دڵ نەبوو!”