دابەشکردنی دەسەڵات میراتی نەریتی بیرمەندی ناسراو (مۆنتێسکیۆ)یە کە لە بەشی هەرە زۆری حکومەتەکان کاری پێ دەکرێ. لەم شێوازەدا هەرسێ هێزی یاسادانەر (قوە مقننە)، بەڕیوەبەری (مجریە)، داد (قضایی) بەشێوەی هاوتەریب و سەربەخۆ پێکەوە کار دەکەن. بەجۆریک دەتوانین بڵێین لەم دەسەڵاتانەدا دابەشکاری، لە یەک تێگەیشتن و پێکەوە کارکردن لەنێو ئەم سێ هێزانە بە مەبەستی نەهێشتنی هەر شێوەیەک پاوانخوازی و سەرەڕۆییە لە هەمان کاتیشدا بە مکانیزمی تایبەت و دیاریکراودا دەتوانن چاوەدێرییان بەسەریەکتردا هەبێ.
بەڵام کاتێک قسە لە دابەشکردنی دەسەڵات هەروەها سەربەخۆ بوون و کاری هاوبەش لە نێوان هێزەکاندا دەکرێ، ناتوانین تەنیا لەسەر ئەوەی پێداگر بین کە ئەو شێوازە لە دەسەڵاتدارییەتییە تایبەتە بەو وڵاتانە کە بەشێوەیەکی دێموکراتییانە بەڕێوە دەچن، بەڵکوو لەو وڵاتانەش کە ئێستاش شێوازی دیکتاتۆری و هاوشێوەکانی بەسەریاندا زاڵە، سیستەمی دابەشبوونی دەسەڵات تێدا بەڕێوە دەچێ، بەجۆرێک کە هەر سێ هێزی یاسادانەر، بەڕێوەبەریی یاسا و قەزایی بوونیان هەیە بەڵام شتێکی ڕواڵەتی و ڕۆتینە. بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەکوو ئێران سەرجەم بڕیارە سەرەکی و بنەڕەتییەکان لە “بەیتی ڕێبەری”یەوە دەدرێن و دەسەڵاتەکانی دیکە تەنیا گوێڕایەڵن و حەسارەچۆلی ئەم کۆمارەیە کە تەنیا ناوەکەی وەرگرتووە و بە نێوەڕۆک بەتاڵ و نادێمۆکراتیکە.
ئەم نووسینە هەوڵ دەدا زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو سیستەمێکی دیکتاتۆر-تۆتالیتر هەڵوێستە بکا کە چۆن “ویلایەتی فەقیهـ” تەواوی بنیات و دامەزراوەکانی دەوڵەتی و حکومەتی لە چوارچێوەی خۆیدا قاڵ کردووتەوە.
لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە چڕوپڕی (ئەسڵەکانی ١٠٧، ١٠٨، ١٠٩، ١١٠ و ١١١ ) باس لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکا. لە نێوان ئەو ئەسڵانەدا بڕگەی ١١٠ بە تەواوی نیشاندەری ئەوەیە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەسەر تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەتی و حکومەتیدا زاڵە، یانی دیاریکردنی سیاسەتەکانی گشتیی نیزام، ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، چارەسەرکردن و باشترکردنی پێوەندی نێوان سێ هێزی یاسادانەر، بەڕێوەبەری و قەزایی و… لە دەسەڵاتی سەرەکی وەلیی فەقی (ڕێبەریی نیزام) دایە، ئەگەرچی هەرچەند بە ڕواڵەتیش بێ دەسەڵاتێک بەسەر ڕێبەریی نیزامدا هەیە و چاوەدێری ڕەوشی دەکا (مەجلیسی خیبرەگان) و تەنانەت بەپێی پرەنسیپە نێوخۆییەکەی توانای لابردن و دیاریکردنی ڕێبەری هەیە، بەڵام سەیر ئەوەیە کە خودی ڕێبەری دەبێ سەڵاحییەتی ئەو کەسانە دیاری بکات! هەروەها لە سەرووی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری (سەرکۆمار) و شوڕای نوێنەرانیش کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن (هەڵبەت بە پێی دانپێدانانی لێوەشاوەیی بەربژێرەکان لەلایەن شوڕای نیگابان) دەسەڵاتێکی دیکەش بەناوی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە سەرووی ئەمانە هەیە و سەرجەم یاسا و کاروچالاکییەکانی حکومەت چاوەدێری دەکا. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا دەبێ ئەو ئەنجوومەنە دانی پێدابنێ، ئەوە بێجگە لە ئەنجوومەنی بەرزی تەناهی (شورای عالی امنیت ملی) و ئەنجوومەنی بەرزی شۆڕشە (شورای عالی انقلاب) کە ئەمانەش هەرچەند لە ژێر ئەمری ڕێبەری دان، بەڵام بەپێی پەیرەوی نێوخۆیان دەسەڵاتی جۆراوجۆریان هەیە.
