ژانی خوێ بە بریندا کردن زۆر لە زامەکە بەژانترە. لەو ڕۆژانەدا کە لاوانی بلووچ بە تەقە و دەستڕێژی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ڕێژیم وەک گەڵای پاییز هەڵدەوەرن -چییە، چونکه چەند بۆشکە بێنزین و گازۆڵیان ئاودیوی ئەوبەری سنوورەکان کردووە- سەرکۆماری بەمشووری! ئێران ڕایگەیاندوە کە بەشێک لە داهاتی سنوورەکان دەبێ بدرێتە خەڵکی ناوچەکە. ئەم قسانە ڕێک خوێ بە بریندا کردنە.
پێشتریش لە کوردستان ڕاست لەو کاتەدا کە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کەوکوژی دەدرانە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ دەستێندرا، ئاغای ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆی جەنابی ڕوحانی گەڵاڵەی بیمەکردنی! کۆڵبەرانی ورووژاند و باسی لە ڕێکخستنی چالاکی و هاتوچۆیەکانی کۆڵبەران کرد. ڕێکخستنەکەش ئەوە بوو کە لە هەموو خێر و بێری دەروازە و بازاڕە سنوورییەکانی کوردستان بۆ زیاتر لەو ٨٠ هەزار کۆڵبەرەی ناوچە، چەند هەزار کارتێکی “پیلەوەری” لەبەرچاو بگیردرێ کە ئەویش سپای پاسداران دەستی بەسەردا گرت و ئێستا بەکرێیان دەدا. تەنانەت هەرای پاوانکردنی کارتەکانی پیلەوەری لەلایەن بازرگانانی سەر بە سپای پاسداران –نەک کۆڵبەران و کاسبکاران- گەیشتە مەجلیس، بەڵام کێ هەیە لەوە بپرسێتەوە و مەگەر خوێنی خەڵکی کورد لەم وڵاتە بایی چەندە؟
چەشنی ئەوە لە بەلوچستان ڕووی داوە. دوو ساڵ لەوە پێش بوو کە “تەرحی ڕەزاق” بۆ ڕێکخستنی فرۆشتنی سووتەمەنی لە ناوچە سنوورییەکان پەسند کرا، بەڵام جێبەجێکردنەکەی بە سپای پاسداران! درا هەتا ئەو کەسانەی کە سپا بە شیاویان! دەزانێ لەو خێروبێرە بەشیان پێ ببڕێ. بەمجۆرە هەروەک کوردستان، لە بەلوچستانش هەموو داهاتی ناوچە سنوورییەکان کراوەتە پاوانی سپای پاسداران و بەشی خەڵکی هەژار و بێکار و بێدەرەتانی ناوچەکەش ئەم فیشەکانەیە بە سینگیانەوە دەنرێ. کەسیش لەوە ناکۆڵێتەوە کە بۆ دەبڕن، بۆ دەکوژن؟ بۆ مەگەر ناکرێ و ناتوانن ئەو کەسانە بگرن و ئەگەر پێتان وایە تاوانێکیان کردووە بیاندەنە دەستی قانوون و دادگا؟ پاشان ئەگەر ئەو کەسانە تاوانی قاچاغیان دەدرێتە پاڵ، هەر لەبەر ئەوەی چەند گاڵۆن بێنزینیان پێ بووە، ئەدی سپای پاسداران بۆخۆی کێیە و چییە کە دەیەوێ هەموو هێڵی گواستنەوەی سووتەمەنی بە پاکستانی لە پاواندا بێ؟ مەگەر جیا لەوەیە کە “برایانی قاچاغچی” دەیان ساڵە بەو “حوکمی تیر”ەی بۆخۆیانیان بە ڕەوا زانیوە، ویستوویانە هەست و خوست لەو کۆمەڵگەیە ببڕن و خوێنی خەڵک لە شووشە بکەن؟
بارودۆخی کوردستان و بەلوچستان لە زۆر بارەوە لە یەکتر دەچن. لە هەژاریی خەڵکەکەیان، لە بەشمەینەتیی دانیشتووانیان، لە پشکیان لە داهات و بەرنامەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا، لە بێکاریی زۆر و پەراوێزخرانیان، لە سەرکوتی سیستماتیکی مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان و، لە زۆر بوار و ڕەهەندی جۆراوجۆری دیکەدا لەتەنیشت یەکتری ناویان دێ؛ هەروەها لە شێلگیری و ڕوحی بەربەرەکانی و خۆ بەدەستەوە نەدانیشدا.
