ساڵێک لەمەوبەر خەڵکی ئێران بە دوو دەردی گرانەوە و بە ئومێد بە وەدیهاتنی ئاواتەکانیان لە هەلومەرجێکی دژواردا، ئاگری نەورۆزیان کردەوە. ئەوان لەگەڵ بردنەسەری ژیان لەگەڵ هەموو ناخۆشییەکان، ئەوکات بەدەست بەڵای نەخوازراوی کورۆناوە هەر ڕۆژەی ژمارەی ڕوو لە زیادبوونی قوربانییانی وڵاتەکەیان دەژمارد، هاوکات بە دەست خەمساردی و درۆی ڕۆژانەی بەرپرسانی دەسەڵاتیشەوە وەزاڵەهاتبوون. ئەوکاتەی کە هەموو وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو و دەوڵەتە دەروەستەکان کە خەمی ژیانی هاونیشتمانیانیان بوو بیریان لە ڕێگە چارەی بەربەستکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم پەتایە دەکردەوە، لە ئێران و لە زمان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە جیاتی ئامادەکاری زیاتر بۆ یارمەتیدانی خەڵک، هەوڵی شاردنەوەی ڕادەی تووشبووان و قوربانیانی ئەم نەخۆشییەیان دەدا. ئەوەش هیچ کە لە دەورانی ئەوپەڕی گەشەی زانستی پزیشکیدا و هەوڵدان بۆ دیتنەوەی دژە ڤایرۆسی ئەم پەتایە تازە ئاخووندەکان ڕێگەی مەرقەدەکان و نزا و پاڕانەوەیان نیشان خەڵکی ساویلکەی بێدەرەتان دەدا. ئێستا لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دوای دۆزینەوەی ڕێگەی بەرگری لەم پەتایە و دیتنەوەی دژەکەی هەوڵی چارەسەرکردنی یەکجاری پەتاکە دەدرێ، ئێران بە زیادبوونی تووشبووان و قوربانی تازەوە پێ دەنێتە ساڵی نوێوە.
ساڵی ١٤٠٠ لە کاتێکدا دەست پێدەکا کە ئێران لەگەڵ کێشە بەردەوام و ڕوو لە زیادبووەکانی لە ململانێدایە. کۆرۆنا، بێکاری، گرانی و هەڵاوسانی بەردەوام ئەو نەخۆشییانەن کە بە هۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە یەخەی خەڵک بەر نادەن و هەرکامەیان بە جیا وەک پەتایەک ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتەیان خستووەتە مەترسییەوە. ئابووری وڵات بە هۆی بێبەرنامەیی و نەبوونی پلانێک بۆ گەشەپێدان سەرەڕای دروشمە بەردەوامەکانی خامنەیی لەمەڕ ڕێکردنی ئابووریی بەرگری و بەرهەمهێنانی خۆماڵی، پەرەگرتنی دزیی بە ئاشکرای بەرپرسان و ئاغازادەکان کە هەم سەرچاوە و هەم هۆکارێکی دروستبوونی ئەو وەزعە خراپەن، بەرەو ئاقارێکی خراپتر دەڕوا. لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوامبوونی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی و خەرجکردنی میلیارد دۆلاری لە وڵاتانی دیکە کە هیچ بەرهەمێکی بۆ خەڵکی ئێران بەدواوە نەبووە، خەڵکی ئێرانی بێبەش کردووە لەو بەشە کەمە داهاتەی کە دەچێتە دەست ڕێبەرانی کارنەزانی ڕێژیمەوە. لە ڕاستیدا ئەوەی ئیستا دەبینرێ دەبێ وەک کارەساتێکی ئینسانیی دەستکردی کەسانێک لە ڕێبەریی وڵاتدا ببینین کە جگە لە دەسەڵاتی خۆیان بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەنەوە و لە پێناویدا خەڵک دەکەنە سووتەمەنیی پیلانەکانی خۆیان.
