کاریگەریی کۆمەڵگە لەسەر سیاسەت بە یەكێک لە بنەما ئەسڵییەکانی کۆمەڵناسیی سیاسی داندرێ بە مەرجێک کە هەر تاک، گرووپ و چین و توێژیک هەل و مەیدانی بەشداریکردنیان لە سیاسەت و بەڕێوبەریدا بۆ هەموار کرابێ. ئەم ئەرکبەجێگەیاندن و ڕۆڵی خۆدیتنەوەیە لە کۆمەڵگەدا وەک پارامێترێکی هەڵسەنگاندن لەسەر تێکەڵاویی کۆمەڵگە و سیستمی بەڕێوبەری و حوکمڕانی کەڵکی لێ وەردەگیرێ و ڕادە و چۆنیەتیی تێکەڵاوی و کاریگەریی دوولایەنە دەبێتە هۆی جێکەوتنی سیستمێکی دێموکراتیک و پێشکەوتوو و سەردەمیانە لە بەڕێوبەریدا. بەشداریی ژنان و دیاربوونیان لە کۆمەڵگەدا چ وەک تاک و چ وەک نیوەی کۆمەڵ لە بواری کۆمەلایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوووری و فەرهەنگی یەکێک لەو خاڵە گرینگانەیە کە مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێپەراندووە و فۆکوسێکی زیاتری لەسەرە. بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی و بەشداریی ژنان لە ناوەندی سیاسی و بەڕێوبەریدا پرسی ژن دەبێ لە پەراوێزخستنڕا بێتە نێو ڕۆژەڤی کاری هەر دەوڵەت، ڕێکخراو و نەهادێک.
لەو سۆنگەیەوە و لە پەراوێزی ٤٢ ساڵ بەسەر تێپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ئاوڕێکی کورت لە جێگە و پێگەی ژنان لە ئێران دەدەینەوە و دەپرسین ئایا شۆڕشی گەلانی ئێران دەسکەوتی بۆ ژنان هەبوو؟ ئایا ژنان جێگە و پێگەیان بە بەراورد بە زەمانی شا باشتر بووە؟ ڕۆلی ژنان و چاوەڕوانییان لە ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی دیکە لە وڵاتی ئێران دەبێ چ بێت؟
ژنان پێش شۆڕشی گەلانی ئێران
ئەگەر دەسپێکی هاوبەشیی خەڵکی ئێران لە کایەی سیاسی بۆ شۆڕشی مەشروتەی ساڵی ١٢٨٥ بگەڕێنینەوە، هەر لەوکاتەوە ژنانی ئێران شوێنەواریان بە ئاڵوگۆڕەکان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریدا دیارە. ئەگەرچی ئەوکاتیش ژنان جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان پێ نەدرا و دوای پێنج ساڵ (١٢٩٠) کە قانوونی هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای میللی هاتە ئاراوە، ژنان لە مافی دەنگدان بێبەش کران. بەڵام ژنیان کۆڵیان نەدا و ئەمجارەیان لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەییدا درێژەیان بە تێکۆشانی خۆیان دا کە یەک لەو ڕێکخراوانە “کانون بانوان” بوو. کاتێکیش دوای شۆڕشی سپیی شا مافی دەنگدان درا بە ژنان، ژنانی نێو مەجلیس و بەرپرسی دی لە کاروباری بەڕێوەبەریی وڵاتدا پتر لەو ڕێکخراوە دەوڵەتییە دەستنیشان دەکران کە زیاتر ژنانی نیزیک لە دەربار و کاربەدەستان و دەستوپێوەندییەکانی شا بوون.
“تشکیلات زنان ایران” ڕێکخراوەیەکی دیکەی ژنان بوو کە لەژێر کاریگەریی حیزبی توودەدا لە ڕێبەندانی ١٣٢١ دامەزرا. ئەو ڕێکخراوەیە ساڵی ١٣٢٦ ناوی خۆی بۆ “تشکیلات دمکراتیک زنان ایران” گۆڕی و دوای ئیجازەپێنەدان بە چالاکی ساڵی ١٣٢٨ لەژێر ناوی “سازمان زنان ایران”دا درێژەی بە چالاکیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و یەکسانیخوازیی خۆی دا کە بە کودیتای ١٣٣٢ ئەم قۆناغە لە چالاکییەکانی ژنان کۆتایی پێدێ و ڕێکخراوەکانی ژنان کۆ دەکرێنەوە و کەسانی هەڵسووڕی ڕێکخراوەکانیش یان وڵات بەجێ دێڵن یان دەسبەسەر دەکرێن.
دە ساڵ دواتر (١٣٤٢) مافی دەنگدان درا بە ژنان و هێندێک ڕێکخراوەی دیکەی ژنان دامەزران و خەباتی یەکسانیخوازیی ژنان قۆناغێکی دیکەی بڕی.
