ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی دادگای جنایی شاری ئەنتورپ لە وڵاتی بلژیک ئەسدوڵڵا ئەسەدی، دیپڵۆماتکاری کۆماری ئیسلامیی بە هۆکاری پلاندانان بۆ کردەوەی تێرۆریستی و دانانەوەی بۆمب بە مەبەستی تەقاندنەوەی لە کۆبوونەوەی بەربەرینی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە دەوروبەری پاریس لە پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە ٢٠ساڵ زیندانی حوکم دا. بێجگە لە ناوبراو سێ کەسی دیکەش لە هاودستەکانی، ئەمیر سەعدوونی بە ١٥ساڵ، نەسیمە نعامی بە ١٨ساڵ و مێهرداد عارفانی بە ١٧ساڵ زیندان حوکم دران.
لە دوای ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە بەهۆی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخا و نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئێران جومگەکانی دەسەڵاتی گرتە دەست، زۆری نەخایاند ڕاگەیەندرا کە نیزامی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو، واتە کۆماری ئیسلامی دەستی لەو ڕەشەکوژی و کردەوە تێرۆریستیانەدا هەبووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ڕوویان داوە. ئەوە سەرەتایەک بوو کە کۆمەڵگەی جیهانی بزانێ کە لەگەڵ سیستمێکی حکومەتی و دەوڵەتداری لە ئێران تەڕەفن کە بنەماکانی خۆی لەسەر قبووڵنەکردنی لایەنی دژ داڕشتووە و بۆ سەرکەوتن بە سەریاندا زۆر ئاسان و بەربڵاو لە کەرەسەی قێزەونی تێرۆر و ڕەشەکوژی کەلک وەردەگرێ. لە گەڵ تێپەربوونی ساڵەکان و درێژبوونەوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی زیاتر و زیاتر نێوەرۆکی ئەو نیزامە بۆ هەموو لایەک ڕوون بۆوە، واتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکان و مانەوەی پتری ڕێژیم لەسەر دەسەڵات ئەو ڕاستییە زیاتر خۆی سەلماند کە نیزامی کۆماری ئیسلامی نەک پشتیوانی ڕاستەوخۆی تاقم و گروپە تێرۆریستیەکانە، بەڵکوو تێرۆر و پەروردەکردنی تێرۆریست بۆتە بنەمایەکی دانەبڕاو لە مودیرییەتی ئەو نیزامە.
بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەو کردەوە تێرۆریستیانە بە ئەمر و دەستووری ڕێبەرانی باڵای ئەو نیزامە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە دژی دژبەران دەکرێن، بەڵام ئەگەر هەر ئەو کردەوە لە لایەن دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بەدژی بەڕێوەبەرانی ئەو نیزامەوە بەڕێوە بچن، واتە ڕووی لە نیزام و کاربەدەستانی ڕێژیم حوکمەکەی (محاربە باخدا) یا (فساد فیالارض) دەبێ. لێرەدا دەبینین بۆ یەک کردەوە دوو ڕوانگەی جیاواز و دژ بەیەک حوکم دەدەن بەو مانایە، کردەوەیەک ئەگەر ڕووی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی بێت بە پێچەوانەی قانوون و شەرع دادەندرێ، بەڵام هەر هەمان کردەوە لە لایەن دەستپەروەردەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێ بە قانوونی وشەرعی دادەنرێ و تەنانەت شانازیشی پێوە دەکەن. ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە لە سەردەمی ئێستادا کە پێوندییە نێودەوڵەتییەکان نەزمی جیهانیان ڕێکخستووە و سەروەریی هەموو وڵاتان بە قانوون و ڕێککەوتننامە نێوەدەوڵەتییەکان ڕێکخراوە، نیزامی کۆماری ئیسلامی پابەندی هیچ یاسا و ڕیسایەک نییە و قانوون و سەروەریی وڵاتانی دیکەی لا گرینک نییە. بەو مانایە کە ئەوەی ڕوو بە خۆی بە تاوان و حەرامی دەزانێ ڕوو بە خەڵک و لایەنی دیکە بە شەرعی و “مباح”ی دادەنێ و بەپێی ئەو ڕوانگەیە بۆ لەنێوبردنی نەیارانی خۆی لە هەر جێگایەکی ئەو دنیا پان و بەرینەدا هەلی بۆ هەڵکەوێ لە هەموو کەرەسەکانی بەردەستی کەلک وەردەگرێ ودەستی خۆی لێ دەوەشێنێ.