بەو پێیە هەبوونی دەوڵەت، مەجلیس، ئەنجومەنی پاسەوانی، دەزگایی قەزایی، ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، مەجلیسی خیبرەگان و سەرجەم هێزەکانی دیکە تەنیا شانۆیەکی گاڵتەجاڕییە بۆ ئەوەیکە لە بەرچاوی بیروڕای گشتیی جیهانی ئازاد بڵێن لەنێو سیستەمی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا هەموو جومگەکانی دەسەڵات سەربەخۆن و وەک باقی وڵاتانی دێموکرات حکومەت بەڕێوە دەبەن. لەم نێوەشدا بۆ خۆڵلەچاوکردنی جیهان هەڵبژاردن بە مۆدێلی پێشکەوتوو بەڕێوە دەبەن بەڵام پێشتر هەم موهەندیسی دەکرێ و هەمیش بەربەستی جدی هەیە بۆ بەشی هەرەزۆری چینەکان کۆمەڵگە. بۆ نموونە “ژن” ناتوانێ خۆی بۆ بەربژێری سەرکۆماری یان دەسەڵاتەکانی دیکە بپاڵێوێ، یان تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن خۆیان بەربژێری بەرپرسە یەکەمەکانی ئەو هێزانە بکەن کە “شێعەی ئەسنا عەشەری” بن کەواتە نەتەوەکانی تری نیشتەجێی ئێرانیش تەنیا بۆ نوێنەرایەتیی مەجلیس دەتوانن هەڵبژێردرێن، هەڵبەت ئەگەر لێوەشاوەییان بە پێوەری نیزام بسەلمێندرێ. بەجۆرێک ئەگە کەسێک بۆ نوێنەرایەتیی (مەجلیسی شوورای ئیسلامی، خیبرەگانی ڕێبەری) یان (سەرکۆمار و شۆڕای شار) خۆیان کاندیدا بکەن، دەبێ ئیزنی شواری نیگابانی لەگەڵ بێت کە شەش کەس لە مەلاکانی شووڕای نیگابان بڕیاردەری سەرەکین کە گشتیان لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە لەوێ داندراون. یان ئەگەر هەر یاسایەک کە لە مەجلیس پەسند بێ دەبێ لە فیلتەری شوڕای نیگابان تێپەڕی، هەروەها سەرۆکی دەزگایی قەزاییش لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێ (هەروەها چوار وەزیری بەرگری، دەرەوە، ئیتلاعات و وەزیری نەوتیش هەر ڕێبەری دەستنیشانیان دەکا).
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ڕێبەری ڕێژیم جگە لە ئەرتەش وەک یەکەیەکی نیزامی فەرمی (جیهانی)، فەرماندەی گشتیی هێزی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامییە کە هەرکام لەوانە بۆ سەرکوت و چاوترسێن کردنی خەڵکی ئازادیخواز و وەزاڵەهاتوو دەزگایەکی زەبەلاحی زانیاری و ئیتلاعاتییان هەیە.
کەوابوو لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا قالبی ڕووکەشی نیزام بەرەوڕووی دەرەوە کە جومگە سەرەکییەکانی دەستەڵات لەخۆ دەگرێ جۆرێک ڕواڵەتی دێموکراتیکی پێوە دیارە، بەڵام لەناخەوە سەرجەمیان لەدەستی ڕێبەری نیزامدایە و هەر بۆخۆیشی سەڕافەتیان دەکا، هەربۆیە وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و توتالیتەر دەتوانین پێناسەی بکەین.