ئێران زۆرجار ئیدیعای ئەوەی کردووە کە نایەوێ ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و، وزەی ئەتۆم و پڕۆگرامی ئەتۆمییان تەنیا بۆ خزمەتگوزاری و ئاوەدانی، هەروەها پەرەپێدان بە هێز و توانای مووشەکی یان بۆ پاراستن و ئاسایشی خەڵکی ئێران دەوێ. بەڵام سیاسەتی شەڕەنگێزیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و جیهاندا، شاراوەبوونی چالاکییە ناوکییەکانی و هەروەها پەرەپێدان بە هێز و توانای مووشەکی و ناوە ناوە تاقیکردنەوەی نوێی مووشەکی وای لە ئێران کردووە کە متمانەی وڵاتانی ناوچە و جیهان لە دەست بدا و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دنیا و ناوچەکەی بزانن، هەروەها تۆمەتبارە بەوەی کە سەرقاڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمییە. ئەو پرسیارە لەو بەستێنەدا هەمیشە کراوەیە کە ئاخۆ ئیدیعاکانی ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی و پەرەپێدانە مووشەکییەکانی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە؟ یان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا؟
بێگومان کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردودا هیچکات جێگای متمانەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی نەبووە، هەمیشە خەڵکی ئێران لەبەر نەبوونی ئەو متمانە نێودەوڵەتییە تووشی نەهامەتی، برسیەتی، چارەڕەشی و بێدەرەتانی بوونە و لەژێر حوکمی ئەم سیستەمە ئایدیۆلۆژیکیە ڕۆژی خۆشییان بە خۆیانەوە نەدیوە. ئێستا خەڵکی ئێران لە سایەی پرۆژە سیاسی، نیزامی، ئابووری و ئەتۆمییەکانی ئەم دەسەڵاتە بارودۆخێکی زۆر ئاستەم تێپەر دەکەن، بە هۆی ئەو سزا ئابوورییە تاقەتپڕوکێنەی بە سەر ئێراندا سەپاوە خەڵک بڕستی لێبڕاوە و بە ژانەوە دەژین، ئەوە بێجگە لەوەی بە درێژایی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە، خوێن لە جەستەی خەڵکی ئێران دەچۆڕێ، پڕکردنی بەندیخانەکان لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕووناکبیری، نەبوونی ئازادیی تاکە کەسی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ئێعدام، کوشتنی کۆڵبەران، بە کوشتدانی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق و سووریە، بە فیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات و پێشکەشکردنی بە حیزبوڵڵا و گروپە تێرۆریستەکانی دیکە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی و هتد… کارنامەی ڕەش و پڕ لە ژانی کۆماری ئیسلامی دەنەخشێنن.
بۆیە وێناچێ ئەو هەوراز و نشێوەی لە مێژووی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا ڕووی داوە و هەروا درێژەی هەیە، پەرەپێدان بە توانای مووشەکی و سیاسەتە شەڕەنگێزیەکانی رێژیمی ئێران ببێتە مایەی خێروخۆشی و ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی ئێران. بە پێچەوانە هەتا ئێستا جگە لە بەدبەختی، برسیەتی، چارەڕەشی و ماڵوێرانی لەو نێعمەتە ئیلاهیەی کۆماری ئیسلامی شتێکی دیکەیان بە نسیب نەبووە.
دەست پێڕاگەیشتن و پەرەپێدانی مووشەکیی ئێران
کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای سووریە و لیبی لە ساڵی ١٣٦٤ی زایینییەوە دەستی بە مووشەک و دواتر تێکنۆلۆژیی مووشەکی ڕاگەیشت. لە سەرەتادا ئێران ١٣ کەس لە ئەفسەر و پلەدارەکانی خۆی بە بەرپرسایەتی “حەسەن تێهرانی موقەدەم” کە دواتر بە باوکی مووشەکی و ئەندازیاری پرۆژەی مووشەکی بالیستیکی ئێران ناسرا، بە نهێنی بۆ سووریەیان ناردن و لە تیپی ١٥٥ی مووشەکیی ئەو وڵاتەدا دەورەی فێربوون و ئامادەکردن و هاویشتنی مووشەکیان دی و گەڕاونەوە ئێران. دواتر بە کڕینی مووشەک لە لیبی (جۆری سکۆد B ) سازکراوی ڕووسیە و بەکارهێنانی لە شەڕی عێڕاق یەکەم هەنگاوی بۆ گرتنەبەری سیاسەتی مووشەکی گرتە بەر. (٥/١/١٣٩٩، خبرگزاری برنا)
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی مێژووی مووشەکیی خۆیدا تا ئێستا چوار جار ڕاستەوخۆ مووشەکەکانی بە دژی نەیار و دوژمنەکانی بەکار هێناون:
١. لە شەڕی ئێران_عێراق کە گەورەترین شەڕی مووشەکیی مێژووی ناوچەکە بووە.