کارنامەی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی پڕە لە کردەوەی تێرۆریستی. لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا دەتوانین بە دەیان نموونە باس بکەین کە دیپڵۆماتەکانی ئێران لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بە هۆی دەستهەبوونیان لە کردەوەی تێرۆریستی یا کردەوەی نەشیاو لە شوێنی مەئمورییەتی خۆیان لە لایەن دەوڵەتی خانەخوێوە دەرکراون، لە حاڵێکدا بە پێی پرۆتۆکۆلە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان بەرپرسانی دیپلۆماتیک لە هەموو وڵاتانی دنیا پارێزبەندییان هەیە و ئەو پارێزبەندییە ئەوەیە کە دیپڵۆماتکارەکان ئەگەر تووشی خیلاف یا تاوان هاتن لە شوێنی مەئمورییەتی خۆیان لە لایەن پۆلیس و دەزگای قەزایی ئەو شوێنە ناکەونە بەر لێپرسینەوەی قەزایی. بەڵام هەروەک پێشتر باسمان کرد نیزامی کۆماری ئیسلامی پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەک نییە بۆیە لە پارێزبەندیی دیپڵۆماتیک کەلکی وەرگرتووە و کردەوە تێرۆریستیەکانی خۆی بەڕێوە بردوون. کۆتا نموونە دەتوانین ئیشارە بە گیران و حوکمدانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپڵۆماتکاری کۆماری ئیسلامی لە بلژیک بکەین کە هەر وەک پێشتر باس کرا بە تاوانی گەڵاڵەی بۆمبدانانەوە و کردەوەی تێرۆریستی لە دژی کۆبوونەوەیەکی دژبەرانی ڕێژیم دەسبەسەر و لەگەڵ هاودەستەکانی دادگایی کرا و لە لایەن دادگاوە بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم درا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دادگا ئەو بۆمبەی کە ئەسەدی دەیەویست لەو کۆبوونەوەیەدا بیتەقێنێتەوە لە ئێران دروست کراوە و لە جانتایەکی دیپڵۆماسیدا و لە ڕێگای فڕۆکەوە گواستراوتەوە بۆ ئورووپا. هەروەها بەپێی حوکمی دادگا ئەگەر ئەو تەقینەوەیە لەو کۆبوونەوەدا ڕووی دابا، دەبوو بە کوشتاری بەکۆمەڵ کە خۆی یەكێک لە تاوانە قەدەغەکراوەکانە و بەپێی ڕێککەوتننامە و قانوونە نێونەتەوەییەکان دەچێتە خانەی جینایەتی شەڕییەوە. لە هەمان کاتدا کەلکوەرگرتن لە پارێزبەندیی دیپڵۆماسی بۆ ئەنجامی تاوانێکی تێرۆریستی و گواستنەوەی بۆمب لە ڕێگای فڕۆکەوە کە نزیک بە ٢٤٠ موسافیری تێدایە خۆی تاوانێکی دیکەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی پاریزبەندیی دیپڵۆماسی کردوویانە. سەیر لەوەدایە کە هەر کات مۆرە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەزگای پۆلیسی ئەو وڵاتەی کە کردەوەی تێرۆریستیان تێدا ئەنجام داوە یا خەریکی ئەنجامدانی بوون، دەگیرێن و دەسبەسەر دەکرێن؛ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو نیزامە لە دوو لاوە دێنە سەر خەت. هەم بە ئاشکرا و لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە ڕادەگەیەنن کە ئەوە دەستی “استکباری جهانی” و ئەمریکا و ئیسڕائیل و دژبەرانی ئێرانی تێدایە و دەست دەکەن بە بێتاوان نیشاندانی کۆماری ئیسلامی، و هەم لە لایەکی دیکەوە ڕاست بە پێچەوانەوە بە نهێنی و ژێربەژێر لەگەڵ ئەو دەوڵەتە کە تیمە تێرۆریستییەکەی لێ دەسبەسەر کراوە دەکەوێتە وتووێژ و هەوڵ دەدن لە ڕێگای تەماحوەبەرنان و ئەگەر نەبوو هەڕەشە و تەنانەت بە بارمتەگرتنی خەڵکی ئەو وڵاتە لە لایەن تاقم و دەستەی لایەنگری خۆی، ئەو دەوڵەتە ڕازی بکەن بە دادگایینەکردن و ئازادکردنی تێرۆریستە دەسبەسەرکراوەکان، یا بێبەری کردنی ئێران لە کردەوە تێرۆریستییەکە. هەڵبەت بەداخەوە ئەو ڕێکارەی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی کردەوە تێرۆریستیەکانی بەتایبەتی لە خاکی ئورووپا لە نێوان ساڵەکانی “١٩٧٩ی زایینی هەتا حوکمی دادگای میکۆنووس ١٩٩٧” کاریگەریی لەسەر دەوڵەتەکان هەبووە، و