دوکتۆر جەلال حاجیزادە ناسراو بە ڕامان، توێژەر، نووسەر و چالاکی مەدەنی و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرای زانستە سیاسییەکان ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ساڵی رابردوو لە شاری سەردەشت بە هۆی ڕاوەستانی دڵ گیانی لە دەست دا.
ڕامان حاجی زادە چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادمیکی لەسەر پرسی کورد کردووە و بە بەردەوامی وتارەکانی لە گۆڤارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو بوونەتەوە. دوکتۆر حاجیزادە لە دوایین وتاری خۆیدا لە ژێر ناوی “دەستپێکێک لەسەر زەینی کوردی” بە شێوەیەکی ئاکادمیک و زانستی پرسی کورد و سۆسیۆلۆژی کوردی هەڵسەنگاندبوو و لێکدانەوەی بۆ کردبوو.
دوکتۆر جەلال چەند ڕۆژ پێش مردنی ناوەخت و گوماناوییدا، لەسەر قاسم سلێمانی نووسیبووی: ” قاسم درێژەپێدەری عەقڵی ئێرانی بوو کە لە داریووش بەملاوە خۆی لە پەرەسەندنی نیزامیدا دەدیتەوە و قوربانیی سەرەکیی ئەو سیاسەتەش کوردەکان بوون”. هەروەها لە کۆتایی نووسینەکەیدا گوتبووی کە بە مردنی قاسم ئەو سیاسەتەش کۆتایی پێدێ.
ئەم وتارەی د. جەلال حاجیزادە کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک نووسراوە، وەک ئەمەگ و وەفایەک بۆ خزمەتەکانی بە زمان و هزری سیاسی و نەتەوەیی کورد لە “کوردستان”دا بڵاو دەکرێتەوە.
زمان بە گشتی یەکێک لە بەشه سەرەکییەکانی لۆگۆسی مرۆڤە. مرۆڤ بە هۆی لۆگۆس، واتا زمان و ئەقڵ و ئەندێشە و بوون، لە بوونەوەری دیکە جیا دەبێتەوە. لۆگۆس و زمان لە زێهنی یوونانیدا گرینگیی زۆری پێ دراوە؛ هیراکلیتۆس پێیوایه مرۆڤ دەبێ گوێ لە لۆگۆس و ئەندێشە بگرێ. لە ڕاستیدا خاڵی جیاوازیی مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە، لۆگۆس و زمان بووە. ئەفلاتوون مرۆڤی بێلۆگۆس و زمانی نەچەمکێندراو (غەیری مەفهوومی) بە بەڕبەڕ و ناباژێری دەناسێ؛ بە هۆی ئەوەی کە خاوەنی زمانی چەمکی و ئەندێشەیی نین، ناتوانن دیالۆگ بئافرێنن و لە یەکدی تێبگەن. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا، ئەرەستوو مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی لۆگۆسی پێناسە دەکا کە تایبەتمەندییەکەی زمان و ئەقڵ و هزرگەرییە (زوون لۆگۆن). لە ڕوانکەی ئەرەستووەوە، مرۆڤی بێزمان و ئەندێشە هیچ پێگەیەکی لە شار و دەوڵەتدا نییە. مرۆڤ به گشتی بوونەوەرێکی زمانمەندە و بە هۆی زمانەوە ئیگزیستانس و ژیانمەندیی خۆی ڕێک دەخا؛ بە واتایەکی دیکە مرۆڤ بە زمانەوە پێناسە دەکرێ و بوونی خۆی دەسەلمێنێ. لەو سۆنگەیەوە زمان واتابەخشییە بە بوون، واتا شێوەیەک لە ژیانە. سۆسۆر لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە زمان لە خۆیدا نیزامی نیشانەکان (واتا هۆ و هۆکرد)ە، کە پێوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ جیهانی مرۆڤ هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زمان تایبەتمەندییەکی مێژووییشی هەیە کە به زمانی مێژوویی دەناسرێ؛ ئەوە هەمان زمانی مێژوویی زگماکییە کە هەر گەل و کۆمەڵێک خاوەنی ئەو زمانە مێژووییەیە. ئەو زمانە دەکرێ بە وتەی هایدگێر هەمان ماڵبات و هەرێمیبوون بێ. ویتگنشتاین زمان و ئەندێشە پێکەوە گرێ دەدا و، زمان وەکوو ئاستەنگ و سنووری هزر و بیر دیاری دەکا. ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە کە مرۆڤ و ئەندێشە لە ئەفسوونی زمان دەرباز بکا. خزمایەتیی زمانی، وێکچوونی بنەماڵەیی و گەمە زمانییەکان لە جیهانی مێژووی مرۆڤ و گەلەکان لەو ڕەهەندەوە بەکەڵکە. هابێرماس مرۆڤ بە بوونەوەرێکی زمانمەند و پێوەندیگەرا (communicational) دەناسێ؛ چامسکی باوەڕی وایە کە زمان، پێکهاتەیەکی ئەقڵییە و ڕیشەی لە زێهنی ئاوزگەرانەی مرۆڤدایە. بەپێی ئەو بۆچوونانە دەتوانین باس لە دوو ڕەهەندی جیاواز بکەینەوە لە مێژووی زمانەوانیدا کە دیارە لەگەڵ یەکتر نیسبەتێکی پتەویان هەیە: زێهنی زمان و زمانی زێهن (ئەو بۆچوونە وەکوو ئیدەیەک لە وتارێکی درێژدا بەوردی شی کراوەتەوە). لەم بابەتەدا بە دوای ئەوەوە نیم کە بە تێر و تەسەلی زمانی کوردی بە چوارچێوەی سەرەوە گرێ بدەمەوە، بەڵام بە گشتی لەو ڕوانگەوە، زمانی مێژوویی دایک پێناسەی مرۆڤ و ناسنامەی گەل و نەتەوەکانە.