٢. مووشەکی شەهابی١ی کە کۆپیکراوی مووشەکی سکۆد Bی ڕووسیە بوو، لە دژی موجاهیدینی خەلق لە کەمپی ئەشڕەف بەکار هێنا.
٣. مووشەکی فاتحی ١١٠ی دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئامانجگرتنی “قەڵای دێموکرات” لە نیزیک کۆیە بەکار هێنا.
٤. مووشەکی فاتح ٣١٣ کە جۆری پێشکەوتوتری فاتح ١١٠ـە بە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە بنکەی عین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار بەکاری هێنا.
بەڵام دەکرێ بڵێین بەشێک لە مووشەکەکانی تری ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای حیزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا بە دژی ئیسڕائیل، سعوودی و زۆر لایەنی دیکە بەکارهێناوە.
زاراوەی “هەڕەشەی مووشەکی ئێران” لە دوای هاتنە سەرکاری “جۆرج دەبلیۆ بۆش” لە ئەمریکا هاتە کایەوە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئێران بەردەوام لەژێر گوشار و کاردانەوەی وڵاتانی دیکە بەتایبەتی ئەمریکادا بووە، کاردانەوەی وڵاتان و هەڕەشەکانی ئەمریکا نەک ڕێژیمی ئێرانی لە چالاکی و پەرەپێدانی مووشەکی پاشگەز نەکردۆتەوە بەڵکوو بە پێچەوانە لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی چالاکی و پەرەپێدانی مووشەکیی ئێران بەرزتر بۆتەوە. هەرچەند ئاماری وردی ژمارە و جۆری مووشەکەکانی ئێران لە بەردەستدا نییە، بەڵام هەوڵ دەدەین ئاماژە بە هێندێک لە جۆر و توانایی مووشەکەکانی ئێران بکەین.
لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی نیزامیی ناسراو بە “پێغەمبەری مەزن” ئێران هێندێک مووشەکی بالیستیکی مەوداکورت و مەودادرێژی تاقی کردەوە و لە نێویاندا مووشەکی شەهابی٣ تاقی کرایەوە کە دەتوانێ مەودای ١٣٠٠کیلۆمیتر ببڕێ و ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی بپێکێ. پێشتر مووشەکەکانی شەهابی ٢-١ دروست کرابوون کە دەیانتوانی٣٠٠ هەتا٥٠٠ کیلۆمیتر ئامانجەکانی خۆیان بپێکن. ساڵێک دواتر لە ١٣٨٦ ئێران جۆرێکی نوێتری مووشەکی شەهابی ٣ی تاقی کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو جۆرەیان هەتا مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمیتر دەبڕێ. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا مووشەکی “قەدەر”یشی تاقی کردەوە، ئەو مووشەکە لە توانایدایە ئامانجەکانی خۆی لە ١٨٠٠ کیلۆمیتری بپێکێ.
سەرەتای ساڵی ١٣٨٨ ئێران مانگی دەسکردی “ئومید”ی نارد بۆشایی ئاسمان و هەر لەو ساڵەدا مووشەکی “سجیل ٢”ی تاقی کردەوە، ئەو مووشەکە مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمیتر دەبڕێ، کێشەکەی ٢٣ تۆن و نیوە و درێژییەکەی ١٨ میتر و ٢١ سانتیمیترە کە بە قورسترین مووشەکی ئێران ناسراوە. تایبەتمەندیی ئەو مووشەکە ئەوەیە کە زۆر بە خێرایی ئامادەی هاویشتن دەکرێ، لە سووتەمەنیی ڕەق (جامد) کەڵک وەردەگرێ و ئەوەش بۆتە هۆی خێرایی زیاتری ئەو مووشەکە و ئەگەری خستنە خوارەوەی لە ئاسماندا کەم دەکاتەوە.