ژنان کە پێش شۆڕشی ساڵی ٥٧دا و لە سۆنگەی “قانوونی پشتیوانیی خێزان”دا کۆمەڵێک مافیان دەستەبەر کردبوو، بەو هیوایە کە شۆڕش بواری لەبارتر بۆ ئازادیی ژنان و یەکسانی دەخوڵقێنێ، بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەشداریی هەراویان لە شۆڕشدا کرد.
ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی گەلانی ئێران
شۆڕشی ١٣٥٧ بە بەشداریی هەموو گەلانی ئێران و ڕەوتە سیاسییەکان (ئیسلامی، چەپ، بەرەی نەتەوەیی) سەرکەوت. بەڵام لەلایەک بەهۆی دەسڕۆیشتوویی ڕوحوڵلا خومەینی و جێکەوتنی دروشمی هەڵخەڵەتێنانەی لەنێو خەڵکدا و، لەلایەکی دیکەش بەهۆی ستراتیژیی هەڵەی هێزە چەپەکان لە پشتیوانیکردنی ئایەتوڵڵا خومەینی، ڕەوتی شۆڕش بەلاڕێدا چوو. ئیسلامیستەکان جلەوی دەسەڵاتی ڕەهای وڵاتیان گرتە دەست و هەموو هێزە دژبەرەکانیان لەبەردەم خۆیان ڕاماڵی. لەو نێوەدا زەبری سەرەکی بەر ژنان کەوت کە یەکەم توێژی کۆمەڵگە بوون کەوتنە بەر ڕقی دەسەڵاتی نوێ. ژنان ئەمجارە لە سۆنگەی دەسەڵاتی سیاسیی دژەژن و بەهۆی قانوونی پشتبەستوو بە شەریعەتی ئیسلام سیستماتیک کەوتنە پەراوێزە و نەک هەنگاوێک بەرەوپێش نەچوون، بەڵکوو ئەو ماف و جێگەوپێگەی لە ڕێژیمی پێشوودا بە خەبات و تێکۆشان و لە سۆنگەی سیاسەتی کرانەوەی ڕێژەیی ڕێژیمی پاشایەتیدا دەستەبەریان کردبوو؛ لەکیسیان چوو.
دۆخی ژنان چوار دەیە دوای شۆڕش
ئەگەر دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی بە سەر چوار دەیەدا دابەش بکەین، دەتوانین جێگەو پێگەی ژنان هەر بەپێی ئامارەکانی نێوخۆی وڵاتی ئێران، چ بە بەراورد دەگەڵ ڕێژیمی پێشوو و چ بە پێوانەی ئەمڕۆیی و ستانداردی جیهانی لە یەکێک لە لاوازترین پلەکانی ئەم ڕیزبەندییەدا دابنێین. دوو دەیەی یەکەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم کە قۆناغی شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاق و جێگیرکردن و بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە و حکوومەت بوو، ژنان لە هیچ بەرنامە و پلانێکی حکوومەتدا جێوشوێنیان دیار نەبوو.
ڕاستە لەو قۆناغەدا کە پتر قۆناغی پێناسەکردنی ژن وەک دایک و خوشک و کابانی ماڵێ لەلایەن دەسەڵات بوو، بەڵام ئەم سیاسەتە ژنانی لە مەیدان وەدەر نەنا. بەشداریی ژنان هەم بەپێی باکگراندی خەباتی پێشوویان و هەم بەشدارییان لە شۆڕشدا ئاستی چاوەڕوانیی ئەوانی بردبووە سەرێ و بە کردەوە هەم بۆ گرتنەوەی سەنگەرەکانی پێشوویان و هەم دەستەبەری دەسکەوتی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوامدا بوون.
لە دەیەی سێهەمدا کە بە هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ڕێفۆرمیستەکان و کرانەوەی سیاسی و ئازادیی ڕێژەیی چالاکییە ڕێکخراوەیی و مەدەنییەکان دەناسرێ، ژنان پتر لە کایە سیاسی و ڕێکخراوەییەکاندا هاتنە پێشێ. بەڵام ڕەوتی ڕێفۆرمخوازییش نەیتوانی بەشێکی کەم لەو وادە و بەڵێنەکانی خۆی کە بە ژنانی دابوو، وەدیی بێنێ.
بۆ نموونە بەشداریی ژنان لە کابینەی دەوڵەتدا بەردەوام یەک لەو وادە و بەڵێنەکانی بەربژێرانی سەرۆککۆماری بووە کە تا ئێستا جیا لە ئەحمەدینژاد کە توانی یەک لە ئەندامانی کابینەکەی ژن بێ، هیچ سەرکۆمارێکی دیکە نەیتوانیوە ئەو وادەیەی جێبەجێ بکا.