تا ئەو جێگەیەی کە دەگەڕێتەوە سەر کورد، هەرچەند زمانی مێژوویی کورد، واتا زمانی کوردی، زۆر گرینگه و ئاخافتن و پێوەندی و بیرکردنەوە بەو زمانە لە جێگەی خۆیدا گەلێک کاریگەر و بونیاتنەرە، بەڵام بە باوەڕی من بە باری زۆریەوە ئەو گرینگییە بە فۆڕمی زمانی کوردی دراوە کە پێویستە لەسەر هەندێک تێبینی و خاڵی ئەرێنی و پێویست وردبوونەوە و توێژینەوەیەکی زیاتر و بەرفراوانتر بکرێ.
زمان به گشتی هەم فۆڕمە و هەمیش نێوەرۆک و ئەندێشەیە. واتا شوناسی زمان دوو لایەنی فۆڕمی و ئەندێشەیی هەیە کە پێویستە گرینگیی هەردوو لایەنەکە وەکوو تەواوکەری یەکتر سەیر بکرێ. ئەو لایەنەی دووهەم بە «زێهنی زمان» (The mind of language) ناوزەد دەکەم، کە ئەویش لەگەڵ «زمانی زێهن» پێوەندیی هەیە. لە ئەندێشەی نوام چامسکیدا، دەفرایەتی و توانمەندی (competence) و کردەوە و کارکەردی (performance) زمان بەشێک لە تایبەتمەندیی زێهنە کە ڕەنگە لە فۆڕم و نێوەرۆکدا یاریدەدەر بێ. هەر زێهنێک خاوەن زمانێکی مێژووییە و هەر زمانێکش زێهنێکی هەیە؛ زێهنی زمان چەمکە و زمانی زێهننیشانە و دەلالەتە؛ لەسەر ئەو بناغەیە، زێهنی زمان، پیتاندنی زێهنی مرۆڤە بە زمانێکی مێژوویی. یەکێک لە جیاوازییەکانیتر ئەوەیە کە زێهنی زمان، حەقیقەت دەدۆزێتەوە یاخود بەرهەمی دێنێ، بەڵام زمانی زێهن حەقیقەت دردەبڕێ و گوتارسازی دەکا. بەو پێیە زمان بە یەکێک لە بنەڕەتەکانی ناسنامە و شوناسی مرۆڤ و نەتەوەکان دەستنیشان دەکرێ. ئەوەی کە تا ئێستا کورد گرینگیی پێداوە و باسی کراوە لایەنی فۆڕمی ئەو زمانە بووە بەڵام بە لایەنی ئەندێشەیی زمانی کوردی و ناوئاخنی ئەو زمانە کە هەمان «زێهنی زمانی کوردییە» گرینگی و بایەخێکی ئەوتۆ نەدراوە. ئەوەش یەکێک لە قەیرانە مەعریفییەکانی شوناسی کوردییە کە بەسەر قەیرانی شوناسی زمانی کوردیشدا زاڵە. زۆر گوتراوە کە کورد لە دابین و دەستنیشانکردن و یەکیەتی لەسەر زمانێکی نەتەوەیی و ئەلف و بێیەکی ئیستاندارد و ڕێنووس و هتد پێک نەهاتوون و ناکۆکن، ئەو تەوەرە هەرچەند گرینگە بەڵام لە ڕاستیدا هەمان گرینگی پێدان بە فۆڕمە و ڕەنگە بە دەرەنجامێکی ئەرێنیش نەگەن؛ بەڵام گرینگتر و قووڵتر لەو ئارێشەیە، مەقوولەی زێهنیی زمان یاخود بەشی ئەندێشەیی زمانی کوردییە. تا ئەو کاتە کە کورد لە ژینگەجیهانی خۆیدا بە تەبایی و یەکیەتییەک لەسەر زێهنی زمانی کوردی نەگا ئەوە گەیشتن بەو ئاواتە زۆر ئەستەمە و لە مەحاڵ دەچێ تەنانەت ئەگەر لەسەر فۆرمیش بە ئەنجامێک بگەن، ئەوە زێهنی زمانی کوردی هەر هەمان زمانی زێهنیی فارسی و عەرەبی و تورکی و درێژکراوەی ئەو زێهنانەیە؛ کە بێگومان بەرهەمهێنانەوەی ئەو زێهنگەلە بە زمان و وێژەی کوردی؛ کارەساتێکی مەعریفیی گەورەیە کە بە یەکیتر لە بنەچەکانی قەیرانی زێهنی کوردی دەناسرێ.