ئێران لە ١٣٩٠ جۆرێکی نوێتر و پێشکەوتووتری مووشەکی “عاشوڕا” و “شەهاب”ی تاقی کردەوە کە مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمیتریان دەبڕی، ئەم تاقیکردنەوە و پەرەپێدانە مووشەکییەی ئێران و هاوکات لە گەڵ ئەوەش ڕەوانەکردنی مانگە دەستکردەکانی”ئومید، کاوشگەری١، میسباح و سینا ١و…”، بوونە هۆی نیگەرانیی زیاتری وڵاتانی جیهان و ناوچەکە، بەڵام ئێران بەبێ گوێدان و نیگەرانیی وڵاتانی جیهان سوور بوو لە سەر تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی.
هەر لەو ساڵەدا مووشەکی “کەنداوی فارس” کە لە سووتەمەنیی ڕەق کەڵک وەردەگرێ و توانای بڕینی ٣٠٠ کیلۆمیتری هەیە بۆ لێدانی ئامانجە دەریاییەکان تاقی کردەوە. هەروەها ساڵی ١٣٩١ مووشەکەکانی “فاتح١١٠” و “قیام”ی تاقی کردەوە کە مووشەکی قیام دەتوانێ ئامانجەکانی لە ٨٠٠ کیلۆمیتری بپێکێ، ئێران ڕایگەیاند ئەو مووشەکە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست کراوە. (٨/٨/١٣٩٨، تابناک)
ساڵی ١٣٩٣ ئێران چەند مووشەکێکی مەوداکورتی دیکەی وەک مووشەکی “زلزال” کە درێژیەکەی ٢٣/٨ میترە و کێشی ٢٩٥٠ کیلۆگرەمە دەتوانێ ١٢٥ کیلۆمیتر بپێوێ، دواتر جۆری نوێتر و پێشکەوتووتری (زلزال٢-3) تاقی کردەوە و هاوکات لەگەڵ زلزال مووشەکەکانی “نازعات” و “فەجر” تاقی کرانەوە.
مووشەکی “عیماد” یەکێکی دیکە بوو لەو مووشەکانەی کە ئێران لە ساڵی ١٣٩٤ تاقی کردەوە. مووشەکی عیماد دەتوانی ئامانجەکەی لە ١٧٠٠ کیلۆمیتری بپێکێ بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئێران ئەم مووشەکە هەتا ئەو کاتەی ئامانجەکەی دەپێکێ دەتوانرێ کۆنتڕۆل بکرێ. هەر لەو ساڵەدا ئێران مووشەکی “قەدەر” ١١٠ی تاقی کردەوە ئەو مووشەکە دەتوانێ مەودای ١٩٠٠ کیلۆمیتر ببڕێ وتوانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
ساڵێک دواتر لە ١٣٩٥ دوو مووشەکی نوێی جۆری “قەدرH” و”قەدرF” ی تاقی کردەوە ئەو مووشەکانە مەودای ١٤٠٠ و ٢٠٠٠ کیلۆمیتر دەبڕن و بە زمانی عیبری لە سەریان نووسراوە “دەبێ ئیسڕائیل لەسەر نەخشەی جیهان بسڕێتەوە”، دوای ئەوە هەر لەو ساڵەدا مووشەکی مەودا کورتی “زولفەقار”ی تاقی کردەوە کە دەتوانێ ٧٠٠ هەتا ٧٥٠ کیلۆمیتر ببڕێ.
لە ساڵی ١٣٩٦ ئێران دووبارە جۆرێکی پێشکەوتووتری مووشەکی فاتح ی تاقی کردەوە، هەرلەو ساڵەدا لە بۆنەی بە ناو “بەرگریی پیرۆز”دا بە بەشداریی حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران نوێترین مووشەکی بالیستیکی “خۆڕەمشار” تاقی کرایەوە، بەگوتەی بەرپرسانی ئێران ئەو مووشەکە توانای بڕینی ٢٠٠٠ کیلۆمیتر و هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە لە جیاتی هەڵگرتنی یەک کڵاوە لە توانای دایە چەند کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێ.