لە کوردستان “قاسم ڕەزایی”یەکان(١) سیفەتی تێکدەری ئەمنیەتی ئابووری دەدەنە کۆڵبەر و بە دەستدرێژکەری سنوور (متجاوز مرزی)یان ناو دەبەن و ڕشتنی خوێنیان بە حەڵاڵ دەزانن؛ لە بەلوچستانیش “حوسێن زولفەقاری”یەکان(٢) تۆمەتی شەڕاشۆیی و تێرۆریستبوون دەدەنە پاڵ ئەو خەڵکە هەژار و بێدەرەتانەی کە بژیوی ژیانی بنەماڵەیان لە ڕێگەی بەکۆڵدادانی چەند گاڵۆن گازۆڵ و بێنزین و فرۆشتنیان لەودیوی سنوورەکانەوە دابین دەبێ و کوژرانیان بە خەزا دەزانن.
ئەگەر بەلوچستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە تەنیشت وشکەساڵی و ڕقی سروشت، کەمترین پشکیشی لە بەرنامە و پڕۆژە ئابوورییەکانی حکوومەت پێ بڕاوە، کوردستانیش بە هەمان شێوە، هەم پەراوێز خراوە و هەمیش ئاو و سەرچاوە سروشتییەکانی بەتاڵان براوە و دەبرێ. ئەگەر کۆڵبەری و کۆڵبەرکوژی یەک لە دیاردە ناسێنەرەکانی ئێستای کوردستانە، ڕۆژ نییە لە بەلوچستانیش لە بێدەنگیی مێدیاکاندا کەس یان کەسانێک کە بە “سوختبەر”یان دەناسێنن گیانیان لێ نەستێندرێ.
ئەو کارەی کە لە ناوچە سنوورییەکان بە “قاچاغ” ناو دەبرێ و وەک پیشە سەرچاوی بژیوی سەدان هەزار کەسی ناوچە سنوورییە پەراوێزخراوەکانی کوردستان و بەلوچستانە، بەرهەمی ڕوانگەی ئەمنیەتی، سیاسەتی مافیایی و داگیرکەریی دەسەڵاتی ناوەندییە کە لەلایەک ئەو خەڵکە لە مافە بنەرەتییەکانی بێبەش دەکا و لەلایەکی دی زاڵبوون بەسەر ژیان و چارەنووسیان بە مافی خۆی و ئەرکی سەرشانی دەزانێ.
سەرکوتی خوێناوی و بێبەزەییانەی ئەو خەڵکەش لەلایەن ڕێژیمەوە لە فۆبیا و نیگەرانییەکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەویش ترس لە لاوازیی پتری دەسەڵاتی ناوەند -بەهۆی بەردەوامیی سزا ئابوورییەکان، نەبوونی ڕەواییەتی سیاسی و کەڵەکەبوونی قەیرانە جۆراوجۆرەکان- و ئەگەری زۆری سەرهەڵدانی بەرینی جەماوەری. لە ئەگەری ئەو هەستان و سەرهەڵدانەشدا خاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی بە پلەی یەکەم کوردستان و دواتر بەلووچستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئێرانە. چونکی هەم پوتانسیەلێکی زۆری خەباتگێڕی لەو ناوچانە هەیە و هەم خەڵکەکەی خاوەنی حیزبی سیاسیی شوێندانەر و بەڕابردوون و سەرکوتی بێڕەحمانەی خەڵکی کوردستان و بەلوچستان -بە بیانووی جۆراوجۆر- هەمووی بۆ ئەوەیە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچە هەستیارانەیان لە دەست دەرنەچێ.
ئەوەی ئەو ماوەیە لە سەراوان ڕووی دا و ئەوەی لە پیرانشار بە ڕۆژی ڕوون دوو برا لە بنەماڵەیەک دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەکوژرێن هەر بەوەندە نابڕێتەوە، چونکی مێژووی خەباتی کورد و بلووچ بە تایبەت لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نیشانی داوە کە ئیرادەی خەڵک بە سەرکوت و کوشتوبڕ بەچۆکدا نایە. حکوومەتیش کە نە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە و نە زەرفییەتی گۆڕان لە سیاسەتەکانیدا بەدی دەکرێ، ناتوانێ بۆ مانەوەی تا هەتایی پشت بە هێزی سەرکوت و داپڵۆسێنەری ببەستێ. بە تایبەت کە لە بەرەی دژدا خەڵکێکی مافویست لە سەنگەردایە کە نایەوێ چیدیکە باری قورسی ئەم دەسەڵاتە لە ئەستۆی بێ و ئامادەیە هەموو تێچوویەک بۆ ڕووخاندنی بدات.
***
١) “قاسم ڕەزایی، فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامییە
٢) حوسێن زولفەقاری، جێگری ئەمنیەتی_ئینتیزامیی وەزیری نێوخۆی ڕێژیمە