کاتێک عامێری، غەزاڵی، ئیبنی سینا، سۆرەوەردی، ماکیاڤێلی، دێکارت، لایب نیتس، لوتێر، کانت، هێگێل، گۆتە، هیووم، کەیرکەگارد و … هەوڵ دەدەن بە زمانی مێژووییی خۆیان، زمانی خۆماڵی و ناتیڤ!، بە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان بەرهەم بخولقێنن لە ڕاستیدا بە زێهنی زمانی خۆیان خەریکن گرینگی دەدەن. هەر بۆیەش ئەو بیرمەندانە زمانی مێژوویی و خۆماڵیی خۆیان فێری هزرین و فەلسفە دەکەن و بە ئەو زمانە بیر دەکەنەوە و دەفەلسەفن. ڕەنگە ئێمە بە زمانی پەتیی کوردی لە فۆرمدا قسە بکەین و بەرهەم بنووسین بەڵام زێهنی زمانمان ئێرانی و فارسی و عەرەبی و تورکی بێ و، ڕۆحی زمانی زێهنییەکەی فارسی و ئەوانەیتر بێ. واتا زێهنی زمانی کوردی، کوردی نییە بەڵکوو لە نێوەرۆک و گوتار و ئەندێشەدا ئێرانی و عەرەبی و هتدە. پێچەوانەکەشی هەر دروستە، کاتێک بە زێهنی کوردی بەڵام بە فۆرمی زمانی فارسی و ئەوانیتر بنووسن لە ڕاستیدا بە زێهنی زمانی کوردی نووسراوە؛ بە واتایەکی دیکە، زێهنی زمانی فارسی، زمانی زێهنی کوردییە. کە وایە ئەو کەرەسە و تۆکمەیە کە زمانی کوردی پێک دێنێ و پێی پەروەردە دەبێ زێهنی زمانی کوردییە. بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمە مێژووییەکان کە بە زمانی کوردی نووسراون و بەو زمانە لە فۆلکلۆر و وێژەی سەرزارەکی دواون لە ڕاستیدا هەمان زێهنی زمانی فارسی و ئەوانیتری گەورە بە کوردییە کە تەوەرێکی زۆر سەرنجڕاکێش و قەیراناوییە. یەکێک لە بنەچەکانی قەیرانی زێهنی کوردی هەر ئەو دیاردە بە ئەژمار دێ. ڕۆژی زمانی دایک دەبێ هەمان ڕۆژی زێهنی زمانی کوردی بێ و بەو زێهنە بیر بکەینەوە و ژینگە و جیهان و پێوەندییەکان بخوێنینەوە. زێهنی زمان بە دوای خوێندنەوە و پۆلێنبەندیی حەقیقەت لە ژینگەجیهانی مێژووییدایە کە کوردیش دەبێ لەو سۆنگەوە بیر لەو تەوەر و بابەتە بکاتەوە. هەر نەتەوەیەک بە زمانی خۆی لەگەڵ حەقیقەت ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بەو زمانەش «جیهان واژۆ» دەکا؛ لەو دیدەوە زێهنی زمان کوردی، حەقیقەت بە زمانی زێهنی کورد دەخوێنێتەوە و پێناسەی دەکا. زمانی دایک بە زێهنی زمانی کوردی فێر بین و بنووسین و دەق و بابەت بەرهەم بێنین.
ڕۆژی زمانی دایک، ڕۆژی بیرکردنەوەیە لەسەر زێهنی زمانی کوردی.
***