ئەوە هۆکارێکی گرینگ بووە بۆ ئەوەی تێرۆریستەکان بەئاسانی بتوانن لە دەستی قانوون و دادگا دەرباز بن، بەڵام بە گرتن و دەسبەسەرکردنی تاوانبارانی کردەوە تێرۆریستییەکەی ڕێستورانی میکۆنووس ودەستبەکاربوونی دادگای ئەو تێرۆریستانە کە بە دادگای میکۆنووس ناوی دەرکرد، ئەو شێوازە لە مامەڵە لە لایەن دەوڵەتانی ئورووپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گۆڕا و بەخۆشییەوە داوای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان لە دادگا لەسەریان بوو بە بەڵگەی تاوان کە نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ڕەدەی سەرەوەی دەسەڵاتدا دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی کردەوە تێرۆریستیەکە و نیزامی کۆماری ئیسلامیی بە “سیستمی جینایتکار” بە دنیا ناساند، بە جۆرێک کە لە دوای دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا هاودەنگ و هاوهەڵویست بوون لەگەڵ حوکمی دادگای میکۆنووس و بۆ ماوەیەکی باش پێوەندیی دیپڵۆماسییان لەگەڵ تاران ڕاگرت. دواجاریش بەو مەرجە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بۆوە کە لە خاکی ئورووپادا کردەوەی تێرۆریستی نەکا، کەچی دەبینین دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ لە دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس و ئەو تەوافوقە، ماوەی چەند ساڵێک دەبێ بێ سڵ کردنەوە ماشێنی تێرۆر و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەست بەکار بۆتەوە. بۆیە دەوڵەتانی ئورووپایی لە لایەک و کۆمەڵگەی جیهانی لە لایەکی دیکەوە دەنگیان بەدژی کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی لێ بەرز بۆتەوە و لە دوای دەرچوونی حوکمی دادگای ئەنتورپ لە بلژیک حەڕەکەتێکی ناڕەزایەتیدەربرین بە کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی هاوچەشنی دوای حوکمی دادگای میکۆنووس لە نێوان دیپڵۆماتکارانی ئورووپایی دەستی پێ کردووە کە داواکارن ئەوانەی کاربەدەستی ئەمنییەتیی ئێرانن لە وڵاتانی ئورووپایی دەربکرێن. لەو ڕاستایەدا دەتوانین ئاماژە بە نامەی ٤٠ ئەندامی پارلەمانی ئورووپا و٢٠ بەرپرس و دیپڵۆماتکاری پێشووی ئورووپا بکەین کە ویستیاری ئەوەن کەسانی سەر بە دامودەزگای ئەمنی وئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامی لەژێر هەر ناوێکدا بن لە ئورووپا دەربکرێن و ئەوە دەرخەری پێگەی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامییە لە دنیای دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.
ئەگەر سەردەمانێک بە هۆی پێوەندی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان ئەو کردەوە تێرۆریستیانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن هێندێک وڵاتی وەک ئوتریش پەردەپۆش دەکران، لە سەردەمی ئێستادا بە هۆی تەریکمانەوەی کۆماری ئیسلامی لە بوارە جیاوازەکانەوە و قەیرانی ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆکان ئیدی ئێران ئەو سفرە ڕەنگینە نییە بۆ وڵاتانی ئورووپایی، بۆیە بازنەی بەرژەوەندیی ئابووری لە حاڵی ئێستادا ئەو کاریگەرییەی نەماوە کە ببێتە هۆکاری فشار بۆ سەر لایەنی خاریجی و لە هەمان کاتدا بەهۆی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و بەتایبەتی لە بواری ڕاگەیاندنەوە ئەو دەوڵەتانە ناتوانن وەک ٣٠ ساڵ لەوە پێش تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو نەگرن و پەردەپۆشی بکەن؛ بۆیە دەبینین وازنەهێنانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆر و تێرۆریستپەروەری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەروەندەی تاوانەکانی ئەو نیزامە ئەستوور و ئەستوورتر دەکا.