ئاسەواری ئەم دۆخە ئابوورییە کە سەرچاوەکەی تەنیا خۆفەڕزکردنی بیرکردنەوەی کەمایەتییەکی دەسەڵاتخوازە بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا، لەسەر تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بە زۆری دەبیندرێ. پەرەگرتنی فەساد، لێکترازانی بنەماڵە، کوشتن و خۆکوژی، پەرەگرتنی ئێعتیاد و زۆر بابەتی دیکە هەموو ئەو شتانەنن کە ئەمساڵیش کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵی دەستەوملان دەبێ. زیادبوونی بێکاری و دابەزینی ئاستی ژیانی خەڵک بە هۆی چوونەسەری ڕێژەی خەتی فەقر و کەم دەرامەتی، پێشبینیی ڕێگەچارەیەکی بۆ ناکرێ و کەمتوانایی دەوڵەت لەباری ماڵییەوە ئەگەر بیشیانەوێ، ڕۆچنەی ئومێدی خەڵکی بۆ ژیانێکی باشتر بەستووە. سەیر ئەوەیە کە لە تەواوی ئەم ساڵانەدا و لە بەردەوامیی بەرەو خراپترچوونی وەزعی نێوخۆی وڵات ڕێبەرانی ڕێژیم هۆکاری هەموو ئەو بەڵایانەیان خستووەتە ئەستۆی تەحریمەکانی ئەمریکا و بۆ جارێکیش ئامادە نەبوون لە هەزاران کەمتەرخەمی و هەڵە و کەموکوڕیی خۆیان ددان بە یەکیاندا بنێن. هەر بۆیە ئەوان لەگەڵ دەربڕینی هەموو دژایەتییەکیان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا چاویان لە ڕەحمەتی ئەمریکا بڕیوە کە بەڵکوو بە هەڵگرتنی تەحریمەکان هەناسەیەکیان بێتەوە بەر.
بەڵام ئێستا کە پێ دەنێینە ساڵی نوێوە دەبینین چاوەڕوانیی چوار ساڵەی ئەوان بۆ گۆڕینی سەرۆککۆماری ئەمریکا هیچی لێ شین نەبووەتەوە و پێ ناچی بەو زووانەش بەرهەمێکی بۆ ئەوان بەدواوە بێ. ئەوەی ئێستا دەبیندرێ و بەو جۆرەی پێشبینی دەکرا، بەردەوامیی گوشارەکانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە شیوازێکی جیا لە پێشوو. هەربۆیە شاییلۆغانی پێشوویان جێی داوە بە نیگەرانی و هەڕەشە لە گرتنەبەری پەرەپێدانی دامەزراوە ناوکییەکان و نمایشی مووشەکی. سیاسەتێک کە نە پێشتر بۆ ئەوان کارساز بووە و نە لە داهاتووشدا خێرێکی لێ دەبینن. ئەوەی دیارە ئەگەر هەڕەشە و سیاسەتی یەکلایەنەی دەوڵەتی تڕامپ جێی خۆی داوە بە دیپلۆماسی بایدن لە پێناو گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی جیهانی لە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم، لە چەکی ناوکییەوە بگرە هەتا پشتیوانی لە تێرۆریزم و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە، نە تەنیا ڕێخۆشکەر نەبووە بۆ چارەسەری کێشەکان ئەوجۆرەی بیریان لێدەکردەوە، بەڵکوو بارگرانییەکی زیاتری بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کردووە. بەو پێیە پێناچێ بەو زووانە مەگەر بە قبووڵی سازشێکی نوی بتوانن خۆ لە ژێر باری تەحریمەکان ڕزگار بکەن.
بەڵام لە هەموو ئەوانە گرینگتر لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو شێوازێکی خۆیدا، پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە زیادبوون بووە. ئەگەر لە ساڵی ڕابردوودا بە گرتن و دەرکردنی حوکمی درێژماوە و هەمووجۆرە سووکایەتییەک بە جیابیران، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەوڵی سەرکوت و پێشگرتن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان داوە، ئێستا دەبینین کە ئەم کردەوە دژە مرۆڤانەیان نە تەنیا پاشەکشەی بە خەڵک نەکردووە بەڵکوو بەدوور نابیندرێ کە ئەم ناڕەزایەتییانە بە شێوازێکی گشتگیر بەرەوڕوویان ببێتەوە. لە ڕاستیدا دروشمی نا بۆ کۆماری ئیسلامی کە لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران کەوتووەتە سەر زاری خەڵک و زیاتر لە چل ساڵە خەڵکی کوردستان قوربانی بۆ دەدا، ئاشکرابوونی ئەوپەڕی ناڕەزایەتی و بێ ئومێدییە لە سەراسەری ئێران لەو ڕێژیمە، و لە نێو ئەو خەڵکەیدا کە بەردەوام چاوەڕوانی گۆڕانکارییەک بوون بەرەبەرە دەبێتە بیرکردنەوەیەک بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە حکوومەتدا کە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران دەبێتەوە. بێگومان بۆ گەیشتن بەو ئەنجامەش پێویستە هەوڵێکی جیددی بدرێ بۆ دروستکردنی هاودەنگییەک لە نێوان هەموو بیر و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا. ئەم بەرپرسایەتییە پێش هەمووان لە ئەستۆی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنە کە چۆن دەتوانن هاوئاهەنگی لەگەڵ ئازادیخوازانی نێوخۆی وڵات بکەن کە هەموو هەڕەشە و فشارێکیان لەسەر خۆیان تەحەمول کردووە. بێگومان بە دیتنی وەزعی ئێستا ساڵی داهاتوو بۆ کۆماری ئیسلامی ساڵێکی بێ کێشە نابێ.