لە دەیەی چوارەمی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، چەندین فاکتەری دەرەکی و نێوخۆیی زیاتر کاریگەرییان لە سەر جێگە و پێگەی ژنان لە ئێران هەبووە. تێکنۆلۆژیا، ڕێژەی چوونەسەرێی خوێندەواری، چوونەسەرێی ستانداری ژیان، بەجیهانیبوون و پەیوەندیی بازرگانیی دەگەڵ ئەوەی لە وڵاتی ئێران چوارچێوەدارە و تەیفێکی تایبەت دەگرێتەوە، بەڵام بە گشتی کاریگەریی لەسەر گشتییەتی کۆمەڵگە هەبووە. جاری وایە ئامارەکانی نێوخۆی ئێران _بۆ نموونە ڕادەی خوێندنی بەرزی ژنان_ بە پێوانەی جیهانی چاو لێ ناکەن و بە قازانجی خۆیان دەگەڵ چل-پەنجا ساڵ پێش ئێستای لە ئیراندا بەراورد دەکەن، کە ئەوە هەڵەیە، چونکە ئەم شەپۆلە جەهانگیرە و تازە ئێران زۆر لە دواترە لە هەموو ئەم بوارانەی کە ئەوان شانازی پێوە دەکەن. هەبوونی خوێندکاری ژن دەگەڵ ئەوەی باش و دەسکەوتە، بەڵام نابێ تەنیا فۆکوس لە سەر ژمارەکە بێت، دەبێ باس لەوە بکرێ کە خوێندن تەواو بوو لە چ ئاستێکدا کار دەکا و چ ڕۆڵێک لە کۆمەڵگەدا دەگرێتە ئەستۆ و بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە چۆن کەڵک لە زانست و توانای ئەم ژنانە وەردەگیرێ. هەبوون و دیاربوونی ژن تەنیا لە چوونە زانکۆدا کورت نابێتەوە، پرسی ژن یەکێک لە پرسە هەر گرینگ و ڕیشەدارەکانی کولتووری-کۆمەڵایەتیی ئێرانە، تازە ئەگەر بەشی دەسەڵاتی بڕیاردان و بەڕێوەبەرییش باس نەکەین، ئەم کێشەیە ئەوەندە قووڵ بۆتەوە کە تەنیا بە کێشەی ژنان دانەندرێ و ببێتە پرسێکی جیددیی هەموو کۆمەڵگە.
لە ئیستادا خواست و داوای ژنان پێچەوانەی سیاسەت و باوەڕەکانی دەسەڵاتە. بۆ نموونە لە کاتێكدا کە پرسی حیجاب بۆ ڕێژیم حەیسییەتییە و دەیان دامودەزگای بۆ تەبلیغ و برەودان بەو کولتوورە بە بودجەی دەیان میلیاردی دامەزراندووە، بەڵام زۆرینەی ڕەهای ژنان دژی حیجابی زۆرەملێن. یان هەر ئێستا دەبینین کە لە ڕەشبگیرییەکەی ئەم دواییانەی کوردستاندا کە زیاتر لە 100 کەس لە چالاکانی مەدەنی دەسبەسەر کراون، ژمارەیەکی بەرچاو لەوان ژنن؛ ئەوەش نیشانەی نەسرەوتن و کۆڵنەدانی ژنان لە ئێران و کوردستان سەرەڕای هەموو سەرکوتێکی کۆماری ئیسلامییە.
شۆڕشی ساڵی ٥٧ پرسی ژنان و مافەکانی ئەوانی وەپاش دا، بەڵام کۆمەڵگەی زیندووی ئێران خۆی بۆ بەرنامە و سیاسەت و باوەڕە ئیدۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە نەداوە. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا شەڕی نێوان دوو بەرە، بەرەی ژنانی ئاشتیویست و ئازادیخواز، ژنانی بیریار، مافویست و خەباتکار لەپێناو ئازادی لەگەڵ خوازیارانی توندوتیژی و سەرکوتگەرانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران بەتایبەت ژنان درێژەی هەبووە.
چل ساڵە ژنان لە ئێران لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و بەرپرسایەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دوور دەخرێنەوە، بەڵام لە هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێستای کۆمەڵگەدا ئەگەر ژنان پێشەنگیش نەبن، بەشداریی کارا و کارامەیان هەیە. بۆیە چ لە ئاڵوگۆڕ لەنێو ڕێژیمی ئێستا و چ لە ئەگەری هاتنە سەرکاری ڕێژیمێکی دیکە لە وڵاتدا، نە ئیران ئێرانەکەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییە و نە ژنانی ئێستای ئێران لە پەراوێزهاویشتنێکی دیکەی مێژوویی -هەر لە دەورانی مەشرووتەوە تا شۆڕشی گەلانی ئێران- قبووڵ دەکەن.