پڕۆگرامیی ئەتۆمیی ئێران
مێژووی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بۆ ساڵی ١٣٢٩ی زایینی دەگەڕێتەوە، ئێران لەوکاتەوە بە نیازی دامەزراندنی بنکەی ئەتۆمی بووە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی لە بواری خزمەتگوزاری و پاڵاوتنی نەوتدا. لە ١٣٣٦ بە هاوکاری ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی “ئایزێن هاوێر” دەست کرا بە جێبەجێکردنی یەکەم پرۆژەی ئەتۆمی لە ئێران، ساڵێک دواتر بوو بە ئەندامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی (I.A.E.A) ساڵی ١٣٤٦ ئەمریکا یەکەمین ڕاکتۆری “توێژینەوەی پێنج مێگاواتی ئاوی قورس”ی بە ئێران فرۆشت و لە زانکۆی تاران دامەزرێندرا و دەستی بە کارکرد کە هەر خۆشی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ دابین دەکرد. ساڵێک دوای ئەوە پەیماننامەی قەدەغەکردن و پەرەپێدانی چەکی ناوەکی (N.P.T)ی واژۆ کرد. ئەمریکا و ئێران لە ١٣٥٢ ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی پرۆژەی ناوکیی ئێران ئیمزا کرد. بەپێی ڕێککەوتننامەکە دەبوایە ئەمریکا هەتا ساڵی ٢٠٠٠ ژمارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بگەێنیتە ٢٣ بنکە. ساڵێک دواتر وڵاتانی فەرانسە، ئالمان، بێلژێک و سوئێد ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد بۆ دروستکردنی چەند بنکەیەکی تری ئەتۆمی، لە ١٣٥٤ دەست کرا بە دروستکردنی بنکەی ئەتۆمیی بووشەهر، هەروەها ئێران لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتنی کڕینی بنکەیەکی دەرهێنانی پلۆتۆنیۆم (سوتەمەنیی بنکەی ئەتۆمی) لە ساڵی ١٣٥٥ ئیمزا کرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران مافی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی ئەو بنکەیەی کڕی کە دەکەوێتە باشووری ئەمریکا. (حاتمی راد ١٣٨٦، مجلە پیام ص ١٦٢)
دوای سەرکەوتنی شۆڕش و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ تەواوی کارەکانی دروستکردنی پرۆژەکان لە لایەن وڵاتان و کۆمپانیا بەڵێندەرەکانیان ڕاوەستان. حکومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە دژی دروستکردنی بنکە و پرۆژەی ئەتۆمی بوو، هەر بۆیە خومەینی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پرۆژە ئەتۆمییەکانی دا و پێیوابوو پرۆژەی ئەتۆمی پێچەوانەی بنەماکان و ئەخلاقی ئیسلامییە و حەرامە. هەر لەو پێوەندییەدا لە ٢٦ جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٨ لە ڕۆژنامەی (جمهوری اسلامی) وتارێک لە ژێر ناوی بنکە ئەتومییەکان خەیانەتە بە گەلی ئێمە، بڵاوکرایەوە.
دوای نەمانی خومەینی و کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران-عێراق دەسەڵاتدارانی ئێران لەو سیاسەتە پەشیمان بوونەوە و جارێکیتر دەستیان بە وەگەڕخستنەوەی پرۆژە ئەتۆمییەکان کردەوە و توانییان بە هاوکاریی ڕووسیە پەرە بە بنکە ناوکییەکان و بەرهەمهێنانی ئەتۆمی بدەن و هەر دوو بنکەی ئەتۆمیی بوشەهر بخەنەوە گەڕ. لەم قۆناغەدا ئێران بە هاوکاریی ڕووسیە بووە خاوەنی دوو بنکەی بەرهەمهێنانی وزەی ناوکی لە “ئەراک” و “نەتەنز”. ئەم پرۆسەیە لە ساڵی ٢٠١١_ ١٩٨٨ دەستی پێ کرد و بەردەوام بوو.
لە تەواوی ئەو ماوەیەدا ئێران سەرقاڵی بەرهەمهێنان و پیتاندنی یۆرانیۆم بووە، ئەحمەدینژاد لە ١٣٨٥ ڕایگەیاند ئێران یەکەم پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ڕیژەی ٣.٥ ٪ ئەنجام داوە، ئەوە یەکەم هەنگاوی ئێران بوو بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەو هەنگاوەی ئێران ناڕەزایەتی ئەمریکا و ئورووپای لێکەوتەوە، هەر لەو ساڵەدا بۆ دەستهەڵگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەنجومەنی ئاسایش سزای بەسەر ئێراندا سەپاند. دواتر لە ١٣٨٧ هێندێک سزای توندی دیکە خرانە سەر ئێران، سەرەڕای گەمارۆکان ئێران بەردەوام بوو لە پیتاندنی یۆرانیۆم و لە ماوەی چوار ساڵدا توانی ڕێژەی بەرهەمهێنان بگەێنیتە ٢٠٪ هاوکات لەگەڵ ئەو بەرەوپێشچوونەدا ئیسڕائیل هێرشێکی ڤایرۆسی (ستاکس نێت)ی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەراک و نەتەنز، بە هۆی ئەم هێرشە ڤایرۆسیەوە توانی سیستەمی بەڕێوەبردن و کارپێکردنی ئەو بنکانە لەکار بخا و پرۆژەی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی پەکی بکەوێ. ئیسڕائیل ئیدیعا دەکا توانیویەتی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران دوابخا و سزا ئابوورییەکان و هێرشە ڤایروسیەکەی ئیسڕائیل هەموو هیوا و ئاواتە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ڕوخاند، بۆیە کەوتە بیری خۆ دەربازکردن لە ژێر باری قورسی سزا سەپێندراوەکان. بۆ ئەو مەبەستە دەستی کرد بە دانوستان لەگەڵ ئورووپا و ئەمریکا. لە ساڵی ١٣٩٤ وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیە، چین، فەرانسە، ئالمان و ئێران ڕێککەوتنی(١+٥) ئەتۆمیی ئێرانیان واژۆ کرد. بە پێی ڕێککەوتننامەکە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ڕێگا بە ئێران دراوە لە ژێر چاوەدێری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی جیهاندا بۆ مەبەستی ئاشتی و خزمەتگوزاری بە ڕێژەی ٣.٧٦ ٪ یۆرانیۆم بپیتێنی. لە بەرامبەر ئەو ڕێکەوتنەدا ئەمریکا ساڵی ١٣٩٥ سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانی هەڵگرت، ئێران لەو قۆناغەدا توانی لە ڕێگای ئەو ڕێککەوتنە پێوەندییە ئاڵۆزەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ئوروپا ئەهوەن بکاتەوە و لە ژێرەوە پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی خۆی بدا.
ئەو کاتە زێرێنە زۆری نەخایاند و پێچەوانە بۆوە و کاتێک دوناڵد ترامپ بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ترامپ کە هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو ڕێککەوتنە بوو، دوای ماوەیەکی کەم ڕایگەیاند ئێران نەک هەر ڕێککەوتننامەکەی جێبەجێ نەکردووە بەڵکو ڕێککەوتننامەکە بە قازانجی ئێران نوسراوە. بۆیە یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی(١+٥) کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی بە زیادەوە گەڕاندەوە کە لە مێژووی ئێراندا هاوشێوەی نەبووە. سزاکان بێجگە لە کەرتی نەوت و گاز و پیشەسازی، ٦٠٠ کۆمپانیا، کەسایەتی و تەواوی ئابووری ئێرانی گرتووەتەوە، هەروەها سوپای پاسداران خرایە لیستی تێرۆرەوە، ئەوەش بوە هۆی ئەوەیکە ئێران بچێتە قۆناغێکی دیکە و بە تەواوی لە جیهان داببڕێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا لە تەنیشت سیاسەتی میلیشیاسازی و شەڕی نیابەتی، پیشەسازیی مووشەکی و ئەتومیی خۆی بە گرینگترین ئامرازی مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەبینێ و هەوڵ دەدا هەرجۆرێک بووە دەستی بە بۆمبی ئەتوم ڕابگا و لە پیشەسازیی مووشەکیی خۆی وەک هەڕەشەیەک بۆ دەستەبەری ئامانجە سیاسییەکانی بەکار دێنێ.